Categories
phsychology

قۆناغەکانی گەشەکردنی دەروونی-کۆمەڵایەتی-Erik Erikson’s Stages of Psychosocial Development

قۆناغەکانی گەشەکردنی دەروونی-کۆمەڵایەتی-Erik Erikson’s Stages of Psychosocial Development

ئێریک ئێریکسۆن (Erik Erikson) ئاماژەی بەوە کرد کە کەسایەتی مرۆڤ بە ڕیزبەندییەکی دیاریکراو لە ڕێگەی هەشت قۆناغی گەشەکردنی دەروونی – کۆمەڵایەتییەوە (psychosocial) گەشە دەکات، لە تەمەنی کۆرپەلەییەوە تا تەمەنی گەورەیی. لە هەر قۆناغێکدا کەسەکە تووشی تەنگەژەی دەروونی کۆمەڵایەتی دەبێت کە دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی لەسەر گەشەکردنی کەسایەتی دروست بکات.ئێریکسۆن لە ساڵانی نێوان (1958 – 1963)، باسی لەم ئەم تەنگەژانە کرد کە تەنگەژەی دەروونی – کۆمەڵایەتیانین، چونکە پێداویستییە دەروونییەکانی تاک لەخۆدەگرن کە لەگەڵ پێداویستییەکانی کۆمەڵگا ناکۆکە.
بەپێی تیۆرییاکە، تەواوکردنی سەرکەوتووانەی هەر قۆناغێک دەبێتە هۆی کەسایەتییەکی تەندروست و بەدەستهێنانی فەزیلەتە (virtues) سەرەتاییەکان. فەزیلەتە بنەڕەتییەکان خاڵی بەهێزی کەسایەتیین کە ئیگۆ دەتوانێت بۆ چارەسەرکردنی تەنگەژەکانی دواتر بەکاری بهێنێت. تەواونەکردنی قۆناغێک دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای تەواوکردنی قۆناغەکانی دیکە بەشێوەیەکی تەندروست، ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە کەسایەتی و خودی ناتەندروست. بەڵام ئەم قۆناغانە دەتوانرێت لە کاتانێکی دواتردا بە سەرکەوتوویی چارەسەر بکرێن.


متمانە بەرامبەر بە بێمتمانەیی یەکەم قۆناغە لە تیۆری گەشەسەندنی دەروونی – کۆمەڵایەتی ئیریک ئێریکسۆن. ئەم قۆناغە لە کاتی لەدایکبوون دەست پێدەکات بەردەوام دەبێت تا تەمەنی نزیکەی ١٨ مانگی. لەم قۆناغەدا، کۆرپە نادڵنیایە لەو جیهانەی کە تێیدا دەژی، سەرنجی لەسەر بەخێوکارەکەی دەبێت (بەگشتی کە دایکە) بۆ سەقامگیری و بەردەوامیدان بەخۆی بە سەلامەتی.
لێرەدا ململانێیەک ڕوودەدات:


• متمانە: ئەگەر بەخێوکارەکەی متمانەپێکراو و بەردەوام لەگەڵیدا بێت و پەروەردەکارانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، ئەوا منداڵەکە هەستی متمانەکردن لەناو خۆیدا پەرەپێدەدات، پێی وایە جیهان سەلامەتە و مرۆڤەکان شایەنی ئەوەن پشتیان پێ ببەستیت. ئەم هەستی متمانەیە ڕێگە بە منداڵ دەدات هەست بە ئاسایش و سەلامەتی بکات تەنانەت کاتێک هەڕەشە و مەترسی لەسەر لە پەیوەندییەکی دیکەیدا، هەستی ئاسایشی خۆی لە نێوان هەڕەشە و مەترسییەکاندا دەپارێزێت.
• بێ متمانەیی: بە پێچەوانەوە، ئەگەر بەخێوکارەکە نەتوانێت چاودێری منداڵەکە بکات و سۆزێکی بەردەوام و گونجاوی پێشکەش بکات، لەوانەیە منداڵەکە هەستی بێ متمانەیی و نائەمنی (insecurity) دروست بکات.ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی باوەڕبوون بە جیهانێکی ناتەبا و پێشبینی نەکراو، کە هەستی بێ بێمتمانەیی و گومان و دڵەڕاوکێ پەرەپێبدات. لەم جۆرە بارودۆخانەدا، منداڵەکە ڕەنگە متمانەی بە توانای بەوە نەبێت کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕووداو و بارودۆخەکان هەبێت، ئەمەش وادەکات بەترسەوە سەیری جیهان بکات.
خۆراک پێدانی کۆرپەلە
خۆراکدان چالاکیەکی گرنگە لەم قۆناغەدا. یەکێکە لە یەکەم و بنەڕەتیترین ڕێگاکانی کۆرپە بۆ ئەوەی بزانن ئایا دەتوانن متمانە بە جیهانی دەوروبەریان بکەن یان نا. زەمینەیەک بۆ بۆ جیهانبینییان دادەنێت کە یان شوێنێکی سەلامەت و پشتبەستووە بێت یان شوێنێکە کە ڕەنگە پێداویستییەکانیان تێدا دابین نەکرێت.
• متمانە: کاتێک بەخێوکارەکە بە بەردەوامی و بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی ئاماژەکانی برسێتی منداڵەکە دەداتەوە، خۆراک بە شێوەیەکی هەستیار و متمانەپێکراو بۆی دابین دەکرێت ، منداڵەکە تێدەگات کە دەکرێت لێرە پێداویستییەکانی دابین بکرێت.ئەم بەخێوکارە بەردەوام و پشت بەستووانە یارمەتی منداڵ دەدات کە هەست بە ئاسایش و متمانە بە بەخێوکار و ژینگەکەی بکات. ئەوان لەوە تێدەگەن کە کاتێک پێویستییەکیان هەبوو، وەک برسێتی، کەسێک لەوێ دەبێت بۆ دابینکردنی ئەو پێویستییە.
• بێ متمانە: ئەگەر بەخێوکارەکە کەمتەرخەم، ناتەبا یان بێ هەست بێت لە خۆراک پێدانی، لەوانەیە منداڵەکە تووشی نائارامی و نیگەرانی برسێتی بێت.ئەم ئەزموونە نەرێنیانە دەتوانن ببنە هۆی هەست بکات بە بێ متمانەیی بە ژینگە و بەخێوکارەکەی. لەوانەیە ئەو باوەڕەیان بۆ دروست ببێت کە ڕەنگە پێداویستییەکانیان دابین نەکرێن، ئەمەش دڵەڕاوکێ و نائەمنی بۆ دروست بکات.


سەرکەوتن و شکست لە قۆناغی یەکەم


سەرکەوتن لەم قۆناغەدا دەبێتە هۆی فەزیلەتی هیوا. بە پەرەپێدانی هەستی متمانە، کۆرپەلە دەتوانێت هیوایەکی هەبێت کە لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیران و تەنگەژەی نوێ، پێی وایە کە کەسانی دیکە وەک سەرچاوەی پشتیوانی دەکرێت هاوکاری بکەن.
بەدەستنەهێنانی فەزیلەتی هیوا دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ترس. ئەم کۆرپەلەیە هەستی بنەڕەتی بێ متمانەیی لەگەڵ خۆیدا دەبات بۆ پەیوەندییەکانی دیکە. لەوانەیە ببێتە هۆی دڵەڕاوکێ و بەرزبوونەوەی هەستی نائەمنی و بێ متمانەیی زۆر بە جیهانی دەوروبەریان.
بەگوێرەی بۆچوونەکانی ئێریکسۆن سەبارەت بە گرنگی متمانە، لێکۆڵینەوەکانی بۆولبی و ئاینسۆرس (Bowlby and Ainsworth) پشتڕاستی ئەوەیان کردووە کە چۆن چۆنێتی (quality) ئەزموونی وابەستەیی سەرەتایی کۆرپەلەیی دەتوانێت کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەوانی دیکە لە قۆناغەکانی دیکەی ژیاندا هەبێت.
هاوسەنگی نێوان متمانە و بێ متمانەیی ڕێگە بە کۆرپە دەدات فێربێت کە لە کاتێکدا ڕەنگە ساتی ناڕەحەت یان تەنگەژە ئامێز هەبن، بەڵام دەتوانن پشت بە بەخێوکارەکەیان ببەستن بۆ پشتگیری، ئەمەش یارمەتی کۆرپەلە دەدات بۆ دروستکردنی خۆڕاگری و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی فشار و ناخۆشییەکان لە داهاتوودا


خۆ بەڕێوبەری – Autonomy (مەبەستمان لە خۆ بەڕێوبەری واتە هەستکردن بە ئازادی و هەبوونی توانای کۆنترۆڵکردنی ژیانت لەلایەن خۆتەوە و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆت: ئامادەکار) لە بەرامبەر شەرم و گومان قۆناغی دووەمی قۆناغەکانی گەشەسەندنی دەروونی کۆمەڵایەتی ئیریک ئێریکسۆنە. ئەم قۆناغە لە نێوان تەمەنی ١٨ مانگ تا نزیکەی تەمەنی ٣ ساڵ ڕوودەدات. بە گوتەی ئێریکسۆن، منداڵان لەم قۆناغەدا سەرنجیان لەسەر پەرەپێدانی هەستی کۆنترۆڵکردنی کەسی (خۆ بەڕێوبەری) بەسەر توانا جەستەییەکانیاندا، لەگەڵیدا لە هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی.
لێرەدا ململانێیەک ڕوودەدات:


• خۆ بەڕێوبەری: ئەگەر هان بدرێن و سەربەخۆ بکرێن، لەگەڵیدا پاڵپشتی و چاودێری بکرێن، ئەوا منداڵان زیاتر متمانەیان بەخۆیان دەبێت و دڵنیا دەبن لە توانای مانەوەیان.هەست بە ئاسوودەیی دەکەن لە بڕیاردان، باوەڕیان بە لێهاتووییەکانی خۆیان دەبێت، بە ئازادی ئەزموونی دەورووبەریان دەکەن و هەست بە کۆنتڕۆڵکردنی خۆیان دەکەن. گەیشتن بەم خۆ بەڕێوبەرییە، یارمەتیان دەدات هەست بە توانای بەڕێوەبردنی خۆیان بکەن.
• شەرم و گومان: ئەگەر منداڵەکان لە ڕادەبەدەر کۆنتڕۆڵ بکرێن یان ڕەخنەیان لێ بگیرێت، لەوانەیە دەست بکەن بە هەستی شەرم و گومان لەخۆیان، هەروەها گومان لە تواناکان و سەربەخۆ بوونیان بکەن.ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی کەمی متمانە و ترس لە تاقیکردنەوەی شتی نوێ و هەستکردن بە ناتەواوی سەبارەت بە تواناکانیان.
لەم قۆناغەدا چی ڕوودەدات؟
منداڵ خەریکە لە ڕووی جەستەییەوە گەشە دەکات و زیاتر جووڵاو دەبێت، بۆی دەردەکەوێت کە چەندین کارامەیی و توانای هەیە، وەک لەبەرکردنی جل و بەرگ و پێڵاو، یاریکردن بە بوکەڵەکان و هتد…. ئەم جۆرە لێهاتووییانە هەستی گەشەسەندنی منداڵ بە سەربەخۆیی و ئازادی نیشان دەدەن. بۆ نموونە، لەم قۆناغەدا منداڵان دەست دەکەن بە دووپاتکردنەوەی سەربەخۆیی خۆیان، بە دوورکەوتنەوە لە دایکییان، هەڵبژاردنی کام یارییە بۆ یاریکردن، و هەڵبژاردنی ئەوەی کە حەزیان لە چییە لەبەر بکەن، چی بخۆن و هتد…..
ڕاهێنانی ئاودەست
ئەمەش کاتێکە کە منداڵان دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی سەربەخۆیی خۆیان، کۆنتڕۆڵکردنی ئەرکەکانی جەستەیان، کە دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆر لەسەر هەستی سەربەخۆیی یان شەرم و گومانیان هەبێت.
• خۆ بەڕێوبەری: کاتێک دایک و باوک بە شێوەیەکی هێواش و ئارام و یارمەتیدەر لە ڕاهێنانی ئاودەست کردن لەگەڵ منداڵەکە نزیک دەبنەوە، ڕێگە بە منداڵەکە دەدەن بە خێرایی خۆی فێربێت، لێرەدا منداڵ هەست بە دەستکەوت و سەربەخۆیی دەکات. تێدەگات کە کۆنترۆڵی جەستەی خۆی هەیە و دەتوانێت بەرپرسیارێتی کارەکانی خۆی لە ئەستۆ بگرێت. ئەمەش متمانەیان بەرز دەکاتەوە و هەستکردن بە سەربەخۆیی و باوەڕبوون بە توانای بەڕێوەبردنی ئەرکە کەسییەکانیان دەچێنێت.
• شەرم و گومان: بە پێچەوانەوە ئەگەر پرۆسەکە بە پەلە بکرێت، ئەگەر فشارێکی زۆر هەبێت، یان ئەگەر دایک و باوک بە توڕەیی یان هەڵەشەییەوە وەڵامی ڕووداوەکان بدەنەوە، لەوانەیە منداڵەکە هەست بە شەرم بکات و دەست بکات بە گومانکردن لە تواناکانی. لەوانەیە هەست بە ناخۆشی بکەن لە هەڵەکانیان و ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە شەرم و گومانکردن لەخۆ و نەبوونی متمانە بە خۆبەڕێوبەری خۆیان.


سەرکەوتن و شکست لە قۆناغی دووەم


ئێریکسۆن دەڵێت دایک و باوک دەبێت ڕێگە بە منداڵەکانیان بدەن کە بۆ تواناکانیان بگەڕێن لە چوارچێوەی ژینگەیەکی هاندەرانەدا کە بەرگەی شکستیش بگرێت.سەرکەوتن لەم قۆناغەدا دەبێتە هۆی فەزیلەتی ئیرادە. ئەگەر منداڵان لەم قۆناغەدا لە زیادبوونی سەربەخۆیی خۆیان هانبدرێن و پاڵپشتی بکرێن، ئەوا زیاتر متمانەیان بەخۆیان دەبێت و دڵنیا دەبن لە توانای خۆیان بۆ مانەوە لە جیهاندا.
کۆرپەلە هەستی کۆنترۆڵکردنی خودی یان کەسی (personal control) بەسەر توانا جەستەییەکانیدا پەرەپێدەات و هەستی باوەڕبەخۆبوونی گەشە دەکات. گریمان منداڵان ڕەخنەیان لێدەگیرێت، لەڕادەبەدەر کۆنتڕۆڵ دەکرێن، یان دەرفەتیان پێنادرێت خۆیان ئەزموونی شت بکەن و هەڵەکان چاک بکەنەوە و بابەتەکان دووبارە بکەنەوە تا خۆیان بسەلمێنن، لەو حاڵەتەدا دەست دەکەن بە هەستکردن بە ناتەواوی لە تواناکانیاندا، لەوانەیە دواتر زۆر پشت بە کەسانی دیکە ببەستن و خود شکۆفاییان (self-esteem) نەبێت و هەست بە شەرمەزاری یان گومان لە خۆیان و تواناکانیان بکەن.
چۆن دایک و باوک دەتوانن ببنە هاندرێک بۆ ئەوەی هەستی خۆ کۆنتڕۆڵکردن و خۆبەڕێوبەری لە منداڵەکانیان پەرە پێبدەن؟
سەرکەوتن دەبێتە هۆی هەستکردن بە خۆبەڕێوبەری و شکستیش هەستی شەرمەزاری و گومان. ئێریکسۆن دەڵێت زۆر گرنگە کە دایک و باوک ڕێگە بە منداڵەکانیان بدەن سنووری تواناکانیان لە چوارچێوەی ژینگەیەکی هاندەرانەدا بێت کە وابکەن منداڵەکەیان بەرگەی شکست بگرێت و خۆی چاک بکاتەوە. بۆ نموونە، لەبری ئەوەی دایکەکە جل و بەرگەکە بۆ منداڵەکەی لەبەر بکات، پێویستە ئارام بێت لەوەی کە منداڵەکە سەرەتا بەتەواوی هەوڵی خۆی بدات تاکو خۆی جلەکانی بۆخۆی لەبەردەکات یاخود گەر نەیتوانی داوای یارمەتی بکات. کەواتە، پێویستە دایک و باوک هانی منداڵەکە بدەن بۆ ئەوەی زیاتر سەربەخۆ بێت و لە هەمان کاتدا منداڵەکە بپارێزن بۆ ئەوەی لە شکست و هەڵەی بەردەوام.
هاوسەنگییەکی ناسک لە دایک و باوکەوە پێویستە. دەبێت هەوڵ بدەن هەموو شتێک بۆ منداڵەکە نەکەن، بەڵام ئەگەر منداڵەکە لە ئەرکێکی دیاریکراودا شکستی هێنا، نابێت ڕەخنە لە منداڵەکە بگرن لەوەی کە شکستی هێناوە لە بارودۆخێکدا (بەتایبەت لە کاتی ڕاهێنانی ئاودەست). هاوسەنگی نێوان سەربەخۆیی و شەرمەزاری و گومان ڕێگە بە منداڵ دەدات لەوە تێبگات کە ناتوانێت هەمووکات کۆنترۆڵی خۆی بکات و هەندێک کاتیش پێویستی بە یارمەتییە، دروستکردنی ئەم تێگەیشتنە هاوسەنگە، متمانە بەخۆبوون و خۆڕاگری لە منداڵەکەدا پەرەپێدەدات.

کۆرسەکانی ئاوات ئەکادیمی بۆ ساڵی ٢٠٢٤

بزنس لیدر

دبلۆمی وەرگێرانی ئینگلیزی

چالاکردنەوەی مێشک و یادگە

کۆرسی زمانی عەرەبی عێراقی

پەروەردەی منداڵ

کۆرسی بوون بەنوسەری داهێنەر

کۆرسی خێراخوێندنەوە

کۆرسی زمانی تورکی

کۆرسی زمانی فارسی


دەستپێشخەری بەرامبەر بە تاوانباری قۆناغی سێیەمی تیۆری گەشەسەندنی دەروونی کۆمەڵایەتی ئێریک ئێریکسۆنە کە بە نزیکەیی لە تەمەنی سێ بۆ شەش ساڵیدایە. لە قۆناغی دەستپێشخەری بەرامبەر بە تاوانباریدا، منداڵان زیاتر لە ڕێگەی یاریکردن و کارلێکە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەوە خۆیان دەسەلمێنن.
لێرەدا ململانێیەک ڕوودەدات:


• دەستپێشخەری: کاتێک بەخێوکاران هانی منداڵان دەدەن و پشتگیریان دەکەن بۆ ئەوەی دەستپێشخەری بکەن، هانیان بدەن کە دەست بکەن بە پلاندانان بۆ چالاکییەکان، ئەرکەکانیان بە ئەنجام بگەیەنن و ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان ببنەوە. منداڵەکان فێر دەبن دەستپێشخەری بکەن و کۆنترۆڵی ژینگەکەیان بسەلمێنن. دەتوانن دەست بکەن بە بیرکردنەوە بۆ خۆیان و پلان دابڕێژن و جێبەجێیان بکەن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ پەروەردەکردن و هەستکردن بە ئامانج لە ژیانیاندا.
• تاوانباری: ئەگەر بەخێوکاران بێهیوای بکەن لە بەدواداچوونی چالاکییە سەربەخۆکان یان هەوڵەکانیان کەم بنرخێنن یان ڕەخنەیان لێبگرن، لەوانەیە منداڵان هەست بە تاوانباری و خراپی بکەن سەبارەت بە ئارەزوو و دەستپێشخەرییەکانیان. هەموو ئەمانەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە تاوانباری، گومانکردن لە خۆی و نەبوونی دەستپێشخەری.
لەم قۆناغەدا چی ڕوودەدات؟
ئەمانە ساڵانی زیندوو و گەشەسەندنی خێران لە ژیانی منداڵدا. کاتێکی بەهێزی کردار و ڕەفتارەکانە کە ڕەنگە دایک و باوک وەک شەڕانگێزی بزانن. لەم ماوەیەدا، تایبەتمەندی سەرەکی بریتییە لە کارلێکی بەردەوامی منداڵ لەگەڵ منداڵانی دیکە لە قوتابخانە. ناوەندی سەرەکی ئەم قۆناغە یاریکردنە، چونکە ڕێگە بە منداڵان دەدات لە ڕێگەی ئەنجامدانی چالاکییە جۆراوجۆرەکانەوە، بەدواداچوون بۆ لێهاتووییەکانی نێوان کەسایەتییەکانیان بکەن. منداڵ بە پلاندانان بۆ چالاکییەکان و بەجێگەیاندنی ئەرکەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان، دەست دەکات بە جەختکردنەوە لەسەر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی خۆی بەسەر ژینگەکەیدا (توانای خۆ سەلماندن).
گەڕان و ئەزموون کردن (Exploration)
بۆچی گەڕان و ئەزموونکردن گرنگە:
• پەرەپێدانی دەستپێشخەری: گەڕان ڕێگە بە منداڵان دەدات دەسەڵات و کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر ژینگەکەیاندا دووپات بکەنەوە. لە ڕێگەی گەڕان، منداڵان لەگەڵ دەوروبەرەکەیان خەریک دەبن و پرسیار دەکەن و شتی نوێ دەدۆزنەوە. ئەم بەشدارییە چالاکە ڕێگەیان پێدەدات دەستپێشخەری بکەن و هەڵبژاردنی سەربەخۆ بکەن، ئەمەش بەشداری دەکات لە سەربەخۆیی و متمانەیان.
• فێربوون لە هەڵەکانەوە: گەڕان بە واتای هەڵەکردنیش دێت و ئەمانەش دەرفەتی فێربوونی گرنگ دەڕەخسێنن بۆ منداڵ. تەنانەت ئەگەر هەوڵەکانی منداڵ ببێتە هۆی هەڵە یان شکست، ئەوا فێردەبێت لە هۆکار و کاریگەری و ڕۆڵی خۆیان لە دروستبوونی ئەنجامەکان و هەوڵی تێگەیشتن دەدەن و هەوڵ دەدەن لە هۆکارەکان تێبگەن.
• دروستکردنی متمانە بەخۆبوون: کاتێک چاودێریکار یان بەخێوکاران پشتگیری و هاندانی گەڕان و دەستپێشخەرییەکانی منداڵ دەکەن، متمانە بەخۆبوونیان بەهێزتر دەکات. هەست دەکەن کارەکانیان بەنرخ و گرنگن، ئەمەش هانیان دەدات لە داهاتوودا دەستپێشخەری زیاتر بکەن.
• کەمکردنەوەی هەستی تاوانباری: ئەگەر چاودێریکار و بەخێوکار ڕێز لە پێویستی منداڵەکە بگرن و زۆر ڕەخنە لە هەڵەکانیان نەگرن، ئەوە یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە هەستکردن بە تاوانباری. ئەوکات منداڵەکە تێدەگات کە تاقیکردنەوەی شتی نوێ باشە و هەڵەکردن ئاساییە.


سەرکەوتن و شکست لە قۆناغی سێیەم


منداڵان دەست دەکەن بە پلاندانان بۆ چالاکییەکان، یاریکردن و ئەنجامدانی چالاکییەکی لەگەڵ کەسانی دیکە. ئەگەر ئەم دەرفەتەیان پێ بدرێت، منداڵان هەستی دەستپێشخەریی پەرەپێدەدەن و هەست بە ئاسایش دەکەن لە توانای سەرکردایەتیکردنی کەسانی دیکە و بڕیاردان بۆیان. سەرکەوتن لەم قۆناغەدا دەبێتە هۆی فەزیلەتی ئامانج و مەبەستەکان.بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەم مەیلە لە ڕێگەی ڕەخنە یان کۆنترۆڵکردنەوە بکوژێنرێتەوە، منداڵان هەست بە تاوانباری و گوناهـ دەکەن.

هەر لەم قۆناغەدا منداڵەکە لەگەڵ گەشەکردنی تینوێتی بۆ زانست، دەست دەکات بە پرسیاری زۆر. ئەگەر دایک و باوک پرسیارەکانی منداڵەکە وەک شتێکی بێ بایەخ، بێزارکەر، یان شەرمەزارکەر یان لایەنەکانی تری ڕەفتارەکانیان وەک عەیب و مەترسی سەیربکەن، لەوانەیە منداڵەکە هەست بە تاوانباری بکات کە “کەسێکی بێزارکەر بووە”. هەستی تاوانباری زۆر دەتوانێت پەیوەندی منداڵ لەگەڵ کەسانی دیکە لاوازبکات و لەوانەیە ڕێگری لە داهێنانەکانییان بکات.
هاوسەنگییەکی تەندروست لە نێوان دەستپێشخەری و تاوانباریدا گرنگە. هاوسەنگی نێوان دەستپێشخەری و تاوانباری لەم قۆناغەدا دەتوانێت یارمەتی منداڵان بدات لەوە تێبگەن کە قبوڵکراوە بەرپرسیارێتی وەربگرن و بڕیاری خۆیان بدەن، بەڵام دەبێت ئەو یاسا یان ڕێنماییانەش جێبەجێ بکەن کە لەلایەن کەسانی دیکەوە دانراون. بەسەرکەوتوویی گەشتکردن بەم قۆناغەدا بە شێوەیەکی تەندروست، پەرە بە فەزیلەتی ئامانج و مەبەست دەدات.
چۆن دایک و باوک دەتوانن ببنە سەرچاوەیەکی هاندەر بۆ منداڵ کە بگەڕێت و ئەزموون بکات؟
لەم قۆناغەدا، چاودێران دەبێت ژینگەیەکی سەلامەت و پشتیوانیکەر دابین بکەن کە ڕێگە بە منداڵان بدات بە ئازادی بگەڕێن. ئەمەش هەستی دەستپێشخەرییەکەیان تیادا پەروەردە دەکات، یارمەتیان دەدات پەرە بە تواناکانی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدەن و متمانە و خۆڕاگری دروست بکەن. بە تێگەیشتن لە گرنگی گەڕان و نیشاندانی پشتگیرییەکی دروست، چاودێران دەتوانن یارمەتی منداڵان بدەن کە بە سەرکەوتوویی ئەم قۆناغە بەڕێوەببەن و هەستکردن بە تاوانباری کەم بکەنەوە.


چوارەم قەیرانی دەروونی کۆمەڵایەتی ئێریکسۆن، کە باوەڕبەخۆبوون (industry) (وشەی industry بەمانای پیشەسازی دێت بەڵام لێرەدا ماناکەی لە تێکۆشان و باوەڕبەخۆبوونەوە نزیکە: ئامادەکار) بەرامبەر خۆبەکەمزانی (Inferiority) لەخۆدەگرێت، لە نێوان تەمەنی پێنج بۆ ١٢ ساڵیدا ڕوودەدات. لەم قۆناغەدا منداڵان دەست دەکەن بە بەراوردکردنی خۆیان لەگەڵ هاوتەمەنەکانییان بۆ پێوانەکردنی توانا و بەهاکانییان.
لێرەدا ململانێیەک ڕوودەدات:


• باوەڕبەخۆبوون: ئەگەر منداڵان لەلایەن دایک و باوک و مامۆستایانەوە هانبدرێن بۆ پەرەپێدانی کارامەیی، ئەوا هەستکردن بە پیشەسازی بەدەستدەهێنن- هەستکردن بە لێهاتوویی و باوەڕبوون بە کارامەییەکانیان. دەست دەکەن بە فێربوونی کارکردن و هاوکاری لەگەڵ کەسانی تر و دەست دەکەن بە تێگەیشتن لەوەی کە دەتوانن لێهاتووییەکانیان بەکاربهێنن بۆ تەواوکردنی ئەرکەکان. ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە متمانە بە تواناکانییان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و باوەڕبەخۆبوونییان بەرز دەبێتەوە.
• خۆبەکەمزانی: لە لایەکی ترەوە ئەگەر منداڵان پێڕاگەیاندنەوەیەکی نەرێنی (Negative Feedback) لەلایەن کەسانی دیکەوە وەربگرن یان ڕێگەیان پێنەدرێت کارامەیی و تواناکانییان بەکاربهێنن و پێشکەشییان بکەن، لەوانەیە هەستی خۆ بەکەمزانییان تێدا چەکەرە بکات. لەوانەیە ئەو هەستەیان بۆ دروست ببێت کە ئەوان وەک هاوتەمەنەکانییان باش نین یان هەوڵەکانییان بەهای نییە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی متمانە بەخۆبوون و هەستکردن بە ناتەواوی و کەموکوڕی لە خۆیاندا.


لەم قۆناغەدا چی ڕوودەدات؟


منداڵ ڕووبەڕووی فێربوونی شتی نوێ و داواکارییە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتەوە. منداڵان لەو قۆناغەدان کە فێری خوێندنەوە و نووسین دەبن، کۆکردنەوە و ئەنجامدانی کارەکانییان بە تەنها. مامۆستایان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە ژیانی منداڵەکەدا لەکاتێکدا فێری کارامەیی نوێ دەبێت.
لەم قۆناغەدا گروپە هاوتەمەنەکانی منداڵ، گرنگییەکی زیاتر بەدەستدەهێنن و دەبنە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ هەستی خود شکۆفایی (self-esteem) منداڵەکە. ئێستا منداڵ هەست بە پێویستی دەکات بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئەوانی دیکە بە نیشاندانی لێهاتووییە تایبەتەکانی کە کۆمەڵگا بەهای پێداون و هەستی بە شانازیکردنی خودی بەهۆی دەستکەوتەکانییەوە گەشەپێدەدات.
قوتابخانە
ئەم قۆناغە بە شێوەیەکی گشتی لە ساڵانی خوێندنی سەرەتاییدا ڕوودەدات، لە تەمەنی نزیکەی ٦ بۆ ١١ ساڵان، ئەو ئەزموونانەی کە منداڵان لە قوتابخانەدا دەیانبێت دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئاستی گەشەکردنی مەعریفی و سۆزدارییان هەبێت.
لێرەدا هۆکارەکەی دەخەینەڕوو:


• گەشەپێدانی باوەڕبەخۆبوون: لە قوتابخانەدا، منداڵان دەرفەتی زۆریان پێدەدرێت بۆ فێربوون و گەشەپێدان و نیشاندانی لێهاتووییەکانیان. کار لەسەر پڕۆژەی جۆراوجۆر دەکەن، بەشداری لە چالاکییە جیاوازەکاندا دەکەن، هاوکاری هاوتەمەنەکانییان دەکەن. ئەم ئەزموونانە ڕێگە بە منداڵان دەدەن کە هەستی باوەڕبەخۆبوون پەرەپێبدەن، متمانەیان بە تواناکانییان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکان و بەشداریکردنی کاریگەرانە بەهێزتر دەکات.
• بەراوردکاری کۆمەڵایەتی: قوتابخانە ژینگەیەک دابین دەکات کە منداڵان بتوانن خۆیان لەگەڵ هاوتەمەنەکانییان تێدا بەراورد بکەن. ئەوان توانا و دەستکەوتەکانییان بەرامبەر بە هاوپۆلەکانیان پێوانە و بەراورد دەکەن، ئەمەش یان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بنیاتنانی هەستی باوەڕبەخۆبوون یان ببێتە هۆی هەستکردن بە کەمی و ناتەواوی، ئەمەش بەپێی ئەزموون و تێڕوانین و جۆری ژینگەکەیان دەگۆڕێت.
• پێڕاگەیاندنەوە و بەهێزکردن: مامۆستایان لەم قۆناغەدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن. پێڕاگەیاندنەوەکانییان دەتوانێت هەستی باوەڕبەخۆبوون لای منداڵ بەهێزتر بکات یان هەستی خۆبەکەمزانی لێبکەوێتەوە. پێڕاگەیاندنەوەی ئەرێنی، باوەڕی منداڵ بە لێهاتووییەکانی بەرز دەکاتەوە، لە کاتێکدا پێڕاگەیاندنەوەی نەرێنی بەردەوام دەتوانێت ببێتە هۆی هەستکردن بە کەموکوڕی و خۆبەکەمزانی.
• بنیاتنانی تواناکانی ژیان: قوتابخانە دەرفەت بۆ منداڵان دەڕەخسێنێت بۆ پەرەپێدانی کارامەییە گرنگەکانی ژیان وەک چارەسەرکردنی کێشەکان، کاری بە کۆمەڵ و بەڕێوەبردنی کات.
• مامەڵەکردن لەگەڵ شکست: قوتابخانە ئەو شوێنەیە کە منداڵان لەوانەیە بۆ یەکەمجار تووشی کێشەی ئەکادیمی ببنەوە یان شکست بهێنن.
• هەڵکردن لەگەڵ شکستەکان: منداڵەکان، مامۆستایان و دایک و باوکان ڕێنمایییان دەکەن لەم ئاڵەنگارییانەی دێتە ڕێیان کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئەوە هەبێت کە ئایا هەستی باوەڕبەخۆبوون یان کەمتەرخەمی پەرەپێدەدەن (واتە بەپێی جۆری مامەڵەکردنەکە، کاریگەرییان لەسەر دروست دەکات)


سەرکەوتن و شکست لە قۆناغی چوارەم


سەرکەوتن دەبێتە هۆی فەزیلەتی لێهاتووبوون (virtue of competence)و باوەڕبەخۆبوون، لەکاتێکدا شکست دەبێتە هۆی هەستکردن بە کەمی و خۆبەکەمزانی.
ئەگەر منداڵان بۆ ئەو غەریزە زانینخوازەیان هان بدرێن و بەهێز بکرێن، ئەوا دەست دەکەن بە هەستکردن بە کۆشش (لێهاتوویی) و متمانە بەخۆبوون لە توانای گەیشتن بە ئامانجەکانییان. ئەگەر ئەم پاڵنەرە نەبێت، ئەگەر دایک و باوک یان مامۆستا سنوورداری بکەن، ئەوا منداڵ دەست دەکات بە هەستکردن بە خۆبەکەمزانی، گومان لە تواناکانی خۆی دەکات، هەر بۆیە ڕەنگە نەگاتە ئاستێکی باش لە بەکارهێنان و سوودوەرگرتن لە توانا و لێهاتووییەکانی. ئەگەر منداڵ نەتوانێت پەرە بەو کارامەییە تایبەتە بدات کە هەست دەکات کۆمەڵگا داوای دەکات (بۆ نموونە وەرزشکردن و هەبوونی ماسولکەی گەورە)، لەوانەیە هەستی خۆبەکەمزانی تیایدا گەشەبکات.
ڕەنگە هەندێک شکست پێویست بێت بۆ ئەوەی منداڵەکە بتوانێت هەندێک لە بێدەنگی پەرە پێبدات. دیسانەوە هاوسەنگی لە نێوان لێهاتوویی و بێدەنگی پێویستە (مەبەستمان لە وشەی بێدەنگی ئەوەیە کە جاری وایە هەندێک منداڵ زیاد لە پێویست چاوکراوە و بزێو و خۆسەپێن دەبێت و پێی وایە ئەوەی ئەو دەیکات هەمیشە ڕاستە، جا ئەگەر هەندێک جار هەڵە بکات ئەو هەستەی تێدا بەو شێوەیە گەشە ناکات و فۆڕم وەرناگرێت و بێدەنگییەکی لەو ڕووەوە تێدا دروست دەکات: ئامادەکار)
هاوسەنگی نێوان باوەڕبەخۆبوون و خۆبەکەمزانی ڕێگە بە منداڵان دەدات تواناکانیان بناسن و تێبگەن کە توانای کارکردنیان هەیە بۆ و گەیشتن بە ئامانجەکانیان، هەروەها ئەگەر لە ڕێگادا ڕووبەڕووی ئاستەنگ ببنەوە و شکست بهێنن شتێکی ئاساییە و دەبێت بەردەوام بن.
چۆن دایک و باوک و مامۆستایان دەتوانن هەستی زانینخوازی لە منداڵدا گەشەپێبدەن؟
لەم قۆناغەدا مامۆستایان و دایک و باوکان پێویستیان بە پێشکەشکردنی پێڕاگەیاندنەوەیەکی بەردەوام و بنیاتنەر هەیە بۆ منداڵەکان بۆ ئەوەی بەردەوام لە هەوڵ و تێکۆشاندا بن نەک تەنها چاویان لەسەر دەستکەوت بێت. ئەم ڕەوتە لە پشگیریکردن یارمەتیدەرە بۆ پەروەردەکردنی هەستی باوەڕبەخۆبوون و لێهاتوویی و متمانە بە منداڵان، ئەمەش هەستکردن بە کەمتەرخەمی کەمدەکاتەوە.


قۆناغی پێنجەمی تیۆری گەشەسەندنی دەروونی کۆمەڵایەتی ئێریک ئێریکسۆن بریتییە لە شوناس (Identity) و سەرلێشێواوی پێگەیی (Role Confusion) کە لە کاتی هەرزەکارییدا ڕوودەدات لە نزیکەی ١٢-١٨ ساڵ. لەم قۆناغەدا هەرزەکاران بەدوای هەستکردن بە خود (sense of self) و شوناسی کەسییدا دەگەڕێن، لە ڕێگەی گەڕانێکی چڕ و پڕ لە بەها و بیروباوەڕ و ئامانجە کەسییەکان.
لێرەدا ململانێیەک ڕوودەدات:


• شوناس: ئەگەر هەرزەکاران لە گەڕانەکانیانیاندا پاڵپشتی بکرێن و ئازادییان پێبدرێت بۆ گەڕان بەدوای پێگەی جیاوازدا، ئەگەری زۆرە لەم قۆناغە بە هەستێکی بەهێزی خود و هەستکردن بە سەربەخۆیی و کۆنترۆڵکردنەوە دەربچن. ئەم پرۆسەیە بریتییە لە گەڕان بەدوای بەرژەوەندی و بەها و ئامانجەکانیان، ئەمەش یارمەتیان دەدات شوناسی تایبەتی خۆیان پێکبهێنن.
• سەرلێشێواوی پێگەیی: ئەگەر هەرزەکاران سنووردار بکرێن و بوارییان پێنەدرێت بۆ گەڕان یان سەختکردنی پرۆسەکە بۆیان بە شێوەیەکی خراپ، لەوانەیە تووشی سەرلێشێواوی پێگەیی ببن. ئەمەش دەتوانێت بە مانای دڵنیا نەبوون لە پێگەی مرۆڤبوون و خۆی لە جیهان و بەهاکانی لە داهاتودا ئاڕاستە بکات. دەکرێت کێشەیان هەبێت لە ناسینەوەی ئامانج یان ڕێگاکەیان، ئەمەش ببێتە هۆی سەرلێشێواوی سەبارەت بە شوناسی کەسیی خۆیان.
لەم قۆناغەدا چی ڕوودەدات؟
لە کاتی هەرزەکاریدا گواستنەوە لە قۆناغی منداڵییەوە (childhood) بۆ پێگەیشتویی (adulthood ) لە هەمووی گرنگترە. منداڵان زیاتر سەربەخۆ دەبن و سەیری پرسە گەورەکانی داهاتوو دەکەن سەبارەت بە پیشە، پەیوەندی، خێزان، هاوسەرگیری، خانوو، منداڵ و هتد…….


تاک دەیەوێت سەر بە کۆمەڵگایەک بێت و لەگەڵیدا جێی ببێتەوە. هەرزەکاران بەدواداچوون بۆ ئەوە دەکەن کە وەک تاکێک کێن، هەوڵدەدەن هەستکردن بەخۆیان دابمەزرێنن و لەوانەیە تاقیکردنەوە لەسەر پێگە و چالاکی و ڕەفتاری جیاوازەوە بکەن.
بە بڕوای ئێریکسۆن ئەمە گرنگە بۆ پێکهێنانی ناسنامەیەکی بەهێز و پەرەپێدانی هەستی ئاراستەکردنی خود لە ژیاندا، قۆناغێکی دەروونی کۆمەڵایەتییە لە نێوان منداڵی و گەورەییدا، لە نێوان ئەو ئەخلاقەی کە لە منداڵ فێری بووە لەگەڵ ئەو ئەخلاقەی کە دەبێت کەسێکی پێگەیشتوو بیزانێت و گەشەی پێبدات. ئەمە قۆناغێکی سەرەکی گەشەکردنە کە منداڵ دەبێت فێری ئەو پێگانە بێت کە وەک گەورەساڵێک لە قۆناغەکانی داهاتوودا دەیبێت. لەم قۆناغەدا هەرزەکار دووبارە پێداچوونەوە بە ناسنامەکەیدا دەکاتەوە و هەوڵدەدات بە تەواوی بزانێت کێیە.
پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەم قۆناغەدا، زۆر گرنگە بۆ هەرزەکاران پاڵپشتی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییان هەبێت کە ڕێنیشاندەری گەڕانی تەندروست بن بۆ شوناس و ناسنامەی کەسییەتی. هەروەها گرنگە بۆ دایک و باوک، مامۆستایان و ڕاهێنەران کە ڕێنمایی هەرزەکاران بکەن لەکاتی پڕۆسەی گەڕانییان بۆ زانینی پێگەی کۆمەڵایەتییان و پێگە جیاوازەکان و شوناسی کەسێتییان.
لێرەدا هۆکارەکەی دەخەینەڕوو:


• فۆرم وەرگرتنی شوناس: پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان زەمینەیەک دابین دەکەن کە هەرزەکاران لە چوارچێوەیەدا بەشە جیاجیاکانی شوناسی کەسێتیان فۆرم پێدەدەن. ئەوان هەوڵی تاقیکردنەوەی پێگەی جیاواز دەدەن لەناو کۆمەڵە هاوتەمەنەکانیاندا، ئەمەش بواریان پێدەدات کە بەرژەوەندی و بیروباوەڕ و بەها و ئامانجەکانیان بدۆزنەوە. ئەم گەڕانە کلیلی پێکهێنانی ناسنامەی تایبەتی خۆیانە.
• کاریگەری هاوڕێ: زۆرجار هاوەڵ و هاوتەمەنەکان لەم قۆناغەدا کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر تاک هەیە. زۆرجار هەرزەکاران بەها و بۆچوونی هاوڕێکانییان وەردەگرن وەک لە دایک و باوکییان.
• قبوڵکردنی بەشبوونی کۆمەڵایەتی: هەستکردن بە قبوڵکردن و گونجان لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان، دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر ئاستی خود شکۆفایی و هەستی ناسنامەی هەرزەکار هەبێت. ئەگەری پەرەپێدانی شوناسێکی بەهێز و ئەرێنی زیاترە ئەگەر هەست بکەن قبوڵکراون و بەهایان لای ئەوانی دیکە هەیە. هەستکردن بەوەی ئەوانی دیکە لەخۆیانی دوور دەخەنەوە و یان پەراوێزی دەخەن، ڕەنگە ببێتە هۆی سەرلێشێواوی پێگەیی و ململانێ لەگەڵ پێکهاتنی شوناسی هەرزەکارەکە.
• تێکەڵاوبوون لەگەڵ کەسانی جۆراوجۆر: بەرکەوتن لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی جۆراوجۆر بوار بە هەرزەکاران دەدات دیدگا و تێڕوانینیان فراوانتر بکەن، ئاڵەنگاری بیروباوەڕەکانییان بکەن و کاریگەرییان لەسەر فۆڕمی بەهاکانی هەبێت و کاریگەری لەسەر دروستبوونی شوناسی کەسێتییان هەبێت.
• ململانێ و چارەسەرکردن: زۆرجار پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ململانێ و چارەسەر لەخۆدەگرێت، ئەمەش دەرفەت بۆ هەرزەکاران دەڕەخسێنێت بۆ گەڕان بەدوای ڕفتارییان لە پێگە جیاوازەکاندا. فێربوونی بەڕێوەبردنی ئەم ململانێیانە یارمەتیدەرە لە پەرەپێدانی ناسنامەیان و ئەو کارامەییە کۆمەڵایەتییانەی کە لە تەمەنی گەورەییدا پێویستن.


سەرکەوتن و شکست لە قۆناغی پێنجەم


ئەوەی کە دەبێ لە کۆتایی ئەم قۆناغەدا ڕووبدات، “هەستێکی یەکگرتووە بۆ خود، بۆ ئەوەی مرۆڤ دەیەوێت چی بکات یان چی بێت، و پێگەی سێکسی گونجاوی بۆخۆی”. لەم قۆناغەدا وێنەی جەستەی هەرزەکارەکە دەگۆڕێت (مەبەست لەوەیە دەکرێت شێوەی جل و بەرگ و قژ و هتد…. بگۆڕێت: ئامادەکار)، ئێریکسۆن بانگەشەی دەکات کە ڕەنگە هەرزەکاران هەست بە نائاسودەیی بکەن سەبارەت بە جەستەیان تاوەکو بتوانن خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا بگونجێنن.
سەرکەوتن لەم قۆناغەدا دەبێتە هۆی فەزیلەتی دڵسۆزی (virtue of fidelity). دڵسۆزی بریتییە لە توانای پەیوەندیکردنی مرۆڤ بە کەسانی دیکە لەسەر بنەمای قبوڵکردنی ئەوانی دیکە، تەنانەت کاتێک ڕەنگە جیاوازی ئایدیۆلۆژیش هەبێت. لەم قۆناغەدا، گەنجەکان بەدواداچوون بۆ ئەگەرەکان دەکەن و لەسەر بنەمای دەرئەنجامی گەڕانەکانییان دەست دەکەن بە پێکهێنانی ناسنامەی خۆیان. ئەو هەرزەکارانەی کە هەستێکی بەهێزی شوناسی خودی دادەمەزرێنن، دەتوانن دڵسۆزی و بەها گشتییەکان بپارێزن، تەنانەت لە نێوان گۆڕانکاری و ئاڵەنگارییەکانی ناو کۆمەڵگاشدا.
شکستهێنان لە دروستکردنی شوناسی کەسی لەناو کۆمەڵگادا (“نازانم کاتێک گەورە دەبم دەمەوێت چی بکەم و ببم بەچی”) دەتوانێت ببێتە هۆی سەرلێشێواوی لە پێگە و ڕۆڵەکانیدا. ئەگەر هەرزەکاران پشتگیری کات یان لایەنی سۆزدارییان نەبێت بۆ گەڕان بەدوای شوناسیاندا، لەوانەیە کێشەی شوناسی چارەسەرنەکراوییان (واتە فۆرم وەرنەگرتنی شوناسەکەی بە هەر جۆرێک لە جۆرەکان) تیادا بەجێبهێڵرێت، ئەمەش واتە هەست بە دڵنیایی نەکردن لە پێگەیان و نادڵنیایی لە داهاتوویان. دەکرێت ئەمە ببێتە هۆی لاوازی هەستکردن بە خود، سەرلێشێواوی پێگە و نەبوونی ئاراستە لە تەمەنی گەورەییدا.

سەرلێشێواوی پێگەیی بریتییە لە دڵنیا نەبوونی تاک لە خۆی یان لە شوێنی خۆی لە کۆمەڵگادا. لە وەڵامی سەرلێشێواوی پێگەیی یان قەیرانی شوناس، ڕەنگە هەرزەکارێک دەست بکات بە تاقیکردنەوە لەسەر شێوازی ژیانی جیاواز (بۆ نموونە، کار، پەروەردە، یان چالاکییە سیاسییەکان)، لە قۆناغێکی خراپتردا دەکرێت ئەمە هێندە فشاری بۆ بهێنێت کە توشی حاڵەتێک وەک لەیاخیبوونی شوناسی کەسێتی ببێتەوە.


خۆشەویستی (Intimacy) لە بەرامبەر جیابوونەوە (Isolation) قۆناغی شەشەمی تیۆری گەشەسەندنی دەروونی کۆمەڵایەتی ئێریک ئێریکسۆنە. ئەم قۆناغە لە تەمەنی گەنجی لە نێوان تەمەنی نزیکەی ١٨ بۆ ٤٠ ساڵدا ڕوودەدات. لەم قۆناغەدا، ململانێی گەورە لەسەر پێکهێنانی پەیوەندی خۆشەویستانە لەگەڵ کەسانی دیکەدا کۆدەبێتەوە.
لێرەدا ململانێیەک ڕوودەدات:


• خۆشەویستی: ئەو کەسانەی کە بە سەرکەوتوویی ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنن، توانای پێکهێنانی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کەسانی دیکەدا هەیە. دەتوانن پەیوەندییەکی نزیک دروست بکەن و ئاسوودە بن لەگەڵ ئەوانی تر. خۆشەویستی بریتییە لە توانای بوونی کراوەیی و هاوبەشکردنی خۆی لەگەڵ کەسانی دیکە، هەروەها ئامادەی پابەندبوون بوون لە پەیوەندییەکان و قوربانیدانی کەسی لە پێناو ئەو پەیوەندیانەدا.
• جیابوونەوە: ئەگەر تاکەکان کێشەیان هەبێت بۆ پێکهێنانی ئەم پەیوەندییە نزیکانە، ڕەنگە بەهۆی قەیرانە ناسنامەییە چارەسەرنەکراوەکانی پێشووتر یان ترس لە ڕەتکردنەوە، لەوانەیە تووشی گۆشەگیری و خۆ جیاکردنەوە ببن. جیابوونەوە ئاماژەیە بۆ بێتوانایی لە دروستکردنی پەیوەندییەکی مانادار و خۆشەویستانە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی هەستکردن بە تەنیایی و نامۆبوون و دوورکەوتنەوە لە ئەوانی دیکە.


سەرکەوتن و شکست لە قۆناغی شەشەم


سەرکەوتن دەبێتە هۆی پەیوەندی پتەو، لەکاتێکدا شکست دەبێتە هۆی تەنیایی و گۆشەگیری. بەسەرکەوتوویی گەشتکردن بەم قۆناغەدا پەرە بە فەزیلەتی خۆشەویستی ( virtue of love ) دەدات. ئەو تاکانەی پەرە بەم فەزیلەتە دەدەن توانای دروستکردنی پەیوەندی قووڵ و پابەندییان هەیە لەسەر بنەمای متمانە و ڕێزگرتن لە یەکتر. لەم قۆناغەدا دەست دەکەین بە هاوبەشکردنی خۆمان لەگەڵ کەسانی دیکەدا. ئێمە لەو پەیوەندییانە دەکۆڵینەوە کە بەرەو پابەندبوونی درێژخایەنتر لەگەڵ کەسێکی تر جگە لە ئەندامێکی خێزانەکەمان دەڕۆن. تەواوکردنی سەرکەوتووانەی ئەم قۆناغە دەتوانێت ببێتە هۆی پەیوەندییەکی چێژبەخش و هەستکردن بە پابەندبوون و سەلامەتی و گرنگیدان لەناو پەیوەندییەکدا.
بەڵام ئەگەر تاکەکان لەم قۆناغەدا توشی گرفت ببن و نەتوانن پەیوەندییەکی نزیکی تەندروست دروست بکەن، لەوانەیە هەست بە گۆشەگیری و تەنیایی و خۆ جیاکردنەوە بکەن. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی هەستکردن بە پچڕان و دوورکەوتنەوە لە تەمەنی سەرووتردا. دوورکەوتنەوە لە خۆشەویستی و ترس لە پابەندبوون بە پەیوەندییەکان، دەبێتە هۆی گۆشەگیری و تەنیایی و هەندێکجاریش خەمۆکی.


بەرهەمداری ( Generativity ) بەرامبەر بە کزبوون ( Stagnation ) حەوتەم قۆناغە لە هەشت قۆناغەکەی تیۆری گەشەسەندنی دەروونی کۆمەڵایەتی ئێریک ئێریکسۆن. ئەم قۆناغە لە ماوەی تەمەنی ناوەڕاستی گەورەییدا (تەمەنەکانی ٤٠ بۆ ٦٥ ساڵ) ڕوودەدات. لەم قۆناغەدا تاکەکان زیاتر سەرنجیان لەسەر بنیاتنانی پێویستییەکانی ژیانە، بە پلەی یەکەم لە ڕێگەی پیشە و خێزان و بەشداریکردنیان لە کۆمەڵگادا.
لێرەدا ململانێیەک ڕوودەدات:


• بەرهەمداری: ئەگەر تاکەکان هەست بکەن کە بەشدارییەکی بەنرخ لە جیهاندا دەکەن، بۆ نموونە لە ڕێگەی پەروەردەکردنی منداڵەوە یان بەشداریکردن لە گۆڕانکارییە ئەرێنییەکان لە کۆمەڵگادا، ئەوا هەست بە هەستکردن بە بەرهەمداری دەکەن. بەرهەمداری بریتییە لە خەمی ئەوانی دیکە و خواستی کاریگەری و جێدەست دیاری لە نەوەکانی داهاتوو، زۆرجار لە ڕێگەی پەروەردەکردنی منداڵ، ڕاهێنەرایەتی، ڕۆڵی سەرکردایەتی، یان بەرهەمی داهێنەرانە کە بەها و گرنگی بۆ کۆمەڵگا زیاد دەکات.
• کزبوون: ئەگەر تاکەکان هەست بکەن کاریگەری ئەرێنی دروست ناکەن یان بەشدار نین لە ئەرکە بەرهەمدارەکان یان داهێنەرەکاندا، لەوانەیە تووشی کزبوون ببن.کزبوون بریتییە لە هەستکردن بە بێ بەرهەمی و بێ سودی، کە دەبێتە هۆی زۆر خۆ خواردنەوە ( self-absorption ) و نەبوونی گەشەکردن و هەستکردن بە بەتاڵی.


لە ڕووی دەروونییەوە، بەرهەمداری ئاماژەیە بۆ “دانانی جێپەنجە” لەسەر جیهان لە ڕێگەی دروستکردن یان پەروەردەکردنی ئەو شتانەی کە لە تاکێک زیاتر دەژین.
لە تەمەنی ناوەڕاستدا، تاکەکان دەیانەوێت چاکەخوازی بڵاوبکەنەوە و خزمەت بکەن، زۆرجار ڕاهێنەرن لە پێگەی خۆیانداو گۆڕانکاری ئەرێنی دروست دەکەن و سوود بە کەسانی دیکە دەگەیەنن.
ئێمە بە پەروەردەکردنی منداڵەکانمان، بەرهەمدار بوون لە شوێنی کار، بەشداریکردن لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوەکاندا وەک بەخششێک دەبەخشینەوە بە کۆمەڵگا. لە ڕێگەی بەرهەمدارییەوە هەستێکی بەشێک بوون لە وێنە گەورەکە گەشە پێدەدەین.
کار و دایک و باوکایەتی
کار هەروەها دایک و باوکایەتی لەم قۆناغەدا زۆر گرنگن چونکە دەرفەت بۆ گەورەکان دەڕەخسێنن کە کاریگەری کەسی و کۆمەڵایەتییان زیاتر بکەن.


• کار: لەم قۆناغەدا زۆرجار کەسەکان سەرنجیان لەسەر پیشەکەیانە. کاری مانادار ڕێگایەکە کە پێگەیشتووەکان دەتوانن لە ڕێیەوە هەست بە بەرهەمداری بکەن و هەست بە چالاکی بوونییان لە جیهاندا بەدەست بهێنن. ڕێگەیان پێدەدات هەست بکەن کە بەشێکن لە کۆمەڵگەیەکی گەورەتر و هەوڵەکانییان دەتوانێت سوود بە نەوەکانی داهاتوو بگەیەنێت. بەڵام ئەگەر لە پیشەکەیان ڕازی نەبوون یان هەست بە بێ بەرهەمداری بکەن، لەوانەیە ڕووبەڕووی هەستی کزبوون و چەقبەستوویی ببنەوە.
• دایک و باوکایەتی: پەروەردەکردنی منداڵ لایەنێکی دیکەی بەرچاوی ئەم قۆناغەیە. گەورەکان دەتوانن هەستی بەرهەمداری لە پەروەردەکردن ڕێنماییکرد و گەشەپێدان و بەخشینی بەهاکانیانەوە بە نەوەکانی داهاتوو وەربگرن. لە ڕێگەی دایک و باوکایەتییەوە، گەورەکان دەتوانن هەست بکەن کە کاریگەرییەکی مانادار لە داهاتوودا دەکەن. لە لایەکی دیکەوە، ئەو تاکانەی کە نایانەوێت منداڵییان هەبێت یان ئەوانەی ناتوانن منداڵیان هەبێت، دەتوانن لە ڕێگەی ڕەفتارە پەروەردەییەکانی دیکەی وەک ڕاهێنەرایەتی یان بەشداریکردن لەو چالاکییانەی کە کاریگەری ئەرێنییان لەسەر نەوەی گەنج هەیە، هەستی بەرهمداری بەدەستبهێنن بەڵام هەست و پێگەی دایک و باوکایەتی وەک هیچ پێگەیەکی دیکە بەراورد ناکرێت.


سەرکەوتن و شکست لە قۆناغی حەوتەم


ئەگەر گەورەکان بتوانن لە ڕێگەی ئەم پێگانەوە، ڕەزامەندی و هەستکردن بە چالاکی بدۆزنەوە، ئەوا ئەگەری ئەوە زیاترە کە هەستی بەرهەمداری تیایاندا زیاتر ببێت، ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە کاریگەربوون و ماناداری.
بەسەرکەوتوویی تێپەڕین بەم قۆناغەدا پەرە بە فەزیلەتی چاودێری و گرنگی پێدان (virtue of care) دەدات. ئەو کەسانەی کە ئەم فەزیلەتە پەرەپێدەدەن هەست بە کاریگەری و ماناداری دەکەن لە ژیاندا، بە شێوەیەکی تایبەت لە ڕێگەی خێزان و کارەوە، و هەست بە ڕەزامەندی دەکەن کە توانیویانە جیاوازی دروست بکەن.
بەڵام بە شکستهێنانمان لە دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ دروستکردنی کاریگەری و جێ بەنجە دیاری، تووشی هەستی کزی و چەقبەستوویی دەبین و هەست بە بێ بەرهەمی دەکەین. لەوانەیە ئەم تاکانە هەست بە پچڕان یان بێ پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکەیان و کۆمەڵگادا بە گشتی بکەن. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی هەستکردن بە نائارامی و بێ بەرهەمی لە قۆناغەکانی دواتردا.


یەگرتوویی ئیگۆ ( Ego integrity ) بەرامبەر بە نائومێدی (despair) قۆناغی هەشتەم و کۆتایی تیۆری قۆناغی گەشەسەندنی دەروونی کۆمەڵایەتی ئێریک ئێریکسۆنە. ئەم قۆناغە لە تەمەنی نزیکەی ٦٥ ساڵیدا دەست پێدەکات و لە کاتی مردندا کۆتایی دێت. هەر لەم ماوەیەدا بیر لە دەستکەوتەکانمان دەکەینەوە و دەتوانین ئەخلاقیبوونمان گەشە پێبدەن ئەگەر خۆمان وەک ژیانێکی سەرکەوتوو ببینین.
لێرەدا ململانێیەک ڕوودەدات:


• یەکپارچەیی ئیگۆ: ئەگەر تاکەکان هەست بکەن ژیانێکی پڕ لە خۆشی و مانایان بەسەر بردووە، ئەوا ئەزموونی یەگرتوویی ئیگۆ دەکەن. ئەمەش بە هەستکردن بە قبوڵکردنی ژیانیان وەک خۆی و توانای دۆزینەوەی حیکمەت و مانا لە ئەزموونەکانیاندا پەرە پێدەدەن.
• نائومێدی: ئەگەر تاکەکان هەست بە پەشیمانی بکەن لە ڕابردوویان، هەست بکەن بڕیاری خراپیان داوە، یان پێیان وایە نەیانتوانیوە ئامانجەکانی ژیانیان بەدەست بهێنن، لەوانەیە تووشی نائومێدی ببن. نائومێدی هەستکردن بە پەشیمانی و خەفەت لە ژیانی خۆی و ترس لە مردنی نزیک لەخۆدەگرێت.

سەرکەوتن و شکست لە قۆناغی هەشتەم


سەرکەوتن لەم قۆناغەدا دەبێتە هۆی فەزیلەتی حیکمەت (virtue of wisdom). حیکمەت وا لە مرۆڤ دەکات ئاوڕێک لە ژیانی ڕابردووی خۆی بداتەوە و مانای لێ دەربهێنێت، هەروەها مردنیش قبوڵ بکات بەبێ ترس. ئەو تاکانەی بیر لە ژیانی خۆیان دەکەنەوە و پەشیمان دەبنەوە لە نەگەیشتن بە ئامانجەکانیان، تووشی بێ هیوایی و نائومێدی دەبن.
ئێریک ئێریکسۆن پێی وابوو ئەگەر ژیانی خۆمان بێ بەرهەم ببینین، هەست بە تاوانباری بکەین بەرامبەر ڕابردوومان، یان هەست بکەین کە ئامانجەکانی ژیانمان بەدی نەهێناوە، ئەوا لە ژیان ناڕازی دەبین و تووشی نائومێدی دەبین، زۆرجار دەبێتە هۆی خەمۆکی و بێهیوایی. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی هەستکردن بە ترس و ترس لە مردن.
حاڵەتێکی بەردەوامی یەکپارچەیی ئیگۆ تایبەتمەندی تەواوەتی کەسانی ژیر و بەرهەمدار نییە، بەڵکو هەم یەکپارچەیی ئیگۆ و هەم نائومێدی ئەزموون دەکەن. بەم شێوەیە ژیانی قۆناغەکانی کۆتایی تەمەن بە یەکپارچەیی و نائومێدی وەک حاڵەتی گۆڕاو تایبەتمەندە کە دەبێت هاوسەنگ بن.
ڕەخنەکان لە تیۆری ئێریکسۆن
بە درێژکردنەوەی چەمکی گەشەکردنی کەسایەتی لە تەواوی تەمەنی ژیاندا، ئێریکسۆن دیدێکی واقیعیتر بۆ گەشەکردنی کەسایەتی خستووەتە ڕوو. دەروونناسی بە پشتبەستن بە بیرۆکەکانی ئێریکسۆن، شێوازی ڕوانینی قۆناغەکانی ژیانی چەمکسازی کردووەتەوە (واتە لەڕێی چەمکەکانی ئێریکسۆنەوە، دووبارە چەمکسازییان بۆ چەمکەکان کردوەتەوە، هەروەها بە شێوازی تریش سودیان لێ بینیوە و کاریان لەسەر ئەو بابەتە کردووە: ئامادەکار). تیۆری ئێریکسۆن جێ بەنجەیەیەکی باشی لە دونیابینی تاکدا هەیە. زۆر کەس بۆیان دەردەکەوێت کە دەتوانن لە ڕێگەی ئەزموونەکانی خۆیانەوە پەیوەندی بە تیۆرییەکانی ئەوەوە هەبێت سەبارەت بە قۆناغە جیاوازەکانی سووڕی ژیان.
بەڵام تیۆریاکە تا ڕادەیەک ناڕوونە سەبارەت بەو هۆکارانەی کە وادەکات چۆن مرۆڤێک گەشە بکات بە شێوەیەکی باش؟ مرۆڤەکان دەبێت چ جۆرە ئەزموونێکیان هەبێت بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی لە ناکۆکییە دەروونی کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان چارەسەر بکەن و لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر بڕۆن؟ تیۆرییەکە میکانیزمێکی گشتگیری نییە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان.
لەڕاستیدا ئێریکسۆن دان بەوەدا دەنێت کە تیۆرییەکەی زیاتر تێڕوانینێکی گشتی وەسفکەرانەیە بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و سۆزداری مرۆڤ، بەڵام بە شێوەیەکی گونجاو ڕوونی ناکاتەوە کە چۆن یان بۆچی ئەم گەشەکردنانە ڕوودەدات. بۆ نموونە ئێریکسۆن بە ڕوونی ڕوونی ناکاتەوە کە دەرئەنجامی قۆناغێکی دەروونی کۆمەڵایەتی چۆن کاریگەری لەسەر کەسایەتی لە قۆناغێکی دواتردا دەبێت.
بەڵام ئێریکسۆن جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە تیۆریاکەی ئامرازێکە بۆ بیرکردنەوە نەک شیکارییەکی ورد بۆ حاڵەتەکان. مەبەست لەو کاتەدا ئەوەیە کە چوارچێوەیەک (framework) دابین بکات کە لەو چوارچێوەیەدا ڕوونکردنوەی گەشەکان لەبەرچاو بگیرێت نەک تیۆرێکی تاقیکراوەیی.
سەرچاوەکان
• Erikson, E. H. (1950). Childhood and society. New York: Norton.
• Erickson, E. H. (1958). Young man Luther: A study in psychoanalysis and history. New York: Norton.
• Erikson, E. H. (1963). Youth: Change and challenge. New York: Basic books.
• Erikson, E. H. (1964). Insight and responsibility. New York: Norton.
• Erikson, E. H. (1968). Identity: Youth and crisis. New York: Norton.
• Erikson E. H . (1982). The life cycle completed. New York: W.W. Norton & Company.
• Erikson, E. H. (1959). Psychological issues. New York, NY: International University
Press
• Freud, S. (1923). The ego and the id. SE, 19: 1-66.
• Gross, R. D., & Humphreys, P. (1992). Psychology: The science of mind and behavior. London: Hodder & Stoughton.
• McAdams, D. P. (2001). The psychology of life stories. Review of General Psychology, 5(2), 100.
• McCrae, R. R., & Costa Jr, P. T. (1997). Personality trait structure as a human universal. American Psychologist, 52(5), 509.