Categories
Religion

پێشەوا ئیمامی مسلم

پێشەوا ئیمامی مسلم

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان


پێشەوا ئیمامی مسلم ( 204 -261 ) ك


ئیمامی موسلیم یەكێكە لە پێشەوایانی فەرموودەناسان و خاوەنی كتێبی (الصحیح)ە كە لە پاش (صحیح البخاری) دێت لای زۆربەی زانایان , بەلآم كەمێك لە زانایان وەك زانایانی رۆژئاوا (المغاربە) و أبو علی النیسابوری (صحیح مسلم) پێش دەخەن , أبو علی النیسابوری دەڵێت : لە ژێر سێبەری ئاسماندا هیچ كتێبێك نییە لە فەرموودەناسیدا لە صحیح مسلم راستتر بێت .
ناو و رەچەڵەكی و لەدایكبوونی :
ناوی ئەم پێشەوا مەزن و گەورە و پایەدارە (ابو الحسین) , (مسلم )ی كوڕی (الحجاج) ی كوڕی (مسلم) كوڕی (ورد) ی كوڕی (كوشاذ) القشیری النیسابوری ) یە لە ساڵی (204) كۆچی لە ( قشیر ) لە (نیسابور) لەدایكبوە كە دەكەوێتە ناوچەی خوراسانەوە , (القُشَیْری ) : ئەم نەسەبە دەگەڕێتەوە بۆ (قشیر) كوڕی (كعب) ی كوڕی (ربیعە)ی كوڕی (عامر)ی كوڕی (صعصعە) كە قەبیلەیەكی گەورەیە و زۆر لە زانایان سەر بەو قەبیلەیەن خۆیان بە ئەوانەوە دەناسێنن لەوانە ئیمامی مسلم , ئەم نەسەبەی ئیمامی مسلم نەسەبی ( اصل)ە هەر لە نیسابور نیشتەجێ بوە لە خوراسان . كابرایەكی بالآ بەرز بوە و لێواری عەمامەكەی شۆر دەكردەوە بە نێو شانیدا .


گەڕان بە دوای زانست و گوێگرتن لە فەرموودە :


لە ساڵی 218 ك ئیمامی موسلیم دەستی كردوە بە گوێگرتن لە فەرموودە لە (یحیى ی كوڕی یحیى التمیمی) , ئەوە بە یەكەم گوێگرتن دێتە ژماردن , هەر لە تەمەنی منداڵییەوە بە شوێن زانست و فەرموودەدا گەڕاوە وە لەو پێناوەدا سەردانی زۆربەی فەرموودەناسانی ولآتانی كردوە سەردانی حیجاز و شام و خوراسان و الری و عیراق و مەككە و مەدینە و میسر ی كردوە . لە ساڵی 220 ك چوە بۆ حەج هێشتا مووی لێنەهاتبوو .
مامۆستاكانی :
لە مەككە گوێبیستی (القعنبی) بوو كە بە گەورەترین مامۆستای دادەنرێت و لە شاری (كوفە) گوێبیستی (أحمد ی كوڕی یونس) بوە پاشان گەڕاوەتەوە نیشتمانەكەی خۆی , پاش چەند ساڵێك سەفەری كردوە بۆ شارەكان و بە زۆری لای (علی كوڕی الجعد) دانیشتوە بەلآم لە (صحیح)ەكەیدا هیچ فەرمودەی لێ نەگێڕاوەتەوە . ژمارەی مامۆستاكانی 220 مامۆستا زیاتر بوە لەوانە مامۆستایانی ئەو شارانەی كە باسمان كرد و وەكو ( احمد بن حنبل و اسحاق بن راهویە و یحیى بن معین و بوخاری و الدارمی و ابن حمید ) و هەروەها مامۆستاكانی ئیمامی بوخاری .
لێرەدا – بە پشتیوانی خوا – ناوی دە مامۆستا دەهێنن كە ئیمامی موسلیم لە هەموو كەسێك زیاتر فەموودەی لێیان گێڕاوەتەوە لەوانە :
أبو بكر ابن أبی شیبە و أبو خیثمە زهیر بن حرب و محمد بن المثنى(الزمن) و قتیبە بن سعید و محمد بن عبدالله بن نمیر و أبو كریب محمد بن العلاء ابن كریب و محمد بن بشار(بندار) و محمد بن رافع النیسابوری و محمد بن حاتم (السمین) و علی بن حجر السعدی .
ئیمامی بوخاری لە هەموو ئەو مامۆستایانەوە فەرموودەی گێڕاوەتەوە تەنها لە محمد بن حاتم نەبێت كە هیچ فەرموودەیەكی لێنەگێڕاوەتەوە .
پێشەوا ابن الصلاح الشهرزوری دەڵێت : هەرچەندە (مسلم) زانیارییەكی زۆری لە بوخاری یەوە وەرگرتوە بەلآم بەشداری ئەو دەكات لە زۆربەی مامۆستاكانیدا ) واتە : زۆربەی مامۆستاكانی بوخاری مامۆستای موسلیم بوە .
هەروەها ئیمامی بوخاری بە دیارترین مامۆستای ئیمامی موسلیم دادەنرێت و زۆر سوودی لێوەرگرتوە و شوێن پێی ئەوی هەڵكردوە لە وەرگرتن و گواستنەوەی فەرموودەدا .
زۆر جار ئیمامی (مسلم) دەهات بۆ لای ئیمامی بوخاری و نێو چاوانی ماچ دەكرد و دەیفەرموو:- لێم گەڕێن با هەردوو پێت ماچ بكەم ئەی مامۆستای مامۆستاكان و گەورەی فەرموودەناسان و پزیشكی فەرموودە لە (علل) ەكانیدا .
كاتێ ئیمامی بوخاری سەردانی نیسابوری كرد ئیمامی موسلیم بوو بە یەكێ لە قوتابیەكانی و لێی جیا نەبوەوە و بە جێی نەدەهێشت و لە زانستەكانی ئەو سوود مەند بوو , رێگاكەی ئەوی گرتە بەر و زۆر بەرگری لە خۆی و بۆچوونەكانی دەكرد تەنانەت لە پێناوی ئەودا وازی لە مامۆستاكەی خۆی كە ( محمد ی كوڕی یحیى الذهلی) بوو هێنا چونكە رۆژێكیان (الذهلی) لە مەجلیسەكەی خۆیدا -كە ئیمامی موسلیمیش ئامادە بوو- گوتی :- هەر كەسێ بۆچوونی وەكو بوخاری یە دەربارەی مەسەلەی ( اللفظ بالقرآن ) با هەستێت و مەجلیسەكەمان بە جێبهێڵێ , بۆیە یەكسەر ئیمامی موسلیم هەستا و گەڕایەوە بۆ ماڵەكەی خۆی , هەر فەرموودەیەكی لە (الذهلی) یەوە كۆ كردبوەوە هەمووی كۆ كردەوەو گەڕانییەوە بۆ (الذهلی) و چیتر فەرموودەی لە ئەوەوە نەگێرایەوە نە لە (صحیح)ەكەیدا و نە لە كتێبێكی تردا كۆمەڵێكی زۆر لە فەرموودەناسان فەرموودەیان لە ئیمامی ( موسلیم) ەوە گێڕاوەتەوە كە تیایاندا پێشەوا بوون لەو سەردەمەدا هەندێكیان هاوەڵی خۆی بوون لەوانە ( أبو حاتم الرازی )و ( موسا ی كوڕی هارون ) و ( أحمد ی كوڕی سلمە ) و ( الترمذی ) و چەندانی تر , زانایان یەكدەنگن لە سەر ئەوەی كە موسلیم پێشەوایەكی پایەبەرز و بەڕێزە و لە بوراەكەی خۆی دا لێهاتوو بووەو پێش كەوتوە بەڵگەیشمان لە سەر ئەوە كتێبەكەیەتی كە بە (صحیح مسلم ) ناسراوە

قوتابییەكانی :


ئیمامی موسلیم چەندەها قوتابی هەبوە كە زۆربەیان لە زانایان و فەرموودەناسان و ناودارانن هەندێك لەوانەی كە فەرموودەیان لێگێڕاوەتەوە قوتابی خۆی بوونە , لە قوتابییە ناودارەكانی : (أبو الفضل أحمد بن سلمە و ابراهیم بن أبی طالب و أبو عمرو الخفاف و حسین بن محمد القبانی و أبو عمرو المستملی و صالح بن محمد الحافظ و علی بن الحسن الهلالی و محمد بن عبدالوهاب الفراء -كە ئەو دوانە مامۆستای بوونە – هەروەها علی بن الحسین بن الجنید و ابن خزیمە و ابن صاعد …هتد
ئیمامی الترمذی تەنها یەك فەرمودەی لێگێراوەتەوە لە (جامع)ەكەیدا .
چەند نمونەیەك لە قسەی زانایان دەربارەی ئیمامی موسلیم :
هەردوو زانای بە ناوبانگ أبو زرعە و أبو حاتم ئیمامی موسلمیان پێش دەخەست بە سەر هەموو زانایانی سەردەمی خۆیدا لە زانیاری دەربارەی فەرموودەی راست و دروست .
جارێكیان اسحاق ی كوڕی منصور بە ئیمامی مسلم دەڵێت : لەخەیر و چاكە بێبەش نابین تا خوای گەورە تۆ بۆ موسڵمانان بهێڵێ .
ابن الأخرم دەڵێت : ئەم شارەی ئێمە سێ پیاوی تێدا هەڵكەوتوە لە فەرموودەدا ئەوانیش : محمد ی كوڕی یحیى و ابراهیم ی كوڕی أبی طالب و مسلم))
محمد بن بشار (بندار ) دەڵێت :- ( حفاظ ی ئەم دونیایە چوار كەسن ابو زرعە لە الری ومسلم لە نیسابور و عبدالله الدارمی لە سمرقند و محمد بن اسماعیل لە بوخارا )
ئیمامی الذهبی لە (سیر أعلام النبلاء)دا لە سەرەتای باسی ژیانی موسلیمدا دەڵێت :- ((الامام الكبیر الحافظ المجود الحجە الصادق )) هەروەها دەڵێت : ئیمامی موسلیم یەكێكە لە پایەكانی فەرمودە )


نوسینەكانی :


ئیمامی موسلیم چەند كتێبێكی نوسیوە كە تاكو ئێستا موسڵمانان سوودی لێوەردەگرن و كردویانەتە سەرچاوەی زانست و زانیاری خۆیان لەوانە :

  1. صحیح مسلم : سێ سەد هەزار فەرموودەی كۆ كردبوەوە ئەمجار دەستی كرد بە گوڵبژێر كردنی بۆ ماوەی پازدە ساڵ پاشان كتێبی ( الصحیح) ی نوسی كە دوازدە هەزار فەرموودەی لە خۆ گرتوە .
  2. الكنى والاسماء .
  3. طبقات التابعین .
  4. اولاد الصحابە
  5. المسند الكبیر على أسماء الرجال .
  6. الجامع الكبیر على الأبواب .
  7. العلل .
  8. أوهام المحدثین .
  9. التمییز .
  10. من لیس له إلا راو واحد .
  11. المخضرمین .
  12. الأفراد .
  13. الأقران .
  14. سۆالات أحمد بن حنبل .
  15. حدیث عمرو بن شعیب .
  16. الانتفاع بأهب السباع .
  17. مشائخ مالك .
  18. مشائخ الثوری .
  19. مشائخ شعبە .
  20. أفراد الشامیین .

كۆچی دوایی :


ابن كثیر دەگێرێتەوە و دەڵێت : هۆی مردنی ئیمامی موسلیم ئەوە بووە كە جارێكیان مەجلیسێكیان بۆ ئیمامی موسلیم رێكخست , لەو مەجلیسەدا پرسیارێكیان لێكرد و ئەویش نەیزانی , كاتێ گەڕایەوە ماڵەوە چرایەكی داگیرساند و بە خێزانەكەی فەرموو : با ئەمشەو هیچ كەسێك نەیەتە ژوورەوە بۆ لام , لە پێش ئەوە سەبەتەیەك خۆرمایان بە دیاری دابویە بە تەنیشت خۆیەوە داینابوو , ئەمجار خورمایەكی دەخوارد و تەماشای فەرموودەیەكی دەكرد , ئا بەو شێوەیە تاكو رۆژ بووەوە و هەموو خورماكەی خوارد كەچی هەستی پێنەكرد , بۆیە ئەوە بوە هۆی نەخۆش كەوتن و ئەمجار مردنی لە ساڵی 261 ك لە نیسابور و لە تەمەنی پەنجا و حەوت ساڵیدا و لە نصر اباد نێژردرا كە دەكەوێتە نیسابور .
خوای گەورە پاداشتی چاكە بداتەوە و لە تاوانەكانی ئێمە و ئەویش خۆش بێت هەر خۆی پشت و پەنامانە و توانای بە سەر هەموو شتێكدا هەیە .
وصلى الله على حبیبی وقرە عینی محمداً وعلى آله وصحبه وسلم .

سەرچاوەكان :

  1. سیر اعلام النبلاء / الإمام شمس الدین محمد بن أحمد بن عثمان الذهبی .
  2. البدایە والنهایە /الحافظ ابن كثیر.
  3. الحدیث والمحدثون أو عنایە الأمە الأسلامیە بالسنە النبویە /محمد محمد ابو زهرە .
  4. عظماء الإسلام / محمد سعید مرسی .
  5. مجلە الجامعە الاسلامیە / عبدالمحسن العباد / تحت عنوان (الإمام مسلم وصحیحه ) .