Categories
general

ڕۆڵی پلەبەندی بەهاكان لە بنیادی كەسێتیدا

ڕۆڵی پلەبەندی بەهاكان لە بنیادی كەسێتیدا

ئاوات نەسرولآ

ماستەر لە كارگێڕی نێودەوڵەتی – زانكۆی وارشۆ

بەڕێوەبەری ئاوات ئەكادیمی

پلەبەندی بەهاكان بابەتێكی زۆر هەستیار و گرنگە چونكە وەك قیبلەنمایەك وەهایە لە نێو كەسێتیدا و هەمیشە ئەو ئاراستەیە پیشان دەدات كە مرۆڤ پێویستە بیزانێت تاوەكو بەرەو بەختەوەری و ئاسوودەیی هەنگاو بنێت.

بەها :

واتە، بنەما و پێوەری هەرشتێك كە بەلای كەسێكەوە شایان و بەنرخ بێت وەك: ئازادی، عەشق،خۆشەویستی،پەیوەندی سۆزداری، تەندروستی،دادگەری، سەركەوتن،راستگۆیی، چێژ، وەفا، ئاسایش، ژیانی خێزانی و كۆمەلایەتی، حەوانەوە و پیشە. ئەمانە لای هەمووكەس بەنرخن بەلام پلەبەندیان لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێت

گرنگی زانینی ئەم بابەتە لەوەدایە كە لە پرۆسەی ئایندەسازی دا، پێویستمان پێی هەیە، ئەگەر نا ئایندە خۆی هەر دێت بەڵام ئەو كات مەرج نیە بە دڵی ئێمە بێت. مرۆڤی ژیر ئایندەی لا گرنگە، هەر بۆیە زۆرینەی ئەو مرۆڤانەی كە هەستی بەرپرسیاریەتیان تێدایە، سەقاڵی كۆمەڵێك كار دەبن و بە گرنگی دەزانن و لەپێشینەی كارەكانیاندا دایدەنێن، تانها لەبەرئەوەی وا گومان دەبەن كە ئەنجامەكەی بۆ ئایندەیان بەسوودبێت و مەرج نیە لەكاتی ئەنجامدانیدا چێژی لێوەربگرن، بەڵام دەبینی هەرچەندە ئازار بەخشیش بێت بۆیان بەڵام هەر دەبێتە مایەی ئاسوودەییان

سودی زانینی پلەبەندی بەهاكان

ناسینی بەهاكان و زانینی پلەبەندیەكەیان كۆمەڵێك سوودی گرنگ لە خۆ دەگرێت، بۆ نمونە وەهات لێدەكات بزانی چی بكەیت تاوەكو هەست بە شادی و كامەرانی بكەیت لە پاش هەر كار و رەفتارێك و یارمەتی دەری سەرەكین بۆ بڕیاردان. مرۆڤ هەندی جار دەكەوێتە سەر دووڕیانێك و پێویستە بتوانێت بڕیاری دروست بدات، بۆ ئەو مەبەستە پەنادەباتە بەر راوێژكار هەندێ جار راوێژكار بە گوێرەی كەسایەتی و مەعریفە و قیبلەنماكەی خۆی وەڵام دەداتەوە هەر بۆیە زۆركات ئەگەری هەیە راوێژەكەش جێگەی خۆی نەگرێت، ڕاوێژكاری باش ئەوكەسەیە كە پلەبەندی بەهای كەسەكە بدۆزێتەوە و لەو ڕوانگەیەوە بەرچاو ڕوونی و رێنمایی بخاتە ڕو

واتای پلەبەندی بەهاكان

بریتیە لە پلەبەندیەك كە لە نزمترینیانەوە كەم بهاترین و لە سەروویانەوە بەنرخترینیان دانراوە.تێبینی: ئەم ڕیزبەندیە دەكرێت بەشێوەی نائاگا لە ناخماندا چەسپابێت وەك لای زۆرینە وایە یان دەكرێت بە تێگەشتن و بە شێوەیەك كە بە ژیری خۆمان ڕیزمان كردبێتەوە. یەكەمین كارێك كە مرۆڤی خاوەن فەزیلە دەیكات و بونیادی كەسێتیەكەی لەوەوە دەست پێدەكات جیاكردنەوەی بەها باڵاكانیەتی لە بەها كۆمەڵایەتیەكان. بەها باڵاكان بریتین لەو بەهایانەی كە لە زانستی رەوشتزانیدا ( علم الاخلاق) بە فەزیلە دانراون و مرۆڤی خودا پەسەند و خاوەن كەسێتی باڵا لەسەریان پەروەردە كراوە بۆ نمونە: دادگەری ، راست گۆیی، وەفا، بەخشندەیی، دەستپاكی ئەم بەها باڵایانە هەر لە كۆنەوە باسیان لێ كراوە بۆ نمونە ئەرەستۆ دوانزەدانەی جیاكردبوونەوە كە ناسراون بە ئاكارە بەرزە كان (Moral Virtues ) ( الفضائل الأخلاقية ) بۆ نمونە : بوێری (Courage) ، مامناوەندیەتی (Temperance) ، لێبوردەیی (Liberality) ، گەورەیی (Magnificence) خاكی بوون Modesty ، راستگۆیی Truthfulness …هتد 1 Robbins, A(1992)Awaken the Giant Within هەریەكێك لەم ئەتیكانە (قیم) كەوتوونەتە نێوان دوو سیفاتەوە كە لێهاتووی كەسی خاوەن ئەتیك پاراستنی ئەو هاوسەنگیەیە بۆ نمونە بوێری لە نێوان ترسنۆكی و هەڵەشەییدایە. ئەو بەها فەلسەفی و دینیانەی كە لە زانستی رەوشت زانیدا ئاماژەیان پێكراوە بنەمای سەرەكین لە پەروەدەكردنی تاك و كۆمەڵگادا و بریتین لە بەهاباڵاكان ، گەورەیی و مەزنی مرۆڤ پەیوەستە پێیانەوە بەڵام ئەو پلەبەندی بەهایانە Values Hierarchy تایبەتن بە بەها كۆمەڵایەتیەكان كە لە بەرنامەرێژی زمانی- دەماریدا (NLP) 2 لەگەل سیستمی باوەڕەكانمان بە یەكێك لە پلەكانی دەمار 3 دادەنرێت كە لە پاش لایەنی ڕۆحی و ناسنامەوە دێن و كاریگەری گەورە دەخەنە سەر توانا و رەفتار و ژینگەی كەسەكە. ئەم بازنانە لە لایەن رۆبێرت دێلتز Robert Dilts (1990) ەوە بە وردی باس كراون و لە (NLP)دا كاریان لە سەر دەكرێت. 4 پلەبەندی ئەم بەهایانە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاوازە ئەمەش نیشانەی چاكی و خراپی كەسەكان نیە بەڵكو پەیوەندی بە جاوازی كەسێتی تاكەكانەوە هەیە. بۆ نمونە هەموومان دەزانین تەندروستی و ئاسایش و ئازادی، عەشق، سەركەوتن، خوێندن، پیشە بەنرخن بەلام لای هەیەكێكمان پێدەچێت پلە بەندیەكەی جیاواز بێت. بۆ نمونە تەماشای ئەم خشتەیە بكە بۆ جیاوازی پلەبەندی ئەم بەهایانە لای چەند كەسایەتیەكی جیاواز پاشان بەوردی دەتوانین شیكاری ئاراستەی قیبلەنماكەیان بكەین. تێبینی زۆر كەس پلەبەندی بەهاكانی خۆیان نازانن هەربۆیە لە بڕیارداندا كێشەیان هەیە. بەهاكان یان راكێشەرن وەك ئەمانەی باسمان كردن یان پاڵپێوەنەرن وەك شەرم ، تەنهایی، خۆبەكەمزانین واتە ئەمانە بە پێچەوانەوە گرنگن كە توشیان نەبین هەركەسە و پلەبەندی بەهاكانی بەشێوەیەكە، جیاواز لە كەسێكی تر، ئەگەر بە شێوەی دژبەیەك ڕیزنەبووبن ئەوا ناتوانین بڵێین هەڵەیە یان دروستە. بۆ نمونە كەسانێك پلەبەندی بەها ڕاكێشەرەكانیان بەم شێوەیەی خوارەوەیە

پەیوەندی لە بەڕێوەبردندا COMMUNICATION IN MANAGEMENT

كەسێتی یەكەم :

ئەم كەسێتیە لە پلەبەندی بەهاكانیدا دژبەیەك هەیە هەربۆیە بڕیاردان بۆی دژوارەو و هەركارێك بكات دواتر هەست بە ئاسوودەیی ناكات چونكە دەیەوێت بخوێنێت تا پیشەیەكی باشتری هەبێت خوازیاری ئازادی زیاترە تاوەكو سەركێشی بكات بەڵام لێرەدا توشی كێشە دەبێت چونكە لە سەركێشی گرنگتر ئاسایش و تەندروستی بۆ ئەم كەسە لێرەدا كەسەكە دەكەوێتە دوڕیانێكەوە هەركات بیەوێت زیاتر چێژ لە ئازادی ببینێت و سەركێشی بكات توشی ڕاڕایی دەبێت بۆ نمونە گەر هاوڕێكانی گەشتێك رێكبخەن یان چالاكیەك ئەوا بە سەختی دەتوانێت بڕیار بدات ئەگەر بچێت لەوێش هیندە ترسی لە دەستدانی تەندروستی و ئاسایشی هەیە كە زۆر چێژبەخش نابێت بۆی ئەگەریش نەچێت هەر دڵی لای هاوڕێكانی دەبێت. لە گرنگترین پلەی بەهاكانیدا توشی كێشە دەبێت چونكە زۆر جار بۆ سەركەوتن پێویستە خێزانیش قوربانی بدات هەر بۆیە ئەم كەسە زۆر جار لە بەرئەوەی نەوەك ڕوبەڕووی دژایەتی خێزانەكەی بێتەوە هەنگاوی گەورە نانێت یان هەندێ جار ناتوانێت بەرگەی دووریان بگرێت هەربۆیە ئەگەر هەلی گەشت و خوێندن و پیشەی باشتری هەبێت ئەگەر بڕوات زۆر بۆی چێژبەخش نابێت چونكە ئازاری دووری خێزانەكەی كێشمەكێشێكی گەورەیە و ئەگەر نەشتوانێت بچێت هەر خێزانەكەی بێزار دەكات كە بەهۆی ئەوانەوە نەیتوانیوە بچێت یان نائاسودەیە كە ئەو هەلانەی لەدەست دەرچووە. باشترین چارەسەر ئەوەیە ئەم كەسە بزانێت كە لە ناخیدا بەهاكانی بەو شێوەیە پلەبەندی كراون. هەركات زانی دەستكاری كردن و گۆڕینی پلە بەندیەكەی ئاسان دەبێت، چونكە ئەم جارە پلە بەندیەكە لە دنیای نائاگاوە هێنراوەتە دونیای ئاگایی و كەسەكە دەتوانێت بە ژیری و بیركردنەوەی خۆی بیانگۆرێت و قبولی ئەو گۆڕانەكاریانەش بكات. گریمان پاش راوێژ كەسەكە بڕیاری سەركەوتن دەدات و بە دوا ئامانجی دادەنێت، ئەوكات بەم شێوازەی خوارەوە پلەبەندیەكە دەگۆڕێت بەو مانایەی ئەگەر خێزانەكەی هاوكاری بكەن دەتوانێت ئازادی زیاتر وەرگرێت و قوربانی بدات بۆ سەركەوتن واتە تەندروستی و ئاسایش زۆر گرنگی پێ نەدات. بە تایبەت ئەمە بۆ گەنجێك گونجاوترە بەڵام ئەگەر كەسەكە بەرپرسیاریەتی خێزانی زیاتر بوو تەمەنی زۆرتر بوو بواری مەترسی (Risk) كەمتر بوو دەتوانێت بە پێچەوانەوە دەستبەرداری هەندێك لە خەونەكانی ببێت و سەركەوتن بهێنێتە خوارەوە و گرنگی بدات بە ژیانێكی خێزانیی ئاسوودە

كەسێتی دووەم :

ئامانجی گەورەی ژیانی بكاتە سەركەوتن لە رێگای خوێندنەوە و ژیانی ئەكادیمیەوە زیاتر هەست بە ئاسوودەیی دەكات و دیارە بۆ ئەو مەبەستە خۆی و خێزان ی دەبێت قوربانی گەورە بدەن و نابێت زۆر نیگەرانی ئاسایش و تەندروستی خۆی ببێت لەم قۆناغەدا

كەسێتی سێهەم :

دەبێ دەستبەرداری كۆمەڵێك لە خەونەكانی ببێت و هەوڵبدات زیاتر چێژ لە تەندروستی و ئاسایش وژیانی پیشەیی و خێزانیی وەرگرێت و هەوڵ بدات زۆر دوور نەكەوێتەوە و ژیانێكی ئاسایی و سادە و هێمنانە بەرێوە ببات وەك دەبینین كەسێتیەكان جۆراو جۆرن و كەسی واهەیە ئەگەر هەلی گەورەی بازرگانی و خوێندنی باشیی لەوڵاتێكی زۆر پێشكەوتووش بۆ هەڵبكەوێت، ناچێت، كەسانێك سەریان سوڕدەمێنێ بۆچی؟ ئەو كە لەسەر بنەمای بەهاكانی بڕیار دەدات هەمیشە ئاسوودەیە لە چاو ئەو كەسەی بە پێچەوانەی بەهاكانیەوە بڕیار دەدات. كەسانێك هەن بەها فەلسەفیەكانی وەك راستگۆیی و چاكەخوازی دەخەنە نێو پلەبەندیەكەوە و لەگەل بەها كۆمەلایەتیەكان تێكەڵیان دەكەن، ئەمە كێشەیە، مرۆڤی خاوەن ئاكاری بەرز و پەسەند هییچكات رێگای بەختەوەری خۆی لە لەدەستدانی شوناسی خۆیدا نادۆزێتەوە . بۆ نمونە ناكرێت سەركەوتن لەسەروو راستگۆییەوە بێت چونكە ئەو كەسە رۆژێك لە پێناو سەركەوتنی دا رێگای درۆ دەگرێتە بەر ئەو كات دونیا بەدەست دەهێنێت بەڵام خۆی دەدۆڕێنێت. پێویستە بەها باڵاكانی وەك چاكەخوازی و راستگۆیی و دادگەری لە بەرزاییەكدا دابنێین كە بەهیچ شێوەیەك خواستی ئاسوودەیی و سەركەوتن و بە دەستهێنانەكانمان ناچارمان نەكەن لە و گەورەیی و رێزەی كە شایستەی مرۆڤ بوونمانە بمانهێنێتە خوارەوە

سەرەتای خۆناسی لێرەوە دەست پێدەكات كە پلەبەندی بەهاكانمان بزانین تاوەكو لەوڕێیەوە خواستی راستەقینەی ناخمان بدۆزینەوە. هەركەس بیەوێت ئەم بەهایانە بدۆزێتەوە پێویستە بۆ ماوەی چەند رۆژێك بیربكاتەوەو پرسیاری زۆر لە خۆی بكات بۆ نمونە:من بۆ دەچم بۆ سەر كار؟ بۆ ئەوەی پارەیەكم دەست بكەوێت. پاش مەسروف ئەگەر لێی مایەوە چی لێدەكەم؟ كۆیدەكەمەوە و هاوسەرەكەم دەبەم بۆ گەشتێك.لێرەدا دەردەكەوێت كە خێزان لە سەروو پیشەوەیە و گەشتیش ئاماژەیە بۆ حەوانەوە و چێژ وەرگرتن و سەركێشی وئازادی كەواتە هێندە لەسەر ئەو پرسیارانە بەردەوام دەبیت تا كەم كەم ریزبەندیەك دێتە پێشچاوت . پاشان بەلێوردبوونەوە و پرسیاری زیاتر و پشكنینی خەون و شیكاری ئەزمونەكانی رابردووت كەم بدۆزیتەوە كەم دەتوانیت ئەم پلەبەندیە

ئەم بابەتە و کۆمەڵێک بابەتی دیکە لە پرۆگرامی NLP یدا وتراوەتەوە بۆ شارەزایی زیاترلە ئێستەدا دەتوانی بەژداربی لە کۆرسی NLP

بۆ زانیاری سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکە

ئەم کۆرسە بۆ کێیە؟