Categories
phsychology

پێویستت بە هۆکارێکی گەورە نیە بۆ وەرگرتنی چارەسەری دەرونی

پێویستت بە هۆکارێکی گەورە نیە بۆ وەرگرتنی چارەسەری دەرونی

من لە چەندین حاڵەتی ژیانمدا سەردانی چارەسەری دەروونیم (therapy) کردووە. یەکەم جار دوای جیابوونەوەم بوو لەگەڵ هاوسەرەکەم. ئەمە لە ڕاستیدا کارێکی زۆر  ئاساییە کە داوای یارمەتی بکەیت. لە ڕاستیدا خەڵکێکی زۆر دەچنە چارەسەری دەروونی دوای ڕووداوێکی گەورەی ژیان. بەڵام جاری دووەم کە چووم، هۆکارێکی “گەورە”م نەبوو.

لە ڕاستیدا لەسەر کاغەز ژیانم زۆر باش بەڕێوە دەچوو. من تازە چووبوومە نیویۆرک – شارێک کە هەمیشە خەونم پێیەوە دەبینی کە تێیدا بژیم  و تازە دەستم بە پرۆگرامی ماستەر لە شانۆنامەنووسیدا کردبوو، بابەتێک کە زۆرم خۆشدەویست. وانەکانم بە باشی دەڕۆیشتن و تازە دەستم بە پەیوەندی خۆشەویستی کوڕێک  کردبوو کە دواتر بوو بە هاوسەرم. لەگەڵ ئەوەشدا، لەگەڵ ئەوەی هەموو شتێک بەڕواڵەت “باش” دەڕۆیشت، زۆربەی کات هەموو ڕۆژێک هەستم بە دڵتەنگی دەکرد. نووسین  یان هەر کارێکی دیکە کە دەمکرد  هەستم دەکرد وەک کارەساتێک وایە. قورس بوو کە بەیانیان هەستان لە خەو هەستم.

لەو کاتەدا نەمدەزانی، بەڵام تووشی خەمۆکی بوبوم، کە تێکچوونێکی تەندروستی دەروونییە (mental health) و نزیکەی %8.1  ئەمریکییەکان دەگرێتەوە.

خەمۆکی (depression) : تێکچوونی میزاجییە کە مەرج نییە پێویستی بە ڕووداوێکی گەورەی ژیان هەبێت بۆ ئەوەی ڕووبدات. خۆشحاڵم کە چوومە ناو چارەسەرکردنەوە. پێویستم بە یارمەتی بوو، تەنانەت ئەگەر دڵنیا نەبووم بۆچی. ئەوە ڕێگەی پێدام پەرە بەو ئامرازانە بدەم کە پێویستم بوو بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە تێپەڕێنم.

ماوەیەک وەرگرتنی دانیشتنی چارەسەرییم بۆ ماوەیەک وەستاند، بەڵام لە چەند دۆخێکی ژیانمدا گەڕامەوە بۆ هاوکاری بۆ گرفتی دڵەڕاوکێ، لەدەستدانی کار، تەنانەت غەمباری بەهۆی لەدەستدانی سەگەکەمەوە!

ڕەنگە زۆرینەی خەڵک حەز بکەن  بۆ وەرگرتنی چارەسەری دەروونی  کاتێک کە تووشی گرفتێک  دەبن یان لە کاتی ڕووداوە دڵەڕاوکێهێنەرەکانی ژیاندا. بەڵام پێناسەی “ڕووداوی ژیانی دڵەڕاوکێهێنەر” بۆ هەموو کەسێک کەمێک جیاوازە. هەموومان خاوەن ئەزموونانێکی تایبەتیین.

بۆ نمونە، لەدەستدانی سەگەکەم بووە هۆی ئەوەی برۆیەکم بەتەواوەتی بەرز ببێتەوە!!

جۆیس مارتەر، چارەسەرکاری دەروونی مۆڵەتپێدراو و دامەزرێنەری (Urban Balance) دەڵێت: “ئەوە بە هیچ شێوەیەک سەیر نییە. بۆ زۆر کەس ئاژەڵە ماڵییەکان وەک ئەندامی خێزانن و ئەو خەم و لەدەستدانیەی کە ئەزموونی دەکەن دەتوانێت هاوشێوەی لەدەستدانی هەر کەسێکی دیکە بێت”.

هەربۆیە باشتر وایە دانیشتنی دەروونی وەربگریت ئەگەر  تەنها پێشت وابێت  پێویستت بە کەمێک یارمەتی زیاترە، ئەگەر دڵنیاش نەبیت بۆچی.

مارتەر دەڵێت: ” چارەسەری دەروونی  فۆرمێکی ڕۆتینی و خۆپارێزییە بۆ پاراستنی تەندروستی، وەک چوونە لای پزیشکی ددان یان پزیشکی ئاسایی”. “چارەسەرکار وەک ڕاهێنەرێکی کەسی وایە بۆ دەروون  و پەیوەندییەکانت.

دکتۆر گەیڵ سالتز، پزیشکی دەروونی لە نەخۆشخانەی پرێسبیتێری لە نیویۆرک لە قوتابخانەی پزیشکی ویل-کۆرنێل، دەڵێت: “زۆر کەس چارەسەری دەروونی وەردەگرن  بۆ ئەوەی باشتر لە خۆیان تێبگەن، کار لەو بەشانەی ناو خۆیاندا بکەن کە بەلایانەوە گرانە، و توانای گەشەکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتەکانییان باشتر بکەن”.

تەندروستی دەروونی شتێکە کە دەتوانیت بیپارێزییت پێش ئەوەی تووشی گرفت بیت.

سالتز دەڵێت: ” زۆرجار باشترە خەڵک پێش ئەوەی گرفتەکان لە ژیانیاندا ڕووبدات بەدوای چارەسەردا بگەڕێن بۆ ئەوەی چەکی  پێویستییان پێبێت بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەژەکان و ئاڵەنگارییەکان یان سەختی ژیانییان.”

تا ساڵی 2019، نزیکەی 1 لە هەر 5 ئەمریکییە پێگەیشتوەکان لەگەڵ گرفتێکی تەندروستی دەروونیدا دەژیا، بەپێی پەیمانگای نیشتمانی تەندروستی دەروونی  نزیکەی 55%ی ئەو گەورەساڵانەی کە گرفتێکی تەندروستی دەروونییان هەیە لە ساڵی پێشوودا خزمەتگوزاری تەندروستی دەروونییان وەرنەگرتووە.

سەردان نەکردنی چارەسەرکاری دەروونی لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت کە هەندێک کەس ئامادە نین داوای یارمەتی بکەن، یان بەهۆی چەواشەکارییەکانی کە بەناوی چارەسەرکردنەوە کراون یان لەبەر ئەوەی پێیانوایە نیگەرانییەکانیان “هێندە توند نییە” کە شایەنی ئەوە بن داوای هاوکاری بکەن.

چارەسەرکردن دەتوانێت بە تایبەتی لە ئێستادا سوودی هەبێت

ئێمە لە سەرەتای پەتای کۆڤید-١٩ەوە بە کاتێکی بێ وێنەدا دەژین. سەرەڕای زیادبوونی ڕێژەی کوتان و هیوای گەڕانەوە بۆ  بارودۆخی “ئاسایی”، هێشتا هەست بە نادڵنیایی، گومان، ترس، نیگەرانی، بێهێزی، یان هەر شتێکی دیکە دەکەین.

بەپێی ئامارەکانی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان (CDC) تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە، 312,771,733 ملیۆن ئەمریکی تووشی کۆڤید-19 بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەس بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە  گیانیان لەدەستداوە.  تەنانەت ئەگەر کەسێکی نزیکیشت لەدەست نەدابێت، لەوانەیە بە هۆکاری تر خەمبار بیت — ڕەنگە دەرفەتێکی لەدەستچوو، ژیانێک کە هەست دەکەیت لە ژیانتدا وەستاوییت، یان کارێکت لەدەستچووە.

کۆمپانیاکان لە سەرانسەری وڵاتدا ملیۆنان کارمەندیان لە کارەکانیان دوورخستەوە یان مۆڵەتییان پێدان. زۆرێک لەوانە تا ئێستاش لە ماڵەوە کار دەکەن. هێشتا گەشتکردن بۆ هەندێک شوێن سەلامەت نییە. هەندێک لە ئێمە زیاتر لە ساڵێکە هاوڕێ و خێزانە نزیکەکانمان نەبینیوە.

کەواتە، بەڵێ، شتەکان هێواش هێواش گەڕاونەتەوە بۆ دۆخی ئاسایی بەڵام ماوەیەکی دەوێت بۆ چاکبوونەوە لە هەموو ئەو شتانەی کە ڕوویانداوە.

مارتەر دەڵێت: “جیهان  بەهۆی ڤایرۆسەکەوە تووشی  گرفتی تەندروستی دەروونی بووین، کە بەنزینی بەسەر ئاگرەکەدا کردووە و ئێمەی گەیاندووەتە قەیرانێکی تەندروستی دەروونی جیهانی تەواو”.

ئەو دەشڵێت: “ئێمە پێشتر بەرزترین ڕێژەی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و خۆکوشتنمان بەخۆوە بینیبوو، ئێستاش خەڵک لە هەموو ئاستێکدا مامەڵە لەگەڵ دڵەڕاوکێدا دەکەن – لە ڕووی دارایی، پەیوەندی، سۆزداری، جەستەیی، ژینگەیی و سیاسییەوە.”

تەنها ئەوەت لەبیربێت: چارەسەرکردن شتێک نییە کە شەرمی لێ بکرێت

سالتز دەڵێت: “وەرگرتنی یارمەتی ڕەنگە کارێکی ئازایانەتر و زیرەکانەتر بێت کە ئەنجامی بدەیت.” ئەمە بە هەمان شێوە ڕاستە، بۆ نمونە تۆ ڕووداوێکی گەورەی ژیانت بەسەردا دێت  و تەنها هەست دەکەیت پێویستت بە کەمێک یارمەتی هەیە یان کەسێکە بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بکەیت.

مارتەر ئاماژەی بەوەشکردووە “هەست بە باشتربوون دەکەیت دوای ئەوەی پەیوەندیت لەگەڵ چارەسەرکارێکدا هەیە. کارێکی نایاب و خەمخۆرانە و دڵسۆزانەیە کە لەگەڵ خۆت بیکەیت. بیر لەوە بکەرەوە کە دایک و باوکێکی باش بیت بۆ خۆت و ئەو چارەسەرە دەروونییەی کە پێویستتە وەربگریت بۆ ژیانێکی باشتر ”