Categories
general

لایەنگیری کردار – Action Bias

لایەنگیری کردار – Action Bias

  • بۆچی پێمان وایە گەر ڕفتارێک بکەین باشترە لەوەی کە هیچ نەکەین؟
  • شەڕ لە بەتاڵی باشترە – ئەم قسەیەیە لە کوێوە هاتووە؟ ڕاستە؟

لایەنگیری کردار وەڵامی ئەم پرسیارانەمان دەداتەوە……

لایەنگیری کردار  Action Bias  چییە؟

لایەنگیری کردار واتە مەیلی ئێمە بۆ ئەنجامدانی کارێک لە جێگەی ئەنجامنەدانی هیچ کارێک، زۆرینەی کاتیش پێمان وایە کە لە قازانجی خۆمانە. هەندێک کات وا هەست دەکەین کە ناچارکراوین بۆ ئەنجامدانی کارێک، لە کاتێکدا هیچ بەڵگەیەکمان نییە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە ئەو کردارەی دەیکەین لە ئەنجامێکی باشترمان پێدەدات یاخود نا. خواستی ئێمە بۆ وەڵامدانەوەی کارتێکەرەکان بە ڕفتارێک بە شێوەیەکی مەرجداربوو و ئۆتۆماتیکی، بەبێ بیرکردنەوەیەکی ئەقڵانی بۆ ئەو وەڵامدانەوەیە کە پشگیری ڕفتارەکە بکات. ئەمە ناو نراوە بە “لایەنگیری کردار”.

لە کوێدا ئەم لایەنگیرییە ڕوودەدات؟

وێنای بکە تۆ گۆڵپارێزێکی، خۆت ئامادە دەکەیت بۆ ئەوەی پەنارتییەک بگریتەوە لە یارییەکی زۆر گرنگدا. بە ئەگەری زۆر هەوڵدەدەیت کە بەلای ڕاست یاخود بەلای چەپتدا خۆت هەڵبدەیت بۆ گرتنەوەی تۆپەکە، لە کاتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەگەر لە شوێنی خۆت بمێنیتەوە بتوانیت تۆپەکە بگریت!

باشە چ شتێک تۆ ناچار دەکات کە خۆت هەڵبدەیتە لایەکی گۆڵەکە وەک لەوەی لە جێگەی خۆتدا بمێنیتەوە؟ ئەمە پێی دەوترێ “لایەنگیری کردار”، ئەمە باوەڕێکە کە پێت وایە ئەنجامدانی شتێک باشترە لەوەی کە هیچ نەکەیت. لەوانەیە وا بیربکەیتەوە “گەر من جوڵەیەک بکەم، دوایی وەڵامێکم دەبێت بۆ ئەوانەی کە دەڵێن نەتتوانییوە گۆڵەکە بگریتەوە بەوەی کە هیچ نەبێت هەوڵێکی خۆمداوە بۆ گرتنەوەی تۆپەکە، بەڵام گەر لە شوێنی خۆم نەجوڵێم، هیچ وەڵامێکم بۆیان پێنابێت، چونکە لە ڕاستیدا هیچ شتێکم ئەنجام نەداوە!”. لە کاتێکدا گەر بە جۆرێکی تر بیر لە بابەتەکە بکەینەوە، دەکرێ یاریزانەکە لێدانەکە بەرەو ناوڕاستی گۆڵەکە بێت و  بە ئەنجامنەدانی هیچ جوڵەیەک تۆ بتوانیت تۆپەکە بگریتەوە!

کاریگەریەکانی

هەمیشە پێشخستنی کردار لە پێش بێ کرداری، بەبێ بوونی هۆکارێک بۆ پشگیری کردن لەسەر ئەوە، دەکرێ ببێتە هۆی ئەوەی مامەڵەی هەڵە لەگەڵ بارەودۆخەکان بکەین. وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ زۆرکات لەژێر فشاردایە نەک لۆجیک. بەو پێیەی بڕیارێکە بەبێ ئەوەی هەموو زانیارییە ئەگەرییەکان لەبەرچاو بگیرێت، “لایەنگیری کردار” دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کە ئێمە بە ڕێڕەوێکی هەڵەدا بڕۆین.

لەناو کۆمەڵگەدا، ئێمە بێ کرداری یاخود ئەوەی کەسێک هیچ نەکات بە شتێکی هەڵە دەزانین، هەربۆیە بە جێبەجێکردنی “لایەنگیری کردار” زیاتر پشگیری لەو بیروباوەرە هەڵەیە دەکەین. ئەمەش  دەکرێت وەک ڕێڕەوێک دزە بکاتە ناو توانای بڕیاردانمانەوە و لاوازی بکات.

بۆچی ئەم باوەڕە هەیە؟

چەندین بیروباوەڕ و پەندی کۆن دەکرێت ببنە دەروازەیەک بۆ دروستبوونی ئەم لایەنگیرییە. هەندێک لەوانە: (شەیتان کار بۆ دەستی بێکار دەکات ) ( شەڕ لە بەتاڵی باشترە )، ئەمانە و چەندین شێوەی دیکە لە پەند هەیە کە بەپێی نەتەوەکان جیاوازی هەیە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تۆ هەمیشە شتێک بکەیت باشترە لەوەی کە هیچ نەکەیت. هەربۆیە هەندێک چەمک و بیروباوەڕی لە مێژیینە دەکرێت بووبنە هۆی سەرهەڵدانی ئەم لایەنگیرییەوە، بەڵام  لە ڕووی تیۆرییەەوە لە ساڵانی (٢٠٠٠) ئاماژەی پێکراوە. هێشتا چەندین باس هەیە لەم بابەتەدا کە بەتەواوەتی لێی تێنەگەیشتووین. سەرەڕای ئەو هەموو سنورداریانە، ئەو توێژینەوانەی لەسەری کراوە گەیشتووین بە هەندێک ڕاستی سەبارەت بەم لایەنگیرییە.

ئایا فێریبووین یاخود لە سروشتماندا هەیە؟

هەزاران ساڵ پێش ئێستا، ڕفتاری ڕاستەوخۆ یاخود وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ بۆ کارتێکەرەکانی چواردەورمان، پێویست بووە بۆ ڕزگاربوون و مانەوەمان لە ژیان. هەربۆیە هەندێک دەڵێن کە ئەم مەیلە بۆ کردارکردن شتێکە لە سروشتماندا هەیە. لەو سەردەمەدا وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ بۆ کارتێکەرەکان شتێکی گونجاو بووە ئەویش بەهۆی ئەو ژینگەیەوە بووە کە تیایدا بووین.واتە دەتوانین بڵێین بەشێکی بەهۆی بەهێزکردنی ئەو پەرەسەندن و ئەزموونییەوەیە، کە وایکردووە کە کردار وەک ئامرازێک بۆ مانەوە سەیر بکەین.

هەمیشە لە قوتابخانە ئەو خوێندکارانەی کە بەژدارییان زۆرە لەلایەن ماموستاکانەوە خەڵات دەکرێن و ماموستاکان خۆشیاندەوێن لە بەرامبەر ئەو خوێندکارانەی کە بێدەنگن. خودی ئەم مۆدێلە لە ڕفتاری ماموستا بەرامبەر خوێندکار، وادەکات خوێندکار زیاتر بەژداربێت، تا وایلێدێت دەبێتە خوویەک ( لێرەدا مەبەستمان ئەو جۆرە لە بەشداریکردنەیە کە خوێندکار بەهۆی بنەمایەکی دروست یاخود وەڵامدانەوەیەکی دروست و پێویست بەشداردەکات لە چالاکییەکان کە زۆرکات دەبێتە هۆی شەرمەزاربوون و شکاندنەوەی خوێندکار).

تەنها خەڵاتکردن بۆ ئەنجامدانی کارێک، نەک تەنها دەبێتە خۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی “لایەنگیری کردار”. بەڵکو بۆ سزادانی بێ کردەوەش. لە یەکێک لە توێژینەوەکان باس لەوە دەکات کە ئەو کەسانەی کە ئەزموونی ناخۆشیان لەگەڵ (بێ کرداری)یدا هەبووە، ئەگەری زیاتریان هەیە کە بەشداری لە “لایەنگیری کردار”دا بکەن. ئەمەش ئێمە ئاڕاستە دەکات کە هەوڵبدەین ڕفتار بکەین بۆ ئەوەی دووبارە ئەزموونی ئەو ناخۆشی و شکستانە نەکەینەوە. لەڕاستیدا ئەمە گرفتێکی گەورەیە  لە کاتێکدا پێویستە هیچ نەکەین و خۆمان مەرجدارکردبێت بەوەی کە دەبێت هەر ڕفتارێک ئەنجامبدەین.

  • NLP سودەکانی
  • بەرچاوڕونی سەبارەت بە  ئامانج و بەهاکانت.
  • زیاتر متمانە بەخۆبوون.
  • بەهێزکردنی تواناکانی سەرکردایەتی.
  • پەرەپێدانی ستراتیژی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
  • مامەڵەکردن لەگەڵ ئازار و هەستیاری
  • شکاندنی ڕەفتار و  خووە خراپەکان .
  • پەرەپێدانی پەیوەندی بەهێزتر و تەندروستتر. 
  •  باشترکردنی تواناکانی پەیوەندیکردن و پێشکەشکردن .
  • مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخە چاوەڕواننەکراوەکانی ژیاندا.
  • تێگەیشتن لە توانا و ستراتیژی و بیرکردنەوەی کەسانی سەرکەوتوو. 
  • باشترکردنی ئەدای تیم و ڕێکخراوەیی . 
  • وزە و ئارامی زیاتر لە ژیاندا

ئاوات ئەکادیمی هەستاوە بە کردنەوەی کۆرسی NLP

ئەم کۆرسە بۆ کێیە؟

تایبەتمەندییە کەسییەکان و لایەنگیری کردار

هەندێک کات مەیلی ئێمە بۆ ئەم لایەنگیرییەو لە هەستی کۆنتڕۆڵکردنەوە سەرچاوە دەگرێت. بە ئەنجامدانی شتێک، هەستی ئەوەمان بۆ دروست دەبێت کە ئێمە دەتوانین کارێک بکەین یاخود دەتوانین گۆڕانکارییەک دروست بکەین یاخود توانای کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکانمان هەیە. لە هەمان کاتدا، باوەڕمان وایە گەر ئێمە هیچ شتێک نەکەین واتە کۆڵمانداوە و ئەوەمان قبوڵکردووە کە ناتوانین هیچی دیکە لەوە زیاتر بکەین.

جگە لەوەش ئێمە بە گشتی ئەنجامدانی کار و ئاستی بەرهەمداریمان هاوتەریب کردووە. ئەوەش بەو مانایەی کە دەبینین کەسێک زۆر سەرقاڵە وا دەزانین زۆربەرهەمدارە، یاخود بۆ خودی خۆمان پێمان وایە گەر سەرقاڵبین واتە کەسێکی بەەرهەمدارترین چونکە کارانێکی زیاتر ئەنجام دەەدین.

چۆن خۆمانی لێ بپارێزین؟

ڕاهێنان کردن لەسەر خۆپاراستن لە “لایەنگیری کردار” پێویستی بە دووبارە خۆفێرکردنەوە هەیە لەسەر وەڵامدانەوەکانمان بۆ کارتێکەرەکان لە بارودۆخە ناڕوونەکاندا. لە جێگەی ئەوەی ڕاستەوخۆ کاردانەوە بنوێنین بۆ کارتێکەر و وروژێنەرەکان، پێویستە ئێمە لێکەوتەکانی ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی ئەو کارە بگرینەبەرچاو، هەروەها وە هەڵسەنگاندنێکی ئەقڵانی بۆ جۆری وەڵامدانەوەکەمان بکەین و توانای خۆکۆنتڕۆڵکردمان ببەینە سەرەوە. ئەم هەنگاوانەش پێویستی پرۆسەیەکی درێژمەودا هەیە…..

  • سەرچاوەکان
  • Bar-Eli, M., Azar, O.H., Ritov, I.
  • , Keidar-Levin, Y., and Schein, G. (2007). “Action bias among elite soccer goalkeepers: The case of penalty kicks.” Journal of Economic Psychology. 28(5), 606-621. DOI: 10.1016/j.joep.2006.12.001
  • Patt, A, and Zeckhauser, R. (2000). “Action Bias and Environmental Decisions”. Journal of Risk and Uncertainty. 21(1), 45-72
  • Zeelenberg, M., van den Bos, K., van Dijk, E., and Pieters, R. (2002). “The Inaction Effect in the Psychology of Regret”. Journal of Personality and Social Psychology. 82(3), 314-327. DOI: 10.1037//0022-3514.82.3.314
  • Kiderman A, Ilan U, Gur I, Bdolah-Abram T, Brezis M. (2013). “Unexplained complaints in primary care: evidence of action bias”. Journal of Family Practice. 62(8), 408-413.