Categories
Uncategorized

پەیوەندی چیە؟

پەیوەندی چیە؟


پەیوەندی پرۆسەیەكە بۆ گەیاندنی واتایەك كە هاوبەشی پێبكرێت لە نێوان تاكەكاندا بە شێوەیەك كە بتوانن لە یەكتر بگەن. http://www.workplace-communication.com
بە گوێرەی فەرهەنگی مێریام وێبستەر پەیوەندی بریتیەلە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نیوان تاكەكاندا بە هۆی سیستمێكی باوی هێما، نیشانە یان رەفتار. واتە ئاڵوگۆر و گەیاندنی زانیاریە لە نێوان كەسەكاندا.


لە نێو تێكستە كارگێڕیەكاندا،پەیوەندی بەم شێوەیە پێناسە دەكرێت:
كینیكی و ویلەم (2018) : پێناسەی پەیوەندی دەكەن بەوەی كە ناردنی پەیام و تێگەیشتنیەتی لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر. ئەم پرۆسەیەش ئەمانە دەگرێتە خۆ : نێرەر، پەیام و وەرگر ، كۆدبەندی و كۆدشكاندن، نێوەند، فیدباك و ژاوەژاو یان هەڵقورتاندن. بەڕێوەبەران پێویستە لە كاتی پەیوەندیكردن دا، نێوەندی گونجاو هەڵبژێرن، بۆ هەر باروزروفێكی تایبەت. Kinicki,A.& Williams,B,K.(2018) (P.504)
پەیوەندی كێشمەكێشێكی (چاڵنجێكی) گەورەیە بۆ بەڕێوەبەر، بە تایبەت لە دونیای ئەمڕۆدا چونكە لێهاتوویەكانی پەیوەندی سازكردن، ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕن لە بەڕێوەبردندا و ئەمەش بە لێهاتوویە نەرمەكان (Soft Skill) دادەنرێت. بە گوێرەی ئۆ روركە O’Rourke, J. S.(2013). (p. 10) زۆر دژوارە بەرێوەبەر بتوانێت ئاگاداری توانا و بەجێگەیاندنەكانی خۆی بێت لەم بارەوە. هیچ بەڕێوەبەرێك ئامادە نیە دانبنێت بە كەمتوانایی خۆی لە بواری پەیوەندیدا ئەمەش كێشمەكێشێكی گەورەیە تا دانی پێدا بنێن و گەشەبە توانای پەیوەندی خۆیان بدەن.
پەیوەندی لە بەڕێوەبردندا


پەیوەندی لە بەڕێوەبردندا دابەش دەبێت بۆ :پەیوەندی نێوان كەسان و پەیوەندی ڕێكخراوەیی
لە هەردووكیاندا بەڕێوەبەر پێویستی بەوە هەیە كە هاوبەشی بە زانیاریەكانی بكات. ڕۆڵی سەرەكی پەیوەندی بریتیە لە هاوبەشی كردن بە زانیاری، هەر لەبەر ئەوەیە كە بەڕێوەبردن پێویستی بە جێبەجێكردنی پەیوەندی هەیە. هەموو بەڕێوەبەران پێویستیان بە دروستكردنی پەیوەندی هەیە لە گەڵ ئەوانی تر لە ڕێكخراوەكەدا، هەروەك بەڕێوەبەرەكانی تر و كارمەندەكان یان هەندێ جار لەگەل كەسانی تر لە دەرەوەی ڕێكخراو بە مەبەستی بە گەر خستنی سەرچاوەكان بۆ مەبەستی بەدیهێنانی ئامانجی ڕێكخراوەكە. https://www.managementstudyguide.com

ڕۆڵی گرنگی پەیوەندی لە بەڕێوەبردندا

ڕۆڵی گرنگی پەیوەندی لە بەڕێوەبردندا

THE CRUCIAL ROLE OF COMMUNICATION IN MANAGEMENT


پەیوەندی پرۆسەیەكی زۆر ئاڵۆزە، یەكێكە لە هەرە چالاكیە بەربڵاوەكانی بەڕێوەبەر. بە گوێرەی توێژینەوەكان هەر بەڕێوەبەرێك كاتێكی زۆری بە پەیوەندی كردن دەڕوات نەك بە ئەركەكانی وەك بەڕێوەبەرێك. لە ئێستادا پەیوەندی رۆڵی كاریگەری هەیە بۆ دەرخستنی سەركەوتنی بەڕێوەبەر لە كارەكەیدا لە چاو ڕابردوودا.
بە گوێرەی هیڵ و مەك شاین (2008) زۆر پێویستە بەڕێوەبەر هێزو دەسەڵات وەربگرێت بۆ بەكارهێنانی سەرچاوەكان، بە مەبەستی بە دیهێنانی ئامانجی رێكخراو، بەڵام هەموو هێز و دەسەڵاتێك لە لە دەسەڵاتی فەرمیەوە وەرناگیرێت. بۆ ئەوەی بتوانی وابكەیت هێزی كار ئەركەكانیان بە ئەنجام بگەیەنن لە سەروو ئەو دەسەڵاتەی پێت دراوە پێویستت بە هێز و دەسەڵاتێك هەیە كە سەرچاوەكەی خەسڵەتەكانی كەسایەتی خۆت بێت بۆ نمونە چۆن لە ڕێی پەیوەندیەكی كاریگەرەوە كاریگەری دەكەیتە سەر كەسانی تر. Hill, C. & McShane, S. (2008). (p.19) پەیوەندی ڕووبەڕوو بە یەكێك لە هەرەگرنگترین رێگاكانی پەیوەندی دادەنرێت بە تایبەت لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەكان و هەموو حاڵەتێكی سەركردایەتیكردی A Model of the Communication Process.

پرۆسەی پەیوەندی لەمانە پێكدێت:
نێرەر Sender: ئەو كەسەیە كە زانیاری دەنرێرێت.
كۆدبەندی Encoding گۆڕینی پەیامە بۆ هێماو سمبۆڵێك كە قابیلی تێگەیشتن بێت
پەیام Message : ئەو زانیاریەیە كە دەنێردرێت.
نێوەند Medium: ئەو كەناڵەیە كە پەیامی پێدا تێپەڕ دەبێت.
كۆدكردنەوە Decoding: وەرگێڕانی پەیامە بۆئەوەی قابیلی لێتێگەیشتن بێت
وەرگر Receiver: كەسێكە كە پەیامەكەی پێ دەگات.
ژاوەژاو The noise : هەرشتێكە كە كاربكاتە سەر گواستنەوەی پەیامەكە و خۆی تێهەڵقورتێنێت.
فیدباك Feedback: كاردانەوەی وەرگرە بەرامبەر بە پەیامەكە
پرۆسەی پەیوەندی بەم شێوەیەیە:
Sender [Encoding] → Message → [Decoding] Receiver.
نێرەر { كۆدبەندی} پەیام {كۆدكردنەوە} وەرگر
كەناڵەكانی پەیوەندی كارگێڕی
بە گوێرەی ئۆ روركە 2013 O’Rourke, J. S. (2013). سەرەكیترین كەناڵی پەیوەندی كارگێڕی بریتیە لە قسەكردن و گوێگرتن كە بە گوێرەی توێژینەوەیەكی زانكۆی مێریلاند لە سەدا 78ی كاتی پەیوەندی بە قسەكردن و گوێگرتن دەروات. O’Rourke,J.S.(2013). p. 8)
باشترین كەناڵی پەیوەندی THE BEST COMMUNICATION CHANNEL
دیاری كردنی باشترین كەناڵی پەیوەندی یەكێكە لە كێشمەكێشە زۆر گەورەكانی بەڕێوەبەر، چونكە پشت دەبەستێت بە بارودۆخەكەوە، لەبەرئەوە بەڕێوەبەر دەبێت شیكار بكات و بڕیار بدات، كە كام كەناڵ باشترینە بۆ ئەو حاڵەتە بە گوێرەی لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەر كەناڵێك.
بە گوێرەی هیڵ و مەكشاین Hill, C. & McShane, S. (2008). (p 432) پەیوەندی ڕووبەڕوو كاریگەرترینە و پەیوەندی نوسراویش كەمترین كاریگەری هەیە. لەم پەیوەندیەدا راستەوخۆ بەڕێوەبەر دەتوانێت فیدباك وەرگرێت.

جۆرەكانی پەیوەندی

جۆرەكانی پەیوەندی TYPES OF COMMUNICATION

بەرلەوەی باس لە جۆرەكانی پەیوەندی بكەم لە كارگێڕیدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین كە بە شێوەیەكی گشتی چوار جۆر پەیوەندی هەیە كە لە پێگەی ئینتەرنێتی www.workplace-communication.com ئاماژەیان پێكراوە كە بریتین لەمانەی خوارەوە:


یەكەم: پەیوەندی وێنەیی VISUAL COMMUNICATION


بریتین لەو پەیوەندیانەی كە هۆكارەكانی بینینیان تێدا بەكاردەهێنرێت بە مەبەستی گەیاندنی زانیاری لە شوێنی كاردا وەك هێما و دۆكیومێنت و پرێزنتەیشن.


دووەم: پەیوەندی نوسراو WRITTEN COMMUNICATION


هەموو ئەو پەیوەندیانە دەگرێتە خۆ كە دەق (تێكست) ڕیپۆرت و هەڵسەنگاندنەكان و هەموو جۆرە دۆكیومێنتێكی ئەلیكترۆنی یان نا ئەیلیكترۆنی دەگرێتەوە لە رێكرخراودا كە پەیوەندی هەیە بە كارەوە چ بە فەرمی بێت یان نافەرمی. هەموو پەیوەندیەكان دەگرێتەوە كە تێكستیان تێدایە وەك ناردنی تێبینی و مێسج و ئیمەیل.


سێهەم: پەیوەندی زارەكی VERBAL COMMUNICATION


هەموو ئەو پەیوەندیانە دەگرێتە خۆ كە بە شێوەی قسەكردن و گفتوگۆ ئەنجام دەدرێن.


چوارەم: پەیوەندی نازارەكی NON-VERBAL COMMUNICATION


بریتیە لە هەر پەیوەندیەك یان هاوبەشی پێكردنێك بە دەر لە گفتوگۆ و قسەكردن و هەر بابەتێكی نوسراو. وەك بەكارهێنانی زمانی جەستە و ئاوازی قسەكردن و رەفتار و هێماكردن و دەربڕین بە جەستە و ڕوخسار و دەستلێدان لەوانەش تەوقەكردن تەنانەت جۆری كەلو پەل و دیكۆر و دیزاینی جلوبەرگیش دەگرێتەوە

پۆلێنی جۆرەکانی پەیوەندی

پۆلێنی جۆرەکانی پەیوەندی

  1. پەیوەندی كارگێڕی

MANAGERIAL COMMUNICATION
پەیوەندی كارگێڕی كە دەبێتە پەیوەندی نێوان كەسەكان و پەیوەندی رێكخراوەیی هاوكات هەردووكیان دەبنە دوو بەشەوە كە بریتین لە پەیوەندی فەرمی و نافەرمی، هەروها پەیوەندی بەرەوسەر و بەرەو خوار و پەیوەندی ئاسۆیی.

  1. پەیوەندی نێوان كەسان

INTERPERSONAL COMMUNICATION
پەیوەندی نێوان كەسان بریتیە لە پەیوەندی نێوان دووكەس یان كۆمەڵەكەسێك لە كاردا. ئەم پەیوەندیە زۆر زۆر پێویستە بۆ هاندانی كارمەندان تاوەكو بە تامەزرۆییەوە كارەكانیان جێبەجێ بكەن بە هەستی بەرپرسیاریەتیەوە، هەروەها بەڕێوەبەران دەتوانن لە ڕێی ئەم جۆرە پەیوەندیەوە فییدباك وەرگرن لە كۆمێنت و پێشنیار و ئەوەی لای كارمەندان بەهای هەیە. Sun, H. Liu, J. Chen, H.(2018)(p.2 )

  1. پەیوەندی ڕێكخراوەیی

ORGANIZATIONAL COMMUNICATION
پەیوەندی رێكخراوەیی بریتیە لە هەر پەیوەندیەك كە لە هەر ئاستێكی رێكخراودا ئەنجام بدرێت، كە پەیوەست بێت بە ڕێكخراوەكەوە. پەیوەندی رێكخراوەییش دابەش دەبێت بۆ دوو جۆر:

  1. پەیوەندی فەرمی

FORMAL COMMUNICATION
بریتیەلە پەیوەندیەك كە كارمەندەكان زانیاری فەرمیان پێدەگات لە هەرپلەیەكەوە بێت. پەیوەندی فەرمیش دابەش دەبێت بۆ سێ جۆر كە بریتین لەمانەی خوارەوە:

  1. پەیوەندی بەرەوژوور

Upward Communication :
بریتیە لە پەیوەندیەك كە لە كارمەندێكەوە ئەنجام دەدرێت لەگەڵ بەرپرس یان بەڕێوەبەرەكەی وەك ریپۆرت و پێشنیار و ئاگارداكردنەوە و گەیاندنی كێشەو سكاڵا.

  1. پەیوەندی بەرەوخوار

Downward Communication
ناردنی زانیاریە لە بەرێوەبەرەكانەوە بۆ كارمەند كارپێسپێرراوان لە ژێر بڕیاری كارگێڕیدا وەك زانیار یو بیركردنەوەی ستراتییژی و پلانی رێكرخاو و بەها و ئۆپەراسیۆن و ..هتد

  1. پەیوەندی ئاسۆیی

Horizontal Communication
پەیوەندی ئاسۆیی بریتیەلە پەیوەندی كردن بە هەندێ زانیاریەوە لە نێوان كارمەنداندا لە ئاستێكی دیاریكراوی دەسەڵاتدا لە ڕێكخراودا بۆ چارەسەری گرفتی نێو رێكخراوەكە.

  1. پەیوەندی نافەرمی

INFORMAL COMMUNICATION
بریتیە لە هەر پەیوەندیەكی نافەرمی لە نێو كارمەندانی رێكخراودا كە گرنگی دەدات بەوەی كە چی ڕوودەدات لە دەوروبەریاندا لە ڕێكخراوەكەدا.ئەم پەیوەندیە لە رێی كەناڵە نافەرمیەكانەوە بە جێ دەگەیەنرێت لە پێكهاتەی (سترەكچەر) رێكخراودا. پەیوەندی نافەرمی هەموو پەیوەندیە كەسیەكانی نێو كارمەندەكان دەگرێتەوە وەك قسەهێنان و بردن لەنێوانیاندا.
بەڕێوەبەری زیرەك دەتوانێت سوود لەم پەیوەندیانە وەربگرێت بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی نێو ڕێكخراوەكە و ئاڵوگۆڕی بیرۆكە و وەرگرتنی زانیاری زۆر گرنگ.
لەم جۆرە پەیوەندیەدا هەندێ جار پەیوەندی گرەیپ ڤاین بەكاردێت كە مەبەست پێی پەیوەندی نێوان تاكەكانە كە زۆر جار لە شێوەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆ و غەیبەتكردن دا دەنوێنرێت بە گوێرەی دیپا و سێت (2016) لە سەدا 65 بۆ لە سەدا 70ی كاتی كارمەند بەم جۆرە پەیوەندیەیان دەچێتەسەر.

بەربەستەكانی بەردەم پەیوەندی

بەربەستەكانی بەردەم پەیوەندی

COMMUNICATION BARRIERS
هەمیشە لە پەیوەندیدا ژاوەژاو خۆی هەڵدەقورتێنێت و دەبێتەهۆی لێك نەگەیشتن. هەروەها ژاوەژاو كاریگەری لەسەر پەیامەكە دادەنێت و لەكاتی گواستنەوەی دا گۆڕانی بەسەردا دەهێنێت. چڕی ژاوەژاو لەسەر چۆنایەتی و چەندایەتی بەربەستەكان وەستاوە. تا بەربەست زیاتر بێت لێكتێنەگەیشتن زیاتر دەبێت.
بەگوێرەی سەن و لیو چێن Sun, H. Liu, J. Chen, H.(2018)(p. 3 ) جیاوازی كەسێتی زۆر گرنگە وەك ئەزمونی كەسی و جیاوازی پێكهاتەی مەعریفی.

كۆسپەكانی پەیوەندی ئەمانەن:

  • دەركپێكردن


توانای تێبینی، وەرگێڕان، رێكخستنی زانیاری و رێژەی پشتگوێخستنی زانیاری بە گوێرەی بەهاكانمان، باوەڕەكانمان و چاوەڕوانی كردنمان لە بەرامبەر كە بەمانەش دەوترێت دەركپێكردنی هەڵبژێرراو Selective Perception

  • فیلتەركردن

FILTERING
یەكێك لە جۆرەكانی كۆسپە كە رێگر دەبێت لە تێپەڕبوونی بەشێك لە زانیاریەكە، چ بە تایبەت بێت یان بە بێ ویست.
كۆمەڵێك هۆكار هەن كە وادەكات كارمەند یان بەڕێوەبەر فیلتەری زانیارییەك دەكەن لەوانەش بۆ دروستكردنی پەیوەندیەكی كاریگەر یان حەزو ڕق و دەربرینی شێوازی خۆیان.

  • بەربەستەكانی زمان

LANGUAGE BARRIERS
زمان بەربەستە چونكە نێرەر لە كۆدبەندی و وەرگر لە كۆدكردنەوەدا پێویستیان بە تێگەیشتنی هاوبەش هەیە. ئەوەش ڕوونە كە هەمیشە زمان ڕوون نیە و هەمان مانا و مەبەست ناگەیەنێت لای كەسە جیاوازەكان، هەروەها زمان خۆی ناڕوونی تێدایە و زۆر جار خوازە و شێوازەكانی تری ڕەوانبێژی ، ڕاڤە و روونكردنەوەكانیش دەكەنە بیرۆكەی ئاڵۆز.

  • بەربەستی كەڵەكەبوونی زانیاری

INFORMATION OVERLOAD
زۆری و كەڵەكەیی زانیاری ژاوەژاو زیاد دەكات و سەر لە كاری مێشك دەشێوێنێت.

  • بەربەستی جیاوازی ڕەگەزی

GENDER DIFFERENCES
سەرەڕای لێكچوونی زۆر بەڵام هەر جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان ڕەگەزی نێر و مێ دا. ئەو جیاوازیانە دەبنە هۆی بە هەڵە لەیەك گەیشتن بە تایبەت جیاوازی ڕەگەزی لە نێوان بەڕێوەبەر و بەردەستەكانیدا.

  • بەربەستی جیاوازی كلتوری

CULTURAL DIFFERENCES
بەهۆی جیهانگیریەوە ڕێژەی جیاوازی كلتوری لە نێو ڕێكخراوەكاندا بەردەوام لە هەڵكشاندایە، تەكنۆلۆژیای نوێش بەتەواوەتی كارئاسانی كردوە . ئەمەش وەهای كردوە خەڵكی بەتوانا و لێهاتوویی پێویستەوە لە هەموو جیهانەوە هەلی كاركردنیان بۆ دروست ببێت لە كۆمپانیای جۆراوجۆردا. جیاوازی كلتوری لەگەڵ ئەوەی هەلە هاوكات كێشمەكێشێكی گەورەیە لە بواری بەڕێوەبردندا، چونكە گرفتی پەیوەندی قوڵتر و ئاڵۆزتر دەكات.

  • باشكردن و پەرەپێدانی پەیوەندی

IMPROVING COMMUNICATION
باشكردن و پەرەپێدانی پەیوەندی لەسەر كەمكردنەوەی ژاوەژاو بەندە، بۆ ئەم مەبەستەش وەرگر دەبێت هەوڵی تەواو بدات بۆ كەمكردنەوەی فیلتەرەكان و كەڵەكەبوونی زانیاری، باشتركردنی توانا و لێهاتوویی گوێگرتن، پێدانی زانیاری و رونكردنەوە لە سەر بنەڕەتی زمان و كلتور لە لایەن نێرەرەوە بۆ وەرگر تاوەكو باشتر بتوانێت سەركەوتوو بێت لە كردنەوەی كۆدی پەیامەكە.

  • گوێگرتنی چالاك

ACTIVE LISTENING
پەیوەندی كاریگەر پشت دەبەستێت بە، گەیشتن و تێگەیشتنی پەیام، لە لایەن وەرگرەوە. هەر بۆیە نێرەر پێویستە، فێرببێت كە چۆن هاوسۆزبێت لەگەل وەرگردا بۆ نمونە هەوڵ بدات پەیامەكەی بە جۆری باشتر بنێرێتەوە و باشتر قسەی لەسەر بكات و زیاتر ڕوونی بكاتەوە ئینجا هەڵسەنگاندنیشی بۆ بكات.وەرگر پێویستە هەوڵبدات گوێگرێكی باش بێت كە بەداخەوە زۆر جار وانیە و ناتوانێت گوێگرێكی چالاك بێت كێشەی گەورە قسەپێبڕین و بیربڵاویە.
بە گوێرەی ستیڤن و كامپیۆن Stevens, M, J. & Campion, M, A. (1994).(p.513). گوێگرتن زۆر گرنگە بۆ كەمكردنەوەی بەربەستەكانی پەیوەندی وەك تێكچوونی تێگەیشتن لە پەیامەكە بە تایبەت لە كاری گروپ و تیمدا.

  • پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ كارمەندان

DIRECT COMMUNICATION WITH EMPLOYEES
پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەل كارمەندان كەناڵێكی نا تەقلیدیە، لەم رێگایەدا بەڕێوەبەر لە ئۆفیسەكەی دەچێتە دەرەوە تاوەكو لە نزیكەوە پەیوەندی ساز بكات لەگەل بەردەستەكانیدا. ستراتیژییەكی زۆر كاریگەر هەیە كە پێی دەوترێت بەڕێوەبردن گەڕۆك “management by walking around” لەم شێوازەدا بەرێوەبەر كۆمەڵێك زانیاری گرنگ بەدەست دەهێنێت سەرەڕای زانیاریە فەرمیەكان. Hill,C.,&McShane,S.(2008). (p 445)
بە داخەوە لە كۆمەڵگا تەقلیدیەكاندا بەڕێوەبەر خۆی زۆر بە شایەن دەزانێت كە لە سەر كورسیەكەی دابنیشێت لە بەردەم مێزێكی گەورەدا ئەمە نیشانەیەكی باش نیە بەڵكو بۆ كەسێكی چالاك نیشانەی تەممەڵی و لاوازی هەستی بەرپرسیاریەتیە لای ئەو بەڕێوەبەرە نەك گەورەیی و پێگەكەی.

  • دیزاینی شوێنی كار

WORKSPACE DESIGN
ژینگەی فیزیكی كار لە شوێنی كاردا زۆر كاریگەری هەیە بۆ سەر پەیوەندی. ڕێكخستنی شوێنی كاری كارمەندان دەشێت هاوكاربێت بۆ پەیوەندی و ئاگالێبوون یان هەندێجار ببێتە هۆی دابڕان و گرانكردنی پەیوەندی بە هەموو جۆرەكانیەوە.

  • كارزانی و لێهاتوویەكانی پەیوەندی

COMMUNICATION SKILLS
لێهاتوویی و توانای پەیوەندی لە ئاستی بەرزدا زۆر پێویستە بۆ بەڕێوەبەر، وادەكات كارمەند زیاتر هەست بە ڕەزامەندی بكات و كەمتر سكاڵا بكات. هەربۆیە زۆر زۆر پێویستە گرنگی بە تونایی و لێهاتوویەكانی پەیوەندی بدرێت
هەندێ لە كارزانی و لێهاتوویەكانی پەیوەندی زۆر بنچینەیین وەك لێهاتوویی كەسی و كۆمەڵایەتی، لێهاتووی گوێگرتن، لێهاتوویی شیكار و سەرنجی تواناكان، لێهاتوویی زمانی جەستە و پرسیاركردن و داواكردنی ڕوونكردنەوەی زیاتر.
بەڕێوەبەران پێویستە بزانن پەیوەندی توانایەك نیە بە ئاسانی لە خۆیانەوە وابزانن سەركەوتوون تیایدا و پێویستە بزانن كە بە گوێرەی توێژینەوەكان زۆرینەی بەڕێوەبەران نازانن كە لە پەیوەندیاندا خراپن و پێویستە پەرەبە توانای خۆیان بدەن. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە لە بارەی پەرەپێدانی تواناكانی پەیوەندی بخوێننەوە و بەشداری كۆرسی تایبەت بكەن. هەوڵبدن لەگەڵ هەر ڕووداوێكدا سەرنج بدەن لە پەیوەندی خۆیان. كەمتر خەتا بخەنە ملی كارمەند و بەردەستەكانیان و هەوڵ بدەن لە خۆیانەوەوە مانا و مەبەست بۆ قسە و رەفتاری كارمەندەكان لێك نەدەنەوە.هەوڵبدەن شارەزایی پەیدا بكەن لە بواری جۆرەكانی كەسێتی هەوڵبدەن خاڵی هێز و لاوازی خۆیان و كارمەندەكانیان بدۆزنەوە و سوودی لێوەربگرن بۆ ئەوەی ئەو دەزگایەی كاری تێدا دەكەن بگاتە ئامانجەكانی.
پێشنیارم ئەوەیە كە بەرێوەبەران هەوڵ بدەن لە بواری پرۆگرامی زمانی دەماری NLP خۆیان شارەزابكەن بۆ ئەوەی بتوانن سوود لە تەكنیكەكانی وەربگرن بۆ ئەوی لە پەیوەندیاندا كاریگەر و سەركەوتووبن. ببورن كە لەم كورتە بابەتەدا بوار نەبوو لەم بارەوە بنوسین