Categories
Uncategorized

Confirmation Bias-لایەنگیری پشتڕاستکردنەوە

Confirmation Bias-لایەنگیری پشتڕاستکردنەوە

———————————————————-

ئامادەکردن: یاد مەجید

لایەنگیری پشتڕاستکردنەوە مەیلی گەڕانمانە بەدوای ئەو زانیارییانەی کە پشتڕاستی بیروباوەڕ و تێگەیشتنە  بنچینەییەکانمان دەکەنەوە نەک ئەوانەی کە دژایەتی دەکەن. هەوڵی وەرگرتنی ئەو بەڵگانە دەکەین کە پشتڕاستی بیروباوەڕە بنچینەییەکانمان دەکەنەوە لە کاتێکدا زۆر بەڵگەی دیکەش لەوانەیە هەبن کە پێچەوانەی بیروباوەڕەکەی ئێمە بن و ڕاستتر بن بەڵام پشتگوێیان دەخەین.

یەکەمین کەسێک کە ئاماژەی بەم لایەنگیرییە کرد، پسپۆڕێک بوو بەناوی پیتەر واستن (Peter Watson) لە ساڵی (١٩٦٠).

لە ڕاستیدا لایەنگیری پشتڕاستکردنەوە کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە لەسەر چەندین بوار بەدرێژایی مرۆڤایەتی وەک نوسینی بابەتە ئەدەبی و مێژووییەکان، ئێستاش لە چەندین کایەی ژیانی ڕۆژانەماندا ڕەنگدانەوەی هەیە. بۆ یەکەمین جار دەستەواژەی (لایەنگیری پشتڕاستکردنەوە) لە ساڵی (١٩٧٧) بەکارهێنرا لە پەڕەیەکی ڕوونکردنەوەی وردی ئەزموونی لەسەر بابەتەکە.

جۆرەکانی

لە کاتی گەڕان بۆ زانیاری

زۆرکات خەڵکی دەگەڕێن بۆ زانیارییەک کە لەگەڵ گریمانە  و بیروباوەڕ و بەهاکانی ئەواندا هاوتایە. تاقیکردنەوە ئەزموونییەکان ئەوە نیشان دەدەدن کە خەڵکی (بەڵێ) دەکەن بۆ ئەو گریمانانەی کە بەلایانەوە پەسەندکراوە ئەگەریش هەڵە بێت سەرەڕای هەبوونی گریمانە و بەڵگەی بەهێزتر بۆ (نەخێر).

نمونەیەکی سادە:

ئەگەر لە گۆگڵدا بگەڕێیت بۆ ئەوەی ” ئایا پشیلە باشترە لە سەگ؟” لەوانەیە چەندین سەرچاوە و بەڵگەت دەستبکەوێت کە بۆچی پشیلە باشترە. لە هەمان کاتدا گەر بگەڕێیت بۆ ئەوەی” ئایا سەگ باشترە لە پشیلە؟” ئەو ماڵپەڕانەت دەستدەکەوێت کە باوەڕیان وایە سەگ باشترە لە پشیلە.

لێرەدا ئەمە ڕوون دەبێتەوە کە شێوازی داڕشتنی پرسیارەکان لە کاتی گەڕاندا دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی ئەم لایەنگیرییە، بەو واتایەی گەر بە یەک لەم دوو جۆرەی سەرەوە پرسیار بکەیت، تەنها لایەکی بابەتەکە دەبینیت و لایەکەی دیکە نابینیت.

ئەگەر لە بنەڕەتەوە باوەڕت وابێت “پشیلە باشترە لە سەگ”، دەکرێت لە کاتی گەڕاندا بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو بابەتە، پرسیارەکە بەم جۆرە بکەیت “ئایا پشیلە باشترە لە سەگ؟” نەک “ئایا سەگ باشترە لە پشیلە؟”.

لایەنگیری پشتڕاستکردنەوە  چۆنایەتی لێکدانەوەکان

لایەنگیری پشتڕاستکردنەوە، ئەوەشمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە دەکرێت خەڵکی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن بۆ بەڵگەکان بەو جۆرە بکەن کە لەگەڵ بیروباوەڕەکانی خۆیاندا گونجاو بێت.

چەندین ئەزموونی تاقیکاری ئەوە نیشان دەدەن کە مرۆڤەکان ئامادەی ئەوەیان نییە کە بیروباوەڕە بنچینەییەکانیان بگۆڕن سەرەڕای هەبوونی بەڵگەی دژ بە بیروباوەڕەکانیان ئەویش بەهۆی شێوازی لێکدانەوەیانە بۆ بەڵگە ناکۆکەکان.

مرۆڤەکان بە ئاسانی ئەو بەڵگانە قبوڵ دەکەن کە هاوتەریبە لەگەڵ بیروباوەڕەکانییان، هەروەها بە چاوێکی توند و ڕەخنەگرانەوە لەو بەڵگانە دەڕوانن کە هاوتەریب نییە.

بۆ وێنە:

لە یەکێک تاقیکردنەوەکان لەسەر هەندێک بەشداربوو ئەنجامدرا لە زانکۆی ستانفۆرد لەسەر بابەتی سزای لە سێدارەدان ، هەندێکییان بە ڕەوایان دەزانی و هەندێکی دیکە بە ناڕەوا. لەدوای توێژینەوە و وردگەری لەسەر گفتوگۆکان و ئەنجامەکان، لە کۆتاییدا، بەشێوەیەکی گشتی بەشداربووان هەر هەمان بیروباوەڕی سەرەتایان هەبوو، ئەویش بە پشگیریکردنی ئەو بەڵگانەی کە پشتڕاستی بیروباوەڕە بنچینەییەکانیان دەکرد و ڕەتکردنەوەی ئەو بەڵگانەی پشتڕاستی بیروباوەڕە بنچینەییەکانیان نەدەکرد.

لایەنگیری پشتڕاستکردنەوە و یادەوەری

 مرۆڤەکان بەگشتی بۆ پشتڕاستکردنەوەی بیروباوەڕەکانی ئێستایان، دەکرێت ئەو ڕووداو و زانیارییانە بەبیرخۆیان بهێننەوە کە پشتڕاستی بیروباوەڕەکانییان دەکات، واتە بە شێوەیەکی هەڵبژاردە ڕووداو و زانیارییەکان بەبیرخۆیان دەهێننەوە نەک وەک خۆیان. ئەمەش هەندێک جار لە تیۆریاکانی یادەوەری ناودەبرێت بە (لایەنگیری یادەوەری).

هەندێک لە تیۆریاکانی سەبارەت بە لایەنگیرییەکانی یادەوەری، ئاماژە بەوە دەکەن کە یادەوەری ئێمە ئەو زانیارییانە تۆمار دەکات کە پشتڕاستی بیروباوەڕە بنچینەییەکانمان دەکاتەوە، هەروەها ئەو زانیارییانە لەبیردەکات کە پشتڕاستی بیروباوەڕە بنچینەییەکانمان ناکاتەوە.

لایەنگری پشتڕاستکردنەوەی بیرەوەری، ڕۆڵی هەیە لە بەردەوامیدان بە بیروباوەڕە کۆنەپەرستییەکان. هەرچەندە مەرج نییە هەموو کات ئەم بیروباوەڕە کۆنەپەرستییانە لە ناو گروپ و خێڵەکییە جیاوازەکان خۆی دەربخات، بەڵام زۆرکات ئێمەی مرۆڤ دەبینە بەرهەمی کۆمەڵێک بیروباوەڕی کۆنەپەرستانەی سەر بە ئایدۆلۆژیایەک یان خێڵ و  گروپێک سەبارەت تێڕوانینمان بۆ زۆربەی شتەکان. ئەمەش بەو مانایەی کە ئەو بیروباوەڕانەی لەو سەرچاوانەوە وەرمان گرتوون، پێمان وایە ڕەسەنن و بیرە دروستەکانن، سەرەڕای هەبوونی بەڵگەی دژ بەو سەرچاوانە.

بۆ وێنە:

لە یەکێک لە توێژینەوە ئەزموونییەکاندا، داوا لە بەشداربوان کرا کە کورتە ژیاننامەی ئافرەتێک بخوێننەوە ( کە وردەکارییەکانی لایەنی کەسایەتی کراوە و داخراوی لەخۆگرتبوو) و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن بۆ ئەوەی ببێتە کارمەندی کتێبخانە  یان فرۆشیاری خانوبەرە.

ئەوانەی وەک فرۆشیار هەڵسەنگاندنییان بۆ کردبوو باشتر خاسیەتە ڕفتارییە کراوەکانی خانمەکەیان لەبیرمابوو، لە کاتێکدا ئەوانەی کاری کارمەندەکەیان بۆ هەڵبژاردبوو زیاتر خاسیەتە ڕفتارییە داخراوەکانی خانمەکەیان لەبیرمابوو.

ئەم تاقیکردنەوە و تاقیکردنەوەکانی دیکەش، ئاماژە بە خاڵێکی گرنگی یادەوەری مرۆڤ دەکەن ئەویش بە تایبەت هەڵبژاردنی و یادهێنانەوەی ئەو یادەوەرییانەیە کە پشتڕاستی بیروباوەڕ و بەها و مەبەستە لە پێشینەکانمان دەکەن.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

ئەو زانیارییانەی ئێمە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی دەکەینەوە، تەنها ڕەنگدانەوەی لەوەدا نییە کە بینەرەکان دەیانەوێت چی ببینن، بەڵکو کاریگەری لەسەر بیروباوەڕ و بەهاکانیشییان هەیە. لە ئەمڕۆدا، خەڵک توشی سەرلێشێواوی بوون بەهۆی بوونی فرە سەرچاوەی زانیارییەوە.

بەکورتی، خەڵکی زیاتر ئەو هەواڵانە دەخوێننەوە یان سەیری ئەو جۆرە ڤیدیۆیانە دەکەن کە لەگەڵ تێروانینی ئەواندا گونجاوە. بۆ وێنە، هەندێک کەناڵ زانیارییەکان بەشێوەکی زۆر سەرنجڕاکێش پیشان دەەدن بە بەکارهێنانی ناونیشانی سەرنجڕاکێش، میوزیک و مۆنتاژی وروژێنەر بۆ  ڕاکێشانی لایەنێک لە خەڵکی سەبارەت بەو بابەتە بۆ کۆکردنەوەی بینەر بۆخۆیان. بەهۆی ئەمەوە، خەڵکی ئەو سەرچاوانە هەڵدەبژێرن  کە پشتڕاستی بیروباوەڕەکانییان دەکەنەوە.

باوەڕی ئاینی

خەڵکی مەیلی ئەوەیان هەیە کە گەڕان بۆ ئەو بەڵگانە بکەن کە لەگەڵ بیروباوەڕە ئاینییەکانیان ناکۆک نییە. بۆ وێنە، زۆرێک لەو کەسانەی بیردۆزی پەرەسەندن ڕەت دەکەنەوە، هەمیشە بەدوای ئەو سەرچاوانە دەگەڕێن کە پشتڕاستی ئەو بیروباوەڕەیان دەکاتەوە  نەک بە شێوەیەکی بێ لایەن سەیری بابەتەکە بکەن و هەموو بیروباوەڕەکان سەبارەت بەو بابەتە بهێننە مەیدانەوە، هەروەها بە شێوەیەکی زانستی لە بابەتەکە بکۆڵنەوە.

لە هەمان کاتیشدا، ئەو کەسانەی کە بێ ئاینن دەکرێت هەست بەو ڕووداوانە بکەن کە لە ئاینەکاندا بە  “موعجیزە” یان ” نادیار – غەیب” دادەنرێت، بەڵام نکۆڵی لێدەکەن لەبەر ئەوەی لەگەڵ بیروباوەڕە دژە ئاینییەکەیاندا ناکۆکە یاخود پشتڕاستی ناکاتەوە.

لە کوێدا لایەنگیری پشتڕاستکەرەوە ڕوودەدات؟

چەندین جۆری ڕوونکردنەوە هەیە سەبارەت بەوەی کە بۆچی مرۆڤەکان لایەنگیری پشتڕاستکەرەوەیان هەیە.

  • دەکرێت مەیلی ئێمە بێت بۆ زیادکردنی مەعریفە و خێرایی پڕۆسێسکردنی ئەو زانیارییانەی کە پشتڕاستی باوەڕە بنچینەییەکانیان دەکەنەوە، بە زمانی ڕوونتر دەتوانین بڵێین، دەکرێت لەبەر ئەوە بێت کە پڕۆسەی مامەڵەکردن لەگەڵ بەڵگەیەک و زانیارییەک کە پێچەوانەی بیروباوەڕە بنچینەییەکانە، پیویستی بە لێکدانەوە  و بیرکردنەوەیەکی زۆرترە هەروەها درەنگتر لەگەڵیان دەگەینە ئەنجام بەبەراورد بەو زانیاری و بەڵگانەی کە پشتڕاستی بیروباوەڕەکانمان دەکەنەوە و مێشکمان بە ئاسانی قبوڵی دەکەن.
  • یەکێک لە ڕوونکردنەوەکانی دیکە، پێی وایە کە  دەکرێت بەهۆی ئەوە بێت کە زانیاری و بەڵگە ناکۆکەکان لەگەڵ بیروباوەرە بنچینەییەکانمان، هەستی خۆ بەکەمزانی و نەزانیمان تێدا دروست دەکەن، یاخود ترسمان بۆ دروست بکەن بۆ دەستبەرداربوون لە بیروباوەڕە بنچینەییەکان.
  • یەکێکی دیکە لە ڕوونکردنەوەکان، دەکرێت هەوڵی ئەوپەڕی کەمکردنەوەی بیروڕا ناکۆکەکان بێت. (بیروڕا ناکۆکەکان) ئەو بیروڕایانەن کە سەبارەت بە بابەتێک هەمانە بەشێوەیەکی دژبەیەک ( هەندێك کات پێت وایە، وایە. هەندێک کاتیش پێت وایە وانییە – هێشتا دڵنیا نیت). بیرکردنەوە ناکۆکەکان فشارهێنەرن و هەستێکی ناخۆشمان بۆ دروست دەکەن، هەربۆیە بۆ خۆپاراستن لەوەی کە بیروڕایەک بێتە زەینمانەوە کە پێچەوانەی بیروباوەڕە بنچیینەییەکان بێت، بەردەوام هەوڵ دەدەین بۆ گەڕان بەدوای ئەو بیروڕایانەی کە پشتڕاستی بیروڕا بنچینەییەکانمان دەکەنەوە، خۆشمان دەپارێزین لەو بیروڕایانەی کە ناکۆکیمان بۆ دروست دەکەن.

کەمکردنەوەی لایەنگیری پشتڕاستکردنەوە

گۆڕینی ڕێڕەوی بیرکردنەوەکان

بۆ خۆپاراستن لە کاریگەری لایەنگیری پشتڕاستکردنەوە، شێوازەکانی گەڕانت بەدوای زانیاری، بەڵگە و هەواڵەکانت بخەرە ژێر پرسیارەوە. فراوانکردنی سەرچاوەکان، دەکرێت تێڕوانینی هەمەلایەنەت بۆ بابەتەکان زیاتر بکات.

  •  باشتر وایە هەموو هەواڵەکە یان بڵاوکراوەکە گوێ لێبگرییت نەک ڕاستەوخۆ باز بدەیت بۆ دەرەئەنجام لەسەر بنەمای ناونیشانەکان و وێنەکانی ناو بابەتەکە – بەدوای بەڵگەکاندا بگەڕێ.
  • ئاستی وردگەرییت زیاتر بکە لەکاتی گەڕان و خوێندنەوەی بابەتە بەڵگەدارەکان بەوەی کە ئایا تاچەند بەڵگەکان دروستن و پشتڕاست کراونەتەوە نەک ئەوە بێت کە لەگەڵ مەیلی تۆدایە.
  • لە کاتی گەڕان بۆ بابەتێک، بژاردە گریمانەکان زیاتر بکە. بۆ وێنە، لەسەر بابەتێکی دیاریکراو کە سێ بیروبۆچوون دەربارەی هەیە، هەوڵبدە هەرسێکییان بخوێنیتەوە و هەڵسەنگاندنێکی بێ لایەنانەیان بۆ بکەیت نەک ڕاستەوخۆ ئەو گریمانەیە وەربگریت کە پشتڕاستی بیروباوەڕە بنچینەییەکەت دەکاتەوە.

کاریگەرییە پەیوەندیدارەکانی (لایەنگیری پشتڕاستکردنەوە)

لایەنگیری پشتڕاستکردنەوە چەندین کاریگەری دیکەی لێدەبێتەوە. هەندێک لەوانە:

کاریگەری بەهێزکردن (Strength Effect)  

کاریگەری بەهێزکردن کاتێک ڕوودەدات کە خەڵکی باوەڕە بنچینەییەکانیان بەهێز دەکەن کاتێک ڕووبەڕووی ئەو بیروباوەرانە دەبنەوە کە دژە بە بیروباوەڕە بنچینەییەکانیانە. بۆ وێنە، کەسێک بە دانپێدانەنانی هەڵە تێگەیشتنەکانی، دەکرێت ببێتە هۆی بەهێزکردنی ئەو هەڵە تێگەیشتنەکانی.

کاریگەری هالۆ (‌Halo Effect)

کاریگەری هالۆ کاتێک ڕوودەدات کە کەسێک یەکەم دیدەنی (first impression) بۆ خاسیەتی کەسی بەرامبەر دەکاتە  پێوەر بۆ تەواوی خاسیەتەکانی کەسی بەرامبەر لە ئێستا و داهاتوودا.

توێژەری ئەم کاریگەرییە بۆ یەکەمجار لەلایەن دەروونناسی ئەمریکی ئێدوارد تۆرندایک (Edward Thorndike) بوو لە  ساڵی (١٩٢٠).  باسی لەو ڕێگایانە دەکرد ئەفسەرەکان توانای سەربازەکان ڕاستەوخۆ هەڵدەسەنگێنن بە بنەمای یەکەم دیدەنی.

تاقیکردنەوەکان ئەوەمان نیشان دەدەن، کاتێک ڕفتارێكی ئەرێنی لە یەکەمین دیدەنیدا نیشان دەدەین، بەرامبەر بەشێوەیەکی گشتی بڕیاری کەسێکی باشمان لەسەر دەدات. ئەم کاریگەرییە پەیوەندیدارە بە لایەنگیری پشتڕاستکردنەوەوە، بەو مانایەی گەر بڕیارێکمان لەسەر کەسێک دابێت بەباش یان خراپ لەیەکەمین دیدەنیدا، دەکرێت دواتر ڕفتار و هەڵسوکەوتەکانی بەو جۆرە ببینین کە لە یەکەمین دیدەنیدا پشتڕاستمان کردوونەتەوە.

کورتە

  • لایەنگیری پشتڕاستکردنەوە مەیلی مرۆڤەکانە بۆ ئەو زانیاری و هەواڵ و بەڵگانەی کە پشتڕاستی بیروباوەڕە بنچینەییەکانیان دەکاتەوە.
  • لایەنگیری کاتێک ڕوودەدات کە مرۆڤێک بەڵگەیەک زیاتر بەبەها دەکات کە پشتڕاستی بیروباوەڕە بنچینەییەکانی دەکاتەوە و بیروباوەڕە ناکۆکی هێنەرەکانیش  بێ بەها دەکات .
  • مرۆڤەکان ئەم لایەنگیرییە نیشان دەدەن لە کاتی بەیادهێنانەوەی یادەوەرییەکان بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو بەو جۆرەی کە لەگەڵ مەیل و باوەڕەکانی خۆیاندا گونجاوە نەک وەک ئەوەی خۆیان چۆنن.
  • کاریگەری ئەو بیروباوەڕانەی کە ناکۆکیمان بە بیروباوەڕەکانی خۆمان بۆ دروست دەکەن فشارهێنەرن و بێزارکەرن، بۆیە زۆرجار خۆمانییان لێ دەپارێزیین.

سەرچاوەکان

  • Agarwal, P., Dr. (2018, October 19). Here Is How Bias Can Affect Recruitment In Your Organisation. https://www.forbes.com/sites/pragyaagarwaleurope/2018/10/19/how-can-bias-during-interviewsaffect-recruitment-in-your-organisation
  • American Psychological Association. (n.d.). APA Dictionary of Psychology. https://dictionary.apa.org/confirmation-bias
  • Baron, J. (2000). Thinking and Deciding (Third ed.). Cambridge University Press.
  • Casad, B. (2019, October 09). Confirmation bias. https://www.britannica.com/science/confirmation-bias
  • Cherry, K. (2020, February 19). Why Do We Favor Information That Confirms Our Existing Beliefs? https://www.verywellmind.com/what-is-a-confirmation-bias-2795024
  • Fyock, J., & Stangor, C. (1994). The role of memory biases in stereotype maintenance. The British journal of social psychology, 33 (3), 331–343.
  • Gray, P. O. (2010). Psychology . New York: Worth Publishers.
  • Lord, C. G., Ross, L., & Lepper, M. R. (1979). Biased assimilation and attitude polarization: The effects of prior theories on subsequently considered evidence. Journal of Personality and Social Psychology, 37 (11), 2098–2109.
  • Mynatt, C. R., Doherty, M. E., & Tweney, R. D. (1977). Confirmation bias in a simulated research environment: An experimental study of scientific inference. Quarterly Journal of Experimental Psychology, 29 (1), 85-95.
  • Neugaard, B. (2019, October 09). Halo effect. https://www.britannica.com/science/halo-effect
  • Silverman, C. (2011, June 17). The Backfire Effect . https://archives.cjr.org/behind_the_news/the_backfire_effect.php
  • Snyder, M., & Cantor, N. (1979). Testing hypotheses about other people: The use of historical knowledge. Journal of Experimental Social Psychology, 15 (4), 330–342.