Categories
memory

چارەسەری دەروونی – Psychotherapy

چارەسەری دەروونی – Psychotherapy

چارەسەری دەروونی کە بە چارەسەری قسەکردن ناسراوە، مەبەست لەو ڕێگایانەیە کە بۆ گۆڕینی ئەو بیرکردنەوە و هەست و ڕفتارانە بەکاردێن کە دەبنە هۆی نائارامی دەروونی و پەشێوی کەسێتی لە تاکدا. زاراوەیەکی گشتگیرە کە باس لە چۆنییەتی چارەسەرکردنی تێکچوونە دەروونییەکان و نەخۆشییە دەروونییەکان دەکات لە ڕێگەی تەکنیکە زارەکی و دەروونییەکانەوە.

لەم پرۆسەیەدا، چارەسەرکارێکی دەروونی ڕاهێنراو یارمەتی چارەخواز دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە تایبەت یان گشتیەکانی، وەک نەخۆشی دەروونی یان ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی فشارێکی زۆر بۆ ژیانی. بەگوێرەی ئەو ڕێگایەی کە چارەسەرکار بەکاری دەهێنێت، دەتوانرێت کۆمەڵێک تەکنیک و ستراتیژی بەرفراوان بەکاربهێنرێت. نزیکەی هەموو جۆرەکانی چارەسەری دەروونی بریتین لە پەرەپێدان و دروستکردنی پەیوەندییەکی چارەسەری لە نێوان چارەسەرکار و چارەخوار بۆ لە ڕێگەی گفتوگۆکردن  و کارکردن بۆ زاڵبوون بەسەر بیرکردنەوە یان ڕەفتارە کێشەدارەکاندا.

چارەسەری دەروونی زیاتر وەک پیشەیەکی تایبەت لە خۆیدا سەیر دەکرێت، بەڵام زۆر جۆری جیاوازی لایەنە پیشەییەکانی دیکە بەکاریدەهێنن، لەوانە دەروونناسی کلینیکی، پزیشکی دەروونی، ڕاوێژکاری دەروونی، چارەسەرکاری گرفتەکانی پەیوەندیدار بە هاوسەرگیری و خێزان، ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی، ڕاوێژکاری تەندروستی دەروونی و پەرستاری دەروونی.

ئەم بابەتە باس لە جۆرە جیاوازەکانی چارەسەری دەروونی دەکات کە لە ئێستادا بەردەستن و باس لە سودە گرنگەکانی چارەسەری دەروونی دەکات، هەروەها باس لەو تێکچوونانە ( disorders ) دەکرێت کە دەکرێت لە ڕێگەی ئەم جۆرە چارەسەرەوە چارە بکرێن و سودیان لێوەربگیرێت.

چۆن دەبیتە خاوەنکارو سەرکەوتووشبیت لە هەمان کاتدا

شێوەکانی چارەسەری دەروونی

چارەسەری دەروونی دەتوانێت بە شێوەی جیاواز بەکاربێت بەگوێرەی شێوازی چارەسەرکار و پێداویستییەکانی چارەخواز. چەند شێوازێک کە لەوانەیە ڕووبەڕووی ببیتەوە:

  • چارەسەری تاکەکەسی ( Individual therapy ): بریتییە لە چارەسەری ڕووبەڕوو و تەنها لەگەڵ چارەسەرکارێکی  دەروونی.
  • چارەسەری هاوسەران (Couples therapy):  بریتییە لە دانیشتنی ژن و مێردێک لەگەڵ چارەسەرکارێک بە مەبەستی باشترکردنی چۆنایەتییان لە پەیوەندییەکەیاندا یان چارەسەری ئەو گرفتانەی کە پێکەوە هەیانە.
  • چارەسەری خێزانی (Family therapy): بریتییە لە دانیشتنی خێزانی لەگەڵ چارەسەرکارێک بە مەبەستی چارەسەری گرفتە خێزانییەکانیان یان باشترکردنی پەیوەندییەکانییان.
  • چارەسەری گروپی (Group therapy): دانیشتنی کۆمەڵێک کەسێکە کە ئامانجێکی هاوبەشییان هەیە لەگەڵ چارەسەرکارێک بە مەبەستی ڕێکخستن و چارەسەرکردنی گرفتەکانیان لە درێژەی هەوڵ و چالاکییەکانیاندا.

جۆرەکانی چارەسەری دەروونی

بەگشتی خەڵکی کاتێک گوێیان لە وشەی “چارەسەری دەروونی” دەبێت، زۆر کەس وێنەی خراپییان لە خەیاڵدایە کە نەخۆشێک لەسەر قەنەفەیەک پاڵکەوتووە و قسە دەکات لە کاتێکدا چارەسەرکارەکە لەسەر کورسییەکی نزیک لەو دانیشتووە و بیرکردنەوەکانی ئەو لەسەر دەفتەرێک دەنووسێتەوە. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە تەکنیک و هەنگاوی کرداری جۆراوجۆر هەیە کە لە چارەسەری دەروونیدا بەکاردەهێنرێت نەک تەنها نوسینەوەی بیرکردنەوەکان.

تەکنیکی تایبەتی بەکارهێنراو بۆ هەر حاڵەتێک دەکرێت جیاواز بێت بە پشتبەستن بە چەندین هۆکار لەوانە، ڕاهێنان و پێشینەی چارەسەرکارەکە، ئارەزووەکانی چارەخواز، حاڵەتی  ئێستای  چارەخواز لەگەڵ گرفتەکەیدا.

 لێرەدا کورتەیەک لە جۆرە سەرەکییەکانی چارەسەرکردن دەخەینەڕوو.

چارەسەری ڕەفتاری (Behavioral Therapy)

کاتێک ڕەفتارگەرایی (behaviorism) لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بوو بە قوتابخانەیەکی زاڵ، تەکنیکەکانی مەرجدارکردن (conditioning) دەستیکرد بە ڕۆڵێکی کارا لە چارەسەری دەروونیدا.

لە ئێستادا ڕەنگە ڕەفتارگەرایی وەک جاران باڵادەست نەبێت، بەڵام زۆرێک لە شێوازەکانی تا ئەمڕۆش زۆر باون. زۆرجار چارەسەری ڕەفتاری لە مەرجدارکردنی کلاسیک (classical conditioning)، مەرجدارکردن بە پاداشت و سزا (operant conditioning) و فێربوونی کۆمەڵایەتی (social learning)  بەکاردەهێنێت بۆ یارمەتیدانی چارەخوازەکان بۆ گۆڕینی ڕەفتارە کێشەدارەکان.

چارەسەری ڕەفتاری مەعریفی (Cognitive Behavioral Therapy)

ئەم ڕێگایە بە چارەسەری ڕەفتاری مەعریفی (CBT) ناسراوە، جۆرە چارەسەرێکی دەروونییە کە یارمەتی چارەخوازەکان دەدات لەو بیرکردنەوە و  هەستانە تێبگەن کە کاریگەرییان لەسەر ڕەفتارەکانیان هەیە. (CBT) بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک تێکچوون لەوانە فۆبیا، ئالوودەبوون، خەمۆکی و دڵەڕاوکێ.

(CBT) تەکنیکە مەعریفی و ڕەفتارییەکان لەخۆدەگرێت بۆ گۆڕینی بیرکردنەوە نەرێنییەکان و ڕەفتارە کێشەدارەکان. ئەم ڕەوتە لە چارەسەر،  یارمەتی خەڵک دەدات بۆ گۆڕینی ڕێشەی بیرکردنەوەکانییان کە بەشدارن لە دروستکردنی خەم و پەژارە، هەروەها دەستکاریکردنی ئەو ڕەفتارە کێشەدارانەی کە لە ئەنجامی ئەم بیرکردنەوانەوە خۆیان دەنوێنن.

چارەسەری مەعریفی (Cognitive Therapy)

شۆڕشی مەعریفی لە  شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر لایەنی کرداری چارەسەری دەروونی هەبوو، چونکە دەروونناسەکان زیاتر دەستیان کرد بە گرنگیدان بە چۆنیەتی کاریگەری پرۆسەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤ لەسەر ڕەفتار و کارایی.

بۆ نموونە ئەگەر هەمیشە مەیلی بینینی لایەنە نەرێنییەکانی بارودۆخەکانت هەبێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دیدگایەکی ڕەشبینانەتر و میزاجێکی خراپت دەبێت.

ئامانجی چارەسەری مەعریفی بریتییە لە دەستنیشانکردنی ئەو بیرکردنەوە ناکارا و شێواوە مەعریفییانە کە دەبنە هۆی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە، هەروەها  گۆڕینییان  بە بیرکردنەوەیەکی واقیعیتر و ئەرێنیتر. بەم کارە مرۆڤەکان دەتوانن باری دەروونی خۆیان و ئاستی خۆشگوزەرانییان ( well-being ) باشتر بکەن.چارەسەری مەعریفی لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە کە بیرکردنەوەکانمان کاریگەرییەکی بەهێزیان لەسەر دەرووندروستیمان هەیە.

چارەسەری مرۆڤدۆستی (Humanistic Therapy)

لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە قوتابخانەی بیرکردنەوە ناسراو بە دەروونناسی مرۆڤدۆستی کاریگەری خۆی دروستکرد لەسەر چارەسەری دەروونی. کارل ڕۆجەرز (Carl Rogers) و دەروونناسە مرۆڤدۆستەکان ڕێگەیەکییان پەرەپێدا کە بە چارەسەری چارەخواز سەنتەری ناسراوە (client-centered therapy)، کە تیایدا سەرنجی لەسەر ئەوە بوو کە چارەسەرکارەکە  بە شێوەیەکی هاندەرانەی بێ مەرجانە لەگەڵ چارەخواز مامەڵە بکات (واتە جارەسەرکار هەوڵی قبوڵکردن و پشتگیریکردنی چارەخواز بدات بەبێ حوکمدان، ڕەخنە، یان مەرجدانان بۆی. بە واتایەکی تر، قبوڵکردنی چارەخواز وەک کەسێک، بەبێ گوێدانە بیرکردنەوە، هەست، ڕەفتار و ئەزموونەکانی ڕابردووی).

ئەمڕۆش شێوازەکانی چارەسەری ئەم ڕێبازە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێن. ڕەوتی مرۆڤدۆستی بۆ چارەسەری دەروونی، تەرکیز دەخاتەسەر هاوکاری مرۆڤەکان بۆ ئەوەی بگەنە ئەوپەڕی تواناکانییان و جەخت لەسەر گرنگی خود کۆنتڕۆڵکردن و ئیرادەی ئازاد و خۆبەدیهێنان ( self-actualization) دەکەنەوە.

چارەسەری دەروونشیکاری (Psychoanalytic Therapy)

لە کاتێکدا چارەسەری دەروونی لە سەردەمی یۆنانییە کۆنەکاندا بە شێوەی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرا، بەڵام سەرەتای شێوە وەرگرتن و بە فەرمی بوونی ئەم پڕۆسەیە لەو کاتەوە دەستیپێکرد کاتێک سیگمۆند فرۆید (Sigmund Freud) چارەسەری بە قسەکردن بەکارهێنا بۆ کارکردن لەگەڵ چارەخوازەکان. ئەو تەکنیکانەی کە فرۆید بە شێوەیەکی باو بەکاریان دەهێنا بریتی بوون لە شیکاری گواستنەوە (analysis of transference) لێکدانەوەی خەونەکان (dream interpretation) و پەیوەندی ئازاد (free association).

ئەم ڕێبازە دەروونشیکارییە بریتییە لە قووڵبوونەوە لە بیرکردنەوە و ئەزموونەکانی ڕابردووی مرۆڤ بۆ گەڕان بەدوای بیرکردنەوە و هەست و یادەوەرییە نائاگاکاندا کە ڕەنگە کاریگەرییان لەسەر ڕەفتارەکانی ئێستا هەبێت.

 دەتوانین بڵێین چەندین جۆری جیاوازی چارەسەری دەروونی بەردەستە. گونجاوترین جۆر بۆ تۆ، بەندە بە چەندین هۆکارەوە لەوانە خوازیاری تۆ بۆ چارەسەرکان، بارودۆخەکەت و توندی نیشانەکانت.

چارەسەری دەروونی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چیدا؟

چارەسەری دەروونی بە چەندین شێوە هەیە، بەڵام هەموویان بۆ ئەوە دانراون کە یارمەتی خەڵک بدەن بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵبن و ستراتیژییەکانی ڕووبەڕووبوونەوە بەکاربهێنن بۆ ئەوەی بە دەرووندروستی بمێنێتەوە.

ئەگەر نیشانەکانی  نەخۆشی دەروونیت هەیە، لەوانەیە سوودمەند بیت لە هەڵسەنگاندنێک لەلایەن چارەسەرکارێکی دەروونی ڕاهێنراو و بە ئەزموونەوە کە شایستەی هەڵسەنگاندن و دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی حاڵەتەکانی دەرووندروستییە.

چارەسەری دەروونی بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک حاڵەتی تەندروستی دەروونی بەکاردێت، لەوانە:

  • ئالوودەبوون
  • نەخۆشی دڵەڕاوکێ
  • تێکچوونی دوو جەمسەری (Bipolar disorder)
  • خەمۆکی
  • تێکچوونی خواردن
  • تێکچوونی وەسوەسە-ناچاری (Obsessive-compulsive disorder)
  • فۆبیا
  • تێکچوونی فشاری دەروونی دوای زەبری دەروونی (Post-traumatic stress disorder)
  • تێکچوونی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان

جگە لەوەش، دەرکەوتووە کە چارەسەری دەروونی یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمانەی خوارەوە:

  • ئازاری درێژخایەن یان نەخۆشی سەختەکان
  • جیابوونەوە (لەنێوان هاوسەران)
  • خەم  و خەفەت یان لەدەستدانی کەسێک یان شتێک
  • کێشەکانی خەو
  • کەمی خود شکۆفایی (self-esteem)
  • کێشەی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دیکە
  • فشاری دەروونی

چۆن بەباشترین شێوە سود لە چارەسەری دەروونی وەربگرین؟

کاریگەری چارەسەری دەروونی دەکرێت جیاواز بێت بەپێی کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆر. جۆر و توندی گرفتەکەت ڕۆڵێکی کارا دەبینێت، بەڵام شتگەلێکیش هەیە کە دەتوانیت بیکەیت بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لە دانیشتنەکانت وەربگریت، لەوانە:

  • ڕاستگۆ بوون لەگەڵ چارەسەرکارەکەت: هەوڵ مەدە کێشە یان هۆکارەکان بشاریتەوە. دەبێت وەک خودی ڕاستەقینەی خۆت دەربکەویت بەبێ ئەوەی هەوڵبدەیت هەندێک لایەنی ژیان و کەسایەتییت بشاریتەوە کە ڕەنگە بترسیت لە ئاشکراکردنی.
  • هەستکردن بە هەستەکانت: هەوڵ مەدە هەستە نەرێنییەکان یان ناڕەحەتکەرەکانی وەک خەم، توڕەیی، ترس، یان ئیرەیی بشاریتەوە. قسەکردن لەسەر ئەم هەستانە لە چوارچێوەی چارەسەرکردندا دەتوانێت یارمەتیت بدات باشتر لێیان تێبگەیت.
  • کراوە بوون بەرامبەر بە پرۆسەکە:. هەندێک لێکۆڵینەوە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە چارەسەرکردن زۆرترین کاریگەری دەبێت کاتێک هەست بە پەیوەندییەکی خۆش و باش دەکەیت لەگەڵ ئەو چارەسەرکارەی کە لەگەڵیدا دەچیتە پڕۆسەکەوە .
  • بەشداریکردن لە دانیشتنەکانت: ژیان هەر وایە و تیایدا سەرقاڵیت بەڵام هەوڵبدە بە باشترین شێوە پابەند بیت بە دانیشتنەکانی چارەسەری و بەردەوام بوون لەسەری.
  • ئەنجامدانی کارەکە: ئەگەر چارەسەرکارەکەت ئەرکی پێدای بۆ جێبەجێکردنی هەندێک ئەرک لە دەرەوەی دانیشتنەکانت ، هەوڵبدە پێش دانیشتنی داهاتوو تەواویان بکەیت.

سوودەکانی چارەسەر دەروونی

زۆرجار چارەسەری دەروونی لە جۆرەکانی تری چارەسەرکردن لە ڕووی نرخەوە گونجاوترە و بژاردەیەکی باشترە  بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە دەرمانی دەروونی نییە.

سوودە دیارەکانی چارەسەری دەروونی بریتین لە:

  • باشترکردنی پەیوەندییەکان
  • شێوازی بیرکردنەوەی تەندروستتر و هۆشیاری زیاتر لە بیرکردنەوە نەرێنییەکان
  • تێڕوانینێکی گەورەتر سەبارەت بە ژیانت
  • توانای هەڵبژاردنی تەندروستتر
  • ستراتیژییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی باشتر بۆ بەڕێوەبردنی کێشە و نارەحەتییەکانت
  • پەیوەندی خێزانی بەهێزتر

کاریگەری چارەسەری دەروونی

یەکێک لەو ڕەخنە سەرەکیانەی کە لە چارەسەری دەروونی گیراوە، ڕێژەی کاریگەربوونەکەیەتی. لە یەکێک لە توێژینەوە کۆن و باوەکان، دەروونناسێک بە ناوی هانس ئایسنک ( Hans Eysenck ) بۆی دەرکەوتووە کە دوو لەسەر سێی بەشداربووان لە ماوەی دوو ساڵدا یان بەرەو باشتر ڕۆیشتوون یان چاکبوونەتەوە بۆخۆیان بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئایا چارەسەری دەروونییان وەرگرتووە یان نا.

بەڵام لە چەندین لێکۆڵینەوەی دواتردا، توێژەران بۆیان دەرکەوت کە چارەسەری دەروونی دەتوانێت بەرەو باشتربوون و چاکردنەوەی چارەخوازەکان بە ڕێژەیەکی باش بەرز بکاتەوە.

یەکێک لە ڕاپرسییەکان دەریخستووە کە ٨ لە هەر ١٠ ئەمریکییەک کە لە پڕۆسەی چارەسەرکردندان، پێیان وایە سودێکی زۆر  باشیان لێدیوە سەرەڕای تێچووەکەی. جگە  ئەوەش:

  • 91% ڕازین لە کوالیتی ئەو چارەسەرەی کە وەریدەگرن
  • 84% ڕازین لە پێشکەوتنەکانیان بەرەو ئامانجەکانی دەروون دروستی کەسییان
  • 78% پێیان وایە چارەسەرکردن ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە گەیشتن بەو ئامانجە خوازراوەکانیان

بروس وامپۆڵد (Bruce Wampold)، ئامارزان و دەروونناس لە کتێبەکەیدا بەناوی “مشتومڕێکی گەورەی چارەسەری دەروونی – the Great Psychotherapy Debate” باسی لەوە کردووە کە فاکتەرەکانی وەک کەسایەتی چارەسەرکار و هەروەها باوەڕی چارەخوازەکە بە شارەزایی چارەسەرکارەکە، فاکتەرانێکی کاریگەر بوون  لە ئەنجامدانی چارەسەری دەروونیدا.

ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، وامپۆڵد ئاماژەی بەوەش کردووە کە میتۆدی چارەسەرکردنە و بنەمای تیۆری پڕۆسەی چارەسەرییەکە، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەرئەنجامەکە نییە. ئەم جۆرە بانگەشە و ناکۆکییەکانە، پاڵنەرێکە بۆ توێژەران بۆ بەردەوامبوون لە پشکنین و لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی چارەسەری دەروونی.

لێکۆڵینەوە نوێیەکان دەریانخستووە کە چارەسەری دەروونی شێوەیەکی کاریگەرە بۆ چارەسەرکردن بۆ هەندێک لە تێکچوونەکانی وەک  دڵەڕاوکێ، میزاج، خواردن و هەروەها خەم و زەبری دەروونی.

ئەو شتانەی کە دەبێت ڕەچاو بکرێن

کۆمەڵێک پرس یان نیگەرانی هەیە بۆ هەردوو چارەسەرکار و چارەخواز. لە کاتی پێشکەشکردنی هاوکاری و خزمەتگوزارییەکان بۆ چارەخواز ، چارەسەرکارانی دەروونی پێویستە پرسەکانی وەک ئاگادارکردنەوەی چارەخواز لە پێشهاتە ئەگەرییەکان بە لایەنی باش و خراپەوە،  پاراستنی نهێنی چارەخواز و  هتد…..لەبەرچاو بگرن.

پەسەندکردنی ئاگادارانە (Informed consent) بریتییە لە ئاگادارکردنەوەی چارەخواز لە هەموو مەترسی و سوودە ئەگەرییەکانی پەیوەست بە پڕۆسەی چارەسەرکردنەکە. ئەمەش لە ڕێگەی ڕوونکردنەوەی تەواوی جۆری چارەسەرەکە، هەر مەترسییەکی ئەگەری، تێچوون و بەدیلەکان لەخۆدەگرێت. لەبەر ئەوەی زۆرجار کڕیارەکان باس لەو پرسانە دەکەن کە لە سروشتدا زۆر کەسی و هەستیارن، چارەسەرکەرانی دەروونیش ئەرکێکی یاسایییان لەسەرە بۆ پاراستنی مافی نهێنی چارەخواز. بەڵام حاڵەتێک کە جارەسەرکارانی دەروونی مافی ئەوەیان هەیە نهێنییەکانی چارەخواز پێشێل بکەن ئەوەیە کە ئەگەر چارەخوازەکان مەترسی بۆ خۆیان یان کەسانی دیکە دروست بکەن.

چۆن بزانیت پێویستت بە چارەسەری دەروونییە؟

لەوانەیە بزانیت کە چارەسەری دەروونی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی ژیان بە شێوەیەکی گشتی، بەڵام هێشتا دەکرێت کارێکی گران بێت کەی پێویست بکات داوای یارمەتی یان سەردانی پسپۆڕێکی دەروونی بکەیت.

هەندێک لە نیشانە سەرەکییەکان کە ڕەنگە نیشانەی ئەوە بێت کە پێویست بکات سەردانی پسپۆڕی دەروونی بکەیت بریتین لە کاتانێک:

  • گرفتەکە دەبێتە هۆی ناڕەحەتی یان شێواندنێکی بەرچاو لە ژیانتدا. ئەگەر هەست دەکەیت ئەو گرفتەی کە ڕووبەڕووت بووەتەوە، بووەتە هۆی ئەوەی کە تەوەرە گرنگەکانی ژیانت تێکبدات، لەوانە قوتابخانە و کار و پەیوەندییەکانت، لەوانەیە کاتی ئەوە هاتبێت چارەسەری دەروونی تاقی بکەیتەوە.
  • پشت بە میکانیزمی ڕووبەڕووبوونەوەی ناتەندروست یان مەترسیدار دەبەستیت. ئەگەر خۆت بینی کە بە شێوازی ناتەندروست مامەڵە لەگەڵ کێشەکەت دەکەیت وەک جگەرەکێشان، خواردنەوە، زیادەڕۆیی لە خواردن، یان هەڵڕشتنی بێزارییەکانت بەسەر کەسانی دیکە، دەکرێت سەردانکردنی پسپۆڕی دەروونی هاوکاریت بکات کە  بەوەی ستراتیژی ڕووبەڕووبوونەوەی تەندروستتر و سوودبەخشتر بدۆزیتەوە.
  • هاوڕێ و خێزانەکەت لە خەمی باشی تۆدان. ئەگەر گەیشتووەتە ئاستێک کە کەسانی دیکە نیگەران بن لە تەندروستی سۆزداریت و جەستەیی و دەروونیت، لەوانەیە کاتی ئەوە هاتبێت کە سەردانی چارەسەری دەروونی بکەیت
  • هەر ستراتیژییەک کە تا ئێستا گرتوتە بەر بۆ ڕووبەڕووبونەوەت لەگەڵ کێشەکەت، کاریگەر نەبووە. پەرتووکەکانی گەشەپێدانی مرۆییت خوێندۆتەوە، گەڕاوی بەدوای هەندێک ڕێگاچارە لە گۆگڵدا یان تەنانەت هەوڵت داوە تەنها کێشەکە پشتگوێ بخەیت، هەرچییەک دەکەیت شتەکان بەرەو باشتر ناڕۆن.

تێنەگەیشتنێکی هەڵەی باو هەیە سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەری دەروونی لەنێو چارەخوازەکاندا، ئەویش  ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ بەیەکەم دانیشتن دەست دەکەیت بە باشتربوون، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە چارەسەری دەروونی پرۆسەیەکی تاکەکەسییە کە کاتی پێویستە بەپێی جۆری چارەسەرەکە  کە پێویستتە و هەروەها توندی نیشانەکانت.

چۆن دەست پێ بکەم؟

چارەسەری دەروونی دەتوانێت هەڵبژاردەیەکی چارەسەری کاریگەر بێت بۆ کۆمەڵێک گرفتی دەروونی. پێویست ناکات چاوەڕێ بکەیت تا ژیانت ئەوەندە خراپ دەبێت پاشان سەردانی پسپۆڕی دەروونی بکەیت. گەر هەست دەکەیت گرفتێکت هەیە بە شێوەیەکی بەردەوام، تا زووتر هەنگاو بنێی، خێراتر دەتوانیت بەرەو باشبوونەوە بڕۆیتەوە بۆ ئەوەی ژیانێکی تەندروستتر و بەختەوەرتر بژیت.

ئەگەر هەست دەکەیت کە خۆت یان کەسێکی ئازیزت لەوانەیە سوود لەم جۆرە چارەسەرە وەربگرێت، ئەم هەنگاوانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرە:

  • ڕاوێژ بە پزیشکی تەندروستی بکە. لەوانەیە پزیشک بە ڕەتکردنەوەی هەر نەخۆشییەکی جەستەیی بکات کە ببێتە هۆی نیشانەکانت یان بەشداربێت لە نیشانەکانت. ئەگەر هیچ هۆکارێکی جەستەیی دیاریکراو نەدۆزرایەوە، پزیشکەکە دەتوانێت ڕەوانەی چارەسەرکاری دەروونییت بکات کە پسپۆڕی  چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان بێت.
  • بەدوای پسپۆڕێکی شایستەدا بگەڕێ. ئەو کەسانەی کە چارەسەری دەروونی ئەنجام دەدەن لەوانەیە  کۆمەڵێک نازناو یان بڕوانامەی جیاوازیان هەبێت وەک “دەروونناس” یان “پزیشکی دەروونی” یان “ڕاوێژکار”یان “چارەسەرکاری دەروونی”کە دەبێت مەرجی تایبەتی پەروەردەیی و مۆڵەتی فەرمییان هەبێت. هەندێک لەو کەسانەی کە شایستەی پێشکەشکردنی چارەسەری دەروونین بریتین لە پزیشکانی دەروونی، چارەسەرکاری دەروونی، ڕاوێژکاری مۆڵەتپێدراو، توێژەری کۆمەڵایەتی مۆڵەتپێدراو و پەرستاری دەروونی پێشکەوتوو.
  • چارەسەرکارێکی گونجاو هەڵبژێرە. لە کاتی هەڵبژاردنی چارەسەرکارەکەدا، بیر لەوە بکەرەوە کە ئایا هەست بە ئاسوودەیی دەکەیت لە ئاشکراکردنی زانیاری کەسییەکانت بۆ چارەسەرکار؟ هەروەها پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ بڕوانامەکانی چارەسەرکار بکەیت، لەوانەش جۆری بڕوانامەکەی و ماوەی ئەزموونی. هەندێک جار ڕەوانەکردنت لەلایەن هاوڕێ و ئەندامانی خێزانەکەتەوە کە ئاگاداری ئەم بابەتانە بێت، دەتوانێت ڕێگەیەکی باش بێت بۆ پەیوەندیکردنت لەگەڵ چارەسەرکارێکی دروست کە دەتوانێت یارمەتیت بدات.
  • ڕەچاوی ئەوە بکە  کە ئایا پێویستت بە دەرمانە یان نا. نیشانەکانت ڕۆڵیان هەیە لەو چارەسەر و چارەسەرکارەی کە هەڵیدەبژێریت. بۆ نموونە ئەگەر باشترین چارەسەر بۆ تۆ پێویستی بە دەرمانی چارەسەری دەروونی هەبێت، ئەوا سەردانی پزیشکی دەروونی ڕەنگە سوودی هەبێت. ئەگەر پێویستی بە دەرمان نەبێت، دەتوانییت چارەسەر بە قسەکردن وەربگریت بەبێ بەکارهێنانی دەرمان وەک  چارەسەرکاری کلینیکی (clinical psychologist).
  • ئامادەبە بۆ پڕکردنەوەی پرسیارەکان و تاقیکردنەوەکان. لە کاتی دەستپێکردنی چارەسەرکردن، بە ئەگەرێکی زۆرەوە چارەسەرکارەکەت پێشینەی تەندروستییت و هەروەها زانیارییە پەیوەندیدارەکارە کەسییەکانت لێ وەردەگرێت. هەروەها پێدەچێت پێویستت بە واژۆکردنی هەندێک فۆڕمی ڕەزامەندی بێت.
  • مەترسە لە تاقیکردنەوەی چارەسەرکاری جیاواز. چارەسەری دەروونی هەم هونەرە و هەم زانستە. ئەگەر لە زنجیرەی دانیشتنەکان هەست بە باشتربوون نەکەیت و هەست دەکەیت ئاستی چارەسەرکارەکەت لا دڵخواز نییە، تەنانەت گەر خودی چارەسەرکارەکەشت لا دڵخواز نییە.  زۆر ئاساییە و دەکرێت کە چارەسەرکارێکی تر تاقیبکەیتەوە. بەردەوام بە لە گەڕان تا کەسێکی پسپۆڕ دەدۆزیتەوە کە هەست بە ئاسوودەیی بکەیت لەگەڵیدا.

لەکاتی هەڵسەنگاندنی چارەسەرکارێکی دەروونییدا، ئەم پرسیارانەی خوارەوە ڕەچاو بکە :

  • ئایا چارەسەرکەرەکە پسپۆڕ و لێهاتوو دەردەکەوێت؟
  • ئایا هەست بە ئاسوودەیی دەکەیت لە باسکردنی هەست و ئەزموونەکانت؟
  • ئایا شێوازی گفتوگۆی چارەسەرکارەکەت بەدڵە؟
  • ئایا تۆ لە ڕادەی کارلێک کردنت لەگەڵ چارەسەرکارەکە ڕازیت؟
  • ئایا هەست دەکەیت کە ئەو لە تۆ تێدەگات و هەست بەچی دەکەیت؟
  • شێوازی چارەسەرکردنەکەی چییە؟
  • چ جۆرە ئامانجێکیان هەیە بۆ چارەسەرکردنت؟

چارەسەری دەروونی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەو کەسانەی کە تووشی کێشەی تەندروستی دەروونی دەبن، لە هەمان کاتدا سوودی هەبێت بۆ ئەو کەسانەی ئارەزووی فێربوونی ستراتیژی نوێی مامەڵەکردنییان هەیە لەگەڵ ئەو گرفت و تەگەرەکانی ژیانی ڕۆژانە یان دەیانەوێت بە شێوەیەکی باشتر  لە بیرکردنەوە و هەست و  ئەزموونەکانی خۆیان تێبگەن.

سەرچاوەکان

  1. Society for the Advancement of Psychotherapy. Conclusions and Recommendations of the Interdivisional (APA Divisions 12 & 29) Task Force on Evidence-Based Therapy Relationships.
  2. Norcross JC, ed. Psychotherapy relationships that work: Evidence-based responsiveness2nd edition. Oxford University Press; 2011. doi:10.1093/acprof:oso/9780199737208.001.0001 
  3. Wampold BE. The good, the bad, and the ugly: A 50-year perspective on the outcome problemPsychotherapy (Chic). 2013;50(1):16-24. doi:10.1037/a0030570
  4. Fonagy P. The effectiveness of psychodynamic psychotherapies: An updateWorld Psychiatry. 2015; 14(2):137-150. doi: 10.1002/wps.20235
  5. American Psychiatric Association. What is Psychotherapy?.