Categories
phsychology

تێکچوونی کەسێتی دژە کۆمەڵ-antisocial personality disorder

تێکچوونی کەسێتی دژە کۆمەڵ-antisocial personality disorder

Awat Academy
ئامادەکردن: یاد مەجید

پێشەکی


تێکچوونی کەسایەتی دژە کۆمەڵ (Antisocial Personality Disorder) کە ناسراوە بە (ASPD) جۆرێکە لە تێکچوونی کەسایەتی کە زۆرجار بە نرخ دانەنان بۆ کەسانی دیکە یان گرنگی نەدان بە ڕاست و هەڵە تایبەتمەندە.
دەکرێت کەسێتی دژە کۆمەڵ وەک کەسێکی سەرنجڕاکێش و ژیر دەربکەوێت، لە هەمان کاتدا چەواشەکار و بێ هەست و سۆزە. ئەو کەسانەی کە کەسێتی دژەکۆمەڵن بە شێوەیەکی هەڵەشە، کەمتەرخەم، توندوتیژ ڕفتار دەنوێنن، سەرەڕای ئەوانەش گوێ نادەن بە بنەما و یاسا کۆمەڵایەتییەکان.


تێکچوونی کەسێتی دژە کۆمەڵ چییە؟


کەسێتی دژە کۆمەڵ خاوەنی کۆمەڵێک ڕفتاری قوڵی ڕەگداکوتاوە بە پشتگوێخستنی ئاسودەیی کەسانی تر. ڕفتارەکانی کەسێتی دژە کۆمەڵ بە بەرژەوەند خواز، کەمتەرخەم، بەکارهێنانی ئەوانی تر یان هەندێک کات کاری تاوانکاری دەناسرێتەوە. کەسێتی دژە کۆمەڵ لە ڕفتارەکانی یان شێوازی دەربڕینی هەستەکانی پەشیمان نابێتەوە.
کەسێتی دژە کۆمەڵ دەگمەنە، بەگشتی لە ٪١ بۆ ٪٤ ی خەڵکی ئەگەری هەبوونی ئەم تێکچوونەیان هەیە. لە هەمان سەرچاوەدا، ئاماژە بەوە دەکات کە کەسێتی دژە کۆمەڵ هەوڵی ئەنجامدانی ئەو ڕفتارانە دەدات کە پێچەوانەی دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکانە (social norms).
لە نوێترین وەشانی پەرتووکی ڕێنمایی دەستنیشانکردن و ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکان (DSM-5) کەسێتی دژە کۆمەڵی پۆلێن کردووە بۆ کۆمەڵەی دووەمی تێکچوونەکانی کەسایەتی، لەگەڵ تێکچوونەکانی وەک کەسێتی خود شەیدا (narcissistic) و کەسێتی نواندن (histrionic) و کەسێتی سنوری (borderline).
کۆمەڵەی دووەمی تێکچوونەکانی کەسایەتی ئەو جۆرە کەسانە دەگرێتەوە کە گرفتییان هەیە لەگەڵ جڵەوکردن و ڕێکخستنی هەست و ڕفتارەکانییان.

نیشانەکانی کەسێتی دژە کۆمەڵ


کەسێتی دژە کۆمەڵ بوونێکی ڕێژەیی هەیە، ئەمەش بەو مانایەی کە نیشانەکانی لە سادەەوە بۆ توندە دەگۆڕێت، هەروەها لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە.


نیشانە و ڕفتارە باوەکانی کەسێتی دژە کۆمەڵ ئەمانە دەگرێتەوە:


• کەمی هەستی پەشیمانی، گوناهـ، هاوسۆزی
• درۆکردن و هەڵخەڵەتاندنی کەسانی دیکە بۆ مەرامی کەسی
• گرانبوونی شێوەپێدانی پەیوەندییەکی جێگیر لەگەڵ کەسانی دیکە
• ڕفتاری توندوتیژانە و تاوانکارییانە بەرامبەر کەسانی دیکە
• هەبوونی مەیلی لۆمەکردنی کەسانی دیکە بۆ هەڵە و گرفتەکانییان
• ئەنجامدانی ڕفتارگەلی دژ بە دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان
توێژینەوەیەک ئاماژە بەوە دەکات کە نیشانەکانی کەسێتی دژە کۆمەڵ دەکرێت پەرە بسەنن لە نێوان تەمەنی ٢٤ بۆ ٤٤ ساڵی هەروەها کەم ببنەوە لە تەمەنی ٤٥ بۆ ٦٤ ساڵی.


ئەو کەسانەی کە کەسێتی دژە کۆمەڵن دەکرێت ئەزموونی ئەم نیشانانە بکەن


• قەیرانی دارایی
• گرفتی یاسایی و زیندانی کردن
• بێ کاری و گرفتی بەردەوام نەبوون لەسەر کارێک
• بەکارهێنانی دەرمانی هۆشگۆڕ
• میزاجی
• گرفتی پلان دانان بۆ داهاتوو


چ شتێک دەبێتە هۆی بوونی کەسێتی دژە کۆمەڵ؟


هۆکارێکی دیاریکراو نییە بۆ بوونی کەسێک بە کەسێتی دژە کۆمەڵ، بەڵام هەندێک هۆکارگەل لەوانەیە وابکەن کەسێک نیشانە و ڕفتارەکانی تێدا گەشە بکات.
هۆکارگەلی بۆماوەیی (Genetics)
توانای گواستنەوەی حاڵەتەکە لە نێوان ٪٣٨ بۆ ٪٦٩ مەزەندە دەکرێت. ئەمەش مانای وایە، گەر کەسێک لە پێشینەی خێزانەکەت کەسێتی دژە کۆمەڵ بووبێت، ئەگەرێکی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی تۆش حاڵەتەکەت هەبێت.


هۆکارگەلی ژینگەیی


هەندێک هۆکارگەلی ژینگەیی دەکرێت بەشێوەیکی بەرچاو کاریگەرییان لەسەر کەسێتی دژە کۆمەڵ هەبێت لەوانە ڕفتاری توندوتیژانەی سەردەمی منداڵی، وەک دەستدرێژی جەستەیی و سێکسی. هۆکارێکی دیکەی ژینەگەیی دەکرێت بەدخۆراکی بێ، کێشانی جگەرە یان خواردنەوی کهول لە سەردەمی منداڵییدا یان هەبوونی دایبابێک کە بەکارهێنەری مادەی هۆشگۆڕ بووبن.


هۆکارگەلی زیندەیی (بایۆلۆژی)


بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە دەکرێت جینێک بەناوی (arginine vasopressin receptor 1A (AVPR1A)) بەشدار بێت لە پەرەسەندنی کەسێتی دژە کۆمەڵ. دەوترێت جینی (AVPR1A) دەستدەگرێت بەسەر ڕێژەیەک لە ڕفتاری جیاواز، وەک شکڵ گرتنی پەیوەندییە کەسییەکان یان جڵەوکردنی فشار.
بەڵگەیەک ئاماژە بەوە دەکات کە گۆڕاوی وەرگری جینی ئۆکسیتۆسین (OXTR) – کە جینێکە کاریگەری لەسەر ڕفتارە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندی بەستنەکان دەکات – دەکرێت بەشدار بێت لە هەندێک ڕفتارگەلی لە کەسێتی دژە کۆمەڵدا.
زۆر شت ماوە کە فێربین سەبارەت بە هۆکارەکانی کەسێتی دژە کۆمەڵ. توێژینەوەکان بەردەوام لە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە حاڵەتەکە یان لەوەی کە بۆچی هەندێک کەس توشی حاڵەتەکە دەبن و ئەوانی دیکە نا.


کەسێتی دژە کۆمەڵ چۆن دەستنیشان دەکرێت؟


ئەگەر پێت وایە لەوانەیە کەسێتی دژە کۆمەڵ بیت، باشتر وایە سەردانی دەروونپزیشک یان چارەسەرکاری دەروونی بکەیت.
بەگوێرەی (DSM-5)، کۆنیشانەکان بۆ کەسێتی دژە کۆمەڵ دەستنیشان دەکرێت بە هەبوونی فەرامۆشکردن و گوێ پێنەدانی بەردەوام بۆ کەسانی دیکە لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە کە بە سێ ڕفتاری دەناسرێتەوە:


• بێ باکی و کەم بایەخی بۆ سەلامەتی خۆی و ئەوانی دیکە
• شکست هێنان لە گوێرایەڵی دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان بە دژە ڕفتار، مەیل بۆ ئەنجامدانی ئەو ڕفتارانەی کە ئەگەری دەستگیرکردنییان هەیە
• درۆ کردن، هەڵخەڵەتاندن، دروستکردنی نازناوی تاوانکاری بۆخۆی، بەکارهێنانی ئەوانی دیکە بۆ چێژ و بەرژەوەندی خۆی
• نەبوونی هەستی پەشیمانی و هاسۆزی، بەڵگە داتاشین بۆ ئازاردان و بەکارهێنانی کەسانی دیکە
• هەڵەشەیی و زوو توڕەبوون
• توندوتیژی بەتایبەت توندوتیژی جەستەیی
• هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی، نەتوانین بۆ بەردەوامیدان بەکارێک یان ئەرکێک بۆ ئەوانی تر
هیچ پشکنینێکی پزیشیکی نییە وەک پشکنینی خوێن بۆ کەسێتی دژە کۆمەڵ.

دەکرێت دەروونپزیشک هەڵسەنگاندنی دەروونی و جەستەیی بۆ بکەن، بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی کە هۆکار و نیشانەی گرفتێکی دیکە نیشانە نەبن بۆ ئەم حاڵەتە.
دەکرێت پێشینەی ئەزموونی کەسی و دەرمانی کەسەکە وەربگیرێت لەوانەیە هەبوونی هەر گرفتێکی تری دەروونی یان دەرمانێکی بەکارهێنراو. دەبێت ڕاستگۆبیت لە کاتی باسکردنی نیشانەکان لای دکتۆرەکەت بۆ ئەوەی بتوانێت بەدروستی حاڵەتەکە دەستنیشان بکات، هەروەها پلانێکی گونجاو دابنێت بۆ ئەوەی جڵەوی نیشانەکان بکەییت.


تا چەند سەردەمی منداڵی بەشدارە لە دروستبوونی کەسێتی دژە کۆمەڵ؟


هەرچەندە دەکرێت نیشانەکان لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە دەربکەون، بەڵام کەسێتی دژە کۆمەڵ تاکە تێکچوونی کەسێتییە کە ناتوانرێ لە منداڵیدا دەستنیشانی بکرێت.
بە گوێرەی (DSM-5)، بۆ دەستنیشانکردنی کەسێتی دژە کۆمەڵ، لانی کەم دەبێت کەسەکە تەمەنی ١٨ ساڵ بێت و نیشانەکانی لە سەردەمانی ١٥ ساڵییەوە ڕێچکەیان گرتبێت.
ئاڕاستەکردنی تێکچوونەکە لە سەردەمی منداڵیدا دەکرێت بە هەندێک نیشانە بناسرێتەوە وەک لادان لە بنەما و یاسا کۆمەڵایەتییەکان. گەر ئەو نیشانانە بەردەوام بێت و سوربێت لەسەری، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا دەستنیشانکردنەکەی دەگۆڕێت بۆ کەسێتی دژە کۆمەڵ.
ئەو منداڵانەی ڕفتاری هاوشێوەی کەسێتی دژە کۆمەڵ دەنوێنن، نزیکەی ٪٤٠ ی کوڕان و ٪٢٥ ی کچان لەخۆدەگرن. کوڕان زیاتر نیشانەکان لە منداڵییدا نیشان دەدەن لە کاتێکدا کچان نیشانەکان لە دواتردا نیشان دەدەن، بەتایبەت دوای تەمەنی پێگەیشتن.


جیاوازی کەسێتی دژە کۆمەڵ، سایکۆپاس و سۆسیۆپاس چییە؟


هەر سێ حاڵەتەکە تێکچوونی کەسایەتیین و زۆرکات لە جێگەی یەکتر بەکاردێن، بەڵام هەر حاڵەتێکییان جیاوازە لەوانی دیکە.
کەسێتی دژە کۆمەڵ تێکچوونێکی کەسێتی دەستنیشانکراوە لەسەر بنەمای نیشانە ڕفتارییەکان. لەلایەکی دیکەوە، سایکۆپاس و سۆسیۆپاس، وەک تێکچوونێکی کەسێتی تەواو دەستنیشان نەکراون لە (DSM-5) بەڵام دەکرێت وا بیرییان لێ بکرێتەوە وەک هەندێک خاسییەت بۆ مەیلی خواستێک. هەندێک کەسێتی دژە کۆمەڵ دەکرێت خاسیەتەکانی سایکۆپاس و سۆسیۆپاسیان تێدابێت.


جیاوازی سایکۆپاس (psychopathy) و سۆسیۆپاس (sociopathy) چییە؟


سایکۆپاس بەپێی لێکۆڵینەوەکان زیاتر بنەمایەکی بایۆلۆژی هەیە، لە کاتێکدا سۆسیۆپاس کاریگەرە بە ژینگە.
سایکۆپاس بە هەندێک نیشانە دەناسرێنەوە وەک کەسایەتییەکی سارد و بەرژەوەندخواز، هەروەها بەکارهێنەر و سەرنجڕاکێش. بە نزیەکەیی هەموو کەیسەکانی سایکۆپاس ڕوبەڕووی نیشانەکانی کەسێتی دژە کۆمەڵییان پێوە دیارە، بەڵام ڕێژەیەکی کەمی کەسێتی دژە کۆمەڵ کۆنیشانەکانی کەسیتی سایکۆپاسی پێوە دیارە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەو کەسانەی خاسیەتی سۆسیۆپاسییان هەیە، زیاتر سۆزاوی و هەڵەشەن. مەیلێکی کەمترییان بۆ کاری تاوانکاری هەیە لە بەرامبەر کەسانی سایکۆپاس بەڵام زۆر کات دەگیرێن چونکە کارەکانییان بەبێ پلانە.


حاڵەتە هاوشێوەکانی کەسێتی دژە کۆمەڵ


نیشانەکانی کەسێتی دژە کۆمەڵ هاوبەشە لەگەڵ پەشێوییە دەرونییەکانی دیکە. لەبەر ئەم هۆکارە، حاڵەتەکانی دیکە دەکرێت ڕوبدەن لەگەڵ دەرکەوتنی کەسێتی دژە کۆمەڵ.
هەندێک حاڵەت دەکرێت دووبارەی بن لە هەند‌ێک نیشانەی کەسێتی دژە کۆمەڵ ، لەوانە:
• کەسێتی خود شەیدا (Narcissistic personality disorder): سەر بە گروپی دووەمی تێکچوونە کەسییەکانە، پێناسە دەکرێت بە کەمی هاوسۆزی و بەرژەوەندخواز. بەڵام ئەوان ئەم تێکچوونەیان هەیە بەگشتی کەسانی شەڕانگێز و دوژمنکارانە نین.
• کەسیتی سنوری (Borderline personality disorder): سەر بە گروپی دووەمی تێکچوونە کەسییەکانە، دەکرێت کەسانێک بن کە خەڵک بەکاربهێنن بەڵام بۆ خۆسەلماندن و دروستکردنی کاریگەری لەسەر ئەوانی دیکە نەک بۆ بەرژەوەندی کەسی.
• تێکچوونی بەکارهێنانی مادە (Substance use disorder): ئەم حاڵەتە بەگشتی ڕوودەدات لەگەڵ کەسێتی دژە کۆمەڵ.
هەندێک لەو حاڵەتانەی دیکە کە دەکرێت لەگەڵ کەسێتی دژە کۆمەڵدا هەبن، وەک:
• تێکچوونی خەمۆکی گەورە (major depressive disorder)
• تێکچوونی دڵەڕاوکێ (anxiety disorders)
• تێکچوونی قومارکردن (gambling disorder)
• تێکچوونەکان سێکسییەکان (sexual disorders)


چارەسەری کەسێتی دژە کۆمەڵ


هێندەی بەڵگەی پشتڕاستکەرەوە نییە بۆ دیاریکردنی جۆرێک لە دەرمان یان چارەسەری دەروونی بۆ چارەسەرکردنی کەسێتی دژە کۆمەڵ. لە ئێستادا، یەکێک لە باشترین چارەسەرەکان بریتییە لە ئەو منداڵانەی لەسەرەتاوە نیشانەکانی ئەو حاڵەتەیان تێدایە.
کەسێتی دژە کۆمەڵ، ئاسایی خۆی بەدوای چارەسەر ناگەڕێ بۆخۆی، ڕفتارەکانی زۆر بەقوڵی لە کەسایەتییاندا ڕەگی داکوتاوە. لەبەر ئەمە، زۆر زەحمەتە کە هەڵەکانی خۆیان ببینن. بەڵام لەوانەیە بۆ چارەسەری گرفتی دیکە بگەڕێن وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ.
دەرمان دەکرێت بنوسرێت بۆ بەکارهێنانییان لە حاڵەتە دیاریکراوەکان وەک توندوتیژی و هەڵەشەیی. هەندێک کەس کە کەسێتی دژە کۆمەڵییان هەیە لەوانەیە پاڵنەری ئەوەیان هەبێت کە بگەڕێن بۆ یارمەتی سەبارەت بە توڕەبوونییان لە ڕێگەی دانیشتنی چارەسەری دەروونییەوە یان بەکارهێنانی دەرمان.
هەندێك لە بەڵگە ئاماژە بەوە دەکەن کە ( mentalization-based therapy (MBT)) دەکرێت یەکێک بێت لە بژاردە باشەکان بۆ چارسەری کەسێتی دژە کۆمەڵ. (MBT) هاوکاری کەسەکان دەکات بۆ ئەوەی زیاتر ئاگامەند بن بە دۆخ و جێگیری باری دەروونییان.
ڕوانینێکی درێژ مەودا
کەسێتی دژە کۆمەڵ حاڵەتێک بە درێژایی ژیان لەگەڵ کەسەکەدا دەبێت. بەڵام نیشانەکانی دەکرێت کەم بکەنەوە بەگشتی لە دوای تەمەنی ٤٠ ساڵییەوە.
ڕێژەی تاوان دەکرێ وێنەدانەوەی توندی نیشانەکان بێت، تاوانکاری گەورە لەلایەن کەسانی بەتەمەنەوە کەمترە. خەڵکی تاکو تەمەنییان لەگەڵ حاڵەتەکە بەرەو سەرەوە بچێت، گرفتە توندە ڕفتارییەکانیان کەمتر دەبێتەوە.
لەبیرت بێت کە نیشانەکانی کەسێتی دژە کۆمەڵ دەکرێت بە شێوەی جیاواز بۆ هەر کەسێک سەیر بکرێت. تەنها لەبەر ئەوەی کە تۆ کەسێتی دژە کۆمەڵییت، مانای ئەوە نییە کە ڕفتاری توندوتیژانە دەنوێنی یان ئەو کارانە دەکەیت کە دەبێتە هۆی زیندانی کردنت.
هەموو کەسێک کە کەسێتی دژە کۆمەڵی هەیە مانای ئەوە نییە هەمیشە یاساکان دەشكێنێت و ئازاری کەسانی دیکە دەدات.

داوای یارمەتی بکە
ئەگەر پێت وایە کە کەسێتی دژە کۆمەڵییت، چەندین سەرچاوەی باش بەردەستە بۆ وەرگرتنی هاوکاری. دوو لە بژاردە باشەکان بریتییە لە سەردانکردنی دەروونپزیشکێک، دواتر بۆلای چارەسەرکارێکی دەروونی.


سەرچاوەکان
• Bateman A, et al. (2016). A randomised controlled trial of mentalization-based treatment versus structured clinical management for patients with comorbid borderline personality disorder and antisocial personality disorder.
https://bmcpsychiatry.biomedcentral.com/articles/10.1186/s12888-016-1000-9
• Black DW. (2015). The natural history of antisocial personality disorder.
https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC4500180/
• Edens JF, et al. (2015). DSM-5 Antisocial personality disorder: Predictive validity in a prison sample.
http://risk-resilience.berkeley.edu/sites/default/files/journal-articles/files/dsm-5_antisocial_personality_disorder_-_predictive_validity_in_a_prison_sample_2015.pdf
• Fisher KA, et al. (2020). Antisocial personality disorder.
https://www.ncbi.nlm.nih.gov/books/NBK546673/
• Wener KB, et al. (2015). Epidemiology, comorbidity, and behavioral genetics of antisocial personality disorder and psychopathy.
https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC4649950/