Categories
general

تێڕامانێك لە پرۆسەی خوێندنەوەی مۆدێرن

تێڕامانێك لە پرۆسەی خوێندنەوەی مۆدێرن

ئاوات نەسروڵا

خوێندنەوە تەنها چالاكیەكی سادە نیە، بەڵكو پرۆسەیەكە و هەموو پرۆسەیەكیش لە سێبەشی سەرەكی هەیە كە بریتین لە: تێكردە ، پرۆسێس و دەرهاوێشتە. خوێندنەوەی سەردەمیانە بە دووی چارەسەری  زۆری زانیاری و كەمی كاتەوەیە، هەوڵەكان بەوئاقارەدا دەڕۆن كە چۆن بتوانین لە كەمترین كاتدا زۆرترین نوسراو بخوێنینەوە. بۆ نمونە فێربوونی تەكنیكەكانی خێراخوێندنەوە  (speed-reading) و خوێندنەوەی وێنەیی (Photo-reading) ، هەوڵێكی دیارنه بۆ ئەو مەبەستە. ئامانجی ئەم بابەتەم سەرەرای چارەسەری ئەم گرفتەی سەردەم،خستنەڕووی كۆمەڵێ رەهەندن لە پرۆسەی خوێندنەوەدا تاوەكو خوێنەر سەركەوتوو بێت لە خودی پرۆسەكەدا و  بە چۆنایەتیەكی بەرزەوە (High Quality)ئامانجی خوێندنەوەكەی بهێنێتەدی.

خوێندنەوەی ستراتیژی

ستراتیژی بوون لە هەرەباشترین خەسڵەتەكانی مرۆڤی ئامانجدارە، چونكە خاوەنی پلانە و پلانیش بە دیاری كردنی خەونێك دەست پێ دەكات لە ئایندەیەكی تاڕادەیەك دوور. جیاوازی ئەو خوێنەرانەی كە بەرهەمدارن بە تەنها بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە كە زیرەك و لێهاتوون و كاتی زۆریان بۆ خوێندنەوە تەرخان كردوە، بەڵكو لە سەروو هەموو فاكتەرەكانەوە،  ئەنجام خوازی  و چۆنیەتی خوێندنەوە وەهای لێ كردوون كە بە كۆمەڵێك دەرەنجامی گەورە بگەن.

ستراتیژی بوون ئەوەیە ئەنجامخواز بین و هەر لە سەرەتادا خوازیاری ئەنجامێك بین، كە بە كۆی پرۆسەی خوێندنەوە پێی دەگەین. نەك تەنها خوێندنەوەی نوسینێكی دیاری كراوی وەك پەرتوكێك.

خوێندنەوەی قووڵ 

زۆربەی خوێنەرانی كەم بەرهەم، هەڵمەتیان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین داتا و زانیاریە، لە ڕاستیدا وێڵبوون بە دوای داناییدا، هاندەری سەرەكی خوێنەرانی بەرهەمدارە. خوێنەری بەرهەمدار خوێنەرێكی ئامانج خوازە و  قووڵتر دەخوێنێتەوە، دەزانێت كە كەڵەكەكردنی زانیاری بە بێ قووڵبوونەوە، بەرهەمێكی بەرچاوی نابێت.

خوێنەر پێویستە هەر لە سەرەتاوە بۆ دەرەنجامێكی خوازراو و مەبەستێكی دیاری كراو بخوێنێتەوە. كۆمەڵێ نوسراو دیاری بكات، بۆ ئەوەی بیانخوێنێتەوە. هاوكات خوێنەر پێویستە بزانێت كە:  دیاری كردنی نوسین بە مەبەستی خوێندنەوە پرۆسەیەكی بەردەوامە. ناكرێت هەر لەسەرتاوە بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات. بەڵكو دەبێ وەك ماسیگرێك ڕوبارەكەی دیاری بكات و پاشان بشتوانێت  لە گەڵ هەڵسەنگانی ڕووبارەكەدا شوێنی جۆراو جۆر لەسەر هەمان ڕووبار تاقیبكاتەوە بە مەبەستی گرتنی ماسی باشتر و زۆرتر.

یادگەیەكی باشتر 

كێشەی چارەسەرنەكراوی خوێنەر بە درێژایی مێژووی نوسین وەسوەسەی یادهێنانەوەی زانیاریەكانە. زۆر جار دەبیستین كە دەوترێت: “لەبەرئەوە ناخوێنمەوە كە بیرم دەچێتەوە.” بەڵێ لە راستیدا ئەگەر هەر بخوێنینەوە و هیچمان لەبیر نەمێنێت ئەمە كارەساتە. بەڵام باش وایە وردتر بڕوانین، بزانین، ئایا خوێندنەوە تەنها بۆ مەبەستی ئەوەیە كە زانیاری وەرگرین بە مەبەستی بەیادسپاردن؟ یان خوێندنەوە مەبەست و دەرئەنجامێكی گەورەتری هەیە.

پرۆسەی خوێندنەوە چەند كاریگەریەكی گەورە لە خوێنەردا بە جێ دەهێڵێت. یەكێكیان ئەوەیە كە كۆمەڵێ زانیاری پێویست بەیاد بسپێررێت، بەڵام لە هەمووی گرنگتر خوێندنەوە ئاستی توانا زەینیەكان بەرزدەكاتەوە. واتە خوێندنەوەی ئامانجدار و بەردەوام ئاستی ژیری و تێگەیشتن و بیركردنەوە و تەركیز باشتر دەكات. خوێنەرێكی ئاستبەرز بین بە زانیاریەكی كەمەوە، زۆر باشترە لەوەی ئاستمان نزمتربێت و زانیاری زۆرتر بزانین.

ڕێگای سەرەكی بۆ بەیادسپاردنی زانیاریەكان ئەوەیە خوێنەر هەوڵبدات هەستەكانی بئالۆسكێنێت (نوساندنێك بە تێوەئاڵاندنێكی چڕ و پڕەوە) بە بابەتەكەوە، بۆنموونە: بابەتەكە باس لە فەلسەفەیە، خوێنەریش ئەگەر لە بابەتەكەش بگات ناچارە كە كۆمەڵێ زانیاری بەباشی لەبیر بمێنێت. ئەگەر بێت و خوێنەر بۆ هەرسێ فەیلەسوف سوكرات و ئەفلاتون و ئەرستۆتڵ هەستەكانی نەئالۆسكاندبێت پێیانەوە، ئەوا دواتر پێ دەچێت زانیاریەكانی لەبیرنەمێنێت یان تێكەڵیان بكات.

ڕێگاکانی بەرەو پێشبردنی یادگە و تەندروستی مێشك..

لەم نمونەیەی خوارەوەدا زیاتر ڕوونی دەكەینەوە، كە چۆن خوێنەر دەتوانێت یادگەی باش بكات و زانیاریەكان بە یاد بسپێرێت:

لەبەشە جیاوازەكانی خوێندنەوەكەدا هاتوە كە:

 “سوكرات مامۆستای ئەفلاتوون بوو” 

“ئەفلاتون مامۆستای ئەرەستۆ بوو” 

“ئەرەستۆ بە مامۆستای یەكەم ناسراوە” 

“ئەفلاتوون نازناوی ژیریی داوە بە ئەرەستۆ” 

“ئەرەستۆ مامۆستای ئەسكەندەری مەكدۆنی بوو”

ئەرەستۆ بە درێژایی مێژوو، كاریگەری لەسەر كۆمەڵێك فەیلەسووفی گەورە هەبووە لەوانەش ( سپینۆزا، ئیبن روشد، ئیبن سینا، ئیبن هەیسەم، دیكارت،  هیگڵ، سەهرەوەردی، برتراند راسل، كانت، ڤۆڵتێر، فارابی، كارل پۆپەر و …هتد)

چۆنیەتی بەیادسپاردنی زانیاریەكان بە تایبەت ناوەكان:

“سوكرات مامۆستای ئەفلاتوون بوو”  خوێنەر پێویستە كەسێك بهێنێتە پێشچاوی كە لەیۆنانی كۆندا ژیاوە و بەردەوام خەریكی وانەوتنەوە و گفتوگۆ و مشتومڕە “سوكە سوكە”  لەسەر فەلسەفە كاردەكات و ( سوك + رات ) زۆر گرنكە سەرەتای ناوێك خەیاڵێكی بۆ بكەیت و وشەیەكی تر لە رستەیەكی سادەدا بەكاربهێنیت تاوەكو دواتر بیرت بكەوێتەوە . یان دەتوانی “سوكر” بەمانای شەكر لە خەیاڵەكەتدا بەكار بهێنێت و بهێنیتە پێشچاوت كە سوكە سوكە فەلسەفە ڕاڤە دەكات و پێ بە شەكردا دەنێت لێرەدا هەستی بینین و بەركەوتنت بەكارهێناوە و دەتوانی بهێنیتە مێشكت كە دەنگی گفتوگۆ و دەنگی خرمەخرمی شەكرەكەی ژێر پێی دەبیستیت. هەستی تامكردن بەكاربهێنە و واهەست بكە هەركات فەلسەفە دەخوێنیتەوە ناو دەمت شیرین دەبێت بە هۆی شەكرەكەی سوكراتەوە. بهێنە پێشچاوت كە قوتابیەكەی واتە ئەفلاتوون  شیرین نەبوو بەڵكو توون بوو ( ئەفلا+ توون) دەتوانی بۆ سەرەتای ناوەكەی واتە (ئەفلا) وشەی ئەفلامی بۆ بەكاربهێنیت وەك (ئەفلام كارتۆن) ئەفلا…تون بهێنەپێشچاوت كارەكتەرێكی كارتۆنیە و لە بیبەر دروست كراوە و توونە.

“ئەفلاتون مامۆستای ئەرەستۆبوو”  لێرەدا تام و بۆن و هەست و وێنەی بیبەری توون، یارمەتی دەرن تاوەكو هەستەكانت بە تەواوەتی بئاڵۆسكێن بە ئەفلاتوونەوە. وێنای بكە قوتابیە لە بیبەر دروستكراوەكە، ئەمجارە بووەتە مامۆستا و وانە بە زیرەكترین قوتابی دەڵێتەوە بە ناوی ئاراس و هەموو جارێ ئەفلاتوون بە ئەرەستۆ تڵ دەڵێت : ئاراس تۆی دڵ. 

” بە مامۆستای یەكەم ناسراوە” بەڵێ ئەم ئاراسە دڵی فەلسەفەیە و دەبێتە ئەو كەسەی پێی بوترێت “مامۆستای یەكەم”. لە بەر ئەوەی زۆر “ژیر” بووە.

ئەسكەندەری مەكدۆنی، وێنای بكە پیاوێكی مەزن بە دەنگێكی بەرز قسە دەكات و شمشێرێكی زۆر گەورەی بە دەستەوەیە، بە دەنگێكی بەرز دەبیستی كە كە بەرامبەر هەر كەسێك كە دەڵێت كارێك دەكەم دەڵێت: ” مەكە ئەوە دۆنیە و هەموو كارێ بۆمن وەك ئاو و دۆیە.” مەكە ئەوە دۆ نیە “مەكدۆنی ” نیت بیردەخاتەوە.

خوێنەری بەڕێز، مەرج نیە، ئەوەی دێتە مێشكی من، بۆ مێشكی تۆش گونجاو بێت. پێویستە هەوڵ بدەیت، لە زۆرترین زانیاری ڕابردووت كەڵك وەربگریت و پەنا بەریتە بەر هەر زانیاریەك كە دەكرێ پەیوەستی بكەیت بە زانیاریە نوێكەوە و تا دەتوانی هەستەكانی بینین و بیستن و هەستی بەركەوتن و تام و بۆن بەكاربهێنیت. لەسەرەتاوە ئەم شێوازە وادەردەكەوێت كاتی زۆری دەوێت، بەڵام پاش ماوەیەك دەتوانی زۆر بە خێرایی فەنتازیایەك دروست بكەیت و بچیتە نێو زانیاریەكانەوە. ئەم رێگایە پێ دەچێت گەمژانە دەربكەوێت، بەڵام خەڵكانی زیرەك، بەردەوام لە مێشكیاندا، خەیاڵی جۆراوجۆر دەكەن.  بە دەوروبەرەكانیان ناڵێن، چونكە پێیان شەرمە. ئەو كەسانەش كە هەمیشە كێشەی لەبیرچوونەوەیان هەیە، دەیانەوێت بە شێوەیەكی لۆژیكیانە، لە هەر زانیاریەك بڕوانن بەڵام  دواتر بێ هیوا دەبن كاتێك  دەزانن زانیاریەكانیان لەبیچووەتەوە. بۆئەوەی زانیاریەكمان لەبیربمێنێت پێویستە خەیاڵ و فەنتازیا دروست بكەین و زۆرترین هەستەكانمانی پێوە بئاڵۆسكێنین.خوێنەری بەرێز هەوڵ بدە بەوشێوەی كە لە سەرەوە روونمان كردوەتەوە ناوی ئەو  فەیلەسووفانەی ئاماژەمان پێكردن كە كاریگەربوون بە ئەرەستۆ بەیادبسپێریت.

خوێندنەوەی خێرا (speed-reading) 

خوێندنەوەی خێرا بیرۆكەیەكە كە بە راهێنان دەتوانی بە ماوەیەكی كەمتر زۆرترین نوسراو بخوێنیتەوە و هاوكات دەبێت بە شێوەیەك بێت كە ئاستی تێگەیشتنت دانەبەزێت. دەتوانیت لەوبارەوە بخوێنیتەوە یان بەشداری خولی جۆراوجۆر بكەیت. لێرەدا بەكورتی ئاماژە بە گرنگترینی خاڵی خێراخوێندنەوە دەكەم.

“ببینەو تێبگە و دەنگەكەی لە مێشكدا مەڵێرەوە.” ئەمە ناوەڕۆكی بیرۆكەی خێراخوێندنەوەیە، چونكە هۆكاری سەرەكی خاوخوێندنەوە ئەوەیە: ئێمە نوسراوەكان ئەگەر بە دەنگی بەرزیش نەخوێنینەوە لە مێشكماندا دەنگەكەی دەڵێین، ئەمە هۆكاری سەرەكی خاوخوێندنەوەیە. هەوڵبدە بە خێرایی پەنجەبخشێنیت بە دێڕەكانی نوسراوێكدا و هێندە خێرا پەنجەت تێپەڕبكەیت بە ژێر دێڕەكاندا كە لە هەردێڕێكدا دوو وشە تێگەیشتبیت بەبێ ئەوەی ئەو دوو وشەت گۆ كردبێت ئەمە یەكێكە لە ڕاهێنانەكانی خێراخوێندنەوە. ئەگەر چەند سەد لاپەڕە وەها لێبكەیت مێشكت ڕادێت كە تێبگات بەبێ ئەوەی وشەكان گۆبكات.

” زۆرترین ڕووبەری نوسراو ببینە” ئەمەش لەسەرەتاوە زۆر كارێكی دژوارە، بەڵام ڕاهێنانی جۆراو جۆر هەیە بۆ ئەم مەبەستە، تاوەكو خوێنەر بتوانێت خێرا چاوبخشێنێت بەسەر نوسراوەكاندا و هاوكات تێبگات.

خوێندنەوەی وێنەیی (Photo-reading)

لای توێژەران خوێندنەوەی وێنەیی جێگای گومانە و رەخنەی زۆری لێگیراوە، بەڕای من كێشەی خوێندنەوەی وێنەیی  ئەوەیە بانگەشەكانی گەورەن، بەڵام بنەماكان و تێڕوانینەكانی بۆ خوێندنەوە زۆر قوڵ و كاریگەرن. خێراخوێندنەوە یەكێكە لە قۆناغەكانی خوێندنەوەی وێنەیی. بۆ ئەوەی كەسێك لە بنەما و قۆناغەكانی خوێندنەوەی وێنەیی تێبگات پێویستە شارەزایی هەبێت لە خێرا خوێندنەوە (speed-reading)، بەرنامەڕێژی زمانی دەماری  (Neuro Linguistic Programing) و هیپنۆتیزم (Hypnosis). بە كورتی خوێندنەوەی وێنەیی بە گوێرەی پۆڵ شیڵی دامەزرێنەری  پێنج قۆناغە:

پێنج ئامۆژگاری بۆ خوێندنەوەیەکی خێراتر بەبێ ئەوەی کار لە تێگەیشتنت بکات

قۆناغی یەكەم: ئامادەسازی (prepare)

لە سەرەتای هەر خوێندنەوەیەكەوە پێویستە مێشك ئامادەبكرێت و تەركیزی بخاتە سەر ئامانجی خوێندنەوەكە و پرسیارێك بوروژێنێت كە مەبەست لە خوێندنەوەكە بە دەستهێنانی وەڵامەكەیەتی. ئەمەش بەم شێوەیە كە هێوركردنەوەیەكی خێرا واتە ریلاكسەیشنێك (خاوكردنەوەی ماسولكەكانی لەش و هەناسەدانی قوڵ و تەركیزكردن و ئارامیدان بە مێشك ) بكرێت و پرسیارەكە بوروژێنرێت و مەبەستەكە دیاری بكرێت.

قۆناغی دووەم: بینینی پێشوەخت (Preview) 

لەم قۆناغەدا خوێنەر چاوێكی خێرا بە پەرتوكەكەدا دەخشێنێت (Survey)و سەرنج دەداتە پێڕست و سەردێڕ و وێنە و كڵێشەكانی ناو كتێبەكە و تەواوی ئەو دێڕانەی كە بە تۆخ نوسراون یان خەتیان بە ژێردا هاتوە. پاشان وشە كلیلیەكان دیاری دەكات (Trigger words) دواتر بە خێرایی پێداچوونەوەیەك دەكات (review).

لە ڕێگەی ئەم کۆرسەوە دەتوانی تەواوی کێشەکانت چارەسەر بکەیت کۆرسی خێراخوێندنەوە

قۆناغی سێهەم: خوێندنەوەی وێنەیی (Photoread)

زۆر بە سادەیی بریتیە لەوەی خوێنەر بە خێرایی لاپەڕەكان هەڵدەداتەوە و تەنها تەماشای سپیایی لاپەڕەكان دەكات بەبێ ئەوەی سەرنجی نوسینەكان بدات تاوەكو نائاگای خۆی (نەست)ی ئەو نوسینانە وەرگرێت. بەڵام دەبێت پێشوەخت حاڵەتێكی ئامادەیی بۆ فێربوونی خێرا بڕەخسێنرێت. لەلایەك ئەمە جێگای گاڵتەجاریە بۆ ئەوانەی نەشارەزان لە حاڵەتی هیپنۆتیزم و چاوەڕێی دەرەنجامی خێرا و بەرچاون لەم جۆرە خوێندنەوەیە.

پێویستە خوێنەر ئەگەر ئەمڕۆ بڕیاری خوێندنەوەی كتێبێكی دا بۆ سبەی، ئەوا هەر ئەمڕۆ و لە چەند خولەكێكیدا قۆناغەكانی یەكەم و دووەم و سێهەم جێبەجێبكات بۆ ئەوەی ئامانجی خوێندنەوەكە بێتە دی. ئامانجی خوێندنەوەش بەوە دێتە دی كە مێشكی كەسێك بە تەواوەتی ئامادەباشی هەبێت بۆ خوێندنەوەی بابەتێك. ئەمەش كاتێك دێتە دی كە نائاگای كەسەكە پێشتر ئەو زانیاریانەی هەرس كردبێت. 

قۆناغی چوارەم: چالاكسازی (Activate)

لەم قۆناغەدا چەند كارێك دەكرێت كە گرنگترینیان دروستكردنی نەخشەیەكی زەینیە (Mind map) بۆ ئەو نوسینە. تاوەكو بە دروستكردنی ئێسكەپەیكەرێك بۆ نوسینەكە ئاسانكاری بكەین بۆ مێشكمان. پێویست ناكات ئەم نەخشەیە ئێسكەپەیكەرێك بێت بۆ هەموو لەشی نوسراوەكە بەڵكو دەكرێت تەنها ئەو بەشانە یان ئەو زانیاریانە بگرێتەوە كە بۆ خوێنەر گرنگن.

قۆناغی پێنجەم و كۆتایی: خێرا خوێندنەوە (Rapidread)

لەپێش ئەم قۆناغەوە نوسەر شارەزایی تەواوی هەیە سەبارەت بە پەرتوكەكە بەلام هێشتا زۆرینەشی نەخوێندوەتەوە. لەم قۆناغەدا خوێنەر بە شارەزایەك لە بە ئاگابوونی لە كتێبەكەو بە هەستێكی تایبەت كەلە نائاگایەوە سەرچاوەی گرتوە بڕیار دەدات كە چ بەشێك لە كتێبەكە بە خێرایی بخوێنێتەوە. پێدەچێت خوێنەر گەیشتبێتە ئەو باوەڕەی كە هییچ پێویست ناكات ئەو پەرتوكە بخوێنێتەوە یان بە پێچەوانەوە پێ دەچێت بڕیار بدات بەشێكی دیاری كراو یان هەموو نوسراوەكە بخوێنێتەوە. گرنگ ئەوەیە ئێستا شارەزاییەكی وردی هەیە سەبارەت بە كتێبەكە و وەك خوێنەرێك نیە كەلەسەر بنەمای ناونیشان یان نوسەر بڕیاربدات بەڵكو لەسەر بنەمای ئەنجامخوازی و هێنانەدی مەبەستەكەی ئەو كارەدەكات.

تێڕوانینێك بۆ خوێندنەوەی وێنەیی: ئەو ئاستەفیكریەی لە پاش دەساڵ خوێندنەوە بەدەستمان هێناوە لە ئەنجامی  خوێندنەوەی 100 كتێبدا دەكرا بە سێ ساڵ پێی بگەین ئەگەر شێوازی خوێندنەوەی وێنەییمان بەكار بهێنایە!!  چۆن؟  چونكە پاش دەساڵ پێ دەچێت ناوی تەنانەت هەندێ لەو كتێبانەمان لەبیر نەمابێت كە لە چەند ساڵی رابردوودا خوێندوونمانەتەوە.  بەڵام ئەوەی گرنگە ئەو ڕۆڵە گەورەیە بوو كە ئەو 100 پەرتوكە لە بونیادی ژیری ئێمەدا گێڕایان. ئێستا كەسمان چاوەڕێی ئەوەناكەین وردەكاری زانیاریەكانی نێو ئەو پەرتووكانەمان بیرمابێت. بەڵێ دەكرا لە بری 100 كتێب كە لە بەرگ بۆ بەرگ خوێندوونمانەتەوە لە ماوەی دە ساڵدا، خوێندنەوەی وێنەییمان بۆ 400 كتێب بكردایە لە ماوەی 3 ساڵدا. بەڕای من توێژینەوەكان لەسەر خوێندنەوەی وێنەیی كەموكوڕیان زۆر تێدایە و گرفتیان ئەوەیە دەیانەوێت ئەنجامێكی بەرچاو لە ماوەی چەند خولەك و كاتژمێرێكدا بەدەست بهێنرێت. بەڵام بەو شێوەیەی كە باسم كرد لە پاش تێپەربوونی ساڵێك یان زیاتر پێدەچێت دەرەنجامەكان هەمان دەرەنجام بێت كە بە خوێندنەوەی بەرگ بۆ بەرگ لە ماوەیەكی زۆردا بە دەستهێنرابێت. لە كاتێكدا خوێندنەوەی وێنەی ڕێگر نیە لەوەی كتێبێك بەرگ بۆ بەرگ بخوێنرێتەوە. بەڵام ئەگەر زۆرە ئەگەر شارەزابین لە كتێبێكدا هەر خۆمان بڕیاری ئەوە بدەین كە هەندێكی نەخوێنینەوە. كەواتە لە بری ئەوەی هەندێكی ناخوێنینەوە دەتوانین خوێندنەوەی وێنەیی بۆ كتێبێكی تر بكەین.

ماوەی خوێندنەوە 

زۆركەس بیرلەوە دەكەنەوە كە بە كاتژمێرێك چەند لاپەڕە بخوێننەوە بەڵام لە كۆی پرۆسەكە بیرلەوە ناكەنەوە كە پاش خوێندنەوەكە مێشكیان چەندە ماوەی پێویستە تا بە شێوەی نائاگا زانیاریەكان بترشێنێت ( هەروەك چۆن بەرسیلە بۆ ماوەیەك دەبێ دابنرێت تاوەكو دەبێتە سركە یان چۆن ترێ ماوەی پێویستە تا دەبێتە شەراب).  بەڵێ، مێشكی ئێمە پێویستی بە ماوەیەكی دیاری كراو هەیە لە پێش خوێندنەوە و پاش خوێندنەوە، ئەو ماوەیە دابینكاریەكی زۆر باشە بۆ هەڵێنجانی بیرۆكە و زانیاریەكان لە لایەن خوێنەرەوە.

ماوەی پێش خوێندنەوە : واباشە ئەگەر بڕیاری خوێندنەوەی پەرتوكێكمان دا چ لەكاتی كڕین یان رۆژانە پێش كاتی دیاری كراو بۆ خوێندنەوەی جار جارە سەرنجی بەرگ  و پێڕست و سەربابەتەكان بدەین و جار جارە چاومان بە چەند دێڕێك دەكەوێت كە جێگای سەرنجن بۆ هەندێ دێڕی بخوێنینەوە ئەگەر بۆ ماوەی تەنها چوارخولەكیش بووە. ئەم كارە نائاگامان دەخاتە كار بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكات. ئەگەر نائاگا بەرامبەر بە بابەتێك هەستەوەرببێت تەنانەت لە كاتی خواردن و خەوتن و وەرزش و كاری رۆژانەشدا سەرقاڵی پرۆسێسی هەر زانیاری و تێگەیشتن و یادەوەریەكمان دەبێت، كە پەیوەندی پێوە هەیە. ئەمە ڕازێكە كە خوێنەرانی ئارەزوومەند سوودمەند دەبن لە خوێندنەوەكەیان و خوێندكاران بۆ پرۆگرامێكی ناچاری خوێندنەكەیان لێی بێبەشن و دواتریش بە دژواری و لە هەمان كاتدا بەكرچوكاڵی دەتوانن زانیارەكان پرۆسێس بكەن.

ماوەی پاش خوێندنەوە : ئەگەر كەسێك لە ماوەیەكی دیاری كراودا بڕێكی دیاری كراو لە پەرتووك لەسەر بابەتێك بخوێنێتەوە و دواتر راستەوخۆ لەوبارەوە قسەبكات و شارەزاییە نوێكەی بخاتە ڕوو، دەبینیت زانیاری و بیركردنەوەكانی ڕووكەش و سەرەتایی  و بێ ناوەڕۆكن لە چاو كەسی دووەم  كە پاش ئەو خوێندنەوەیە ماوەی چەند مانگێك تێپەڕیوە و بەڵام هەر بابەتەكە جێگای بایەخیەتی ئەگەر چی كەسی دووەم پێدەچێَت زۆرێك لە زانیاریەكانی لەبیرچووبێتەوە.

لێرەدا باش وایە تا پێمان دەكرێت زۆرترین بابەتی نوسراومان لە بوارێكی دیاریكراودا بینیبێت و كۆمەڵێكی زۆر پێویست لەو بابەتانەمان خوێندبێتەوە و دواتر بۆ ماوەیەك لێی داببڕێین و پاشان بە خوێندنەوەی سەرچاوەیەكی تر لەو بوارەدا پێداچوونەوەیەك ئەنجام بدەین. ئەوكات بۆ مان دەردەكەوێت كەمێشكمان باشتر زانیاریەكان وەردەگرێت و باشتر لێیان تێدەگات و بەیادیان دەسپێرێت. 

چۆنیەتی خوێندنەوە 

خوێندنەوە وەك لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێكرد پێویستە ستراتیژی و قووڵ و ئامانجدار بێت. پاشان زۆرترین جۆری نوسراومان لەوبارەوە بینیبێت و چاومان پێدا خشاندبن و گرنگترین و باشترینی ئەو نوسینانەمان خوێندبێتەوە. دواتر ماوەیەك پشوومان دابێت بە مێشكمان تاوەكوو زانیاریەكانی ترشاندبێت و ئامادەی كردبن بۆ هەڵێنجانێكی ورد و قووڵ.

تەكنیكێك لە چۆنایەتی خوێندنەوەدا كە زۆر لێی سوودمەند بووم ئەوەیە لە بوارێكی دیاری كرداودا لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیاری وەربگرە و بخوێنەرەوە ئەگەر ڕووبەڕووی بابەتێك بوویتەوە كە دژوار بوو پێویست ناكات كاتی خۆت بەزایەبدەیت و ڕووبەڕووی ببیتەوە و وازنەهێنیت تا تێدەگەیت بەڵكو بە خێرایی بەسەریدا بڕۆ و ئەگەر ئەو بابەتە لەو بوارەدا زۆر جێگای بایەخ بێت ئەوا لە نوسراوەكانی داهاتوودا دێتەوە بەردەستت. یەكەم خاڵی گرنگ ئەوەیە پێ دەچێت ئەو نوسەرە بەشێوەیەك لەبارەی ئەو بابەتەوە نوسیبێتی كە لەگەل جۆری كەسایەتی تۆ و ستایڵی فێربوون و كاركردنی مێشكت نەگونجێت یان ئەو بابەتە بۆ تۆ زۆر نوێیە و مێشكی تۆ لە یەكەم جاردا ناتوانێت بە باشی كاری لەسەر بكات هەروەها ئەوەشت لە بیر بێت تۆ هێشتا دڵنیانیت لە گرنگی ئەو بابەتە. كەواتە بە ئارامی و دوور لە بێزاری بەردەوام بە لە خوێندنەوە.

چەندایەتی خوێندنەوە 

بە دڵنیایی چەندایەتیش لە پاش چۆنایەتیەوە جێگای بایەخە. باشترین كارێك كە بە درێژایی خوێندنەوە بیكەیت ئەوەیە كە هەمیشە بیرت لای ئەوە هەبێت كات سنوردارە و هەرگیز كات بەشی پێویست نیە. هەربۆیە خوێندنەوەی پەرتوكێكی دیاریكراو وەك هەر كارێكی تر ئەگەر كاتێكی كەمی بۆ دیاری بكەین كەمتر تووشی بیربڵاوی دەبیت. كەسانێك هەن خاوەنی ئیرادەیەكی بەهێزن و لەسەر بوارێكی دیاریكراو بە دەیان پەرتووكی گەورە دیاری دەكەن بۆ خوێندنەوە. ئەمە خوویەكی زۆر باشە بەتایبەت بۆ ئەوانەی كەلە بوارێكدا پسپۆڕن یان دەیانەوێت لەو بارەوە بنوسن، كۆرسێ پێشكەش بكەن یان سیمینارێك.

بە چ زمانێك بخوێنینەوە 

لە هەر بوارێكدا زمان رۆڵی سەرەكی دەبینێت. خوێنەر پێویستە بەردەوام هەوڵبدات شارەزایی لە زماندا پەیدا بكات. ئامرازی دەستی خوێنەر ئەو تێكستەیە كە هەر دەبێ بە زمانێك نوسرابێت. بە داخەوە كەسانێك هەن لە زمانی دایكیاندا باش شارەزانین  ئەمە جۆرێكە لە كەموكوڕی كە دواتر لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە ئەگەر چی دواتر سەرچاوەی خوێندنەوەیان بە زمانێكی بیانی بێت كە دەیزانن. بۆ ئەم مەبەستە خوێنەر هەمیشە پێویستە شارەزایی لە زمانی دایكیدا باشتر بكات چونكە بەڵگە نەویستە هەرگیز زمانی بیانی نابێتە زمانی دایك. 

فێربوونی زمانی بیانی گرنگییەكی زۆر گەورەی هەیە تاوەكو خوێنەر باشتر تێبگات بۆ نمونە خوێنەرێكی كورد كە زمانەكانی فارسی و توركی و عەرەبی دەزانێت لە زۆرێك لە نوسینە كوردیەكانی  كۆن و نوێ دەتوانێ باشتر سەری لێدەربكات.هەروەها هەندی بوار بە زمانێكی دیاری كراو نوسینی باشترمان وەچنگ دەكەوێت وەك لە بواری زانستە جۆربەجۆرەكاندا بە زمانی ئینگلیزی نوسراوی باشترمان دەست دەكەوێت تاوەكو بە زمانی فارسی یان لە بارەی ئاین  بە تایبەت ئاینی ئیسلام  یان یاسا بە زمانی عەرەبی دەتوانین باشتر سەرچاوەمان بەدەستبخەین و بخوێنینەوە.

خاڵێكی تر هەروەك چۆن لە خوێندنەوەی بابەتێكی دیاری كراو دا ئەگەر نوسراوی جیاوازی چەند نوسەرێك بخوێنینەوە رێمان دەكەوێت رێگای ئاسان بۆ بابەتە دژوارەكانی هەر بەو شێوەیەش ئەگەر بە چەند زمانێك بابەتێكی دیاریكراو بخوێنینەوە قوڵتر و باشتر تێدەگەین.