Categories
general

تێکچونی وەسواسی ناچاری Obsessive-compulsive disorder

تێکچونی وەسواسی ناچاری Obsessive-compulsive disorder

OCD چییە؟

تێکچونی وەسوەسی ناچاری (Obsessive-compulsive disorder – OCD) حاڵەتێکی درێژخایەنی تەندروستی دەروونییە (mental health condition) کە وەسوەسە یان  ناچاری (مەبەست لە ناچاری، ئەنجامدانی شتێکە بەبێ ویستی خۆت: ئامادەکار)  یان هەردووکییان لەخۆدەگرێت. لە ئەمریکا نزیکەی لەسەدا ٢ بۆ ٣ی خەڵک ئەم حاڵەتەیان هەیە، بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی دەروونی ئەمریکی (American Psychiatric Association).

ئەو کەسانەی کە لەگەڵ OCD دەژین بە شێوەیەکی گشتی ئەزموونی وەسوەسە و  بیرکردنەوە نەخوازراوە دووبارەبووەوەکان دەکەن کە دەبنە پاڵنەرێکی زۆر بۆ دووبارەکردنەوەی ڕەفتارێکی دیاریکراو. بۆ نمونە، خەڵکێکی زۆر  چەندین جار پشکنین دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە ئایا کە دەرگای ماڵەوەیان داخستووە یان سۆباکەیان کوژاندووەتەوە.

بۆ ئەو کەسانەی کە لەگەڵ OCD دەژین، ئەم نەریتانەی ڕۆژانە پەیڕەوی دەکەن هەڵبژاردنی کەسی نین  بەڵکو ژیانی ڕۆژانە ئاڵۆز و وێران دەکەن. زۆرێک لە کەسانی تووشبوو بە OCD ئەو بیرکردنەوە و بیروباوەڕانەی کە وەک سوتەمەنییەک وان ناچاریییان دەکەن بە مامەڵەی نالۆژیکی.

لەوانەیە گوێت لە کەسێک بێت بڵێت “من زۆر  OCDم ، یان من زۆر واسواسم”،  چونکە حەز دەکات ئەو شتانەی لەسەر مێزەکەیانن بە شێوەیەکی ڕێکخراو بمێننەوە یان پێیان باشە ڕاستەوخۆ دوای هەموو ژەمێک قاپەکان بشۆن و دایبنێن.

بەڵام OCD زۆر زیاترە لە حەزی کەسی بۆ پاکوخاوێنی یان ڕێکخراوی. نیشانەکانی OCD بەشێکی بەرچاو لە ژیانی ڕۆژانەی کەسێک دەگرێتەوە و چالاکییە سادەکانی تێکدەدەن و دڵەڕاوکێیان بۆ دروست دەکەن. ئەو کەسانەی کە تووشی OCD بوون زۆرجار دەزانن کە وەسوەسە و ناچارییەکان لە واقیعدا بەو جۆرە نین، بەڵام هێشتا هەست بە ناچاری دەکەن کە بەردەوام بن لەسەریان.

نیشانەکانی

OCD دوو جۆر نیشانەی سەرەکی لەخۆدەگرێت:

  • وەسواسییەکان (obsessions)
  • ناچارییەکان (compulsions)

زۆرێک لەو کەسانەی کە لەگەڵ OCD دەژین هەم تووشی وەسوەسە و هەم ناچاری دەبن، بەڵام هەندێک کەس تەنیا تووشی یەکێک یان ئەوی دیکە دەبن. نیشانەکانی کاتی و کورتخایەن نین. تەنانەت نیشانە سادەکانی دەتوانن ڕۆژانە لانیکەم کاتژمێرێک کەسەکە گیرۆدە بکەن  و کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر چالاکییەکانی ڕۆژانەی هەبێت.

 وەسوەسە یان ناچاری لەوانەیە کاریگەری لەسەر توانای سەرنجت هەبێت لە قوتابخانە یان جێبەجێکردن و تەواوکردنی ئەرکەکان لە شوێنی کارەکەت. تەنانەت دەتوانن ڕێگریت لێبکەن لە چوونە قوتابخانە یان کار، یان هەر شوێنێکی تر. لەوانەیە بزانیت بیرکردنەوە وەسوەسەییەکان ڕاست نین، یان بزانیت کە ڕەفتارە ناچارییەکان لە ڕاستیدا هیچ سوودێکییان نییە  بۆ ڕێگریکردن لەوەی کە ناتەوێت ڕووبدات. بەڵام زۆرجار هەست بەوە دەکەیت کە ناتوانی خۆت کۆنتڕۆڵ بکەیت.

وەسواسییەکان (obsessions)

هۆکاری بیرکردنەوە وەسواسییەکان دەتوانێت هەمەچەشن بێت، بەڵام چەند بابەتێکی باو بریتین لە:

  • نیگەرانی سەبارەت بە  میکرۆب، پیسی یان نەخۆشی
  • ترس لە زیانگەیاندن بە خۆت یان کەسێکی تر
  • ترس لە وتنی شتێکی مەترسیدار یان قێزەون
  • ویستی  ئەوەی کەلوپەلەکانت ڕێکخراو بن، ڕێک و پێک بن، یان هاوسەنگ بن
  • بیرکردنەوەی سێکسی یان توندوتیژی ئاشکرا
  • نیگەرانی سەبارەت بە  فڕێدانی کەلوپەلەکانت
  • پرسیارکردن سەبارەت  ئارەزوو و ڕێبازە سێکسییەکان
  • نیگەرانی تەندروستی و سەلامەتی خۆت یان ئازیزانت

ئەم بیرکردنەوە نەخوازراو  تێوەگلاوانە بەردەوام دەگەڕێنەوە، هەرچەندە هەوڵبدەیت پشتگوێیان بخەیت یان سەرکوتیان بکەیت. هەر بەردەوام بوونیان دەتوانێت ببێتە هۆی قەناعەتێکی بەهێزتر کە لەوانەیە ڕاست بن، یان ڕەنگە ڕاست بن، ئەگەر هەنگاو نەنێیت بۆ ڕێگریکردن لێیان.

چۆن ژینگەیەکی فێربون و فێرکردن دروست بکەین

ناچارییەکان (compulsions)

نموونەی ڕەفتارە ناچارییەکان لە OCD بریتین لە:

  • شوشتنی دەست، شتەکان یان جەستەت
  • ڕێکخستن یان ڕیزبەندکردنی شتەکان بە شێوەیەکی ورد و دیاریکراو
  • دوبارە ژماردنەوەی پارە یان هەر شتێکی تر
  •  دووبارەکردنەوەی دەستەواژەییەکی تایبەت
  • دەست لێدان لە شتێک لە چەندین کاتی جیاوازدا
  • زیادەڕەوی لە دڵنیاکردنەوەی شتەکان چ بۆخۆت یان کەسانی تر
  • کۆکردنەوەی هەندێک شت یان کڕینی چەند شتێک لە هەمان شت
  • شاردنەوەی ئەو شتانەی کە دەتوانیت بەکاریان بهێنیت بۆ ئازاردانی خۆت یان کەسێکی تر
  • لە ڕووی دەروونییەوە بەسەر کردارەکانتدا دەگەڕێیتەوە بۆ ئەوەی دڵنیا بیت کە زیانت بە کەسی تر نەگەیاندووە

دەکرێت بیرکردنەوە ناچارییەکان وەک وەڵام دانەوەیەک وابن  بۆ وەسواسییەکان. کاتێک وەسوەسەیەک سەرهەڵدەدات، لەوانەیە خۆت ناچار بکەیت کە هەنگاو بنێیت بۆ ئەوەی ئەو دڵەڕاوکێ و ناڕەحەتییەی کە  بەهۆی وەسوەسەکەەوە دروستی دەکات ڕزگارت بێت یان ئەو بیرکردنەوە وەسوەسەییە نەتوانێت بێتە دی. لەوانەیە پێت وابێت کە پێویستە ئەم کردارە بۆ چەندین جار دووبارە بکەیتەوە  تاوەکو شتەکان بە  “کامڵی” دەردەکەون. ئەگەر لە کاتی ئەنجامندانەوەی کردارەکەدا هەڵەیەک بکەیت، لەوانەیە هەست بکەیت کە کارەکەت ئەنجامێکی باشی نابێت مەگەر لە سەرەتاوە دەست پێبکەیتەوە یان  بە تەواوی کارەکە نەکەیت.

هۆکاری OCD چییە؟

شارەزایان بە تەواوی نازانن هۆکاری OCD چییە، بەڵام هۆکاری بۆماوەیی لەگەڵ ئەم حاڵەتە ڕەنگە  ڕۆڵێکی  گەورەی هەبێت. ئەگەر ئەندامێکی نزیکی خێزانەکەت تووشی OCD بووبێت، ئەوا ئەگەری تووشبوونت بەو حاڵەتە زیاترە.

هەروەها گەشەسەندنی ناڕێک و تێکچوونی هەندێک ناوچەی مێشک پەیوەندی بەو حاڵەتەوە هەیە، بەپێی سەرچاوەی پەیمانگای نیشتمانی تەندروستی دەروونی. هەندێک بەڵگە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە OCD ڕەنگە بەشێکی پەیوەندی بە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی مێشکتەوە هەبێت بۆ سیرۆتۆنین (Serotonin) کە دەمارەگوێزەرەوەیەکە یارمەتی ڕێکخستنی میزاج و خەوتن دەدات، هەروەها چەندین ئەرکی گرنگی دیکەی هەیە لە تەواو جەستەتدا.

فاکتەرە مەترسیدارەکان بۆ OCD

ئەگەر لە ڕووی بۆماوەییەوە ئەگەری تووشبوونت بە OCD زیاترە، هۆکارەکانی دیکەش دەتوانن چانسی تووشبوونت بەو حاڵەتە زیاد بکەن.

لەوانە:

  • فشار یان زەبری دەروونی: فشاری دەروونی زۆر لە ماڵەوە، قوتابخانە، شوێنی کار، یان لە پەیوەندییە کەسییەکاندا دەتوانێت ئەگەری تووشبوونت بە  OCD زیاتر  یان نیشانەکانی ئێستات خراپتر بکات.
  • کەسایەتی: هەندێک لە سیفەتە کەسییەکان لەوانەش سەختی مامەڵەکردنت لەگەڵ هەستی نادڵنیایی (واتە نائاسودە و نیگەرانیت زیاتر ببێت کاتێک هەست بە نادڵنیایی یان ناڕوونی سەبارەت بە شتێک دەکەیت)، بەرزبوونەوەی هەستی بەرپرسیارێتی یان کامڵگەرایی  لەوانەیە هۆکارانێک بن بۆ OCD. بەڵام، هەندێک مشتومڕ هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەمانە لە ڕاستیدا تایبەتمەندی جێگیرن یان وەڵامی هەندێک حاڵەتی فێربوونن کە دەتوانن بگۆڕدرێن ؟
  • ئازاردان لە سەردەمی منداڵیدا: ئەو منداڵانەی کە تووشی ئازاردان یان ئەزموونی تری زەبربەخشی منداڵی دەبن، وەکو پێوتنی قسەی ناشرین یان پشتگوێخستنی زۆر، ئەگەری تووشبوونیان بەم حاڵەتە زیاترە.
  • Childhood acute neuropsychiatric symptoms (CANS): بۆ هەندێک لە منداڵان، OCD لەناکاو دوای هەوکردن دەست پێدەکات. دوای هەوکردنی سترێپتۆکۆکی (هەوکردنێکی بەکتریایە کە دەبێتە هۆی هەوکردن و ئازار لە قوڕگدا. ئەم حاڵەتە باوەش بەهۆی بەکتریاکانی گروپی A Streptococcus دروست دەبێت)، ئەم نیشانەیە بە PANDAS ناسراوە، کە کورتکراوەی تێکچونی دەروونی دەماری بەرگری خۆکارانەی منداڵانە، کە پەیوەندییان بە سترێپتۆکۆکۆسەوە هەیە. بەڵام هەوکردن یان نەخۆشیەکانی تریش دەبنە هۆی نیشانەکانی.
  • برینداربوونی زەبری مێشک (Traumatic brain injury): بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٢١، ڕەنگە بۆ یەکەمجار نیشانەکانی تێکچونی OCD دەربکەون دوای زەبری سەر(head injury: زەبری سەر هەر جۆرە زەبرێکە بۆ مێشک، کەللەسەر، یان پێستی سەرت. ئەمەش لەوانەیە لە لێدانێکی سووکەوە دەست پێبکات تا برینێکی زەبراوی مێشک).

بەڵام ئاگاداربە  کە دەکرێت هۆکاری بۆماوەیی تێکچونی OCDیت هەبێت لەگەڵ هۆکارەکانی تری مەترسی بەڵام هێشتا هەرگیز خۆت تووشی حاڵەتەکە نەبووبیت. لەمەش زیاتر، ئەو کەسانەی کە هیچ هۆکارێکی مەترسی ناسراویان نییە، هێشتا دەکرێت تووشی OCD بببن.

زۆرجار OCD لەگەڵ حاڵەتەکانی تری تەندروستی دەروونیدا ڕوودەدات، لەوانە:

  • تێکچونی کەم سەرنجی فرە جوڵە (ADHD)
  • نەخۆشی تۆرێت (Tourette syndrome)
  • تێکچونی خەمۆکی سەرەکی (major depressive disorder)
  • تێکچونی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی ((social anxiety disorder
  • تێکچونی خواردن  (eating disorder)

لە ڕاستیدا، نزیکەی لەسەدا ٩٠ی  ئەو کەسانەی کە OCD یان هەیە، لەگەل گرفتێکی تری تەندروستی دەروونییان هەیە، کە گرفتەکانی دڵەڕاوکێ باوترینن. بەڵام هەبوونی یەکێک لەم حاڵەتانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەو مانایە نییە کە ئەگەری تووشبوونت بە OCD زیاترە.

دەستنیشانکردنی تێکچونی OCD

ئەگەر تووشی وەسوەسە یان هەستی ناچاری بوویت، پزیشکێک یان چارەسەرکارێکی دەروونی دەتوانێت  یارمەتیت بدات بۆ دەستنیشانکردن و گەڕان بەدوای باشترین بژاردەکانی چارەسەرکردن.

نیشانەکانی OCD یەکەمجار لە  تەمەنی منداڵیدا بۆ نزیکەی نیوەی ئەو کەسانە دەردەکەون کە لەگەڵ ئەم حاڵەتەدا دەژین. لەبەر ئەوەی زۆرجار نیشانەکان وردە وردە دەست پێدەکەن، لەوانەیە یەکسەر زۆر هەست پێنەکرێت. لە ڕاستیدا زۆر کەس ساڵانێک لەگەڵ ئەو حاڵەتەدا دەژین پێش ئەوەی داوای هاوکاری بکەن.

ڕەنگە بیرکردنەوەی وەسواسی و ناچارییەکانت لەگەڵ دایک و باوکتدا باس کردبێت.، ئەوانیش بە  پێکەنینەوە باوەشیان پێداکردبیت و گوتبێتییان: “خەم مەخۆ، ئاساییە ئەوە” بەڵام پێدانی ناز و خۆشەویستی هیچی کارێکی وەها ناکات کە حاڵەتەکە سوکتر بکات.

 ڕەنگە هەوڵت دابێت بۆ هاوکارێکت ڕوون بکەیتەوە کە دەبێت کەلوپەلەکانی سەر مێزەکەت هەمیشە بە شێوەیەکی ڕیزبەندی ڕێکبخەیت. کاتێک شتێک هەڵبگرن و لە شوێنی خۆی داینەنێنەوە، ڕەنگە هەستت بە نائاسودەییەکی زۆر بکەیت تا ئەوکاتەی دەخرێتەوە شوێنی خۆی. لەوانەیە دواتر پێیان وتبیت “وای کە چەندە کەسێکی نامۆی!”

پزیشک یان چارەسەرکاری دەروونی پێت پێناکەنێت و بڕیارت لەسەر نادات. ئەوان بە میهرەبانی و هاوسۆزییەوە گوێ لە بارودۆخەکەت دەگرن و یارمەتیت دەدەن دەست بکەیت بە چارەسەرکردنیان.

ئەوان بە پرسیارکردن سەبارەت بەو وەسوەسە یان ڕفتارە ناچاریانەی کە تووشی دەبیت دەست پێدەکەن، لەوانە:

  • ڕۆژانە چەند کاتت دەگرن؟
  • چی دەکەیت بۆ ئەوەی هەوڵبدەیت و پشتگوێیان بخەیت یان سەرکوتیان بکەیت؟
  • وەسوەسە و ناچارییەکان چ کاریگەرییەکیان لەسەر پەیوەندییەکان و ژیانی ڕۆژانەت هەیە؟

هەروەها پرسیار لەبارەی ئەو دەرمانانە دەکەن کە تۆ دەیخۆیت و هەر نیشانەیەکی تری تەندروستی دەروونی یان پزیشکی کە تووشی دەبیت بۆ ئەوەی ڕێنماییت بکەن  لە کەمکردنەوەی کاریگەرییە خراپەکانی دەرمان یان حاڵەتەکانی تر.

حاڵەتەکانی تری تەندروستی دەروونی دەتوانن نیشانەکانی لە OCD دەچن:

  • تێکچونی ناڕێکی جەستەیی (Body dysmorphic disorder): بیرکردنەوە چەقبەستووەکان یان ڕەفتارە دووبارەبووەکان لەخۆدەگرێت کە پەیوەندییان بە دەرکەوتنی شێوەی جەستەییەوە هەیە.
  • تریکۆتیلۆمانیا ( :(Trichotillomaniaبریتییە لە هەوڵدانی بەردەوام بۆ دەرهێنانی قژی خۆت.
  • خەمۆکی (Depression): دەتوانێت بیرکردنەوە نەخوازراوە دووبارەبووەوەکان لەخۆبگرێت، بەڵام ئەم بیرکردنەوانە بەگشتی نابنە هۆی ڕەفتاری ناچاری.
  • تێکچونی کۆکردنەوە (Hoarding disorder): بریتییە لە کۆکردنەوەی زیاد لە پێویستی شتە ناپێویستەکان و ترس لە فڕێدانی شتەکان. کەسانەی کە تووشی OCD بوون لەوانەیە تەنها شتەکان کۆبکەنەوە یان پاشەکەوتییان بکەن بەهۆی هەستییان بۆ تەواوکردنی کۆمەڵەیەک (وەک دەڵێت با شوێنی بەتاڵ نەبێت هەمووی پڕ بکرێتەوە: ئامادەکار)  یان لەبەر ئەوەی پێیان وایە فڕێدانی شتەکان دەبێتە هۆی زەرەری گەورە لە کاتێکدا هیچ کارێکییان پێی نابێت.
  • تێکچونی دڵەڕاوکێی گشتگیر (Generalized anxiety disorder):  نیگەرانی زۆر و بەردەوام لەخۆدەگرێت هەرچەندە ئەم نیگەرانیانە زۆرجار پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەوە هەیە. لە کاتێکدا لەوانەیە ببنە هۆی ئەوەی کە خۆت لە هەندێک کەس یان بارودۆخ بەدوور بگرێت، بەڵام بە گشتی نابنە هۆی ڕفتاری ناچاری.
  • تیک (Tics):  واتە جوڵەی لەناکاو و دووبارەبووەوە، دەتوانێت لەگەڵ OCD ڕووبدات. زۆر باو نییە کە ئەو کەسانەی کە تووشی OCD بوون تووشی تێکچونی تیک بوون. دەتوانیت تووشی تێکچونی تیک بیت بەبێ ئەوەی تووشی OCD بیت.

پسپۆڕی دەروونی هەموو ئەو زانیاریانەی کە کۆیان دەکاتەوە بەکاریدەهێنێت بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا OCD دروستترین دەستنیشانکردنە لەناو ئەو ئەگەرانەی سەرەوە کە باسکران.

چارەسەر

پەیوەندیکردن بە چارەسەرکارێکی دەروونییەوە کە ئەزموونی چارەسەرکردنی OCD هەیە هەنگاوێکی یەکەمی باشە بۆ گەڕان بەدوای بژاردەی چارەسەری یارمەتیدەر.

بەگشتی چارەسەری OCD هەردوو چارەسەری دەروونی (psychotherapy) و دەرمان (medication) لەخۆدەگرێت.

دەرمان (medication)

چەند دەرمانێکی دەروونی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی OCD کە پزیشکی دەروونی یان پزیشکی دیکەی دەرمانساز لەوانەیە ئەمانە بنووسێت:

  • ڕێگریکەری هەڵبژێردراوی وەرگرتنەوەی سیرۆتۆنین (SSRI)، وەک فلۆکستین (Prozac) یان سێرترالین (Zoloft)
  • دژە خەمۆکی سێ خولیی کلۆمیپرامین (Anafranil)، هەرچەندە ئەم دەرمانە بەگشتی وەک چارەسەری یەکەمجار نانووسرێت
  • دەرمانی دژە باری دەروونی وەک ئاریپیپرازۆڵ (Abilify) یان ڕیسپریدۆن (Risperdal)، کە دەتوانێت کاریگەرییەکانی SSRI بەرز بکاتەوە

هەندێک جار پێویستە 8 بۆ 12 هەفتە بخایەنێت پێش ئەوەی SSRIەکان کاریگەرییان خۆیان دروست بکەن، بۆیە بەردەوام بە لە خواردنی دەرمانەکانت بەپێی ڕێنماییەکان تەنانەت ئەگەر دەستبەجێ هەست بە باشتربوونیش نەکەیت.

هەندێک کاریگەری لاوەکی (side effects) ئەگەری هەیە، بۆیە هەمیشە بتەوێت کە  پزیشک و چارەسەرکارە دەروونییەکەت ئاگادار بکەیتەوە دەربارەی هەر نیشانەیەکی نەخوازراو کە لە کاتی خواردنی دەرمانەکاندا کە تووشی دەبیت.

چارەسەری دەروونی (Therapy)

چارەسەرکاری دەروونی بە شێوەیەکی گشتی پێشنیاری چارەسەرێک دەکەن وەک بەشێک لە ڕێبازێکی تێکەڵاو بۆ چارەسەرکردن. زۆرجار دەرمان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان، بەڵام بە کارکردن لەگەڵ چارەسەرکار، فێری ئەمانە دەبیت:

  • ڕێگاکانی بەڕێوەبردنی بیرکردنەوە نەخوازراوەکان و گۆڕینی ڕفتارە خۆیەکییەکان.
  • ستراتیژییەکانی پشوودان بۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی نائارامی سۆزداری.

ڕێگاکانی چارەسەری پێشنیار کراو بۆ OCD بریتین لە:

  • چارەسەری ڕەفتاری مەعریفی (CBT): چارەسەری ڕفتاری مەعریفی دەتوانێت یارمەتیت بدات فێری دیاریکردن و دووبارە داڕشتنەوەی شێوازەکانی بیرکردنەوە و ڕەفتارە نەخوازراوەکان یان نەرێنییەکان ببیت.
  • بەرکەوتن و خۆپاراستن لە وەڵامدانەوە (ERP): ئەمە جۆرێکە لە CBT کە  فێرت دەکات چۆن مامەڵە لەگەل بارودۆخەکان بکەیت بە  نزیکبوونەوەی وردە وردە و بەرکەوتن بە دۆخە ترسناکەکان، یان نیگەرانییەکان کە  ڕەگەکەی وەسوەسە یان  ڕفتارە ناچارییەکان دەگرێتەوە.
  •  تێڕامانی بنەمای چارەسەری مەعریفی (MBCT): بریتییە لە فێربوونی کارامەییەکانی تێڕامان ( mindfulness skills) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بێزارییانەی کە بەهۆی بیرکردنەوە وەسواسییەکانەوە سەرهەڵدەدات.

ڕێبازەکانی تر

هەروەها هەندێک بەڵگەی سنووردار هەن  پشتگیری لە وروژانی مێشک (brain stimulation) دەکەن بۆ نیشانەکانی OCD.

  • وروژانی قووڵی مێشک ((Deep brain stimulation: بریتییە لە گەیاندنی پەستانی کارەبایی ڕاستەوخۆ بۆ ناوچەکانی مێشک کە پەیوەندییان بە  OCD هەیە، لە ڕێگەی جەمسەری کارەبایی تەنکەوە. ئەم ڕێکارە پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە پزیشک و چارەسەرکاری دەروونی تەنها بۆ نیشانە زۆر توندەکان پێشنیاری دەکەن کە دەزانن بە چارەسەرەکانی دیکە چارەخواز باش نابێت.
  • هاندانی موگناتیسی سەر (Transcranial magnetic stimulation): بریتییە لە پەستانی موگناتیسی، کە لە ڕێگەی کویلێکی موگناتیسیەوە دەگەیەنرێتە مێشکت. شارەزایان پێیان وایە پەستانی موگناتیسی یارمەتی کەمکردنەوەی نیشانەکانی OCD دەدات لەڕێگەی هاندانی ناوچە پەیوەندیدارەکانی مێشک. ئەم ڕێکارییە ئاساییە و  پێویستی بە نەشتەرگەری نییە و زۆرجار لەگەڵ دەرمان و چارەسەرکردن بەکاردەهێنرێت.

جۆرەکانی OCD

پۆلێنبەندییەکی فەرمی بۆ جۆرە جیاوازەکانی OCD نییە، بەڵام پسپۆڕان بە شێوەیەکی باو نیشانەکان جیا دەکەنەوە بۆ چەند ژێر جۆرێک:

  • پاکی و پیسی
  • ترس لە زیان و پشکنین کردن
  • کامڵگەرایی و ڕێکخراوی
  • بیرکردنەوە سێکسییە توندوتیژییەکان و نامۆکان
  •  شت کۆکردنەوە و هەڵگرتن

نیشانەکانت دەتوانن بە شێوەیەکی سەرەکی لەگەڵ یەکێک لەم ژێر جۆرانەدا بگونجێن، یان بکەونە چەندین پۆلەوە. ئەو ڕاستییەی کە زۆرجار نیشانەکان بە ڕێکوپێکی لە یەک پۆلدا جێیان نابێتەوە، ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ڕوونی بکەینەوە کە بۆچی ئەم جۆرە لاوەکیانە بە شێوەیەکی نافەرمی دەمێننەوە.

ئەمانە تاکە ژێر جۆرە پێشنیار کراوەکانی OCD نین، هەروەها. “جۆرە” نافەرمیەکانی تری OCD بریتین لە:

  • OCD ئایینی: وەسوەسە و ڕفتاری ناچاری لەخۆدەگرێت کە لە دەوروبەری بیروباوەڕە ئاینییەکان سەنتەری بوون. ئەگەر بەو جۆرە ڕفتارت کرد یان بیرت کردەوە ئەوا تۆ کافر دەبیت، لەوانەیە هەست بە ناچاری بکەیت ژمارەیەکی دیاریکراو نوێژ بکەیت، بیانژمێری لە نیگەرانیدا، یان دەست لە بەشێکی جەستەت بدەیت بۆ ئەوەی هەڵبوەشێتەوە.
  • OCD پەیوەندییەکان: بریتییە لە گومان و پرسیار و بیرکردنەوەی زۆر سەبارەت بە پەیوەندییەکانت لەگەڵ کەسانی دیکە.

OCD لە منداڵاندا

بەنزیکەیی، نیوەی ئەو کەسانەی کە تووشی تێکچونی OCD بوون بۆ یەکەمجار لە منداڵیدا هەستیان بە نیشانەکان کردووە.

لەوانەیە منداڵان هەمیشە نیشانەکانی OCD بە هەمان شێوەی گەورەکان نیشان نەدەن. بۆ نموونە:

  • لەوانەیە درک بەوە نەکەن کە لە بیرکردنەوە وەسواسەکان یان ڕفتارە ناچارییەکانیاندا زیادەڕەوی هەیە.
  • لەوانەیە باوەڕیان وابێت کە هەموو کەسیش ئەم جۆرە لە وەسواسی و ڕفتارە ناچارییانەی هەیە.
  • لەوانەیە بیرکردنەوە وەسواسییەکان کەمتر دیاربن.
  • بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٤ ، تیکەکان (Tics) زیاتر گەشە دەکەن لەگەڵ تێکچونی OCD کە لە منداڵییەوە دەستپێدەکات.
  • نیشانەکانییان لە چەندین پۆلەوە هەیە.

چارەسەری مندڵ هەروەک گەورەکان هەم بە دەرمان هەم بە وەرگرتنی دانیشتنی دەروونی دەکرێت. ئەگەر پێت وایە منداڵەکەت دەکریت تووشی تێکچونی OCD بووبێت، گەیشتن بە چارەسەرکارێک گرنگتریین کارێکە کە بیکەیت.

OCPD vs OCD

سەرەڕای لێکچوونی ناوەکانیان، تێکچونی وەسواسی ناچاری (obsessive-compulsive disorder) و تێکچونی کەسایەتی وەسواسی-ناچاری  (obsessive-compulsive personality disorder) دوو حاڵەتی تەواو جیاوازن.

OCPD هەست بە پێویستیەکی زۆر بە ڕێکوپێکی، کامڵبی و کۆنتڕۆڵکردنی شتەکان دەناسرێتەوە، بەتایبەتیش لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ خەڵکیدا، واتە وەسوەسە و ناچاری لەخۆناگرێت.

نیشانە سەرەکییەکانی OCPD بریتین لە:

  • سەرقاڵبوون بە وردەکاری و ڕێکخستن و یاسا و خشتەکان و پلانەکان
  •  هەستی کامڵگەرایی کە لە ڕێگەی تەواوکردنی ئەرکەکان یان ئەرکەکان بەدەست دێت
  • بەسەربردنی کاتێکی زۆر لە کاردا کە هیچ کاتێک بۆ پێویستییە کەسییەکان یان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان نامێنێتەوە
  • سەختییەکی زۆر لە فڕێدانی شتەکان
  • گرفتی لە ڕادەستکردنی بەرپرسیارێتی یان کارکردن لەگەڵ کەسانی تر
  • مەیلێک بۆ دوورکەوتنەوە لە خەرجکردنی پارە بەهەرچۆنێک بێت
  • هەڵوێستی ڕەق و سەرسەختانە

تێکچونی کەسایەتی وەک OCPD سیفەتی جێگیر و بەردەوام لەخۆدەگرێت کە دەتوانێت پەیوەندییەکان و ژیانی ڕۆژانە تێکبدات. ئەو کەسانەی کە لەگەڵ تێکچونی کەسایەتیدا دەژین زۆرجار ئەم سیفەتانە وەک کێشە ناناسن، بەڵکو تەنها وەک بەشێک لە کەسایەتی خۆیان لێی دەڕوانن.

هێشتا بە بەراورد لەگەڵ ئەو کەسانەی کە تێکچونییە کەسایەتییەکانی  (personality disorders) دیکەیان هەیە ، ئەوانەی کە OCPD یان هەیە ئەگەری زیاتریان هەیە داوای چارەسەر بکەن بە بەراورد لەگەڵ تێکچونەکانی تری کەسایەتی، زۆرجار دەتوانرێت OCPD بە شێوەیەکی کاریگەرتر چارەسەر بکرێت.

لە بەرامبەردا ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشی OCD بوون، لەوانەیە زیاتر داوای یارمەتی بکەن چونکە نیشانەکانیانییان دەبێتە هۆی نائارامییەکی زۆر تیایاندا.

بێگومان دەکرێت هەردوو حاڵەتەکە هەبێت، بەڵام پسپۆڕێکی تەندروستی دەروونی بە جیا دەستنیشانیان دەکات. هەروەها OCPD لەوانەیە ڕێگەی جیاواز بۆ چارەسەرکردن لەخۆبگرێت، لەوانەش چارەسەری دەروون داینامیکی (psychodynamic therapy)

ژیانکردن لەگەڵ OCD

لە کاتێکدا هیچ چارەسەرێک بۆ OCD نییە، چارەسەری زانستی پێشنیاری کۆمەڵێک ستراتیژی مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتەکە دەکات کە  دەتوانن یارمەتییت بدەن لە کۆنتڕۆڵکردن و کەمکردنەوەی نیشانەکان، تەنانەت بە ئەگەری  نەهێشتنی کاریگەرییەکانیان لەسەر ژیانی ڕۆژانەت.

وەرگرتنی یارمەتی لە چارەسەرکارێک کە ئەزموونی چارەسەرکردنی OCD هەیە، دەتوانێت ڕێبەرێکت پێبدات بۆ کەمکردنەوەی هەستەکانی فشار و باشترکردنەوەی چۆنایەتی ژیانت بە شێوەیەکی گشتی.

لە ڕێگای چارەسەرکاری دەروونییەوە، زۆرجار دەتوانرێت ستراتیژی نوێ فێر بیت بۆ بەڕێوەبردنی نیشانەکانی OCD و ئاڵەنگارییەکانی شێوازەکانی بیرکردنەوە نەخوازراوەکان. چارەسەرکاران دەتوانن ڕێنمایییت پێشکەش بکەن لەگەڵ ستراتیژییەکانی تری ڕووبەڕووبوونەوەی یارمەتیدەر، لەوانە:

  • ڕاهێنانەکانی هەناسەدان
  • تەکنیکەکانی مێدیتەیشن و تێڕامان
  • دروستکردنی ڕۆتینی تەندروست و چاودێریکردنی خود
  • تێکەڵاوبوون لەگەل خۆشەویستانت

لەوانەیە هەستێکی قورس بێت باسی OCD بکەیت لەگەڵ ئەو کەسانەی لە ژیانتدا هەن، چونکە لەوانەیە لێت تێنەگەن و بابەتەکە بە سادەیی وەربگرن. ئەمەش دەکرێت هەستی نامۆبوون و خۆجیاکردنەوەت تیادا زیاتر بکات،  بەڵام ئاگاداربە خۆ جیاکردنەوە لە خەڵکی حاڵەتەکە خراپتر دەکات وەک لەوەی باشتری بکات. بە پێچەوانەوەشەوە، تێکەڵاوبوون لەگەڵ خێزانەکەت، هاوڕێ و خۆشەویستانی ترت دەتوانێت هاوکارییت بکات بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری سۆزداری، لەگەڵ هەر جۆرە پشتگیرییەکی تر کە ڕەنگە پێویستت پێی هەبێت کە لە بەرامبەردا دەتوانێت ببێتە هۆی باشتربوونەوەت.

سەرچاوەکان