Categories
phsychology

14 cognitive distortionsشێواوی مەعریفی

14 cognitive distortions شێواوی مەعریفی

شێواوی مەعریفی: بریتییە لە هەڵەی سیستماتیکی (systematic errors) یان لایەنگیری (biases) لە شێوازەکانی بیرکردنەوەدا کە دەتوانێت ببێتە هۆی تێگەیشتنێکی نادروست یان ئەقڵانی بۆ واقیع. بە شێوەیەکی باو لەو کەسانەدا دەبینرێن کە حاڵەتی دەروونییان هەیە، وەک دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و تێکچوونەکانی تری باری دەروونی، هەروەها لە کەسانی ئاسایشدا هەیە. کە دەکرێت کاریگەری لەسەر خۆشگوزەرانی (well-being) و توانای  بڕیاردان و چۆنایەتی پەیوەندییەکان هەبێت.

ئەم شێواویانە بریتیین لە لێکدانەوەی بارودۆخەکان یان زانیارییەکان بە شێوەیەک کە لەگەڵ واقیعی بابەتییدا (objective reality) نەگونجێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی هەست و ڕەفتاری نەرێنی. شێواوی مەعریفی دەتوانێت لە پرۆسەی بیرکردنەوەی ئۆتۆماتیکیدا دەربکەوێت کە زۆرجار لەسەر ئاستی ئاگاییدا لێکەوتی دەبێت.

ناسینەوەی ئەم بیرکردنەوە شێواوانە دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ چاککردنیان.

لێرەدا ئاماژە بە 14 شێواوی مەعریفی دەکەین لەگەڵ نمونە بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر.

پڕۆگرامی چالاککردنەوەی مێشک و یادگە – نهێنی ڕاستەقینە بۆ گەیشتن بەو پەڕی سەرکەوتن لە ژیاندا –

١– فلتەرکردن

فلتەرکردن واتە فلتەرکردنی هەموو لایەنە ئەرێنی و باشەکانی بارودۆخێک و تەرکیز خستنە سەر لایەنە نەرێنییەکان. تەنانەت ئەگەر لایەنی ئەرێنی زیاتر بێت لە نەرێنی لە دۆخێکی دیاریکراودا، یان کەسێکدا، ئەوا تەنها سەرنجت لەسەر نەرێنییەکان دەبێت.

نموونە

لە کاتی پێداچوونەوەی کاتەکان و ئەنجامەکانی کارکردنی مانگانەت لە کۆمپانیا، بەڕێوبەرەکەت چەند جارێک دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونەکانت دەکات، بەڵام لە کۆتاییدا یەک پێشنیارت بۆ دەکات بۆ خۆ باشترکردن. لەدوای ئەوەوە، هەست بە خراپی و کەمی دەکەیت بە درێژایی ڕۆژ بەهۆی ئەو پێشنیارەوە!

٢– بیرکردنەوەی جەمسەرگیری یان (هەموو یان هیچ)

بیرکردنەوەی جەمسەرگیری بریتییە لە بیرکردنەوە لە خۆت و جیهان بە شێوەیەکی “هەموو یان هیچ”. کاتێک بیرکردنەوەکانت یان  ڕەش یان سپی دەبێت و بوارێک بۆ  خۆڵەمێشی نییە، ئەم جۆرە شێواوییە مەعریفییە ڕابەرایەتی بیرکردنەوەکانی کردوویت.

نموونە

  • یان دەبێت کەسێکی باش بیت یان کەسێکی خراپ.
  • یان خوێندکارێکی زیرەکی لە خوێندنگە یان بەکەڵکی هیچ نایەیت.
  • یان دەوڵەمەندی و دزیت یان هەژار و دەستپاکی.
  • پلانت داناوە لەمەودوا خواردنی تەندروست بخۆیت، بەڵام جارێک خواردنێکی خێرات خوارد. لەپاش ئەمە، پێت وایە تۆ هەموو پلانەکەت تێک داوە بۆیە دەچیتەوە سەر شێوازی خواردنە کۆنەکە.

٣– گشتاندن

کاتێک لە شتێکدا زیادەڕەوی دەکەیت، ئەنجامێکی نەرێنی وەردەگریت و دەیکەیتە ڕێڕەوێکی بێکۆتایی لە دۆڕان و شکست. لە گشتاندنێکی زۆردا، وشەکانی وەک “هەمیشە”، “هەرگیز”، “هەموو شتێک” و “هیچ” لە شەمەندەفەری بیرکردنەوەتدا زۆر دەبن.

نموونە

  • کاتێک هاوڕێیەکت بە جۆرێک لە جۆرەکان زویرت دەکات، دەڵێیت ” هەرگیز جارێکی دیکە قسەی لەگەڵ ناکەم!”
  • لە کۆبوونەوەیەکدا بۆ سەرخستنی پڕۆژەیەک قسە دەکەیت، بەڵام بیرۆکەکەت ڕەت دەکەنەوە. دواتر دەڵێیت “هەرگیز جارێکی دیکە قسە ناکەم!”
  • کاتێک دەچیت بۆ سەر کار و درەنگ کەوتوویت، لەناکاو توشی ڕووداوێکی هاتوچۆ دەبیت. ڕاستەوخۆ بیردەکەیتەوە”هەرگیز هیچ شتێکی باش بۆ من ڕوونادات!”

چۆن دەبیتە خاوەنکارو سەرکەوتووشبیت لە هەمان کاتدا

٤- کەم نرخاندنی ئەنجامە ئەرێنییەکان

کەمکردنەوەی ئەنجامی ئەرێنی هاوشێوەی فلتەرکردنی دەروونییە. جیاوازی سەرەکی ئەوەیە کە دەتەوێت ئەنجامە باشەکانی خۆت کەم بنرخێنی وەک لەوەی کە هەیە.

نموونە

  • گەر هەموو ماڵەکەت بۆ دایکت خاوێن بکەیتەوە، کاتێک دایکت دەستخۆشیت لێدەکات، هەست دەکەیت دەبوایە شتی زیاتریش بکەیت چونکە شایەنی ئەو دەستخۆشیانە نیت.
  • ئەگەر بەڕێوبەرەکەت پێت بڵێت کە ڕاپۆرتەکەت چەندە نایاب بووە، ئەوا تۆ لە نرخی کەم دەکەیتەوە بۆ شتێک کە هەر کەسێکی تریش دەتوانێت بیکات.
  • ئەگەر لە چاوپێکەوتنێکی کاردا باش دەربکەویت، پێت وایە لەبەر ئەوەیە کە ئەوان درکیان بەوە نەکردووە کە تۆ ئەوەندە باشیش  نیت.

٥- بازدان بۆ ئەنجام

کاتێک باز دەدەیت بۆ ئەنجامەکان، ڕووداوێک یان دۆخێک بە شێوەیەکی نەرێنی لێکدەدەیتەوە بەبێ ئەوەی بەڵگەیەک پشتگیری ئەنجامێکی لەو شێوەیە بکات.

نموونە

هاوسەرەکەت بە شێوەیەکی تووڕە دێتەوە ماڵەوە. لەبری ئەوەی بپرسیت چۆنە، ڕاستەوخۆ لە مێشکی خۆتدا دەڵێیت “دیارە لێم تووڕەیە” بەڵام لە ڕاستیدا ئەمڕۆ لەوانەیە تووڕەبوونەکەی بەهۆی زۆری کارەکانی ئەمڕۆی بووبێت.

٦- بەد بینی

بەد بینی واتە لە هەموو بارودۆخەکاندا باز دەدەیت بۆ خراپترین ئەنجام، هەرچەندە ئەگەری ئەوەش بوونی نەبێت. ئەم شێواندنە مەعریفییە زۆرجار لەگەڵ پرسیارەکانی “چی ئەگەر…..؟”دا دێت.  ڕەنگە چەندین پرسیار لە وەڵامی ڕووداوێکدا بەدوای خۆیدا بهێنێت.

نمونە

  • چی دەبوو ئەگەر بەهۆی ئەوەی تووشی ڕووداو بووە تەلەفۆنی نەکردبێت؟
  • چی ئەگەر نەگەیشتبێت چونکە بەڕاستی نەیدەویست کات لەگەڵم بەسەر ببات؟
  • چی ئەگەر یارمەتی ئەم کەسە بدەم و لە کۆتاییدا خیانەتم لێ بکەن یان وازیان لێ بێنم؟

٧- بە شەخسی وەرگرتن

بە شەخسی وەرگرتن وا دەکات باوەڕت بەوە هەبێت کە تۆ بەرپرسیاریت لە هەموو ئەو ڕووداوانەی کە بە تەواوی یان بەشێکیان لە ژێر کۆنترۆڵی تۆدا دەرچوون. ئەم شێواوییە مەعریفییە زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوەی هەست بە گوناهـ یان تاوان بکەیت بەبێ ئەوەی بیر لە هەموو هۆکارەکانی پەیوەست بەو بابەتە بکەیتەوە.

نموونە

  • منداڵەکەت تووشی ڕووداوێک دەبێت، تۆش خۆت تاوانبار دەکەیت کە ڕێگەت پێداوە بچێتە دەرەوە.
  • هەست دەکەیت ئەگەر هاوبەشی ژیانت زووتر لە خەو هەستابایە، لە کاتی خۆیدا ئامادە دەبوویت بۆ کارکردن.
  • لە کاتی دۆڕان لە یارییەکی گروپیدا، هەست دەکەیت ئەنجامەکە بەهۆی هەڵەکانی تۆوە بووە.
  • هاوڕێکەت باسی بیروباوەڕی شەخسی خۆی دەکات سەبارەت بە پەروەردەکردنی منداڵ، تۆش قسەکانی وەک هێرشێک لە دژی شێوازی پەروەردەکردنی خۆت وەردەگریت، واتە وا هەست دەکەیت کە ئەو پێی وایە تۆ هەڵەی لە پەروەردەکردنی منداڵەکەت و دەبێت منداڵ بەو جۆرە پەروەردە بکەیت کە ئەو باسی دەکات، لە کاتێکدا ئەو لە ڕوانگەی خۆیەوە قسەی لەسەر بابەتەکە کردوە بەڵام تۆ بە شەخسی قسەکەت وەرگرت.

٨- وەهمی کۆنتڕۆڵکردن

وەهمی کۆنتڕۆڵکردن بە دوو ڕێگە کاری خۆی دەکات: هەست دەکەیت تۆ بەپرسیاری کۆنتڕۆڵکردنی هەموو شتێکی ژیانی خۆت و ئەوانی دیکە، یان هەست دەکەیت بە  هیچ جۆرێک بەپرسیاری کۆنتڕۆڵی ژیانی خۆت و ئەوانی دیکە نیت.

نموونە

  • ئەمڕۆ بڕیار بوو ڕاپۆرتێک ئامادەبکەیت بەڵام نەتکرد. ڕاستەوخۆ بیر لەوە دەکەیتەوە “بێگومان نەمتوانی تەواوی بکەم! چونکە بەڕێوبەرەکەم زۆر ئیشم پێدەکات و ئەمڕۆ لە ئۆفیسەکەدا هەمووان زۆر دەنگیان بەرز بوو. کێ دەتوانێت کارێکی بەو شێوەیە ئەنجام بدات؟”
  • پێت وایە تۆ سەرچاوەی هەموو دڵخۆشی و غەمباری کەسێکی دیکەی. پێت وایە هەست و ڕفتارەکانی ئەو کەسە بەهۆی ڕفتار و هەستەکانی تۆوەیە.
  • دەکرێت پێت وابێت گەر منداڵێک لەبەرچاوت ئۆتۆمبێل لێی بدات بەلاتەوە گرنگ نەبێت لەبەر ئەوەی دایکی دەبێت چاودرێری بکات!

٩- هەڵەی دادپەروەری

ئەم شێواویە مەعریفییە ئاماژەیە بۆ پێوانەکردنی هەموو ڕەفتار و بارودۆخێک لەسەر پێوەرێکی دادپەروەری. کاتێک هەست دەکەیت کە کەسانی تر هەمان بەهای دادپەروەری بۆ بارودۆخ و ڕووداوەکان دانانێن، ئەمەش ناڕەزاییت بۆ دروست دەکات. بە واتایەکی تر، تۆ باوەڕت وایە کە دەزانیت چی دادپەروەرەییە و چی نا دادپەروەرییە،  کاتێکیش لەگەڵ کەسانی دیکە ناکۆک دەبیت، هەست بە دڵتەنگی دەکەیت.

هەڵەی دادپەروەری دەبێتە هۆی ئەوەی لەگەڵ هەندێک کەس و بارودۆخدا ڕووبەڕووی ناکۆکی ببیتەوە، چونکە بەپێویستی دەزانیت کە هەموو شتێک بەپێی بنەماکانی خۆت “دادپەروەرانە” بێت. بەڵام دادپەروەری بە دەگمەن ڕەهایە و زۆرجار دەکرێت بارودۆخەکان خۆپەرستانە بێت.

نموونە

چاوەڕێی ئەوە دەکەیت هاوبەشی ژیانت بێتە ماڵەوە و مەساج بۆ پێیەکانت بکات. پێت وایە ئەمە دادپەروەرانەیە چونکە هەموو پاشنیوەڕۆت بەسەر بردووە لە دروستکردنی ژەمی ئێوارە! بەڵام ئەو بە ماندووییەوە دەگاتە ماڵەوە و تەنها دەیانەوێت حەمامێک بکات. ئەو پێی وایە  ئەوە دادپەروەرانەیە  کە ساتێک بۆ پشوودان لە ژاوەژاوی ڕۆژەکە تەرخان بکات، بۆ ئەوەی دواتر بتوانێت گرنگییەکی تەواوت پێبدات و پێکەوە چێژ لە ژەمی ئێوارەکە وەربگرن لەبری ئەوەی بە ماندووییەوە نانەکەت لەگەڵ بخوات.

١٠- لۆمەکردن

لۆمەکردن ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کەسانی دیکە بکەیتە بەرپرسیار لە چۆنیەتی هەستەکانت.

“تۆ واتکرد هەست بە خراپی بکەم” ئەمە دەستەواژەیە بەزۆری پێناسەی ئەم شێواویە مەعریفییە دەکات. ڕاستە، کەسانی دیکەش دەبنە هۆی هەستی ئازاربەخش،  بەڵام لە کۆتاییدا  هەر خۆتیت کە کۆنتڕۆڵی هەستەکانت دەکەیت لە زۆربەی بارودۆخەکاندا. شێواوییەکە لەو باوەڕەوە دێت کە ئەوانی تر هێزێکی گەورەیان لەسەر ژیانت هەیە، تەنانەت زیاتر لە خۆت.

نموونە

هاوبەشی ژیانت سەرنجێکی خراپ لەسەر جلە نوێیەکەت دەدات پاشان  هەست بە ناڕەحەتی دەکەیت بە درێژایی ڕۆژەکە. پێیان دەڵێیت: “ئێوە وا دەکەن هەست بە خراپیی خۆم بکەم”.

پێت وایە گەر کەسێک ڕەخنەت لێ بگرێت، ئەمە مانای لاوازی تۆیە.

لە شوێنێک لە کەسێک زۆر تووڕە دەبیت لەبەر ئەوەی پێت پێکەنیوە، واتە هۆکارەی توڕەبوونەکەت پێکەنینەکەی بەرامبەر بووە.

بۆ ئەوەی کاریگەرتربیت لە پەیوەندیەکان  و چارەسەر کردنی کێشەکان و گەشتن بە ئامانجەکانت.وە بتوانیت جیهان لە دیدگایەکی دیکەوە ببینیت . وە بۆ ئەوەی  هۆشیارتر و ئارامتر بیت لە بەرەوڕوبونەوە ئاستەنگەکان ئەوا دەتوانیت بەشداری لە کۆرسی NLP بکەیت

ئەم کۆرسە بۆ کێیە؟

١١- دەبێت

وەک شێواوییەکی مەعریفی، لێدوانەکانی “دەبێت” وەک یاسای ئاسنین و بابەتین کە بۆ خۆت و کەسانی دیکە دایدەنێیت، بەبێ ئەوەی تایبەتمەندییەکانی بارودۆخەکە لەبەرچاو بگریت. پێت وایە  شتەکان دەبێ بە شێوەیەکی تەواو بن بەبێ هیچ لادان و تێکچوونێک.

نموونە

  • پێت وایە مرۆڤەکان دەبێت هەمیشە لە کاتی خۆیاندا ئامادە بن.
  • دەبێت کارەکان هەمیشە بەباشی بەڕێوە بچن.
  • پێت وایە کەسێک کە سەربەخۆ بێت لە ڕووی داراییەوە، دەبێت هەر خودی خۆی بتوانێت بەتەواوی بژێوی ژیانی دابین بکات و هەرگیز داوای یارمەتی نەکات.
  • پێت وایە ئەو خوێندکارەی زۆر کۆشش بکات، دەبێت نمرەی بەرز بەدەست بهێنێت.
  • پێت وایە ئەوەی تەمەنی زۆر بێت دەبێت کەسێکی ئاقڵتر بێت لەوانەی کە تەمەنیان لەو کەمترە.

لەوانەیە بەردەوام بە خۆت بڵێیت “دەبێت باشتر بیت”. کاتێک ئەم شتانە ڕوونادات — ئیتر بە هەر هۆکارێکی جیاواز — هەست بە تاوانباری، گوناهـ  دەکەیت یان نائومێد دەبیت.

لەوانەیە باوەڕت بەوە هەبێت کە بەم جۆرە (دەبێت) انە پاڵنەر و هاندان  بۆ خۆت دروست بکەیت، وەک “پێویستە هەموو ڕۆژێک بچمە هۆڵی وەرزش” بەڵام کاتێک بارودۆخەکان دەگۆڕدرێن، و ناتوانیت ئەوەی پێویستە بیکەیت، توڕە دەبیت و دڵتەنگ دەبیت.

١٢- لایەنگیری  خود سەنتەری

لایەنگیری خود سەنتەری وادەکات چاوەڕێی ئەوە بکەیت کە کەسانی دیکە دەبێت ڕێگاکانیان بگۆڕن بۆ ئەوەی لەگەڵ چاوەڕوانییەکان یان پێداویستییەکانی تۆدا بگونجێت.

نموونە

  • تۆ دەتەوێت هاوسەرەکەت تەنها سەرنجی لەسەر تۆ بێت، سەرەڕای ئەوەی دەزانیت کە ئەو کەسێکی کۆمەڵایەتییە و زۆر حەز دەکات هەندێک کات تەنها لەگەڵ هاوڕێکدانیدا بەسەرببات. بۆیە هەر جارێک کە دەیەوێت لەگەڵ هاوڕێکانی بچێتە دەرەوە، تۆ هەست بە نا ئاسوودەیی دەکەیت و پێت قبوڵکراو نییە، زۆرکاتیش ئەمە دەبێتە کێشە  و چوونە دەرەوەکە هەڵدەوەشێننەوە.
  • لە کاتی چوونە دەرەوە لەگەڵ هاوڕێکانت حەز دەکەیت شتەکان بەو شێوەیە بن کە تۆ حەزت پێییەتی ( ئەو باخەی بۆی دەچن، ئەو خواردنگەیەی نانی لێ دەخۆن، هتد….) ئەمەش زۆر کات ناکۆکی لە نێوانتان دروست دەکات و بە کەسێکی خۆ پەرست لەقەڵەمت دەدەن.

١٣- ناونانی هەڵە

ناونانی هەڵە ئاماژەیە بۆ وەرگرتنی تاکە تایبەتمەندییەک  یان ڕفتارێک پاشان گۆڕینی بۆ ڕەها، ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە ڕووداوێک ڕووبدات پاشان بەشێکی ئەو ڕووداوە بکەیتە ناوێک بۆ کەسێک یان شتێکی ناو ڕووداوەکە بە ڕەهایی.

ئەو ناونانانە کە دیاری دەکرێن بەزۆری شێوەیەکی نەرێنی و توندڕەون.

نموونە

  • کەسێک لە ڕووی داراییەوە سەرکەوتوو نەبووە لە ژیانیدا، هەربۆیە پێت وایە سەرنەکەوتوویی ئەو کەسە لە بواری داراییدا یەکسانە بە نەزانی ئەو کەسە لە هەموو بوارەکانی دیکەی ژیانیدا.
  • دەبینیت  کەسێک لە کەسێکی دیکە دەدات، بەبێ ئەوەی بزانیت بۆچی وا دەکات، ڕاستەوخۆ ناوی “کەسێکی بێ ویژدان”ی دەدەیتە پاڵ.
  • کەسێک دەبینیت کە بەپێی کۆمەڵگاکەی تۆ، جلوبەرگێکی نەشیاوی لەبەرکردووە، لەوانەیە ڕاستەوخۆ ناونانی “بێ ئەخلاقی” بدەیتە پاڵ لە جێگەی ئەوەی بڵێیت ” کردەیەکی ئەخلاقی نەکردووە” ( بەپێی بیروباوەڕە ئەخلاقییەکان لەلای تۆ).

١٤- هەمیشە ڕاست بوون

ئەم ئارەزووە کاتێک دەگۆڕێت بۆ شێواوی مەعریفی کە لەسەر هەموو شتێک جێبەجێی دەکەیت، تەنانەت بە بوونی بەڵگە و بیروڕای کەسانی دیکەش.

لەم شێواوییە مەعریفییەدا، بۆچوونەکانی خۆت وەک ڕاستییەکانی ژیان دەبینیت. هەر لەبەر ئەمەشە کە تۆ زۆر هەوڵ دەدەیت بۆ ئەوەی بیسەلمێنیت کە ڕاست دەکەیت.

نموونە

  • لە میانی گفتوگۆیەکی خێزانییدا سەبارەت بە پلانی پشووی هاوین، احمد پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو شوێنەی ئەو هەڵی بژاردووە تاکە شوێنی گونجاوە کە شایەنی سەردانکردنە و هەموو پێشنیارەکانی دیکە ڕەتدەکاتەوە. بانگەشەی ئەوە دەکات کە  هی ئەوان وەک هی ئەم نییە.
  • لەکاتی گفتوگۆکردن لەسەر پرسێکی فەلسەفی لەگەڵ هاوڕێکانیدا، کاروان بە توندی بەرگری لە بۆچوونەکانی دەکات، ڕەتیدەکاتەوە قسەکانی هیچ ئارگیومێنتێکی دژ بەیەک لەخۆبگرێت، قەناعەتی بەوە هەیە کە بۆچوونەکانی تاکە بۆچوون ڕەوان.

بۆ بینینی بابەتی زیاتر پەنجە داگرە لەسەر وێنەکان.