Categories
Religion

ئیمامی بوخـــاری

ئیمامی بوخـــاری

(ئیمامی بوخـــاری (194 –256 ك)-(810 – 870 ز
نوسینی: باوكی یوسف
م.عبدالمجید عبدالحمید/كفری

ناو و نەسەبی

لە دایك بوونی (ئیمامی بوخاری )

سیفات و رەوشتی ئیمامی بوخاری

ئیمامی بوخاری و زانست

لە خواترسانی ئیمامی بوخاری

زیرەكی و پێگەیشتوویی ئیمامی بوخاری

وتەی زانایان دەربارەی ئیمامی بوخاری

مامۆستاكانی ئیمامی بوخاری

قوتابییەكانی ئیمامی بوخاری

نوسینەكانی ئیمامی بوخاری

رووبەروو بوونەوەی فیتنەی سەردەم

سەرەتای كێشەكە

كۆچی دوایی ئیمامی بوخاری

ناو و نەسەبی


پێشەوای فەرموودەناسان , گەورە و مامۆستای زانایان , پێشەوای ئەهلی فەرموودە لە سەردەمی خۆیدا , چاولێكراوی پاش خۆی , ئەمیری ئیمانداران لە فەرموودەدا , پێشەنگی هاوەلآنی خۆی , ئیمامی بوخاری خاوەنی چەند كتێبێكی بە نرخ لە سەرووی هەموویانەوە كتێبی ( صحیح البخاری) كە بەراستترین كتێب دادەنرێت لە پاش قورئانی پیرۆز .
ناوی ئەم بەڕێزە (باوكی عبدالله ) (محمد ) ی كوڕی ( اسماعیل ) ی كوڕی (ابراهیم ) ی كوڕی (المغیرە) ی كوڕی (بردزبە) ی جوعفی بوخاری یە .
( بردزبە ) كابرایەكی مەجوسی ( ئاگرپەرست ) بووە و لە سەر ئاینی مەجوسی مردووە . مانای ( بردزبە ) باخەوان دێت .
بەلآم ( المغیرە) لە سەر دەستی ( یمان الجُعفی) موسڵمان بووە, كە والی بووە لە سەر (بوخارا) , جا بۆیە بە (المغیرە ) دەڵێن (جوعفی ) چونكە لە سەر دەستی ئەو موسڵمان بووە , تەنانەت جاری وا هەیە بە ئیمامی ( بوخاری ) ش دەڵێن (جوعفی ) .
(ابراهیم ی كوڕی المغیرە) (ابن حجر) دەڵێت:- هیچ شتێك دەربارەی نازانین.
باوكی ئیمامی بوخاری (اسماعیل) ی كوڕی ( ابراهیم) كە بە (باوكی الحسن) ناسراو بووە یەكێك بووە لە زانا بەڕێز و پایە بەرز و لە خواترسەكان , بەڵگەیشمان ئەوەیە ئیمامی بوخاری لە كتێبی (التاریخ الكبیر) دا باسی كردووە و دەڵێت :- باوكم (حماد ی كوڕی زید ) ی بینیوە و بە هەردوو دەستی لە گەڵ ( ابن المبارك) دا تەوقەی كردووە لە مەجلیسی ( مالك ی كوڕی انس ) دا دانیشتووە و گوێبیستی ئەو بووە , فەرموودەی لە (حماد ی كوڕی زید ) و (عبدالله كوڕی المبارك ) و ( ابی معاویە ) وەرگرتووە , وە هەروەها (یحیى ی كوڕی جعفر البیكندی ) و چەند كەسانێكی تر فەرموودەیان لێ گێڕاوەتەوە .
(ئەحمەد ی كوڕی حەفص ) كە یەكێك بووە لەوانەی فەرموودەیان لێگێڕاوەتەوە دەڵێت :- لە سەرەمەرگدا سەردانم كرد و فەرمووی :- شك نابەم و نازانم كە یەك دەرهەم گومان لێكراو لە ماڵەكەمدا هەبێت , بۆیە (ئەحمەد ی كوڕی حەفص ) دەڵێت :- خۆم زۆر بە بچوك دەهاتمە پێش چاوی خۆم .


لە دایك بوونی (ئیمامی بوخاری )


لە پاش نوێژی هەینی رۆژی سیازدەی مانگی شەوالی ساڵی ( 194) ی كۆچی لە شاری (بوخارا) وە لە ماڵێكی پڕ لە عیلم و فەزڵ و چاكە سازدا ئیمامی بوخاری لە دایك دەبێت و ئەم بەروارە زانایان لە سەری یەك دەنگن ئیمامی بوخاری بە منداڵی باوكی دەمرێت و بە هەتیوی لە دامێنی دایكیدا گەورە دەبێت . ئیمامی بوخاری كابرایەكی لاوازی ئەسمەر بوو , نە زۆر درێژ و نە كورتە بالآ بوو . بە منداڵی هەردوو چاوی كوێر دەبێت , دایكی ئیمامی بوخاری لە خەودا باوكی پێغەمبەران ( ابراهیم الخلیل)[  ] دەبینێ پێی دەڵێت :- ئەی (فلآنە) ئەوا خوای گەورە چاوی كوڕەكەی بۆ گێڕایەوە لە بەر زۆر گریانت , (یان زۆر پاڕانەوەت) كاتێ دایكی ئیمامی بوخاری لە خەو هەڵدەستێت دەبینێ ئیمامی بوخاری هەردوو چاوی چاك بووەتەوە.

سیفات و رەوشتی ئیمامی بوخاری


شارەزابوونی ئیمامی بوخاری لە ئاداب و ئەحكامەكانی شەریعەتی ئیسلامی لە ژیانیدا رەنگی دابووەوە, وای لێ كردبوو كە كەسێكی گران و رەوشت بەرز و بەخشندە و خاوەن حەیا و بە شەرم و زیرەك و لێهاتوو و لە خواترس و دونیا نەویست ( زاهید) بێت . وە زۆر كەسایەتی خۆی دەپاراست , ئەگەر لە تەنگانەدا بوایە ئەوا تەنها لە خوا داوای دەكرد كە لەو تەنگانەیە رزگاری بكات و هیچ كێشە و گرفتێكی خۆی لای كەس باس نەدەكرد .
بە دوای زانستدا چەند جێگا و ولآت گەڕاوە , دەگێڕنەوە و دەڵێن جارێكیان ئیمامی بوخاری لە گەڵ هاوڕێكانیدا لە (بەصرە) دەبێ بە مەبەستی نوسینی فەرموودە , هاوڕێكانی ئیمامی بوخاری چەند رۆژێك ئیمامی بوخاری بزر دەكەن و نایبینن , بۆیە ناچار بە شوێنیدا دەگەڕێن , تاكو لە خانوویەكدا دەیدۆزنەوە دەبینن بە رووتی لەوێ ماوەتەوە و پارەی نەماوە كە جل و بەرگ بكڕێت بۆیە پارەیان بۆ كۆكردەوە و جل و بەرگیان بۆ كڕی و پۆشتەیان كرد (16).
هەروەها جارێكیان بۆ وەرگرتنی فەرموودە چوو بۆ لای (آدم ی كوڕی أبی إیاس) پاش ماوەیەك پارەی لێ بڕایەوە بۆ ماوەی دوو رۆژ گیای دەخوارد لە برسانا و بە كەسی نەدەگوت و داوای لە كەس نەدەكرد لە رۆژی سێیەمدا ئیمامی بوخاری دەفەرمووێت :- كابرایەكی نەناسراو هات بۆ لام و كیسەیەكی پێدام كە پڕ بوو لە پارە و فەرمووی :- بۆ خۆت خەرجی بكە (17). لە گەڵ ئەوەیشدا جاری وا بوو كە ئیمامی بوخاری دەوڵەمەند دەبوو , پارەیەكی زۆری دەكرد بە خەیر ( بە نهێنی و بە ئاشكرا ) (18). ئیمامی بوخاری كابرایەكی كەمخۆر بووە و چاكەی زۆر لە گەڵ قوتابییەكانیدا دەكرد و پارەی پێ دەدان , وەهێندە كەمخۆری دەكرد تاكو جارێكیان نەخۆش كەوت و هاوڕێكانی ( میز) ە كەیان برد بۆ لای پزیشك , پزیشكەكان فەرموویان :- ئەم ( میز)ە لە هی ئەو پیاوە ئاینی یە گاورانە دەچێ كە ئەوان لە گەڵ ناندا هیچ ناخۆن (واتە نان بە تەنها دەخۆن) , ئیمامی بوخاری فەرمووی :- راست دەكەن چونكە من چل ساڵە دەبێت لە گەڵ ناندا هیچ ناخۆم (19). ئەمجار پرسیاری چارەسەرەكەیان كرد , پزیشكەكان فەرموویان :- چارەسەری ئەوەیە كە لە گەڵ ناندا شتێك بخوات , ئیمامی بوخاری رازی نەبوو بەلآم زانایان و مامۆستایان زۆریان لێكرد , ئەویش رازی بوو كە لە گەڵ ناندا شیرینییەك بخوات (20).
الحسین كوڕی محمد السمرقندی دەڵێت :- لە گەڵ ئەو هەموو رەوشتە جوانانەدا ئیمامی بوخاری سێ رەوشتی تایبەتی هەبووە , ئەو كەسێكی كەم قسە بوو , وە هەرگیز چاوی لە شوێن دەستی كەس نەبووە و تەماحی پێیان نەبووە , وە هەرگیز خۆی بە كاروباری خەڵكی یەوە خەریك نەدەكرد بەڵكو خۆی بە عیلمەوە
خەریك دەكرد* .
جارێكیان هەندێ كەرەستەی بازرگانیان بۆ هێنا , كۆمەڵێك بازرگان بەو ئێوارەیە داوایان لێكرد بە پێنج هەزار دەرهەم قازانج بەوانی بفرۆشێت , ئەویش فەرمووی :- جارێ ئەمشەو بڕۆنەوە , بۆ سبەینێ كۆمەڵێ بازرگانی تر هاتن و داوایان لێكرد بە دە هەزار دەرهەم قازانج بەوانی بفرۆشێت كەچی رازی نەبوو و فەرمووی :- دوێنی لە نیەتمدا بوو بەوانی تری بفرۆشم , بۆیە بەو كۆمەڵەی فرۆشت كە پێنج هەزار دەرهەم قازانجیان دابوویە و فەرمووی :- حەز ناكەم نیەتم پوچ بكەمەوە (22). رەنگە كەسێك پێبكەنێت بە كردەوە یان قسەی كەسێكی تر بێ ئەوەی مەبەستی گاڵتە پێكردن بێت بە كەسەكە و بە شتێكی سادەی بزانێت كەچی باوكی عبدالله وانەبوو , جارێك بە ( ابی معشر الضریر ) دەڵێت :- ئەی ( ابی معشر ) گەردنم ئازاد بكە , ئەویش دەڵێت :- لە بەر چی و لە چی شتێك ( چی رویداوە ) ؟ ئەویش فەرمووی :- رۆژێك جەنابتم بینی فەرموودەت دەگێڕایەوە منیش تەماشام كردی , تووشی سەر سوڕمان هاتم چونكە تۆ بە شێوەیەكی جیاواز سەر و دەستت دەجولآنەوە بۆیە منیش پێكەنیم , ئەویش فەرمووی :- گەردنت ئازاد بێت و خوا رەحمت لێ بكات ئەی باوكی عبدالله (23).
جارێكیان (جاریە) یەكی ئیمامی بوخاری هاتە ژوورەوە بۆ لای كەچی پێی دا لە (محبرە) مرەكەبدانەكەی بەردەستی و حیبرەكەی رژاند , ئیمامی بوخاری فەرمووی :- تۆ چۆن رێ دەكەیت ؟ ئەویش فەرمووی :- ئەگەر رێگە نەبێت چۆن رێ بكەم ؟ ئیمامی بوخاری بە هیچ شێوەیەك پەست نەبوو كەچی فەرمووی :- بڕۆ تۆ ئازادیت , فەرموویان :- ئەی باوكی عبدالله ئەو پەستی كردی كەچی تۆ ئازادی دەكەیت ؟ ئیمامی بوخاری فەرمووی :- بەو كردەوەیەی كردم (نەفسی) خۆمم رازی كرد (24) .
ئەگەر لە سەنەدی فەرموودەیەكدا بچووكترین گومانی لە كەسێك لە كەسەكانی ناو سەنەدەكەدا بوایە ئەوا ئیمامی بوخاری ئەو فەرموودەی نەدەگێڕایەوە , جارێكیان پرسیاری لێ كرا دەربارەی فەرموودەیەك , ئیمامی بوخاری فەرمووی :- ئەی باوكی فلآن وادەزانی من (تەدلیس) دەكەم ؟ (( تەدلیس :- واتە : شاردنەوەی كەموكوڕی سەنەدێك و جوانكاری كردنی رواڵەتەكەی )) باش بزانە كە وازم لە دە هەزار فەرموودە هێنا چونكە گومانێكی بچووكم لەو كەسە بوو كە فەرموودەكانی گێڕاوەتەوە و هێندەی ئەوە ( یان زیاتر ) لە كەسێكی ترەوە كە ئەویش گومانێكی بچووكم لێی هەبووە (25).
ئیمامی بوخاری لە ئەنجامدانی كارەكانیدا تەنها مەبەستی خوا بوو جگە لە ئەو هیچ مەبەستێكی تری نەبوو , وە ئەگەر كەسێك هەڵیبنایە ئەوا لە خۆی دەرنەدەچوو وە بە پیاهەڵنانەكە خۆی بە زل نەدەزانی , یان ئەگەر كەسێك زەمی بكردایە ئەوا پێی تێك نەدەچوو , هەردەم دەیفەرموو :- گەر كەسێك مەدحی كردم یان زەمی كردم ئەوا لای من وەكو یەك وایە (26).
ئیمامی بوخاری هەرگیز خۆی نزیك نەدەكردەوە لە ئەمیر و سوڵتانەكان و ئەگەر یەكێك لەوان بانگیان بكردایە ئەوا نەدەڕۆیشت وەكو سەرخستن و سەربەرزییەك و بە عیززەت راگرتنی عیلم و خاوەن عیلم .
دەڵێن :- جارێكیان والی ( بوخارا ) كە ناوی ( الامیر خالدی كوڕی ئەحمەد الذهلی ) دەبێت ناردی بە شوێنی ئیمامی بوخاری دا كە هەردوو كتێبی (الجامع) و ( التاریخ ) لە گەڵ خۆیدا بهێنێ بە مەبەستی گوێگرتن لێیان ئەویش فەرمووی :- من عیلم زەلیل ناكەم و نایبەم بۆ دەرگای خەڵكی ئەگەر ئەو پێی خۆشە فێر بێت یا پرسیارێكی هەیە ئەوا دەتوانێت بێت بۆ مزگەوت یا ماڵەكەم , وە ئەگەر بەم قسەیە رازی نییە ئەوا ئەو سوڵتانە با رێگام لێ بگرێت لە گێڕانەوەی فەرموودە تاكو ببێتە عوزرێك بۆم لای خوای گەورە , چونكە من كەسێك نیم كە عیلم بشارمەوە , پێغەمبەری خۆشەویست () فەرموویەتی :- هەر كەسێك پرسیاری لێ كرا دەربارەی عیلمێك و ئەویش شاردییەوە ئەوا بە لەغاوی ئاگرین لەغاو دەكرێت . دەڵێن :-ئەوە بووە هۆی دوو بەرەكی و ساردی نێوانیان (27).كە لە دواییدا باسی دەكەین (انشاء الله) .
ئیمامی بوخاری دەڵێت :- داواكارم لە خوای گەورە كە كاتێك پێی دەگەم پرسیارم لێ نەكات دەربارەی غەیبەت كردنی یەك كەس كە كردبێتم (28).
ئیمامی بوخاری هێندە بەڕێز و لە سەرخۆ بووە كە كەم كەسمان بیستووە بەو شێوە بێت , دەڵێن :- جارێكیان ئیمامی بوخاری بیست و پێنج هەزار دەرهەمی لای كابرایەك بوو , رۆژێكیان هەواڵ گەیشتە ئیمامی بوخاری ئەو كابرایە وا لە شاری ( ئامل) ـە [ كە شارێكە دەكەوێتە نێوان (بوخارا) و( مرو) ەوە ] , هاوەلآنی ئیمامی بوخاری داوایان لە ئیمامی بوخاری كرد بچێت پارەكەی لێ بسێنێتەوە , ئیمامی بوخاری فەرمووی بۆ ئێمە نییە ئەو كابرایە بترسێنین . كاتێ هەواڵ گەیشتە كابرای قەرزار كە ئیمامی بوخاری جێگەكەی دەزانێت, لە (ئامل)ـەوە چوو بۆ (خوارزم) ئەمجار بە ئیمامی بوخاری یان فەرموو كە داوا بكات لە (ابی سلمە الكشانی ) كە والی (ئامل) ـە تاكو نامەیەك بنوسێت بۆ والی (خوارزم) تا پارەكەی لێ بسێنێتەوە , ئیمامی بوخاری فەرمووی :- گەر نوسراوێكیان بۆ نوسیم ئەوا تەماحم پێ دەكەن بە كتێبێك , منیش نامەوێت دینەكەم بفرۆشم بە دونیاكەم , هەرچەندە ئەوان سوور بوون لە سەری كەچی ئیمامی بوخاری نەڕۆیشت بۆ لای والی یەكە , ئەمجار هاوەلآنی ئیمامی بوخاری خۆیان چوون بۆ لای والی بێ ئەوەی ئیمامی بوخاری پێی بزانێت ئەویش نوسراوێكی بۆ نووسین بۆ والی ( خوارزم ) , كاتێك هەواڵ گەیشتە ئیمامی بوخاری زۆر پێی ناخۆش بوو فەرمووی :- لە خۆم زیاتر بەزەییتان بە مندا نەیەتەوە , ئەمجار ئیمامی بوخاری چەند نوسراوێكی نارد بۆ هاوەلآنی كە لە (خوارزم) بوون و داوای لێكردن دەست نەهێننە رێگای ئەو كابرایە , كابرایش ناچار گەڕایەوە شاری ( مرو ) وە بازرگانەكان لێی كۆ بوونەوە و داوایان لە سوڵتان كرد فشارێكی زۆری بخاتە سەر بۆ ئەوەی پارەكە بگێڕێتەوە , كەچی ئیمامی بوخاری پێی ناخۆش بوو , وە خۆی لە گەڵ كابرادا رێك كەوت كە سالآنە دە دەرهەمی پێ بدات كە ئەو پارەیە زۆر كەم بوو لە چاو پارەكەی ئیمامی بوخاری دا, هەر وەكو گوتمان پارەكە بیست و پێنج هەزار دەرهەم بوو (29).

ئیمامی بوخاری و زانست


(باوكی جعفر محمد ی كوڕی ابی حاتم الوراق النحوی) دەڵێت :-بە (ئیمامی بوخاری)م گوت :- سەرەتای دەست پێكردنت بۆ وەرگرتنی زانست چۆن بوو ؟؟
ئیمامی بوخاری فەرمووی :- خوای گەورە حەزێكی خستە دڵمەوە بۆ لەبەر كردنی فەرموودە منیش لە قوتابخانە (كُتاب) بووم , گوتم :- تەمەنت چەند بوو؟ فەرمووی :- دە ساڵ یان كەمتر بووم (30) , ئەمجار لە پاش دە سالآن لە قوتابخانە ( كُتاب ) دەرچووم و دەستم كرد بە هاتووچۆ كردنی ( الداخلی ) و چەند مامۆستایەكی تر , رۆژێك (الداخلی ) فەرموودەی بۆ خەڵكی دەگێڕایەوە فەرمووی :- ( عن سفیان عن ابی الزبیر عن ابراهیم ) ئیمامی بوخاری دەڵێت :- منیش گوتم :- ئەی باوكی فلان (ابی الزبیر ) لە ( ابراهیم) ەوە فەرموودەی نەگێڕاوەتەوە , ئەویش پێی ناخۆش بوو , منیش گوتم :- ئەگەر سەرچاوەكەت لایە بگەڕێرەوە بۆی , ئەویش چووە ژوورەوە و تەماشای كتێبێكی كرد و پاشان دەرچوو , پێی گوتم :- ئەی راستەكەی چۆنە ئەی منداڵەكە؟ منیش گوتم :- راستەكەی (الزبیر بن عدی عن ابراهیم ) , ئیمامی بوخاری دەڵێَت :- پێنووسەكەی لێ وەرگرتم و لە كتێبەكەی خۆیدا نوسی و فەرمووی :- راست دەكەی .هاوەلآنی فەرموویان :- تەمەنت چەند بوو ئەو كاتە ؟ فەرمووی :- یازدە ساڵ (31).
كاتێك ئیمامی بوخاری تەمەنی دەگاتە شازدە ساڵ كتێبەكانی (ابن المبارك) و(وكیع) لە بەر دەكات (32). وە هەر لە تەمەنی لاویدا (صبی) حەفتا هەزار فەرموودە لە بەر دەكات (33). پاشان لە ساڵی (210 ك) لە گەڵ دایكی و ئەحمەدی برایدا كە لە خۆی گەورە تر دەبێ دەچن بۆ مەككە , لە پاش حەج كردن دایكی و ئەحمەدی برای دەگەڕێنەوە بۆ بوخارا و ئەحمەدی برای لەوێ دەمرێت و ئیمامی بوخاری لە مەككە دەمێنێتەوە بە مەبەستی وەرگرتنی فەرموودە (34). ئەگەر لە سەرەتای وەرگرتنی بۆ فەرموودە سەفەری بكردایە ئەوا ئەو مامۆستا بەرز و بەڕێزانەی دەبینی كە هاوەڵەكانی ئیمامی بوخاری ئەوانیان بینی بوو , هەرچەندە چەند كەسێكی پایەبەرز و بەرێزی بینی لە چینی (طبقە) ی بەرز بوون وەك (یزید ی كوڕی هارون ) و (أبی داود الطیالسی ) , ئیمامی بوخاری گەیشتە سەردەمی (عبدالرزاق ) و ویستی سەفەر بكات بۆ لای بەلآم فەرموویان :- كۆچی دوایی كردووە , بۆیە نەڕۆیشت بۆ یەمەن , پاشان دەركەوت كە نەمردووە و زیندووە بۆیە بە (واسگە) لە ئەوەوە فەرموودەی ریوایەت دەكرد .
كاتێ تەمەنی ئیمامی بوخاری دەگاتە هەژدە ساڵ چەند بابەتێك لە سەر هاوەلآن دەنوسێت و كتێبی ( التاریخ) لە نزیك قەبری پێغەمبەری خوادا ( ) لە مانگە شەوەكاندا دەنوسێت (35).
(ابو بكری كوڕی ابی عیاش الاعین ) دەڵێت :- لە (محمد ی كوڕی اسماعیل ) ەوە فەرموودەمان نوسی لە پێش دەرگای ( محمد كوڕی یوسف الفریابی ) هێشتا ئیمامی بوخاری مووی لێ نەهاتبوو *, (ابن حجر ) دەڵێت :- (الفریابی ) لە ساڵی ( 212 ك) كۆچی دوایی كردووە و تەمەنی ئیمامی بوخاری ئەو كاتە نزیكەی هەژدە ساڵ بووە .
ئیمامی بوخاری هەردەم بیر و هۆشی لای زانست و دەرهێنانی ئەحكامی شەرعی لە فەرموودەكاندا بووە , بۆیە شەوانە خەوی لێ نەدەكەوت و بیری دەكردەوە , ئەگەر شتێكی بە بیردا بهاتبایە ئەوا چاوەڕوانی نەدەكرد رۆژ ببێتەوە و ئەمجار بینوسێت بەڵكو هەڵدەستا و چراكەی دادەگیرساند و دەینوسی و پاشان دەخەوت , ئەوەتا (محمدی كوڕی ابی حاتم الوراق ) دەڵێت :- من و باوكی عبدالله جاری وا بوو لە سەفەردا لە ماڵێكدا دەماینەوە , شەوانە یازدە تا بیست جار هەڵدەستا و چراكەی دادەگیرساند و هەندێ شتی دەنووسی و دیسان دەنووست (36).
هەروەها ( محمد ی كوڕی یوسف الفربری ) دەڵێت :- شەوێكیان لە ماڵی ئیمامی بوخاری بووم ژماردم , بینیم ئیمامی بوخاری هەژدە جار هەستا و چراكەی داگیرساند و شتی دەنووسی و ئەمجار دەنووست (37).
ئیمامی بوخاری بە شوێن زانستدا زۆر جێگا و رێگا گەڕاوە و سەردانی زۆربەی فەرموودەناسانی كردووە , چووە بۆ خۆراسان و عێراق و حیجاز و شام و میسر , پێنج ساڵ لە بەصرەدا ماوەتەوە بە مەبەستی نووسینی كتێب و هەموو ساڵێك حەجی دەكرد و دەگەڕایەوە بەصرە . ئیمامی بوخاری دەڵێت :- سەردانی شام و دوو جار سەردانی جەزیرەم كردووە , چوار جار سەردانی بەصرەم كردووە و شەش ساڵ لە حیجاز ماومەتەوە و چەندەها جار كە لە ژماردن نایەت لە گەڵ فەرموودەناساندا سەردانی كووفە و بەغدا م كردووە (38). وە لە بەصرەدا یەك فەرموودەی بە جێنەهێشت كە نەینوسی بێت , وە بە جوانی فەرموودەی دروست و نادروستی لە یەك جیا كردەوە و كتێبەكانی ئەهلی بۆچوونی (الرأی) بینی ئەمجار دانیشت بۆ گێڕانەوەی فەرموودە (39).

لە خواترسانی ئیمامی بوخاری


ئیمامی بوخاری یەكێك بووە لە بەندە لە خواترسەكان و هەردەم هەوڵی داوە و حەزی كردوو كە لە خوا نزیك ببێتەوە و هەرچی بكردایە لە پێناوی خوای گەورەدا دەیكرد و هێشتا بە كەمی دەزانی , ئەگەر یەكەم شەوی مانگی رەمەزانی پیرۆز بهاتایە ئەوا هاوەڵەكانی لێی كۆ دەبوونەوە و ئەویش پێش نوێژی بۆ دەكردن و لە هەر ركاتێكدا بیست ئایەتی دەخوێند تاكو قورئانی تەواو دەكرد , وە لە پارشێواندا لە نێوان سێیەك تا نیوەی قورئانی دەخوێند و لە ماوەی سێ شەودا هەموو قورئانی دەخوێندەوە , هەموو رۆژێك خەتمەیەكی دەكرد و لە كاتی بەر بانگدا تەواوی دەكرد و دەیفەرموو :- لە كۆتایی هەر خەتمەیەكدا دوعایەك هەیە خوای گەورە وەلآمی دەداتەوە (40).
رۆژێكیان ئیمامی بوخاری نوێژی دەكرد (زەردەواڵەیەك) حەڤدە جار پێوەی دا كاتێ لە نوێژەكەی بووەوە فەرمووی :- بزانن ئەوە چییە لە نوێژەكەمدا ئازاری دام ؟ بینیان وا (زەردەواڵەیەك) حەڤدە جار پێوەی داوە و بێ ئەوەی نوێژەكەی ببڕێت (41).
وە لە ریوایەتێكی تردا دەڵێن :-جارێكیان ئیمامی بوخاری لە لایەن هاوەلآنی یەوە بانگ كرا بۆ باخچەیەك كاتێ نوێژی نیوەڕۆ بوو ئیمامی بوخاری پێش نوێژی بۆ كردن و زۆر بە پێوە راوەستا كاتێ لە نوێژەكەی بووەوە چمكی كراسەكەی بەرز كردەوە و بە یەكێك لە هاوەلآنی فەرموو:- تەماشاكە و بزانە لە ژێر كراسەكەمدا چی دەبینی ؟ ئەویش بینی وا (زەردەواڵەیەك) لە شازدە یا حەڤدە جێگاوە پێوەی داوە و شوێنەوارەكەی لە سەر لەشی كەوتووە , فەرموویان :- چۆن كۆتاییت بە نوێژەكەت نەهێنا لە یەكەم پێوەداندا ؟ ئەویش فەرمووی :- خەریكی خوێندەنەوەی سورەتێك بووم پێم خۆش بوو تەواوی بكەم (42) .
(محمدی كوڕی ابی حاتم الوراق) كە یەكێكە لە هاوەڵە نزیكەكانی ئیمامی بوخاری دەڵێت :- لە پارشێواندا ئیمامی بوخاری سیازدە ركات نوێژی دەكرد, یەكێكیان (وتر) بوو , كەچی منی هەڵنەدەساند پێم گوت :- تۆ ئەو هەموو ئەركە دەبینی كەچی من هەڵناسێنیت ؟ فەرمووی :- تۆ گەنجیت حەز ناكەم خەوەكەت لێ تێك بدەم (43).
ئیمامی بوخاری نووسینی كتێبی بە عیبادەت دەزانی ئەوەتا دەربارەی كتێبی (جامع الصحیح) دەفەرموێت :- ئەم كتێبەم كردووەتە حوججەیەك لە نێوان خۆم و خوای گەورەدا (44).
هەروەها دەربارەی نوسینەكانی دەفەرموێت :- ( تكا و داوام لە خوای گەورە ئەوەیە كە بەرەكەت بخاتە نێو ئەم نوسینانەوە بۆ موسڵمانان ) .
هەروەها هانی موسڵمانانی دەدا بۆ چاكە و گوێڕایەڵی خوای گەورە و بەردەوام بوون لە سەر رێگای راست و دەیفەرموو :- (نابێت موسڵمان بگاتە پلە و پایەیەك ئەگەر دوعایەك بكات خوای گەورە لێی وەرنەگرێت ) *.
ئیمامی بوخاری زۆر حەزی لە چاكەكاری دەكرد و هەرگیز لەو رێگایەدا ماندوو نەدەبوو , ئەگەر هەر كردارێكی چاكە بكرایە ئەوا ئەمیش بەشداری تیادا دەكرد , هەردەم خۆی ئامادە كرد بوو بۆ رووبەڕوو بونەوەی كافران و هەردەم لە جیهاد دا بوو وەجیهادی بە گەورەترین چاكە و گەورەترین كردەوە دەزانی كە موسڵمان لە خوا پێی نزیك ببێتەوە , وە جیهاد كردن بە پێنووس و نەفس و ماڵ پێویستە بۆ بەرنگاری دوژمنان و نەهێشتنی ئەو پڕوپاگەندەیە كە لە لایەن كافرانەوە دژی موسڵمانان دەكرێ , بۆیە ئیمامی بوخاری لە هەردوو جیهادەكەدا بەشدار بوو هەردەم خۆی بۆ ئەو دوو دوژمنە ئامادە دەكرد .
(محمدی كوڕی ابی حاتم الوراق) دەڵێت :- رۆژێك (ئیمامی بوخاری ) م بینی لە شاری (فربر) [كە شارێكە دەكەوێتە نێوان هەردوو شاری ( جیحون ) و (بوخارا)] راكشا بوو ئەو ماوەیە بە نووسینی كتێبی (التفسیر) ەوە خەریك بوو , ئەو رۆژە ئیمامی بوخاری زۆر ماندوو بوو چونكە هێندە فەرموودەی (تخریج) كردبوو , (الوراق) دەڵێت :- بە (ئیمامی بوخاری ) م گوت :- ئەی باوكی عبدالله رۆژێك گوێم لێ بوو فەرمووت :- (لەو رۆژەوە كە پێگەیشتووم هیچ شتێكم نەكردووە بە بێ عیلم ) ئەی چی عیلمێك لەم راكشانەدا هەیە؟ فەرمووی :- ئەمڕۆ خۆمان ماندوو كرد و ئێرەیش بەرەیەكی جەنگە لە بەرەكانی موسڵمانان , ترسام دوژمن نیازی خراپی هەبێت , بۆیە پێم خۆش بوو لێرە پشوویەك بدەم لە هەمان كاتدا ئاگاداری دوژمن بم ئەگەر هەر هێرشێك بكات ئەوا ئێمە ئامادەین ) (45).
وە لە رووی شەڕ و چاك سواریدا ئیمامی بوخاری كابرایەكی زۆر زیرەك و بلیمەت و لێهاتوو بوو وە لە بە كارهێنانی هەموو جۆرە چەكێكی ئەو سەردەمەدا بە توانا بوو وە لە پێشبركێی سوارەكاندا كەس پێشی ئەو نەدەكەوت وە لە پێكاندنی نیشاندا وێنەی نەبوو وە هەرگیز هەڵەی نەدەكرد (46).
وە باوەڕی وا بوو كە ئیمان ( وتە و كردەوەیە ) بۆیە لە هیچ كەسێكەوە فەرموودەی نەدەگێڕایەوە ئەگەر باوەڕی وا نەبوایە ,(محمدی كوڕی ابی حاتم الوراق ) دەڵێت :- ئیمامی بوخاری فەرمووی :- نازانم شتێك هەبێت كە پێویستمان پێی هەبێت و لە قورئان و فەرموودەدا نەبێت , گوتم:-دەبێت ئەوە بزانرێت ؟ فەرمووی :- بەڵێ (47).
(حاكم النیسابوری) دەڵێت :- ئیمامی بوخاری فەرمووی :- لە نیسابور بووم تووشی نەخۆشییەكی سووك هاتم لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا ,كۆمەڵێك لە هاوەلآنم سەردانیان كردم , ( اسحاق ی كوڕی راهویە ) لە گەڵیاندا بوو ,(اسحاق) فەرمووی :- ئایە رۆژووت شكاندووە ؟ گوتم :- بەڵی , (اسحاق) فەرمووی :- وا دەزانم پەلەت كردووە لە وەرگرتنی روخسەتدا چونكە نەخۆشییەكەت هێندە زۆر نییە , ئیمامی بوخاری فەرمووی :- (عبدان) پێی راگەیاندم لە ( ابن المبارك) ەوە ئەویش لە ( ابن جریج ) ەوە فەرمووی :- پرسیارم كرد لە ( عطاء ) لە چی نەخۆشییەكدا رۆژوو بشكێنم و بە رۆژوو نەبم ؟ فەرمووی :- هەر نەخۆشییەك بوو چونكە خوای گەورە دەفەرموێت :- ( فمن كان منكم مریضاً ) ئیمامی بوخاری دەڵێت :- ئەمە لای (اسحاق) نەبوو (48).
ئیمامی بوخاری دەڵێت :- لەو رۆژەوە كە زانیومە غەیبەت كردن حەرامە غەیبەتی كەسم نەكردووە(49) .
وە دەڵێت :- دوو جار داوام لە خوا كردووە و خوای گەورە وەلآمی داومەتەوە (واتە : بە بێ دواكەوتن ) بۆیە حەز ناكەم چیتر داوای لێ بكەم چونكە دەترسم لە چاكەكانم كەم ببێتەوە (50).

زیرەكی و پێگەیشتوویی ئیمامی بوخاری


خوای گەورە چەند نیعمەتێكی بەخشی بووە ئیمامی بوخاری ئەویش سوودی لەو هەموو نیعمەتانە وەرگرتبوو , یەكێك لەو نیعمەتانە زیرەكی و زرنگ و زیتی و توانای لە بەركردنێكی زۆر لە ماوەیەكی كەمدا بوو كە لە ژیانی رۆژانەیدا رەنگی دابووەوە , ئەوەتا لە سەرەتای ژیانیدا و لە تەمەنی یازدە ساڵیدا سەردانی (الداخلی ) دەكات و گوێ بیستی ئەو دەبێت و هەڵەكانی راست دەكاتەوە, جارێكیان ئیمامی بوخاری لای ( ابی حفص احمدی كوڕی حفص ) دەبێت بە مەبەستی گوێگرتن لە كتێبی الجامع ( جامع سفیان ) ابی حفص بە سەر وشەیەكدا تێ دەپەڕێت كە لاى ئەو نەنوسرا بوو بۆیە ئیمامی بوخاری ئاگاداری كردەوە كەچی ئەو بەسەریدا رۆیشت , ئیمامی بوخاری دووبارەی كردەوە و ئەمجار سێ بارەی كردەوە , لە جاری سێیەمدا ( أبی حفص ) ماوەیەك بێدەنگ بوو ئەمجار فەرمووی : – ئەوە كێیە ؟ فەرموویان :- ( كوڕی اسماعیل ی كوڕی ابراهیم ) ە , ابو حفص فەرمووی :- ئەوەی ئەو فەرمووی تەواوە , ئەمجار فەرمووی :- دەست بە ئیمامی بوخاری یەوە بگرن كاتێ گەورە دەبێ (51) . هەر وەها لە تەمەنی شازدە ساڵیدا كتێبی( ابن المبارك ) و (وكیع )لە بەر دەكات و فێری كتێبەكانی( اهل الرأی ) دەبێت ( 52 ) .
وە لەتەمەنی هەژدە ساڵیدا دەستی كرد بەنوسینی كتێب .
كاتێك ئیمامی بوخاری كتێبی (التاریخ ) ی نوسی ,( اسحاق ی كوری راهویە ) كتێبەكەی برد بۆ لای ئەمیری خۆراسان كە ناوی (عبدالله ی كوڕی طاهر) بوو فەرمووی :- حەز دەكەیت سیحرێك ببینی ؟ كاتێك (عبدالله) كتێبەكەی بینی زۆر سەرسام بوو , فەرمووی :- بەلآم لێی تێناگەم (53).
كاتێك ئیمامی بوخاری لە بەصرە بوو لە تەمەنی لاویدا (غلام) دەبێت لە گەڵ هاوەلآنیدا سەردانی چەند مامۆستایەكیان دەكرد كەچی ئیمامی بوخاری هیچی نەدەنوسی , پاش شازدە رۆژ هاوەڵەكانی فەرموویان :- تۆ لە گەڵ ئێمەدا دێیت بۆ لای مامۆستاكان كەچی هیچ نانوسیت !ئەوەی كە تۆ دەیكەیت مانای چییە؟ ئیمامی بوخاری فەرمووی :- ئێوە زۆرتان فەرموو , سوورن لە سەر پرسیارەكەتان بۆیە داواكارم ئەوەی ئێوە نوسیتانە دەری بهێنن با بیبینم , ئەوانیش نوسینەكانیان دەرهێنا بینیان پازدە هەزار فەرموودە زیاترە ئیمامی بوخاری هەموو ئەو فەرموودانەی دوو بارە كردەوە بێ ئەوەی تەماشای هیچ كتێبێك بكات ئەوانیش هەر هەڵەیەكیان كردبوو لە نوسینەكانیاندا چاكیان كردەوە لە سەر لەبەركردنەكەی ئیمامی بوخاری , ئەمجار فەرمووی :- ئیستا بینیتان كە من بە بێ هوودە سەردانی مامۆستاكان ناكەم و كاتی خۆم بە بێ سوود بە سەر نابەم ئەمجار ئەوانیش زانیان كە هیچ كەس پێش ئیمامی بوخاری ناكەوێت (54).
جارێكیان شاری بەصرە گەشایەوە بە سەردانی ئیمامی بوخاری , خەڵكی بەصرە بانگەوازیان كرد :- ئەی ئەهلی زانست و زانیاری , (محمد ی كوڕی اسماعیل) هاتووە و ئیستا لە بەصرەدایە , بۆیە شوێنی كەوتن و بینیان گەنجێكە هێشتا یەك تەڵێك لە ریشی سپی نەبووە , ئەمجار ئەویش لە پشتی دنگەی یەكێ لە مزگەوتەكاندا نوێژی كرد و كاتێ نوێژەكەی تەواو كرد , خەڵكی بەصرە داوایان لێ كرد كۆڕ و مەجلیسێكیان بۆ ساز بكات ئەویش رازی بوو , بۆ جاری دووەم بانگەواز كرا لە مزگەوتی بەصرە :- ئیمامی بوخاری هاتووە و داوامان لێ كردووە مەجلیسمان بۆ ساز بكان ئەویش رازی بووە بۆیە سبەینێ لە فلآن جێگا ئیمامی بوخاری دادەنیشێت بۆ گێڕانەوەی فەرموودە , كاتێ كە سبەینێ هات هەموو فەقیهەكان و فەرموودەناسان و ( حفاڤ ) و قوتابیانی زانست و زانیاری ئامادە بوون كەژمارەیان چەند هەزار كەسێ دەبوو(55) .
پاشان ئیمامی بوخاری لە بەصرە دانیشت بە مەبەستی گێڕانەوەی فەرموودە , پێش ئەوەی دەست بكات بە گێڕانەوەی فەرموودە فەرمووی :- ئەی خەڵكی بەصرە من لاوێكم و ئێوە داواتان لێ كردم فەرموودەتان بۆ بگێڕمەوە منیش لە كەسانێكی خەڵكی شارەكەتان فەرموودەتان بۆ دەگێڕمەوە و سوودی بۆ هەمووان هەبێت , خەڵكەكە سەرسام بوون بە گوفتارەكەی , ئەمجار دەستی كرد بە گێڕانەوەی فەرموودە و فەرمووی :- (عبدالله ی كوڕی عثمان العتكی ) پێی راگەیاندم فەرمووی لە باوكمەوە لە ( شعبه) ەوە لە (منصور) ەوە و لە خەڵكی ترەوە لە ( سالم ) ەوە لە (ابی الجعد) ەوە لە( ابن سیرین) ەوە كە كابرایەكی دەشتەكی هاتە خزمەتی پێغەمبەر ( ) فەرمووی :- ئەی پێغەمبەری خوا () كەسێك كۆمەڵێكی خۆش دەوێت … ئەمجار فەرموودەكەی تا كۆتایی گێڕایەوە ( مەبەستی فەرموودەی هەموو كەسێك لە قیامەتدا لە گەڵ ئەوانەدا حەشر دەكرێ كە خۆشی دەوێت ) ئەمجار ئیمامی بوخاری فەرمووی :- ئەم سەنەدە لای ئێوە لە (منصور) ەوە لە ( سالم) ەوە نییە بەڵكو لە خەڵكی ترەوەیە , پاشان كۆمەڵێك فەرموودەی بۆ گێڕانەوە لە هەموویدا دەیفەرموو :- (شعبە) بەم شێوە یە ریوایەتی كردووە بەلآم لای ئێوە بەم شێوەیە و لە ریوایەتی فلآن كەسیشەوە لای ئێوە نییە(56).
وە یەكێك لەو ریوایەتە سەرسوڕهێنەرانە كە باسی ئیمامی بوخاری دەكات ئەو تاقیكردنەوەی شاری بەغدایە , كە دەگێڕنەوە و دەڵێن :- فەرموودەناسانی شاری بەغدا بیستیان ئیمامی بوخاری سەردانی بەغدا دەكات ,بۆیە كۆبوونەوە بە مەبەستی دانانی تاقیكردنەوەیەك بۆ زیرەكی ئیمامی بوخاری , بۆیە هاتن سەد فەرموودەیان دیاری كرد هەموو ئەو فەرموودانە ( سند ) و (متن) ەكەیان گۆڕی , واتە ( سند) ی فەرموودەیەكیان داوە پاڵ ( متن) ێكی تر و (متن) ی فەرموودەیەكیان داوە پاڵ (سند) ێكی تر , ئەو سەد فەرموودەیان دا بە دەست دە قوتابی , واتە هەر قوتابییەك دە فەرموودە و فەرمانیان پێ كردن گەر ئیمامی بوخاری هات هەریەكە و فەرموودەی خۆی بڵێت , كاتێكیان دیاری كرد بۆ دانیشتن لە گەڵ ئیمامی بوخاری دا و ئەو دە كەسەیش ئامادە بوون لە گەڵ چەند كەسێكی تردا كە خەڵكی خوراسان و بەغدا بوون , پاشان یەكێك لە دە كەسەكە هەستا و پرسیاری یەكێك لە فەرموودەكانی كرد ئیمامی بوخاری فەرمووی :- نازانم ,پاشان فەرموودەیەكی تری بۆ گێڕایەوە , ئیمامی بوخاری فەرمووی :- نازانم , ئەمجار یەك بە یەك فەرموودەكانی بۆ گێڕایەوە تاكو هەمووی تەواو بوو , ئیمامی بوخاری لە هەموویدا دەیفەرموو :- نازانم , ئەوانەی كە دانیشتبوون سەرسام بوون و تەماشای یەكتریان دەكرد و دەیانفەرموو:- پیاوێكی تێگەیشتووە , وەهەندێكیان دەیانفەرموو :- هیچ نازانێت , پاشان یەكێكی تر لە دە كەسەكە هەستا و فەرموودەیەكی لەو دە فەرموودە هەڵگێڕاوانەی ئاراستەی ئیمامی بوخاری كرد , ئیمامی بوخاری فەرمووی:- نازانم , فەرموودەیەكی تری گوت , ئیمامی بوخاری فەرمووی :- نازانم , ئەمجار یەكە یەكە فەرموودەكانی گێڕایەوە ئیمامی بوخاری دەیفەرموو :- نازانم , ئەمجار كەسی سێیەم و كەسی چوارەم و تاكو دە كەسەكە تەواو بوو ئیمامی بوخاری لە وشەی (نازانم ) زیاتر هیچ وشەیەكی تری بە كار نەدەهێنا , كاتێ ئیمامی بوخاری زانی ئەوان كۆتاییان بە پرسیارەكانیان هێنا رووی كردە كەسی یەكەم و فەرمووی :- یەكەم فەرموودەی لای تۆ بەم شێوەیە و دووەم فەرموودە بەم شێوەیە تاكو دەیەم فەرموودە , هەموو ( سند ) ەكانی خستە پاڵ (متن)ـەكەی خۆی , ئەمجار كەسی دووەم و پاشان كەسی سێیەم تاكو دە كەسەكە تەواو بوو , بۆیە هەموو خەڵكەكە دانیان بەوەدا نا كە ئیمامی بوخاری كەسێكی لێهاتووە و بلیمەتە و فەزڵی بە سەر هەموواندا هەیە (57).
وە لە شاری (سەمەرقەند) یش هەمان تاقیكردنەوەیان بۆ رێك خست ئەویش بە سەركەوتوویی دەرچوو(58) .
ئەوەبوو لە شاری (سەمەرقەند) چوار سەد فەرموودەناس لێی كۆ بوونەوە و حەزیان كرد هەڵەی پێ بكەن بۆیە ( سند) ی (شام) یان تێكەڵی (سند) ی عێراق كردوو و (سند) ی عێراقیان تێكەڵی ( سند) ی شام كرد و ( سند) ی ( الحرم) یان تێكەڵ بە (سند) یەمەن كرد , بە مەبەستی ئەوەی لێی تێك بدەن كەچی ئیمامی بوخاری یەك هەڵەی نەكردوو و هەمووی بۆ چاك كردنەوە(59) .
دەگێڕنەوە و دەڵێن :- ئەگەر ئیمامی بوخاری یەك جار تەماشای كتێبێكی بكردایە ئەوا بە بێ دوا كەوتن لە بەر ی دەكرد (60).
(سلیم ی كوڕی مجاهد) دەڵێت :- لای (محمد ی كوڕی سلام البیكندی ) بووم پێی فەرمووم :- ئەگەر پێش كەمێك بهاتبایەی ئەوا لاوێكت دەبینی كە حەفتا هەزار فەرموودەی لە بەر بێت , (سلیم) دەڵێت :- منیش دەرچووم بە شوێنیدا تاكو پێی گەیشتم , پێم گوت :- تۆ ئەو كەسەی كە دەڵێن :- حەفتا هەزار فەرموودەی لە بەرە ؟ فەرمووی :- بەڵێ , بەڵكو زیاتر , وە هیچ فەرموودەیەك لە هاوەلآنەوە یان لە شوێنكەوتووانەوە بۆ ناڵێم ئەگەر ساڵی لە دایك بوون و مردن و جێگای نەزانم , وە هیچ فەرموودەیەك ناگێڕمەوە لە هاوەلآنەوە یا لە شوێنكەوتووانەوە ئەگەر لە قورئان و سوننەتی پێغەمبەرەوە ( ) بنەمایەكم لە بەر نەبێت (61).
ئەمەی كە باسی لێوە دەكەین لە كاتی لاویدا بوو , ئەی چی دەڵێیت پاش ئەوەی گەورە دەبێت ؟؟؟!!.
جاری وا بوو ئیمامی بوخاری دوو سەد هەزار فەرموودەی لە بەر بووە وەكو ئەوەی تەماشای كتێب بكات .
(علی كوڕی الحسین ی كوڕی عاصم البیكندی ) دەڵێت :- )محمدی كوڕی اسماعیل( هات بۆ لامان هەموو مامۆستایان لێی كۆبووینەوە و كەس دوانەكەوت , دەستمان كرد بە گفتوگۆ كردن یەكێك لە ئامادە بووان فەرمووی :- گوێم لە (اسحاق ی كوڕی راهویە) بوو دەیفەرموو :- حەفتا هەزار فەرموودەم لە بەرە بێ ئەوەی تەماشای كتێب بكەم ! محمد ی كوڕی اسماعیل فەرمووی :- بۆ ؟ ئەوە تۆی سەرسام كردووە ؟ لەم زەمانەدا كەسی وا هەیە دوو سەد هەزار فەرموودەی لە بەرە وەكو ئەوەی تەماشای كتێب بكات , ( مەبەستی خۆی بوو ) (62).
ئیمامی بوخاری دەڵێت :- سەد هەزار فەرموودەی راست ودروستم لە بەرە و دوو سەد هەزار فەرموودەی نا دروست (63).
(الوراق ) دەڵێت :-گوێم لێ بوو ئیمامی بوخاری فەرمووی :- ئەو فەرموودانەی لە نوسینەكانمدا هەن نەیانم ژماردبوون , دوێنێ نەنوستم تاكو هەموویم ژمارد بینیم دوو سەد هەزار فەرموودەیە(64) .
وە بەڵگەی ئەوەی كە ئیمامی بوخاری چەند بە توانا بووە لە لەبەركردندا ئەوەیە كە خۆی دەفەرموێت :- فەرموودەی وا هەیە لە بەصرە بیستوومە و لە شام نوسیومە , فەرموودەی وایش هەیە لە شام بیستوومە و لە بەصرە نوسیومە . (محمدی كوڕی الازهر السجستانی ) دەڵێت :- لە مەجلیسی (سلیمان ی كوڕی حرب) دانیشتبووین فەرموودەی بۆ دەگێڕاینەوە (ئیمامی بوخاری) ش لە گەڵماندا بوو گوێی دەگرت بەلآم نەیدەنوسی هەندێ لە هاوەلآن فەرموویان :- ئەوە ئیمامی بوخاری بۆ هیچ نانوسێت ؟ فەرموویان دەگەڕێتەوە (بوخارا) و لەوێ دەینوسێت (65).
(محمد ی كوڕی سەلام )بە ئیمامی بوخاری فەرموو :- تەماشای كتێبەكەم بكە هەر هەڵەیەكت بینی بۆم دیاری بكە تاكو ریوایەتی نەكەم , (ئیمامی بوخاری)ش ئەوەی كرد , پاشان (محمدی كوڕی سەلام) لە سەر ئەو فەرموودانەی كە ئیمامی بوخاری پێی رازی بوو , نوسی بووی (گەنجەكە لێی رازییە) و لە سەر فەرموودە نادروستەكان (ضعیف)ەكان نوسی بووی ( گەنجەكە لێی رازی نییە) هاوەلآنی پرسیاریان كرد :- ئەو گەنجە كێ یە ؟ فەرمووی :- ئەوە ئەو كەسەیە كە لە وێنەی نییە (66).
وە (عبدالله ی كوڕی یوسف)یش هەمان داوای لێ كردبوو*
(ابو حامد الاعمش) دەڵێت :- كاتێ تەرمی (ابی عثمان سعیدی كوڕی مروان)یان بەرەو گۆڕستان دەبرد (ئیمامی بوخاری) ش بە شوێن تەرمەكەوە بوو , كەچی (محمدی كوڕی یحیى الذهلی ) پرسیاری لێ دەكرد دەربارەی ناوەكان (الأسماء) و نازناوەكان (الكنى) و ( علل الحدیث ) ئەویش وەلآمی دەدایەوە زۆر بە پەلە وەكو ئەوەی (قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ ) بخوێنێت(67) .
رۆژێكیان ( رجاءی كوڕی مرجی المروزی ) سەردانی ئیمامی بوخاری كرد و چەند فەرموودەیەكی بۆ گێڕایەوە كە (ایوب) ریوایەتی كردبوو , (ابو عبدالله) وەلآمی دەدایەوە تاكو كار گەیشتە ئەوەی (رجاء) بێدەنگ بوو , ئیمامی بوخاری پرسی :- ئایە هیچ ماوە كە باسمان نەكردبێت ؟ ئەمجار ئیمامی بوخاری دەستی كرد بە گێڕانەوەی چەند فەرموودەیەك كە (رجاء) دەیفەرموو :- ئەوە كێ ریوایەتی كردووە ؟ ئیمامی بوخاری (سند) ی فەرموودەكەی بە جوانی بۆ دەگێڕایەوە تاكو زیاتر لە دە فەرموودە كە(رجاء) نەیبیستبوو , كەچی ( رجاء) پێی تێكچوو , ئیمامی بوخاری دركی بەو تێكچوونەی ئەو كرد , بۆیە بێدەنگ بوو , ئەمجار (رجاء) ئیمامی بوخاری بە جێ هێشت , ئیمامی بوخاری فەرمووی :- ویستم دوو هێندەی ئەو فەرموودانەی بۆ بگێڕمەوە كە بۆم گێڕایەوە بەلآم لەوە ترسام كە شتێك لای دروست بێت بۆیە بێدەنگ بووم (68).
جۆرێك لە جۆرەكانی گێڕانەوەی فەرموودە پێی دەڵێن (القراءە على العالم) واتە خوێندنەوەی قوتابی ئەوەی كە نوسیویەتی بە سەر زانادا ئەمجار زاناكە پێی رازی دەبێت , ئیمامی بوخاری دەڵێت :- فەرموودەیەكی دروست(صحیح) هەیە دەربارەی خوێندنەوەی قوتابی بە سەر مامۆستاكەیدا , فەرموویان :- لە پێغەمبەرەوە ( )؟ فەرمووی :- بەڵێ , پاشان فەرموودەكەی (ضمام ی كوڕی ثعلبە) ی بۆ گێڕانەوە كە (ضمام) بە پێغەمبەری خوای ( ) فەرموو :- ئایە خوای گەورە تۆی بۆ ئێمە رەوانە كردووە ؟ ئەویش فەرمووی :- بەڵێ , (چمام) فەرمووی :- ئایە خوای گەورە فەرمانی پێت كردووە كە فەرمانمان پێ بكەیت لە شەو و رۆژدا نوێژ بكەین ؟ فەرمووی :-بەڵێ ………تا كۆتایی فەرموودەكە .(69)
ئیمامی بوخاری زۆر شارەزای (سند) و كەسانی ناو (سند) ەكە بوو بۆیە دەڵێت :- (هیچ فەرموودەیەك لام نییە كە سەنەدەكەیم لە یاد نەبێت ) وە دەڵێت :- ناوی هەر كەسێك لە مێژوودا بڵێی چیرۆكێكی لای من هەیە (70).
وە پرسیار كرا لە ئیمامی بوخاری دەربارەی سەنەدی ( عمروی كوڕی شعیب لە باوكییەوە لە باپیرییەوە ) ئایە دەبێتە بەڵگە و دروستە ؟ فەرمووی :- (ئەحمەدی كوڕی حەنبەل ) و(علی كوڕی المدینی ) و (الحمیدی) و ( اسحاق ی كوڕی راهویە) و (صدقە) و( ابو عبید ) و هەموو هاوەلآنمان دەیانكردە بەڵگە و بە راستیان دەزانی , نازانم كەسێك پشت گوێی خستبێت (71) .
ئیمامی بوخاری لە مەجلیسی (الفریابی) دانیشتبوو , (الفریابی) فەرمووی :- لە (سفیان) ەوە لە (ابی عروە)ەوە لە (ابی الخطاب) ەوە لە (ابی حمزە) ەوە , هیچ كەس لە ئامادەبووان نەیانزانی ئەوانەی سەرەوەی (سفیان) كێن , ئیمامی بوخاری فەرمووی :- (ابو عروە ) ناوی ( معمری كوڕی راشد) ە و (ابو الخطاب) یش ناوی (قتادەی كوڕی دعامە) یە و(ابو حمزە) ە یش مەبەستی (انس ی كوڕی مالك) ە(72) .
وە ئەگەر ئیمامی بوخاری لە كەسێكەوە فەرموودەی نەگێڕایەتەوە و پشتگوێ بخستبایە ئەوا زانایانی تریش فەرموودیان لێ نەدەگێڕایەوە , پرسیار كرا لە (ابو زرعە الرازی) دەربارەی (ابن لهیعە) و (محمد ی كوڕی حمید الرازی), ابو زرعە فەرمووی :- باوكی عبدالله محمدی كوڕی اسماعیل پشت گوێیانی خستووە (تەركیانی كردووە) (73).

وتەی زانایان دەربارەی ئیمامی بوخاری


ئیمامی بوخاری توانی جێگایەكی بەرز بۆ خۆی لە ناو دڵی خەڵكیدا بكاتەوە بۆیە هەر كەسێك ئیمامی بوخاری ناسی بێت ئەوا خۆشی ویستووە , لێرەدا باسی وتەی هەندێ لەزانایان دەكەین دەربارەی فەزڵ و چاكەی ئەو كەڵە پیاوە كە زۆربەیان لە زاناكانی سەردەمی خۆی بوونە لە مامۆستا و هاوەلآنی خۆی ….
پێشەوای موسڵمانان ئیمامی ئەحمەدی كوڕی حەنبەل دەفەرمووێت :- لە خوراساندا لەبەر كردن لای چوار كەس ماوە ئەوانیش (ابو زرعە) لە شاری (الری) و(عبدالله ی كوڕی عبدالرحمن الدارمی ) لە (سەمەرقەند) و (الحسن كوڕی شجاع البلخی) و (محمد ی كوڕی اسماعیل ی بوخاری) لە (بوخارا)(74) . وە دەفەرمووێت :-خوراسان كەسی تیادا هەڵنەكەوتووە وەكو محمدی كوڕی اسماعیل ,ئەو فەقیهی ئەم ئوممەتەیە(75) .
وە عبدالله ی كوڕی ئیمامی ئەحمەد پرسیاری لە باوكی كرد دەربارەی زانا فەرموودەناسەكان (حفاظ) ,, باوكی لە وەلآمدا فەرمووی :- چەند گەنجێك لە خوراسان (پاشان بۆی ژماردن كە بە ئیمامی بوخاری دەستی پێ كرد) (76).
وە كاتێك ئیمامی بوخاری ئیمامی ئەحمەدی بە جێهێشت و گەڕایەوە خوراسان ئیمامی ئەحمەد پێی فەرموو :- ئەی باوكی عبدالله عیلم و خەڵكی بە جێ دەهێڵی و دەڕۆی بۆ خوراسان ؟!؟ (77)
وە دەڵێت :- لە خوراسانەوە كەس نەهاتووە بۆ لامان وەك محمدی كوڕی اسماعیل *.
(محمد ی كوڕی بەشار) دەفەرمووێت :- لە دونیادا چوار كەس هەن لە لەبەركردندا وێنەیان نییە (ابو زرعە) لە (الری) و(مسلم ی كوڕی الحجاج) لە (نەیسابور) و (عبدالله ی كوڕی عبدالرحمن الدارمی) لە (سەمەرقەند) و (محمدی كوڕی اسماعیل ی بوخاری ) لە (بوخارا) (78).
وە دەفەرمووێت :- كەس نەهاتووە بۆ لامان وەكو محمدی كوڕی اسماعیل(79) .
وە دەفەرمووێت :- زانایانی مەككە دەیانفەموو :- ئیمامی بوخاری پێشەوامانە وفەقیهمانە و فەقیهی خوراسانە (80).
ئیمامی بوخاری دەفەرمووێت :- كاتێك چووم بۆ بەصرە چووم بۆ مەجلیسی (محمد ی كوڕی بشار) ,كەچاوی بە من كەوت پێی فەرمووم :- ئەم گەنجە خەڵكی كوێیە ؟ گوتم :- خەڵكی (بوخارا) م ,فەرمووی :- چۆن (باوكی عبدالله)ت بە جێهێشت ؟ (مەبەستی ئیمامی بوخاری خۆی بوو) ئیمامی بوخاری دەڵێت :-منیش بێدەنگ بووم , هاوەلآنی فەرموویان :- رەحمەتی خوات لێ بێت ئەوە (باوكی عبدالله) یە , ئەمجار هەستاو توند هەردوو دەستی گرتم و لە ئامێزی گرتم و فەرمووی :- سلآو بۆ ئەو كەسەی كە چەند ساڵێكە شانازی پێوە دەكەم (81).
وە پرسیار كرا لە(ابو علی صالح ی كوڕی محمدی الاسدی ) دەربارەی ئیمامی بوخاری و ابو زرعە و عبدالله ی كوڕی عبدالرحمن الدارمی , لە وەلآمدا فەرمووی :- شارەزاترینیان لە فەرموودەدا ئیمامی بوخاری یە , وە دەفەرمووێت :- هیچ خوراسانییەكم نەبینیوە وەكو ئیمامی بوخاری تێگەیشتوو بێت (82).
(عبدان) دەفەرمووێت:- هیچ گەنجێكم نەبینیوە وەكو ئەم گەنجە چاوروونتر بێت (واتە :ئیمامی بوخاری )(83) .
(ابراهیم الخواص) دەفەرمووێت :- (ابو زرعە) م بینی لە بەر دەستی ئیمامی بوخاری دا وەكو منداڵ دانیشتبوو , پرسیاری لێدەكرد دەربارەی (علل الحدیث)(84) .
وە ئیمامی بوخاری لە ابو زرعە دامەزراوتر و زیرەك تر بووە لە لە بەركردندا , با گوێ بیستی (الفضل ی كوڕی العباس الرازی ) بین كاتێ باسی ئیمامی بوخاری دەكات و شایەتی بۆ دەدات , پرسیار كرا لە (الرازی ) دەربارەی ئیمامی بوخاری و ابو زرعە فەرموویان :- كامیان لە لەبەر كردندا بە تواناترن ؟ فەرمووی :- (محمد ی كوڕی اسماعیل)م نەبینی بوو لە رێگای نێوان (حلوان) و(بەغدا) دا بە یەك گەیشتین و دەستمان كرد بە گفتو گۆ كردن زۆر هەوڵم دا كە فەرموودەیەك بڵێم و ئیمامی بوخاری نەیبیستبێت یان نەیزانێت كەچی نەمتوانی , بەلآم بە گوێرەی ژمارەی تەڵە قژەكانی ابو زرعە فەرموودە دەزانم كە لای ابو زرعە نامۆیە(85) .
الحاكم ابوعبدالله دەفەرمووێت :- زانایان یەك دەنگن لە سەر ئەوەی كە ئیمامی بوخاری پێشەوای فەرموودەناسانە (86).
(علی كوڕی المدینی) كە مامۆستای ئیمامی بوخاری بووە هەردەم پرسیاری لە ئیمامی بوخاری دەكرد دەربارەی مامۆستایانی خوراسان و ئەگەر كەسێكی نەبیستبێ یان نەیناسیبێت دەیفەرموو :- هەر كەسێك تۆ شایەتی بۆ بدەیت بە چاكە ئەوا ئێمەیش لێی رازین (87).
وە هەر كاتێك (علی كوڕی المدینی ) دابنیشتایە بۆ گێڕانەوەی فەرموودە ئەوا ئیمامی بوخاری لای دەستی راستی یەوە دادەنیشت و هەر فەرموودەیەكی بگێڕایەتەوە تەماشایەكی ئیمامی بوخاری دەكرد (88).
وە ئیمامی بوخاری دەربارەی (علی كوڕی المدینی ) دەفەرمووێت :- هیچ فەرموودەیەكم لە كەسەوە نەبیستووە بە تام و چێژتر بێت وەك ئەوەی لە (علی كوڕی المدینی)یەوە دەمبیست (89).
وە دەفەرمووێت :- لای هیچ كەس خۆم بە بچووك نەزانیوە تەنها لای (علی كوڕی المدینی)نەبێت , ئەم قسەیە گەیشتە (علی كوڕی المدینی) فەرمووی :- واز لە قسەكانی بێنن ئیمامی بوخاری خۆیشی كەسی وەكو خۆی نەبینیوە (90).
(ابو عیسى الترمذی) دەفەرمووێت:- كەسم لە عێراق و خوراساندا نەبینیوە شارەزای (العلل) و سەنەدەكان و مێژوو بێت وەك محمدی كوڕی اسماعیل (91).
ئیمامی الترمذی دەفەرمووێت :- لای عبدالله ی كوڕی منیر بووین , عبدالله بە ئیمامی بوخاری فەرموو :- خوای گەورە بتكاتە هۆی رازاندنەوەی ئەم ئوممەتە. (الترمذی) دەڵێت :- خوای گەورە دوعاكەی لێ وەرگرت (92).
ئیمامی (مسلم) پرسیارێكی لە ئیمامی بوخاری كرد دەربارەی فەرموودەی (كفارە المجلس) ئیمامی بوخاری عیللەلی فەرموودەكەی بۆ روون كردەوە , كاتێ تەواوی كرد ئیمامی (مسلم) فەرمووی :- هیچ كەسێك رقی لە تۆ نییە مەگەر كەسێكی حەسود , وەشایەتی دەدەم كە لە دونیادا وێنەت نییە (93).
وە ئیمامی(مسلم)یان دەبینی وەكو منداڵێكی فێرخواز لە بەر دەستی ئیمامی بوخاری دا دادەنیشت و پرسیاری لێ دەكرد(94) .
وە زۆر جار ئیمامی (مسلم) دەهات بۆ لای ئیمامی بوخاری و نێو چاوانی ماچ دەكردوو دەیفەرموو:- لێم گەڕێن با هەردوو پێت ماچ بكەم ئەی مامۆستای مامۆستاكان و گەورەی فەرموودەناسان و پزیشكی فەرموودە لە (علل)ـەكانیدا (95).
(ئەحمەد ی كوڕی سیار المروزی) دەفەرمووێت :- ئیمامی بوخاری بە شوێن زانستدا گەڕاوە و لە گەڵ خەڵكیدا دانیشت و لە پێناو فەرموودەدا چەندەها سەفەری كردووە و زۆر بلیمەت و چاوروون و لێهاتوو بووە و لە لەبەركردندا زیرەك بووە و توانای ئەوەی بووە كە لە فەرموودەكانەوە (فیقه) دەربهێنێ (96).
جارێكیان هاوەلآنی (عمرو ی كوڕی علی الفلاس ) فەرموودەیەكیان بۆ ئیمامی بوخاری گێڕایەوە , ئیمامی بوخاری فەرمووی :- نازانم , بۆیە ئەوانیش پێیان خۆش بوو و رۆیشتن بۆ لای (عمرو ی كوڕی علی )پێیان فەرموو :- فەرموودەیەكمان بۆ ئیمامی بوخاری گوتووە كەچی ئەو نایزانێت , (عمرو ی كوڕی علی) فەرمووی :- فەرموودەیەك كە ئیمامی بوخاری نەیزانێت ئەوا فەرموودە نییە (97).
وە دەفەرمووێت :- باوكی عبدالله محمدی كوڕی اسماعیل یەكێكە لە هاوەلآنم لە خوراسان , ئەو كەسێكی بێ وێنەیە (98).
(سلیم ی كوڕی مجاهد) دەفەرمووێت :- شەست ساڵە چاوەكانم كەسی نەبینیوە لە محمدی كوڕی اسماعیل لە خواترس تر و زاهید تر و فەقیهتر بێت(99) . وە هەروەها دەفەرمووێت :- ئەگەر (وكیع و ابن عیینە و ابن المبارك ) زیندوو بوایەن ئەوا پێویستیان بە محمدی كوڕی اسماعیل دەبوو *.
اسحاق ی كوڕی راهویە دەفەرمووێت :- ئیمامی بوخاری لە من چاوروونترە(100)
(حاشدی كوڕی اسماعیل) دەفەرمووێت :- (اسحاق ی كوڕی راهویە)م بینی لە سەر جێگایەك دانیشت بوو لە گەڵ ئیمامی بوخاری دا دەربارەی فەرموودەیەك قسەیان دەكرد و یەك دەنگ نەبوون لە سەری , پاش گفتوگۆ كردن (اسحاق) لە قسەكەی خۆی گەڕایەوە و دانی بە راست و دروستی قسەكەی ئیمامی بوخاری دا نا , پاشان فەرمووی :- ئەی ئەوانەی كە فەرموودە دەنووسن(اصحاب الحدیث) تەماشای ئەم گەنجە بكەن و لەوەوە فەرموودە بنووسن , ئەگەر لە سەردەمی (الحسن ی كوڕی ابی الحسن) دا بوایە (مەبەستی حسن البصری)ـە ئەوا خەڵكی پێویستیان بە فەرموودە و فیقهی ئەو دەبوو(101)
ئیمامی بوخاری لە تەمەنی منداڵیدا بوو كە (محمد ی كوڕی قتیبە) بینی وا لە مەجلیسی (ابی عاصم النبیل) دا دانیشتووە پێی فەرموو :- خەڵكی كوێیت ؟ فەرمووی :- خەڵكی بوخارام , فەرمووی :- كوڕی كێیت ؟ فەرمووی :- كوڕی (اسماعیل)م ,فەرمووی :- تۆ كەسی نزیكی منی ئەمجار لە ئامێزی گرت , كابرایەك كە لە مەجلیسی (ابو عاصم)دا بوو فەرمووی :- ئەم گەنجە ململانێ لە گەڵ گەورە مامۆستایاندا دەكات (102).
(ابو معشر حمدویه كوڕی الخطاب) دەفەرمووێت :- باوكی عبدالله لە دوایین سەفەریدا لە عێراقەوە هات بۆ لامان خەڵكێكی زۆر پێشوازییان لێكرد كە لە رادە بەدەر بوو , بۆیە بە (ئیمامی بوخاری ) یان فەرموو :- ئەو هەموو خەڵكە پێشوازییان لێت كردووە !! فەرمووی :-ئەی ئەگەر ئەو رۆژەی كە چووم بۆ بەصرە و ئێوە بتانبینایە چیتان دەگوت ؟؟*
وە دەفەرمووێت :- كاتێ ئیمامی بوخاری چوو بۆ نیسابور زیاتر لە چوار هەزار سوار پیشوازییان لێكرد جگە لە پیادە (103).
وە (ابو بكری كوڕی ابی شیبە) و (محمدی كوڕی عبدالله ی كوڕی منیر ) دەڵێن
:- كەسمان نەبینیوە وەكو محمد ی كوڕی اسماعیل (104) .
علی كوڕی حجر دەفەرمووێت:- كەس ناناسم وەكو ئیمامی بوخاری بێت (105).
(ابو اسحاق المروزی) دەڵێت :- چووم بۆ لای (علی كوڕی حجر) لەو كاتەدا كە خواحافیزی لە (عبدالله ی كوڕی عبدالرحمن الدارمی ) دەكرد , فەرمووی :- دەربارەی ئەدەبی (عبدالله ی كوڕی عبدالرحمن ) چی دەڵێیت بڵێ , وە دەربارەی عیلمی بوخاری چی دەڵێیت بڵێ *.
وەهەروەها جارێكیان لە مەجلیسی (علی كوڕی حجر) باسی الدارمی و بوخاری كرا , هەندێ كەس فەزڵی (الدارمی) یان دەدا بە سەر ئیمامی بوخاری دا بۆیە (علی كوڕی حجر) فەرمووی :- ئەگەر (الدارمی ) لە شیعر و زمانی عەرەبی دا پێشی دەخەن ئەوا پێشی بخەن بەلآم لە عیلمدا هەرگیز پێش بوخاری ناكەوێ *.
كاتێك (اسماعیل ی كوڕی ابی أویس ) فەرموودەی دەگێڕایەوە (ئیمامی بوخاری) ش دەینووسی , ئیمامی بوخاری لە نێو فەرموودەكاندا هەندێ فەرموودەی هەڵدەبژاررد و دیاری دەكرد ئەمجار ( اسماعیل ی كوڕی ابی اویس ) یش ئەو فەرموودانەی كە ئیمامی بوخاری دیاری دەكرد ئەویش دیاری دەكرد و دەیفەرموو :- ئەم فەرموودانە (محمدی كوڕی اسماعیل ) لە نێو فەرموودەكانی خۆمدا دیاری كردووە و هەڵیبژاردووە .(106)
جاری وا هەبوو كە خەڵكی خۆزگەیان دەخواست ئەگەر بە دەستی ئەوان بوایە و بكرایە ئەوا لە تەمەنی خۆیانیان دەخستە سەر تەمەنی ئیمامی بوخاری , (یحیى ی كوڕی جعفر البیكندی ) دەفەرمووێت :- ئەگەر بمتوانیایە لە تەمەنی خۆم بدایە بە (محمدی كوڕی اسماعیل) ئەوا دەمكرد چونكە مردنی من مردنی تاكە كەسێكە بەلآم مردنی (محمدی كوڕی اسماعیل) رۆیشتن و نەمانی عیلمە** .
وە جاری وا هەبوو خەڵكی مەدحیان دەكرد و زیادە رەوییان لە مەدحەكەدا دەكرد كە رەنگە هیچ كەسێك بەو شێوە مەدح نەكرا بێت بۆ نمونە :- (رجاء ی كوڕی المرجی المروزی الحافڤ) دەفەرمووێت :- فەزڵی (محمدی كوڕی اسماعیل) بە سەر زانایاندا وەكو فەزڵی پیاوانە بە سەر ژناندا , فەرموویان :- ئەی باوكی محمد هەموو بە جارێك ؟؟ فەرمووی :- ئەو ئایەتێكە لە ئایەتەكانی خوای گەورە و بە سەر زەویدا رێ دەكات (107).
(أبو عمر ئەحمەدی كوڕی نصر الخفاف ) دەفەرمووێت :-هەر كەسێك قسەیەك بكات بە (محمدی كوڕی اسماعیل) ئەوا لە منەوە هەزار لەعنەتی لێ بێت (108).
وە دەفەرمووێت :- ئەگەر ئیمامی بوخاری لەم دەرگایەوە هاتە ژوورەوە ئەوا پڕ بە دڵ دەترسم ,( واتە ناتوانم لە بەر دەستی ئەودا فەرموودە بگێڕمەوە) (109). وە ئەگەر (الخفاف) فەرموودەیەكی لە ئیمامی بوخاری یەوە بگێڕایەتەوە دەیفەرموو :- لە (محمدی كوڕی اسماعیل) ی بوخاری لە خواترسی , پاكی , زانای , بێ وێنە, بۆی گێڕامەوە.(110)
وە دەفەرمووێت :- محمد ی كوڕی اسماعیل فەرموودەناستر و زاناترە لە اسحاق ی كوڕی راهویە و ئەحمەد ی كوڕی حەنبەل و ئەوانیتر بە بیست پلە (درجە) (111).
وە (عبدالله ی كوڕی حماد الاملی ) دەفەرمووێت :- حەزم دەكرد كە تەڵە موویەك بوایەم لە سەر سنگی محمدی كوڕی اسماعیل (112).
(الحسین ی كوڕی محمد المعروف) دەفەرمووێت :- كەسم نەبینیوە وەك (محمد ی كوڕی اسماعیل) , وە ئیمامی (مسلم) ناگاتە ئەو , (ابو زرعە) و( ابو حاتم) م دەبینی كە گوێ بیستی ئیمامی بوخاری دەبوون هەرچی بگوتایە و ئەوان لە تەنیشتییەوە دادەنیشتن (113).
وە ئیمامی (النووی) دەفەرمووێت :- بزانە وەسف وسەنای ئیمامی بوخاری لەو جێگا بەرز و لە پێش كەوتنە زانستی یەدا بە سەر هاوڕێ و هاوەلآنیدا یەك دەنگیەكە لە نێوان زانایان و پاشینەكان و پێشینەكاندا , وە بۆ باسی فەزڵی ئیمامی بوخاری زۆربەی ئەوانەی كە وەسفیان كردووە و باسی چاكەی ئەویان كردووە مامۆستا زیرەگ و ناودارەكانی خۆی بوونە (114).
وە ئیمامی( السبكی) دەفەرمووێت :- ئیمامی بوخاری پێشەوای موسڵمانانە و پێشڕەوی یەكتاپەرستانە و مامۆستای ئیماندارانە (115).
(ابو حاتم الرازی ) دەفەرمووێت :- (محمد ی كوڕی اسماعیل) زاناترین كەسە كە
هاتووە بۆ عێراق (116).
(ابو سهل محمودی كوڕی النضر الشافعی) دەفەرمووێت :- سەردانی بەصرە و شام و حیجاز و كووفەم كردووە و زانایانی ئەو شارانەم بینیوە , هەر كاتێك باسی (محمدی كوڕی اسماعیل) بكرایە ئەوا فەزڵیان دەدا بە سەر خۆیاندا (117).
وە پێشەوای پێشەوایان (امام الائمە) كە (محمد ی كوڕی اسحاق ی كوڕی خزیمە) یە دەفەرمووێت :- لە ژێر سێبەری ئاسماندا كەسم نەبینیوە لە محمد ی كوڕی اسماعیل ی بوخاری شارەزاتر بێت لە فەرموودەكانی پێغەمبەری خوادا () (118), بۆیە (ابوالفضل محمد ی كوڕی طاهر المقدسی) دەفەرمووێت :- بەسە بۆ ئیمامی بوخاری كە كەسێكی وەكو پێشەوای پێشەوایان (ابن خزیمە) ئەم شایەتییەی بۆ بدات لە گەڵ بینینی ئەو هەموو زانایانەی رۆژهەلآت و رۆژ ئاوا (119).
(عبدالله العجلی) دەفەرمووێت :- (ابوحاتم و ابو زرعە) م دەبینی لای ئیمامی بوخاری دادەنیشتن و گوێ بیستی ئەو دەبوون , وە ئیمامی (مسلم) نەدەگەیشتە ئەو و ئیمامی بوخاری لە (محمدی كوڕی یحیى الذهلی) زاناتر بوو(120) . وە دەفەرمووێت :- كەسم نەبینیوە وەكو محمدی كوڕی اسماعیل , تەنانەت ئیمامی (مسلم) یش نەدەگەیشت بە ئەودا (121).
وەخەڵكی شاری بەغدا هەردەم شیعرێكیان دەگوت بە بالآی ئیمامی بوخاری دا و دەیانفەرموو :-
المسلمون بخیر ما بقیت لهم ولیس بعدك خیر حین تفتقد (122)
واتە:- موسڵمانان وان لە خێردا تاكو تۆ بۆیان بمێنی وە لە پاش بزر كردن و نەمانت هیچ خەیرێك نییە .
وە چەند پیاو چاكێك خەوی باشیان بە ئیمامی بوخاری یەوە بینیوە كە دڵ پێی ئارام دەبێت و دڵ پێی خۆش دەبێت لەوانە پیاو چاكێك لە خەودا بینی وا ئیمامی بوخاری بە شوێن پێغەمبەری خوادا ( ) رێ دەكات هەر كاتێك پێغەمبەر ( ) پێی هەڵدەگرێت ئەوا ئیمامی بوخاری پێی لە جێگەی ئەو دادەنێت (123).
(الفربری) دەفەرمووێت :- پێغەمبەری خوام () لە خەودا بینی پێی فەرمووم :- بۆ كوێ دەچیت ؟ گوتم :- بۆ لای محمد ی كوڕی اسماعیل ی بوخاری , پێغەمبەر () فەرمووی:- سلآوی منی پێ بگەیەنە (124).
(عبدالله ی كوڕی محمدی كوڕی سعیدی كوڕی جعفر) دەفەرمووێت :- گوێم لێ بوو زانایانی میسر دەیانفەرموو :- لە دونیادا كەس نییە وەك محمدی كوڕی اسماعیل لە زانیاری و چاكەكاریدا , ئەمجار عبدالله فەرمووی :- منیش قسەكەی ئەوان دەكەم.
(صالح ی كوڕی محمد جزرە) دەفەرمووێت :- هیچ خوراسانییەكم نەبینیوە لە محمدی كوڕی اسماعیل تێگەیشتوو تر بێت . وە دەفەرمووێت :-لە لەبەركردندا لە هەموویان زیرەكترە .
ئەگەر باسی ئیمامی بوخاری لای (یحیى ی كوڕی محمدی كوڕی صاعد) بكرایە دەیفەرموو :- ئەوە كەسێكە ململانێ لە گەڵ زانایاندا دەكات(125).
(الحسین ی كوڕی حریث ) دەفەرمووێت :- نازانم كەسێكم بینیبێت وەك محمد ی كوڕی اسماعیل , دەڵێی ئەو تەنها بۆ فەرموودە دروستكراوە (126).
(ابو عبدالله الفربری) دەفەرمووێت :- (عبدالله ی كوڕی منیر)م دەبینی لە ئیمامی بوخاری یەوە فەرموودەی دەنووسی و دەیفەرموو :- من یەكێكم لە قوتابییەكانی بوخاری .
(ابن حجر العسقلانی) و (ئیمامی الژهبی) دەفەرموون :- (عبدالله ی كوڕی منیر) یەكێكە لە مامۆستاكانی ئیمامی بوخاری لە كتێبەكەیدا( واتە: الجامع الصحیح) فەرموودەی لێ گێڕاوەتەوە (127).
(ابو الطیب حاتم ی كوڕی منصور) دەفەرمووێت :- محمد ی كوڕی اسماعیل ئایەتێك بوو لە ئایەتەكانی خوای گەورە لە زانست و زانیاریدا (128).
(ابو سهل محمود ی كوڕی النضر الشافعی) دەفەرمووێت :- زیاتر لە سی زانا لە زانایانی میسرم بینیوە هەموویان دەیانفەرموو :- پێداویستیمان لەم دونیایە تەماشا كردنی (محمدی كوڕی اسماعیل)ـە *.
(حاشد) دەفەرمووێت :- (عمرو ی كوڕی زرارە) و( محمدی كوڕی رافع) م بینی لە بەر دەستی ئیمامی بوخاری دا و پرسیاریان لێ دەكرد دەربارەی (علل الحدیث) , وە كاتێ هەستان فەرموویان بەوانەی كە لە مەجلیسەكەدا دانیشتبوون :- دڵنیا بن لەوەی كە (ابی عبدالله) لە ئێمە فەقیه تر و زاناتر و چاوروونترە **.
(الدارمی) دەفەرمووێت :-زانایانی مەككە و مەدینە و حیجاز و شام و عێراق م بینیوە , كەسم نەبینیوە وەك محمدی كوڕی اسماعیل .
وە جارێكیان پرسیاریان كرد لە الدارمی دەربارەی فەرموودەیەك و فەرموویان :-ئیمامی بوخاری فەرموویەتی فەرموودەكە( صحیح)ـە , الدارمی فەرمووی :- محمد ی كوڕی اسماعیل لە من چاوروونترە (129).

مامۆستاكانی ئیمامی بوخاری


ئیمامی بوخاری لە پێناوی وەرگرتنی زانست و فەرموودەدا هەردەم لە سەفەر و گەڕاندا بووە , بۆیە ژمارەی مامۆستاكانی زۆر بوون تاكو گەیشتە ئەو رادەیە كە خۆی دەفەرمووێت :- لە هەزار مامۆستا زیاترەوە فەرموودەم نوسیوە (130).ئەمە لە رووی ژمارەوە (واتە:چەندێتی ) بەلآم لە رووی (چۆنییەتی) یەوە ئیمامی بوخاری لە هیچ مامۆستایەكەوە فەرموودەی وەرنەدەگرت تاكو باوەری بەوە نەبوایە كە ئیمان وتەو كردەوەیە (قول و عمل) (131).
لێرەدا باسی ناوی هەندێ لە مامۆستاكانی دەكەین كە فەرموودەی لێیانەوە وەرگرتووە ئەویش لە دوو رووەوە یا بەگوێرەی دوو شت :-
یەكەمیان // بە گوێرەی ئەو ولآت و شوێنانەی كە سەفەری بۆ كردووە بە مەبەستی وەرگرتنی زانست و فەرموودە لەوانە(132) :-

  1. لە شاری مەككە / (ابو الولید ئەحمەدی كوڕی محمد الازرقی) و(ابوبكر عبدالله ی كوڕی الزبیر الحمیدی) و ……هتد .
  2. لە شاری مەدینە/ ابراهیم ی كوڕی منژر الحزامی وابراهیم ی كوڕی حمزە …. هتد .
  3. لە شام / محمدی كوڕی یوسف الفریابی و ادم ی كوڕی ابی ایاس ….هتد .
  4. لە شاری بوخارا / محمدی كوڕی سلام البیكندی و محمدی كوڕی یوسف ….هتد .
  5. لە مرو / علی كوڕی الحسن ی كوڕی شقیق و عبدان ی كوڕی عپمان … هتد
  6. لە بەلەخ / محمدی كوڕی أبان و مكی كوڕی ابراهیم ….. هتد .
  7. لە هراە / ئەحمەدی كوڕی عبدالله الحنفی …. هتد .
  8. لە نیسابور / یحیى ی كوڕی یحیى التمیمی و محمدی كوڕی یحیى الذهلی …. هتد.
  9. لە الری / ابراهیم ی كوڕی موسى ……..هتد .
  10. لە بەغدا / ئەحمەدی كوڕی حنبل و محمدی كوڕی عیسى ی كوڕی الطباع ……. هتد .
  11. لە بەصرە / ابو عاصم النبیل و صفوان ی كوڕی عیسى ……هتد .
  12. لە واسط / حسان ی كوڕی حسان و حسان ی كوڕی عبدالله ……هتد .
  13. لە كووفە / عبیدالله ی كوڕی موسى و ابو نعیم …… هتد .
  14. لە میسر / عپمان ی كوڕی صالح و سعیدی كوڕی ابی مریم …… هتد .
  15. لەجەزیرە / ئەحمەدی كوڕی عبدالملك الحرانی و ئەحمەدی كوڕی یزید الحرانی …. هتد .
    دووەمیان (133) //بە گوێرەی ئەو (طبقات)ـە كە لە (جامع الصحیح)دا هەیە وفەرموودەی لێیانەوە گێڕاوەتەوە / ئیمامی النووی دەفەرمووێت :- (ابی الفضل المقدسی) فەرموویەتی :- ئەوانەی ئیمامی بوخاری لە (صحیح)ـەكەیدا فەرموودەی لێ گێڕاوەتەوە پێنج بەشن :-
    یەكەم // لە یەك رێگاوە فەرموودەكە گێڕدراوەتەوە , واتە : لە نێوان هاوەڵی پێغەمبەر () (صحابی) و مامۆستاكانی ئیمامی بوخاری دا تەنها یەك كەسە كە ئەویش شوێنكەوتووە (تابعی) وە لە نێوان ئیمامی بوخاری و شوێنكەوتووەكە (تابعی) تەنها یەك كەسە كە ئەویش مامۆستاكەی ئیمامی بوخاری یە . لەوانە:- (محمدی كوڕی عبدالله الانصاری ) كە مامۆستای ئیمامی بوخاری یە ئەویش لە (حمید)ەوە كە (تابعی)یە ئەویش لە (انس)ەوە كە هاوەڵی پێغەمبەرە ( ) .
    دووەم// كۆمەڵێك كە لە پێشەوایانەوە ریوایەتیان كردووە ئەوانیش لە (تابعین)ەوە كە ئەوكۆمەڵەیش مامۆستاكانی (ئیمامی بوخاری) ن واتە : لە نێوان ئیمامی بوخاری و (تابعین)دا دوو كۆمەڵ یان دوو كەس هەیە , لەوانە :- ابن جریج و مالك و ابن ابی ژئب و ابن عیینە لە حیجاز و الاوزاعی و شعیب لە شام والپوری و شعبە و حماد و ابی عوانە وهمام لە عێراق واللیپ و یعقوب ی كوڕی عبدالرحمن لە میسر , وە ئەم كۆمەڵە زۆرن .
    سێیەم // كۆمەڵێك ئیمامی بوخاری لەوانەوە ریوایەتی كردووە ئەوانیش لە كەسانێكەوە ریوایەتیان كردووە كە لە سەردەمی ئیمامی بوخاری دا بوون , وە ئیمامی بوخاری توانای بووە كە پێیان بگات بەلآم فەرموودەی لێیانەوە نەبیستووە وریوایەتی لەوانەوە نەكردووە وەك :-یزیدی كوڕی هارون و عبدالرزاق.
    چوارەم //كۆمەڵێك لە (طبقە)ی ئیمامی بوخاری بوون ,وە ئیمامی بوخاری لەوانەوە ریوایەتی كردووە و ئەوانیش لە مامۆستاكانی ئیمامی بوخاری یەوە ریوایەتیان كردووە وەك :-ابی حاتم الرازی .
    پێنجەم // كۆمەڵێك كە ئیمامی بوخاری لەوانەوە ریوایەتی كردووە كەچی ئەوان بچوكترن لە ئیمامی بوخاری لەرووی (اسناد) و تەمەن و مردن و (زانیاری)یەوە وەك :- عبدالله ی كوڕی حماد الاملی و حسین القبانی .
    ئیمامی بوخاری دەفەرمووێت :- فەرموودەناس پێگەیشتوو(كامل) نابێت تاكو فەرموودە ریوایەت نەكات لە كەسانێك كە لە خۆی زیاتر بن و كەسانێك وەكو خۆی بن و كەسانێك كە لەخۆی كەمتر بێت (مەبەستی لە رووی زانیاری و تەمەنەوە) , كاتێك ئیمامی بوخاری قوتابی بوو مامۆستاكانی سوودیان لێ وەردەگرت زیاتر لەوەی كە ئەوان سوودیان بۆی هەبوو هەروەكو خۆی باسی دەكات , واتە :ئیمامی بوخاری مامۆستای مامۆستاكانی خۆی بووە(134) .
    ئیمامی بوخاری دەفەرموێت :- كاتێ كە سەردانی شاری (بلخ) م كرد داوایان لێ كردم لە هەر مامۆستایەكەوە كە فەرموودەم لێ گێڕاوەتەوە یەك فەرموودە بگێڕمەوە منیش هەزار فەرموودەم بۆ گێڕانەوە كەلە هەزار كەسەوە بیستبووم *.

قوتابییەكانی ئیمامی بوخاری


ئیمامی بوخاری هەر لەسەرەتای ژیانییەوە چەندین قوتابی بووە كە هەموویان خاوەن عیلم و زانیاری بوونە , بۆ نمونە : كاتێ ئیمامی بوخاری لە بەصرە بوو خەڵكی بەصرە لە قوتابیانی زانست و زانیاری شوێنی دەكەوتن تاكو پێی دەگەیشتن و لە سەرە رێگاكاندا دادەنیشتن بەمەبەستی ئەوەی فەرموودەیان بۆ بگێڕێتەوە ئەمجار هەزاران كەس لێی كۆ دەبوونەوە كە تیایاندا هەبوو خەڵكی فەرموودەی لێ دەگێڕایەوە كەچی ئیمامی بوخاری هێشتا زۆر گەنج بوو (136). ابوبكر الاعین دەفەرمووێت :- لە محمد ی كوڕی اسماعیل ەوە فەرموودەمان گێڕایەوە لە پێش دەرگای (محمدی كوڕی یوسف الفریابی) هێشتا ئیمامی بوخاری یەك تەڵ موو بە روومەتیەوە نەبوو .
ئیمامی بوخاری لە زۆربەی شارەكاندا قوتابی هەبووە و كاتێ چووەتە هەر شارێك كۆمەڵێك قوتابی لێی كۆبونەتەوە بۆ نمونە : (ابو علی صالح ی كوڕی محمد البغدادی) دەفەرمووێت :- ئیمامی بوخاری لە (بەغدا) دادەنیشت بۆ گێڕانەوەی فەرموودە زیاتر لە بیست هەزار كەس لەمەجلیسەكەیدا دادەنیشت (137).
ئەوانەی لە ئیمامی بوخاری یەوە ریوایەتیان كردووە زۆر لەوە زیاترن كە بژمێردرێن و لەوە بە ناو بانگترن كە باسیان بكرێت, وە ئەوەیشە با بزانین كە كەسێك ئەگەر هەزار و هەشتا مامۆستای هەبوو بێت ئاخۆ چەند قوتابی دەبێت؟! بۆیە هەندێ كەس دەڵێن ئیمامی بوخاری نزیكەی سەد هەزار قوتابی بووە(138) .
(الفربری) دەفەرمووێت :- نەوەت هەزار كەس زیاتر كتێبی (صحیح) یان لە ئیمامی بوخاری یەوە ریوایەتی كردووە .
لە بەناوبانگترین ئەو كەسانەی كە ریوایەتیان كردووە لە ئیمامی بوخاری یەوە

هەندێكیان مامۆستای بوونە وەك عبدالله ی كوڕی محمد المسندی و عبدالله ی كوڕی منیر و اسحاق ی كوڕی ئەحمەد السرماری و محمدی كوڕی خلف ی كوڕی قتیبە و……هتد.

وە هەندێكیان هاوەڵی بوونە و لەیەك تەمەندا بوونە وەكو ابو حاتم الرازی و ابو زرعە الرازی و ابواسحاق ابراهیم الحربی و محمد ی كوڕی عبدالله مطین كە خاوەنی (المسند) ە و ابو بكری كوڕی ابی عاصم و موسى ی كوڕی هارون الجمال و اسحاق ی كوڕی ئەحمەدی كوڕی زیرەك الفارسی و محمدی كوڕی قتیبە البخاری و ابو بكر الاعین …هتد .
-وەهەندێكیان لە گەورە زانایانن وەكو پێشەوا ابو الحسین مسلم ی كوڕی الحجاج ی كوڕی مسلم خاوەنی كتێبی (الصحیح) ە و پێشەوا ابو عیسى محمد عیسى الترمذی خاوەنی كتێبی (السنن)ە و پێشەوا ابو عبدالرحمن ئەحمەدی كوڕی شعیب النسائی كە ئەویش خاوەنی (السنن) ە وە پێشەوای پێشەوایان (امام الائمە) ابو بكری كوڕی خزیمە كە خاوەنی زیاتر لە (140) كتێبە و صالح ی كوڕی محمد جزرە وعبدالله ی كوڕی محمد ی كوڕی ناجیە و ابو محمد صاعد والحسین ی كوڕی اسماعیل المحاملی و ابو الفضل ئەحمەدی كوڕی سلمە و محمد ی كوڕی نصر المروزی و عمر ی كوڕی محمد البحیری وابو بكر ی كوڕی ابی الدنیا و ابو بكر البزار و حسین بن محمد القبانی و یعقوب بن یوسف بن الاخرم **
وە هەموو ئەوانەی كە باسمان كرد پێشەوا و فەرموودەناس و(حفاظ) ن .


نوسینەكانی ئیمامی بوخاری


ئیمامی بوخاری هەر لە تەمەنی هەژدە ساڵییەوە دەستی كردووە بە نوسینی كتێب و كۆكردنەوە و جیاكردنەوەی فەرموودە .
(الخطیب البغدادی) دەڵێت :- ئیمامی بوخاری فەرموویەتی :- كە تەمەنم گەیشتە هەژدە ساڵ دەستم كرد بە نووسین دەربارەی هاوەلآن و شوێنكەوتووان (الصحابە و التابعین) و قسەكانیان و كتێبی (التاریخ) م نووسی لە مانگە شەواندا و نزیك قەبری پێغەمبەر ( ).
وە هەروەها لە نووسینەكانی ئیمامی بوخاری :-
1//الجامع الصحیح // كە لەدواییدا بە درێژی باسی لێوە دەكەین چونكە بە راستترین كتێب دادەنرێت لە پاش قورئانی پیرۆز .
2// كتێبی (التاریخ الكبیر)(140) // ابو العباس ئەحمەدی كوڕی محمدی كوڕی سعید دەفەرمووێت :- ئەگەر كەسێك سی هەزار فەرموودەی نوسی بێت ئەوا هێشتا پێویستی بە كتێبی (التاریخ) ی (محمد ی كوڕی اسماعیل) دەبێت (141).
3// كتێبی ( التاریخ الصغیر) .
4// كتێبی ( التاریخ الاوسط) .
5// كتێبی ( الاسماء والكنى) .
6// كتێبی ( الضعفاء) //ئەم كتێبە تەنها سی و سێ لاپەرەیە و یەك بەشە .
7//كتێبی ( السنن فی الفقە) .
8// كتێبی ( الأدب المفرد) .
9// كتێبی (خلق أفعال العباد) .
10// كتێبی (القراءە خلف الامام) .
11/ كتێبی (الهبە) .
12// كتێبی ( رفع الیدین فی الصلاە) .
13// كتێبی ( بر الوالدین) .
14// كتێبی ( الجامع الكبیر) .
15//كتێبی ( المسند الكبیر) .
16//كتێبی ( التفسیر الكبیر) .
17// كتێبی ( الأشربە) .
18// كتێبی ( أسامی الصحابە) .
19// كتێبی (الوحدان ) . دەربارەی ئەو كەسانەیە لە هاوەلآن كە تەنها یەك فەرموودەیان ریوایەت كردووە .
20//كتێبی (المبسوط ) .
21//كتێبی (العلل ) .
22// كتێبی (الفوائد ) .
23//كتێبی (قضایا الصحابە والتابعین ) .
24// كتێبی ( الأعتصام) , ئیمامی بوخاری دەڵێت :- ئەم كتێبەم لە یەك شەودا نوسیوە* .

رووبەروو بوونەوەی فیتنەی سەردەم


لە سەردەمی ئیمامی بوخاری دا چەند بابەتێك لە بیرو باوەر لە ناو موسڵماناندا پەرەی سەند كە بووە هۆی دروست بوونی چەند كێشە و دوو بەرەكی لە نێوان موسڵماناندا , لە هەموویان گەورەتر كێشەی قورئان بوو كە هەندێ لە موعتەزیلەكانی ئەو سەردەمە كە دەسەلآتیان گردبووە دەست , بانگەوازیان بۆ ئەوە دەكرد و دەیانگوت كە قورئان دروستكراوی خوایە و هانی خەڵكییان دەدا وزۆریان لە خەڵكی دەكرد كە ئەوانیش وا بڵێن , بەلآم موسڵمانانی ئەهلی سوننە و جەماعە یەك دەنگ بوون لە سەر ئەوەی كە قورئان كەلامی خوایەو دروستكراو نییە و موسڵمانان رووبەرووی ئەو كێشەیە بوونەوە بە پشتیوانی خوای گەورەو ئەمجار زیرەكی و لێهاتوویی خۆیان . هەروەكو ئاشكرایە كە ئیمامی ئەحمەدی كوڕی حەنبەل لەم پێناوەدا ئازارێكی زۆری چەشت و تووشی بەند كردنێكی چەند ساڵی بووەوە كەچی نەیانتوانی یەك زەررە لە بیروباوەری كەم بكەنەوە و بە سەركەوتوویی تیایدا دەرچوو , وە (ئیمامی بوخاری) ش كە قوتابی ئیمامی ئەحمەد بوو , ئەویش تاقیكرایەوە بەلآم لە رووی بێژەی قورئان (لفظ القرآن) سوپاس بۆ خوا كە ئەویش سەركەوتوو بوو , هەر چەندە لە لایەن چەند كەسێكەوە پڕوپاگەندەی ئەوەی بۆ كرا كە گوایە ئیمامی بوخاری وەلآمی ئەوانی داوەتەوە , بەلآم نەخێر هەرگیز وا نییە , ئەوەتا المروزی دەفەرمووێت :- گوێم لێ بوو ئیمامی بوخاری فەرمووی :- هەر كەسێك بڵێت كە من گوتوومە بێژەم بە قورئان دروست كراوە(لفظی بالقرآن مخلوق) ئەوا دروزنە چونكە من نەمگوتووە.(142) المروزی فەرمووی :- خەڵكی شتێكی تر دەڵێن و زۆر دەڵێن ؟ ئیمامی بوخاری فەرمووی :- هیچ راست نییە تەنـــها ئەوە نەبێ كە گوێت لێ بوو (143).
وە ئیمامی بوخاری دەفەرمووێت : ئیمان وتە و كردەوەیە (قول و عمل) كەم دەكات و زیاد دەكات , قورئان كەلامی خوایە و دروستكراو نییە وە باشترین هاوەڵی پێغەمبەر ( ) (ابو بكر) ە ئەمجار ( عمر) ە ئەمجار( عثمان) ە وئەمجار ( علی) لە سەر ئەم قسەیە ژیاوم و لە سەری دەمرم و لە سەر ئەوەیشە زیندوو دەكرێمەوە انشاء الله(144) .
ئەمە بیروباوەری ئیمامی بوخاری بووە دەربارەی ئیمان و قورئان وهاوەلآن و لە سەر ئەم بیروباوەرە كۆچی دوایی كردووە , كابرایەك پێش مردنی ئیمامی بوخاری بە رۆژێك پرسیاری لێ كردبوو , فەرمووی :- ئەی باوكی عبدالله چی دەڵێیت دەربارەی قورئان ؟؟ ئیمامی بوخاری فەرمووی :- قورئان كەلامی خوایەو دروستكراو نییە , كابرا فەرمووی :- خەڵكی دەڵێن كە تۆ فەرمووتە لە (مصاحف) ەكاندا قورئان نییە و لە سنگەكاندا قورئان نییە ؟! ئیمامی بوخاری فەرمووی :-استغفر الله لەوەی كە شایەتی بدەیت بە سەر شتێكدا لە منەوە نەتبیستبێت , ئەوە دەڵێین كە خوا خۆی فەرموویەتی (وَالطوڕ * وَكِتَابٍ مَّسْطورٍ) دەڵێم :- لە (مصاحف) دا قورئان هەیە و لە سنگەكاندا قورئان هەیە ئەگەر هەر كەسێك شتێكی تر بڵێت ئەوا داوای لێ دەكرێت كە تەوبە بكات ئەگەر تەوبەی كرد ئەوا باشە و ئەگەر نا ئەوا رێگای (كوفر) ی گرتووەتە بەر (145).
ئەو هەموو پڕوپاگەندە كە بۆ ئیمامی بوخاری دەكرا لە كەسانی نزیكی خۆیەوە بوو وە لە كەسانێكەوە بوو كە هاورێ و هاوەڵی خۆی بوون و لە سەر پەیرەو وباوەری خۆی بوون .


سەرەتای كێشەكە


لە ساڵی (250) ی كۆچی ئیمامی بوخاری چوو بۆ (نیسابور) و ماوەیەك لەوێ نیشتەجێ بوو كە بە بەردەوامی فەرموودەی بۆ خەڵكی دەگێڕایەوە , زانای ئەو شارە كە ناوی (محمدی كوڕی یحیى الذهلی ) بوو لە سەرەتاوە فەرموو بووی :- بڕۆن بۆ لای ئەو پیاو چاكە و زانایە و لە ئەوەوە فەرموودە وەرگرن . بۆیە خەڵكی رۆیشتن بۆ لای ئیمامی بوخاری و گوێ بیستی ئەو بوون تاكو ژمارەیان بە تەواوی زۆر بوو , كەچی مەجلیسەكەی (الذهلی) بە تەواوی كەم بووەوە ئەویش پێی ناخۆش بوو, بۆیە ئەویش دەستی كرد بە پڕوپاگەندە كردن دژی ئیمامی بوخاری* .
ئیمامی (مسلم) دەفەرمووێت :- كاتێ كە ئیمامی بوخاری هات بۆ (نیسابور) پێشوازییەكی گەرمی لێكرا كە پێش ئەو هیچ والییەك یان زانایەك ئەو پێشوازییەی لێ نەكرا بوو لە لایەن خەڵكی نیسابورەوە, لە پێش دوو قۆناغ یان سێ قۆناغ لەوەی بگات بە شار خەڵكی پێشوازییان لێكرد , وە (محمدی كوڕی یحیى الذهلی) لە مەجلیسەكەی خۆیدا فەرمووی:- هەر كەسێك دەیەوێت سبەینێ پێشوازی بكات لە محمدی كوڕی اسماعیل ئەوا با بیكات , من خۆم پێشوازی لێ دەكەم بۆ سبەینێ (الذهلی) و هەموو زانایانی نیسابور پێشوازییان لێ كرد و ئەویش هاتە ناو شارەوە ,( الذهلی) بە قوتابییەكانی فەرموو :- دەربارەی (كەلام) هیچ پرسیارێكی لێ مەكەن چونكە ئەگەر جیاواز لە ئێمە وەلآمی دایەوە ئەوا نێوانمان تێك دەچێ و هەموو (ناصبی) و (رافضی) و(جهمی) و (مرجئە) یەك كە لەخوراساندا هەن دڵخۆش دەبن ,پاشان خەڵكی زۆر بوون لە لای ئیمامی بوخاری تاكو ماڵ و سەربانەكەی پڕ بوو كاتێ كە رۆژی دووەم یا سێیەم بوو لە هاتنی ئیمامی بوخاری بۆ نیسابور كابرایەك هەستا و پرسیاری كرد دەربارەی (لفظ القرآن) ئیمامی بوخاری فەرمووی :- كردەوەكانمان دروستكراوە و بێژەكەمانیش بەشێكە لەكردەوەكانمان . بۆیە خەڵكی لە نێوان خۆیاندا بووون بە چەند تاقمێكەوە , هەندێكیان فەرموویان:- ئەوا فەرمووی (لفظی بالقرآن مخلوق) , وەهەندێكیان فەرموویان :- وای نەفەرمووە بۆیە جیاوازی كەوتە نێوانیان تا كار گەیشتە ئەوەی كە هەندێكیان ببێتە ناخۆشیان لە گەڵ هەندێكی تریان و لەماڵەكە چوونە دەرەوە** .
(ابو ئەحمەدی كوڕی عدی) دەفەرمووێت :- مامۆستایەك بۆی گێڕامەوەو فەرمووی:- كاتێ كە ئیمامی بوخاری هات بۆ نیسابور و خەڵكێكی زۆر لێی كۆبوونەوە هەندێ لەمامۆستایان حەسوودیان پێ برد فەرموویان كە گوایە ئیمامی بوخاری فەرموویەتی (لفظی بالقرآن مخلوق) كاتێ كە مەجلیسی ئیمامی بوخاری دانرا كابرایەك فەرمووی :- چی دەڵێیت دەربارەی (اللفظ بالقرآن) ئایە دروستكراوە یان دروستكراو نییە؟ ئیمامی بوخاری وەلآمی نەدایەوە تاكو سێ جار , كابرا سوور بوو لەسەر پرسیارەكەی , ئیمامی بوخاری فەرمووی:- قورئان كەلامی خوایە و دروستكراو نییە و كردەوەكانی مرۆڤ دروستكراون و پرسیار كردن لەم بابەتە بیدعەیە***, كابرا فەرمووی :-ئەوا ئیمامی بوخاری فەرمووی (لفڤی بالقرآن مخلوق).
ئیمامی بوخاری دەفەرمووێت :- جولآنەوە و دەنگ و كاسبی و نوسینی خەڵكی دروستكراوە بەلآم قورئان كە لە (مصحف) ەكاندا نوسراوە و لە سنگەكاندا هەیە ئەوە كەلامی خوایە ودروستكراو نییە .(الذهلی) فەرمووی :- قورئان كەلامی خوایە و دروستكراو نییە وە هەركێ بڵێت (لفظی بالقرآن مخلوق ) ئەوا بیدعە چییە(مبتدع) وە نابێت لە گەڵیدا دابنیشیت و قسەی لە گەڵدا بكرێت , وەهەر كێ لە ئەمڕۆ بە دواوە بچێت بۆ لای (محمد ی كوڕی اسماعیل) ئەوا وریای بن چونكە كەس ناچێت بۆ لای تەنها كەسێك نەبێت كە لە سەر مەزهەبەكەی ئەو بێت . (الحاكم) دەفەرمووێت :- كاتێ ئەو جیاوازییە لە نێوان (الژهلی) و ئیمامی بوخاری دا رووی دا خەڵكی وازیان هێنا لە ئیمامی بوخاری تەنها ئیمامی (مسلم) و (ئەحمەدی كوڕی سلمە) نەبێت ,(الذهلی) فەرمووی :- هەركێ دەربارەی (اللفظ) قسەی كردووە ئەوا بۆی نییە بێتە مەجلیسی ئێمەوە , ئیمامی(مسلم) دەست بە جێ لە ناو خەڵكەكەدا هەستا و چووە دەرەوە و هەرچی شتێكی لە (الذهلی) یەوە نوسی بوو بۆی گەڕانەوە , بۆیە لە كتێبەكەیدا هیچ فەرموودەیەكی لێ نەگێڕاوەتەوە ****.
(ئەحمەدی كوڕی سلمە النیسابوری) دەفەرمووێت :- چووم بۆ لای ئیمامی بوخاری پێم گوت :- ئەی باوكی عبدالله ئەم كابرایە (مەبەستی الذهلی یە) خەڵكی خوراسان بە تایبەتی خەڵكی ئەم شارە گوێی لێ دەگرن و لای خەڵكی پەسەندە لەم مەسەلەدا زۆر قسە دەكات و سوورە لە سەر قسەی خۆی تاكو گەیشتووەتە ئەوەی یەكێك لە ئێمە ناتوانێت قسەی لە گەڵدا بكات , ئایە تۆ چی بە باش دەزانیت ؟ ئیمامی بوخاری بە دەستی ریشی خۆی گرت و فەرمووی :- ( وَأُفَوِّض أَمْڕی إِڵى اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ بَصِیرٌ بِالْعِبَادِ) خوایە گیان… خۆت دەزانی من نەمویست لە (نیسابور) نیشتەجێ بم نە حەزم لەخراپەیە و نە تەكەبور و نە پلە وپایەم دەوێ بەڵكو هۆی نەگەڕانەوەم بۆ ولآتەكەی خۆم زۆر بوونی نەیارانمە وە ئەم پیاوە رووبەرووم بووەتەوە چونكە حەسوودیم پێ دەبا بەوەی كە خوای گەورە پێی بەخشیوم وە هیچ هۆیەكی تر نییە , ئەمجار فەرمووی :- ئەی ئەحمەد من سبەینێ دەڕۆم بۆ ئەوەی رزگارتان بێت لەقسەكانی كە بەرانبەر من دەیكات .
(ابی عبدالله الاخرم) دەفەرمووێت :- كاتێك كە (مسلم) و (ئەحمەدی كوڕی سلمە) لە مەجلیسی (الذهلی) هەستان بە هۆی ئیمامی بوخاری یەوە .(الذهلی) فەرمووی :- ئەو پیاوە لە گەڵ مندا لە یەك شاردا نیشتەجێ نابێت , بۆیە ئیمامی بوخاری ترسا و ئەمجار سەفەری كرد(146) .

كۆچی دوایی ئیمامی بوخاری


ئیمامی بوخاری كاتێ گەڕایەوە شاری بوخارا هەموو خەڵكی بوخارا پێشوازییەكی گەرمیان لێكرد بە دووری یەك فەرسەخ لە شار دەرچوون و چوونە پیرییەوە و دەرهەم و دیناریان بە سەردا باران و ماوەیەك مایەوە لەو شارە ئەمجار لە گەڵ والی ئەو شارەدا نێوانیان تێك چوو داوای لێكرد كە شار بە جێ بهێڵێ ئەویش شاری بە جێهێشت (147).
ئەم رووداوەیش بەم شێوە بوو ……
والی ئەو شارە كە ناوی ( خالدی كوڕی ئەحمەدی الذهلی ) بوو داوای لە ئیمامی بوخاری كرد كە بێت بۆ ماڵی ئەو بە مەبەستی خوێندنەوەی كتێبی (التاریخ) بۆ منداڵەكانی , بۆیە ئیمامی بوخاری رازی نەبوو , ئەمجار (خالد الذهلی) داوای لێكرد كە مەجلیسێكی بۆ ئامادە بكات تایبەت بە منداڵەكانی ئەو , ئیمامی بوخاری بە ئەوەیشە رازی نەبوو , فەرمووی :- ناتوانم خەڵكێك تایبەتمەند كەم بە گوێگرتن لە فەرموودە و لە خەڵكێكی بگرمەوە (148) .
بۆیە (خالد الذهلی) پەنای بردە بەر چەند زانایەكی شاری بوخارا كە دژایەتی ئیمامی بوخاری بكەن لەوانە (حریث ی كوڕی ابی الورقاء) تاكو كار گەیشتە ئەوەی كە پڕوپاگەندە دەربارەی بیروباوەری ئیمامی بوخاری بلآو بكەنەوە و لە شاری بوخارا دەربكرێت بۆیە ئیمامی بوخاری دوعای لەوان كرد تا لە ئەنجامدا مانگێكی پێ نەچوو (خالد الذهلی) لە گەڵ خەلیفەدا نێوانیان تێك چوو , بریار درا لە پلەكەی خۆی دەربكرێت , ئەمجار سواری گوێ درێژێك كرا و بە شاراندا دەیانسوڕانەوە پاشان بەند كرا و لە بەندیخانەدا كۆچی دوایی كرد .
بەلآم (حریث ی كوڕی ابی الورقاء) پاش ماوەیەك چەند رووداوێك لە ماڵەكەیدا روویدا لەوە زیاترە وەسف بكرێت .
یەكێكی تر تووشی بەلآهات لە لایەن منداڵەكانیەوە . (149)
ئیمامی بوخاری لە شاری بوخارا دەركرا بەرەو گوندی (خرتنك) كەوتە رێ [كە گوندێكە لە گوندەكانی سەمەرقەند] هەندێ خزمی نزیكی لەوێ بوو , ئیمامی بوخاری لەوێ مایەوە شەوێكیان هەستا بە مەبەستی شەونوێژ كردن , پاش چەند ركاتێك دەستی كرد بە پاڕانەوە لە خوای گەورە و فەرمووی :- خودایە سەر زەوی لە بەر چاوم تەنگ بووە , داوات لێ دەكەم كە ئەمانەتەكەم لێ بسێنیتەوە.
یەك مانگ بە سەر ئەو دوعایەدا تێپەری ئیمامی بوخاری لە تەمەنی شەست و دوو ساڵیدا كۆچی دوایی كرد و گۆڕەكەی لە گوندی (خرتنك)ـە(150) .
رەنگە كەسێك بڵێت :- چۆن ئیمامی بوخاری خۆزگەی بە مردن خواستووە لە كاتێكدا خۆی لە (صحیح)ـەكەیدا فەرموودەیەكی ریوایەت كردووە كە دەفەرمووێت :- [لا یتمنین أحدكم الموت لضر نزل به] واتە : [ با هیچ كەس لە ئێوە خۆزگە بە مردن نەخوازێت لە بەر زیان و زەرەرێك كە پێی دەگات ]..
(الكرمانی) لە شەرحی ئەم فەرموودەدا دەفەرمووێت :-ئەگەر زەرەر و زیانەكە هی دونیا بوو ئەوا نابێت خۆزگە بە مردن بخوازێت بەلآم ئەگەر زەرەر و زیانەكەی دینی بوو ئەوا بۆی هەیە خۆزگەی مردن بخوازێت كاتێك لەوە ترسا كە گومانێك یا(خلل)ێك دەكەوێتە ناو دینەكەیەوە (151).
غالب ی كوڕی جبریل ( كە ئیمامی بوخاری میوانی ئەو بوو لە گوندی خرتنك) دەفەرمووێت :- ئیمامی بوخاری چەند رۆژێك لامان مایەوە پاشان نەخۆش كەوت و نەخۆشییەكەی سەخت بوو , لەو كاتەدا نێردراوێك لە لایەن والی (سەمەرقەند)ـەوە هات بە شوێنیدا بۆ ئەوەی ئامادە بێت لای والی سەمەرقەند , ئیمامی بوخاری هەردوو خوفەكەی لە پێ كرد و عەمامەكەی بەستە سەرەوە و نزیكەی بیست هەنگاو رۆیشت , منیش دەستێكیم گرتبوو وە پیاوێكی تر رەشمەی ئەسپەكەی بۆ ئامادە كردبوو , ئیمامی بوخاری فەرمووی :- لێم گەڕێن زۆر بێهێز بووم , ئەمجار چەند دوعایەكی كرد و گیانی سپارد , خوا لە گوناهەكانی ئێمە و ئەویش خۆش بێت .
ئیمامی بوخاری وەسێتی كردبوو لە سێ كراسی سپیدا كفنی بكەن نە (قمیص) و نە عەمامەی هەبێت ئێمەیش جێبەجێ مان كرد .
ئیمامی بوخاری لە شەوی شەممە كە شەوی جەژنی رەمەزانی پیرۆز بوو لە كاتی نوێژی عیشادا و لە تەمەنی شەست و دوو ساڵیدا كۆچی دوایی كرد و لە رۆژی جەژنی رەمەزاندا لە پاش نوێژی نیوەڕۆ تەرمەكەیان ناشت كە رۆژی شەممە سەرەتای مانگی شەوالی ساڵی (256) دوو سەد وپەنجا و شەش ی كۆچی لە گوندی خرتنك هەروەكو گوتمان یەكێكە لە گوندەكانی سەمەرقەند(152) .
(ابراهیم ی كوڕی محمد) دەفەرمووێت :- من ناشتنی (ئیمامی بوخاری) م گرتە ئەستۆ كاتێ كۆچی دوایی كرد , ویستم بیبەم بۆ سەمەرقەند و لەوێ بینێژین كەچی هەندێ لە هاوەلآنم رازی نەبوون بۆیە لەوێ ناشتمان , خوا لە گوناهەكانی ئێمەو ئەویش خۆش بێت (153) .
لە كاتی ناشتنی تەرمەكەی (ئیمامی بوخاری) دا بۆنی (میسك) لە گۆڕەكەی بەرز بووەوە كە ئامادە بووان هەموویان بە ئاسانی ئەو بۆنەیان دەبیست (154). چەند رۆژێك ئەو بۆنە مایەوە ئەمجار خەڵكی دەچوون بۆ سەر قەبرەكەی و لە گڵەكەیان دەبرد تاكو سەر گۆڕەكەیان بە دار گرت چیتر خەڵكی نەیانتوانی لە گڵەكە ببەن *.
(عبدالواحدی كوڕی آدم الطواویسی) دەفەرمووێت :-شەوێكیان پێغەمبەری خوام لە خەودا بینی () لە جێگایەكدا راوەستا بوو وە چەند هاوەڵێكی لە گەڵدایە منیش پرسیم :- ئەی پێغەمبەری خوا ( ) هۆی راوەستانت لێرەدا چییە ؟؟ پێغەمبەری خوا () فەرمووی :- چاوەروانی (محمد ی كوڕی اسماعیل ی بوخاری) دەكەم , پاش ماوەیەك هەواڵمان پێگەیشت كە ئیمامی بوخاری لەو سەعاتەدا كۆچی دوایی كردووە كە خەوەكەم تیادا بینی بوو (155).
هەندێ لە شاعیران لەیادی كۆچی دوایی ئیمامی بوخاریدا شیعرییان نوسیوە كە ساڵی لە دایك بوون و ماوەی ژیان و ساڵی مردنی دیاری دەكات لەو شیعرانە :-
كان البخاری حافظاً و محــدثاً جمع الصحــیح مكمل التحـــریر
میلاده (صدق) ومدە عمره فیها (حمید) وانقضى فی(نور)
مەبەستی لەو سێ وشە ئەوەیە كە ئەگەر بەگوێرەی پیتە ئەبجەدییەكان دیاری بكەین ساڵی لە دایك بوون و ماوەی ژیان و ساڵی مردنی ئیمامی بوخاری مان بۆ دەردەكەوێت :-
 میلادە (صدق) …
ص = 90 , د = 4 , ق = 100 , كە هەمووی دەكاتە (194) كە ساڵی لە دایك بوونی ئەوە ………..
 ومدە عمره فیها (حمید) …..
ح = 8 , م =40 , ی = 10 , د =4 , دەكاتە (62) كە ماوەی ژیانی ئەوە……
 وأنقضى فی (نور) ……
ن = 50 , و = 6 , ر = 200 , دەكاتە (256) كە ساڵی كۆچی دوایی ئیمامی بوخاری یە……….