Categories
phsychology

شێوازەکانی پەیوەندی بەستن و کاریگەری لە ژیانی مرۆڤەکاندا

شێوازەکانی پەیوەندی بەستن و کاریگەری لە ژیانی مرۆڤەکاندا

شێوازەکانی پەیوەندی بەستن ئاماژەیە بۆ ئەو مۆدێلانەی پەیوەندی کە مرۆڤەکان لە منداڵیدا وەریدەگرن و دەیگوازنەوە بۆ پەیوەندییەکانیان لە تەمەنی پێگەیشتندا. شارەزایان پێیان وایە کە لە  ئەو پەیوەندیانەوە سەرچاوەیان گرتووە کە مرۆڤ لە ساڵانی سەرەتاییدا تەمەنیدا دروستی کردووە یاخود بینیویەتی.

چوار شێوازی پەیوەندی بەستن  هەیە:

  • پەیوەندی بەستنی سەلامەت (Secure Attachment): بەو شێوەیەی پەیوەندی دەوترێت کە تاک لە پەیوەندییەکانی ئازادە و ئاسودەیە و هەست بە ئارامی دەکات. هەروەها هاوسەنگی ڕاگرتووە  لە نێوان پشتبەستن بە کەسانی دیکە و پشت بەستن بەخۆی، بەو مانایەی دەزانێت لە کوێدا دەبێت خۆی بەرپرسیارێتی ڕووداو و هەلومەرجەکان هەڵبگرێت و چ کاتێکێش داوای هاوکاری و ڕێنمایی لە کەسانی دیکە بکات.
  • پەیوەندی بەستنی خولیایی (Preoccupied Attachment): ئەو کەسانەی کە ئەم شێوازە پەیوەندییەیان هەیە خولیایەکی بەتینی دروستکردنی پەیوەندی زۆر نزیکیان لەگەڵ کەسانی دیکە هەیە. زۆرکات لە پەیوەندیەکانیادا داواکارییان زۆرە، هەروەها زۆر  پشت بەو کەسە دەبەستن کە وابەستەی بوون.
  • ·         پەیوەندی بەستنی خود بەسی (Dismissive Attachment): ئەم شێوازە بە هەستێکی بەهێزی  خود-بەسی  (self-sufficiency) تایبەتمەندە، ئەمەش بەو مانایەی کە بۆ ژیانکردن هەست دەکات پێویستی بە کەسانی دیکە نییە و خۆی دەتوانێت هەموو شتێک بۆخۆی بکات. باوەڕی بە پەیوەندی نزیک لەگەڵ کەسانی دیکە نییە و زۆرجار تا ئەو ڕادەیەی کە دابڕان هەڵدەبژێرێت.
  • پەیوەندی بەستنی ترسناک (Fearful Attachment): ئەو کەسانەی کە شێوازی پەیوەندی ترسناکیان هەیە ئارەزووی پەیوەندییەکی زۆر نزیکیان لەگەڵ کەسانی دیکە هەیە و ترسیان لە  لەدەستدان و بێکەسی هەیە.

مۆدێلەکانی مامەڵەکردن

کاردانەوە ڕفتاری و سۆزدارییەکانی دایک و باوک لە قۆناغەکانی سەرەتای منداڵدا، کاریگەری گەورەی لەسەر و تێگەیشتن و دوونیابینی منداڵ هەیە سەبارەت بە پەیوەندی بەستن، هەروەها چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی دیکەدا چ کەسانی ئاسایی چ هاوبەشی ژیانیان، جگە لەوەش شێوازی بینینی خۆیان وەک تاکێک لە پەیوەندیەکاندا.

بۆ نموونە، تا چەند منداڵ خۆی بە شایستەی خۆشەویستی، گرنگیپێدان، متمانەپێکراوی لەلایەن کەسانی دیکەوە هەست پێدەکات؟ کاتێک بۆ یەکەمین جار کۆرپەلەلە مامەڵە لەگەڵ دایک و باوکیدا دەکات و شێوازی دروستکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەسانی دیکە بەو جۆرەی دەیبینێت دادەمەزرێت،  ئاڕاستەی دەروونی و سۆزداریش بۆ شێوازی پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی دیکە بەو جۆرە دروستدەکات. جۆن بۆولبی (John Bowlby)  لە ساڵی ١٩٦٩ ئاماژەی بەمە کردووە وەک مۆدێلێکی کارکردنی ناوخۆیی

 دەکرێت پەیوەندییە ڕۆمانسیەکان ڕەنگدانەوەی شێوازی پەیوەندی بەستنەکانی سەرەتای منداڵی بن، چونکە ئەو ئەزموونەی مرۆڤ لەگەڵ چاودێریکارەکەی (کە بەگشتی دایک و باوکە) کە لە منداڵیدا هەیەتی، دەبێتە هۆی دروستبوونی چاوەڕوانی هەمان ئەو ئەزموونانە لە پەیوەندییەکانی دواتریدا وەک هاوڕێ، یان هاوسەرەکەی.

بەڵام توێژەرانی دیکە پێیان وانیە یەک مۆدێلی مامەڵەکردن هەبێت کە لە تەواوی پەیوەندییەکاندا فۆرم وەربگرێت، بەڵکو هەر جۆرە پەیوەندییەک مۆدێلێکی مامەڵەکردنی جیاواز لەخۆدەگرێت. بۆ نمونە، کەسێک دەتوانێت بە شێوەیەکی تەندروست پەیوەست بێت بە دایک و باوکیەوە بەڵام لە پەیوەندییە سۆزدارییەکاندا بە شێوەیەکی ناتەندروست پەیوەندی ببەستێت.

پەیوەندی سەرەتای منداڵی دایک و کۆرپەلە

تا دایک لە مانگە سەرەتاییەکانی  لە دایکبوونی کۆرپەلەکەیدا ،تا زیاتر کاتەکانی لەگەڵدا  بەسەرببات، پەیوەندییان زیاتر تەندروست دەبێت.

دایکانی گرنگیپێدەر، ئەو دایکانەی گرنگی بە منداڵەکانیان دەدەن و وەڵامی داخوازییەکانیان دەدەنەوە  و پێویستییەکانیان بۆ پڕدەکەنەوە بە شێوەیەکی تەندروست. منداڵەکانیان زیاتر  لەسەر شێوەی فۆرمی پەیوەندی تەندروست پەروەردە دەبن.

لە بەرامبەردا ئەو دایکانەی گرنگی کەم دەدەن بە منداڵەکەیان، بۆ نموونە ئەوانەی کە بە هەڵە وەڵامی پێداویستییەکانی منداڵ دەدەنەوە چ بە زیادپێدان یان پێنەدان، یان هەمیشە هەست بە بێزاری دەکەن و منداڵەکە پشتگوێ دەخەن، یاخودیش پێیان وایە گرنگی پێدان، منداڵ لاساز دەکات….. ئەگەری زۆرە منداڵەکانیان بە شێوەیەکی ناتەندروست پەیوەندییەکانیان فۆرم وەربگرێت.

پەیوەندی بەستن لە ژیاندا

تیۆری پەیوەندی بەستن کە لەلایەن جۆن بۆولبیەوە  (John Bowlby) پەرەی پێدراوە، بۆ ڕوونکردنەوەی پەیوەندی سۆزداری نێوان کۆرپەلە و چاودێریکار، کاریگەری لەسەر تێگەیشتن لە پەیوەندییە سۆزدارییەکان هەیە. بە گوێرەی بۆولبی، پێدەچێت پەیوەندییەکانی دواتری کۆرپەلە درێژەپێدەری ئەو فۆرمی پەیوەندییانە بن کە لە سەرەتای کۆرپەلەییدا شێوەی گرتووە. چونکە فۆرمی ئەو پەیوەندییانەی کۆرپەلە لە سەرەتادا دەیبەستێت، مۆدێلێکی پەیوەندی بەستن لەناو خۆیدا گەشەپێدەدات، ئەمەش وا دەکات کۆرپەلە چاوەڕێی هەمان شت بکات لە پەیوەندییەکانی دواتردا. بە واتایەکی تر، بەردەوامی لە نێوان فۆرمەکانی سەرەتای منداڵی  و شێوازی پەیوەندی بەستەکانی لە داهاتوودا دەبێت. ئەمەش بە گریمانەی بەردەوامی (continuity hypothesis) ناسراوە.

بەپێی گریمانەی بەردەوامی، ئەزموونەکان لەگەڵ فۆرمەکانی پەیوەندی بەستن لە منداڵیدا بە تێپەڕبوونی کات دەمێنێتەوە و بۆ ئاڕاستەکردنی تێڕوانینەکانی تاک بۆ جیهانبینی کۆمەڵایەتی و کارلێکەکانی داهاتووی لەگەڵ ئەوانی دیکە بەکاردەهێنێت.

چۆن دەبیتە خاوەنکارو سەرکەوتووشبیت لە هەمان کاتدا

 شێوازەکانی پەیوەندی بەستن  لە پێگەیشتوواندا

شێوازەکانی پەیوەندی بەستن لە بابەتە مەعریفییەکانەوە فۆرم وەردەگرێ کە پەیوەندییان بە خود (self) ەوە هەیە :

  • ئایا من شایەنی خۆشەویستیم؟ شایەنی ئەوەم ڕێزم لێ بگرێت؟ شایەنی ئەوەم گرنگیم پێ بدرێت؟ شایەنی ئەوەم بچمە پەیوەندی خۆشەویستییەوە؟
  • ئایا دەتوانم پشت بە کەسانی دیکە ببەستم لە کاتی فشار و ناڕەحەتییەکاندا؟
  • ئایا کەسانی دیکە من قبوڵ دەکەن؟ کەسانی دیکە منیان بەلاوە گرنگە؟ کاریگەریم لە ژیانی ئەوانی دیکەدا هەیە؟

لێرەدا تاکەکان دەتوانن باوەڕێکی ئەرێنی یان نەرێنی سەبارەت بە خۆیان، هەروەها باوەڕێکی ئەرێنی یان نەرێنی سەبارەت بە کەسانی دیکەیان هەبێت. لە ئەنجامدا یەکێک لەم چوار شێوازەی پەیوەندی بەستن لە پێگەیشتوواندا فۆرم وەردەگرێت.

بارتۆلۆمیۆ و هۆرۆوتز (Bartholomew and Horowitz) چوار شێوازی وابەستەیی کەسانی پێگەیشتوویان نیشاندا سەبارەت بە مۆدێلی مامەڵەکردن لەگەڵ خود و ئەوانی دیکە. لەوانە:

  • سەلامەت
  • کەمتەرخەم
  • خولیایی
  • ترسناک.

پەیوەندی بەستنی سەلامەت

ئەم جۆرە پەیوەندی بەستنە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە دایک لەسەرەتای مندڵیدا پێداویستییە سۆزدارییەکانی کۆرپەلەی پڕکردوەتەوە. لە قۆناغی منداڵیدا، ئەو منداڵانەی کە پەیوەندی بەستنێکی سەلامەتیان هەیە، دایکیان وەک سەرچاوەیەکی سەلامەتی دەبینن. هەربۆیە کاتێک دایکیان بەجێیان دەهێڵێت بە شێوەیەکی سروشتی نائاسودە دەبن (separation anxiety)، هەروەها دڵەڕاوکێی سروشتی نیشان دەدەن کاتێک کەسێکی نامۆ لێیان نزیک دەبێتەوە.

هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی:

  • وێنەیەکی ئەرێنی و باشیان بۆخۆیان هەیە (positive self-images) هەروەها وێنەیەکی ئەرێنی و باشیان بۆ کەسانی دیکەش هەیە (positive images of others). واتە هەم هەستی شایستەبوونیان بۆخۆیان هەیە، هەروەها پێشبینی و چاوەڕوانیەکانیان بۆ کەسانی دیکە  بەگشتی باشە و پێیان وایە  ئەوانی دیکە قبوڵی دەکەن.
  • بە دەربڕینی هەست و بیرکردنەوەکانیان لەگەڵ کەسانی دیکە  بە شێوەیەکی تەندروست،  ئاسوودەن. لە داواکردنی یارمەتی لە کەسانی دیکە  ئاسودەن، هەروەها سنگ فراوانیشن بۆ یارمەتیدانی ئەوانی دیکە.
  • پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کەسانی دیکە بە بەنرخ دەزانن و کاریگەری پەیوەندییەکانیان لەسەر کەسایەتییەکانیان دووپات دەکەنەوە.
  • ·          لەوانەیە ڕووداوی نەرێنی پەیوەندی بەستن ئەزموون بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانن بە شێوەیەکی بابەتیانە هەڵسەنگاندن بۆ کەسەکان و ڕووداوەکان بکەن و بەهایەکی ئەرێنی بۆ پەیوەندییەکان دابنێن.
  • گرنگترین پەیوەندییە سۆزداریی و ڕۆمانسیەکانیان، بە دڵخۆشی و متمانە تایبەتمەندە. دەتوانن سەرەڕای هەڵەی خۆشەویستەکانیان، پشتگیری خۆشەویستەکانیان بکەن و یارمەتیان بدەن تا هەڵەکانیان چاک بکەنەوە.
  • پەیوەندییەکانیان زیاتر دەخایەنێت، چونکە پێیان وایە هەرچەندە هەستی ڕۆمانسی ڕەنگە کەم بێتەوە، بەڵام خۆشەویستی ڕاستەقینە هەرگیز کاڵ نابێتەوە.

پەیوەندی بەستنی خولیایی

ئەم جۆرە شێوازی پەیوەندی بەستنە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە دایکەکە هەندێک جار  زیاد لە پێویست داخوازییەکانی کۆرپەلە دابین دەکات و هەندێکجاریش پێداویستییە سۆزدارییەکانی پشتگوێ دەخات، واتە ڕەفتاری دایکەکە ناهاوسەنگ و ناتەبایە. ئەو کەسانەی ئەم جۆرە پەیوەندییە دەبەستن، ئەزموونی پەیوەندییان سارد و سڕ بووە لەگەڵ دایک و باوکیان لە سەردەمانی منداڵیدا.

 هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی:

  • وێنەیەکی نەرێنی خۆیان و وێنەیەکی ئەرێنییان بۆ ئەوانی دیکە هەیە. واتە هەستکردن بە ناشایستەیییان (unworthiness) هەیە بەڵام بە گشتی هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەوانی دیکە ئەرێنییە.
  • بۆ ئەوەی خۆیان قبوڵ بکەن، هەوڵدەدەن  بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کەسانی دیکە. هەربۆیە زۆر پێویستیان بە وابەستەبوونە بە کەسانی دیکەوە، چونکە هەست بە گرنگی و بەهای خۆیان لە تێروانینی و سەرنجەکانی ئەواندا دەکەن.
  • ئەو منداڵانەی کە ئەم جۆرە پەیوەندی بەستنەیان هەیە،  کاتێک دەکەونە بارودۆخێکی نوێوە، بە دایکیانەوە دەلکێن و ئامادە نین لێی ببنەوە – ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە متمانەیان بەخۆیان نییە.
  • کاتێک لە دایکیان جیا دەبنەوە، زیاد لە پێویست نائاسودە دەبن. کاتێک دایکەکە دەگەڕێتەوە دڵخۆش دەبن بە بینینی و بۆ ئاسوودەیی دەچنە لای، بەڵام ناتوانن هەمووکات دڵنەوایییان پێ بدرێت و لەوانەیە نیشانەی توڕەیی بەرامبەری ببینێت لەسەر ئەو وابەستەبوونەی بەو کەسەوە.
  • ئارەزووی پەیوەندی بەستنی نزیک دەکەن بەڵام  لەو دڵەڕاوکێیەدا دەمێننەوە کە ئایا هاوبەشەکەی پێداویستییە سۆزدارییەکانی بۆ دابین دەکات یان نا.
  • ·         سەربەخۆیی و تەنیایی دەتوانێت وایان لێبکات هەست بە دڵەڕاوکێ بکەن.
  • زیاد لە پێویست  پشتدەبەستن بە دایک و باوک یان هاوبەشەکەیان، بەبەردەوامی هەوڵ دەدەن بۆ ڕەزامەندیان.
  • ڕەتکردنەوە، ڕەخنەگرتن، دانپێدانەنانەکانی کەسانی دیکە دەتوانێت بە ئاسانی تووشی دڵەڕاوکێییان بکات.
  • ·         ئەو وابەستە بوونەیان بە کەسانی دیکە، لە کاتی فشاردا زۆر زیاتر دەبێت، هەستەکانیان گەورەتر نیشان دەدەن.
  • پەیوەندییە سۆزداریی و ڕۆمانسیەکانیان، بە بەردەوام لە دووڵی و وەسواسیدایە. بەرز و نزمیی سۆزداری دەبێتە هۆی ئەوەی زیاد لە پیویست هەوڵ دەدەن سەرنجی هاوبەشەکەیان بۆلای خۆیان ڕابکێشن و زۆرکاتیش بەدگومانن سەبارەت بە بەرامبەرەکەیان.
  • زۆرجار پێیان وایە کە ئاسانە بۆیان عاشق بن، لەگەڵ ئەوەشدا بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە دۆزینەوەی عیشقێکی ڕاستەقینە  ئەستەمە.

پەیوەندی بەستنی خود بەسی

ئەم جۆرە پەیوەندی بەستنە بەهۆی ئەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە دایک چاوپۆشی لە پێداویستییە سۆزدارییەکانی کۆرپەلە دەکات. مۆدێلی کارکردنی ناوخۆیی ئەوان لەسەر بنەمای پەیوەندی بەستنێکی  دوورەپەرێزی دامەزراوە کە لە کاتی کۆرپەلەییدا.

هەندیک لە تایبەتمەندییەکانی:

  • وێنەیەکی ئەرێنی بۆخۆیان و وێنەیەکی نەرێنی بۆ ئەوانی دیکە هەیە.
  • ئەو منداڵانەی کە ئەم جۆرە پەیوەندی بەستنەیان هەیە، دایک وەک سەرچاوەیەکی سەلامەتی نابینن. لە جیابوونەوە لە دایکیان دڵتەنگ نین و کاتێک دایکەکە دەگەڕێتەوە دڵخۆش نین. ئەوان دڵەڕاوکێیەکی زۆر کەمتر نیشان دەدەن.
  • پێیان باشە خۆیان لە پەیوەندی نزیک لەگەڵ کەسانی دیکە بەدوور بگرن بۆ ئەوەی هەستی بە سەربەخۆیی و هێز لەدەست نەدەن.
  • لە باسکردنی تێکچوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کەسانی دیکە، زۆر بە ئاسانی و سادەیی مامەڵە دەکەن و زۆر نیگەران نین سەبارەت بەو بابەتە.
  • پێیان وایە پەیوەندی بەستن کارێکی گرانە لەبەر ئەوەی خەڵکی ئێستا متمانەی پێ ناکرێت.
  • هەندێک کات بە ئەنقەست پەیوەندییەکانیان تێک دەدەن بۆ ئەوەی هەست بە ئازادییەکی زیاتر بکەن.
  • ·         بە بەرز و نزمی سۆزداری و ئیرەیی تایبەتمەندن. زۆرجار دڵنیا نین لە هەستەکانیان بەرامبەر بە هاوبەشە ڕۆمانسیەکەیان، پێیان وایە خۆشەویستی ڕۆمانسی بە دەگمەن دەتوانێت بەردەوام بێت و عاشق بوونیان بۆ قورسە.
  • ·         پێی وایە پەیوەندی نزیک لەگەڵ کەسانی دیکەدا ناتوانێت ئارامیان بۆ بهێنێت، بۆیە هەوڵ دەدەن میکانیزمی خۆ پاراستن لە پەیوەندی نزیک پەیڕەو بکەن.
  • هەوڵدەدەن هەستەکانیان لە پەیوەندییەکاندا سەرکوت بکەن، هەرچەندە هێشتا لە ناوەوە ئەزموونی وروژاندنی سۆزداری دەکەن. ئەم کپکردنی هەست و سۆزە، دەرئەنجامی نەرێنی لە پەیوەندی لەگەل کەسانی دیکە  و  بەتایبەتتریش پەیوەندیە سۆزدارییەکان لێدکەوێتەوە.

پەیوەندی بەستنی ترسناک

ئەو منداڵانەی کە پەیوەندی بەستنی ترسناک و دوورکەوتنەوەیان هەیە، مەترسی هەڵگرتنی ئەم ڕەفتارانەیان لەسەرە بۆ تەمەنی گەورەیی ئەگەر یامەرتی نەدرێن بۆ زاڵبوون بەسەر ئەمەدا. ئاساییە ئەوانەی شێوازی پەیوەندی بەستنی ترسناکیان هەیە لە ماڵێکدا گەورە بوون کە زۆر کە پڕ لە کێشە و ئاژاوە بێت. بەم شێوەیە، لەوانەیە چاوەڕێی ئەوە بکەن کە پەیوەندییە سۆزدارییەکان هەروەک سەردەمی منداڵیان وابێت.

هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی:

  • وێنەیەکی نەرێنی سەبارەت بە  خۆیان و ئەوانی دیکەیش هەیە.
  • ·         لە هەم پەیوەندی نزیک و هەم لە سەربەخۆیش دەترسن.
  • ئەگەر منداڵەکە لە دایکەکە بۆ ماوەیەک لەیەکتر جیا ببنەوە، لە کاتی بەیەک گەیشتنەوەدا، منداڵەکە بە ناکۆکی مامەڵە دەکات. لەوانەیە سەرەتا بەرەو دایکیان ڕابکەن بەڵام دواتر وا دەرکەوێت کە بیرۆکەکەیان بگۆڕن و یان ڕابکەن یان نواندن بکەن.
  • پەیوەندییە ئاساییەکانی پێ باشترە لە پەیوەندییە ڕۆمانسییەکان. پێی باشە بۆ ماوەیەکی درێژ لە قۆناغی پەیوەندی ئاساییدا بمێنێتەوە چونکە بەمە هەست بە ئاسوودەیی زیاتر دەکات. ئەمەش هەمیشە لەبەر ئەوە نییە کە ئەوان بەڕاستی دەیانەوێت پەیوەندییەکان هەر بە ئاسایی بمێنێتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە ترسیان لە نزیکبوونەوە لە کەسێک هەیە.
  • لەوانەیە پێیان باش بێت هاوبەشی سێکسی زیاتریان (لە ڕووی ژمارەی کەسەوە) هەبێت وەک ڕێگەیەک بۆ نزیکبوونەوە لە ڕووی جەستەییەوە بەبێ ئەوەی پێویست بکات لە ڕووی سۆزداریشەوە تێکەڵ بن – بەم شێوەیە پێویستییان بۆ نزیکبوونەوەی سێکسی خۆیان تێر دەکەن.
  • زیاتر مەیلی کردە سێکسییە نامۆکانیان هەیە بەهۆی ئەوەی لە منداڵیدا فێربوون کە سنورەکان زۆر گرنگ نین. گرنگە لەبیرت بێت کە ئەمە بۆ هەموو ئەو جۆرە کەسانە بەهەمان شێوە نییە!
  • ڕەنگە پێی باشتر بێت هاوبەشەکەی ڕۆمانسییەکەی لە دوورەوە بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی شتەکان لە ڕووی سۆزدارییەوە زۆر چڕ نەبن (پەیوەندییەکە نەچێتە قۆناغی هاوسەرگیری).
  • ئەگەر پەیوەندییەکە زۆر قووڵ بووەیەوە لەگەڵی یان داوایان لێبکرێت چیرۆکی شەخسیان بگێڕنەوە، ئەوا ڕەنگە هەوڵی کۆتایی هێنان  بە پەیوەندیەکە بدات.
  • ئەگەر لەگەڵ کەسێکی دڵنیا و ئارام لە پەیوەندیدا بن، لەوانەیە گومانیان هەبێت لەوەی بۆچی ئەمە بەو جۆرەیە. پێیان وایە دەبێت شتێک هەڵە بێت و لەوانەیە ئاڵەنگاری هاوبەشەکەیان بکەن یان کێشەیەک دروست بکەن بۆ ئەوەی پەیوەندییەکە زیاتر نائارام بێت بۆ ئەوەی دڵنیابن.
  • ئەوان هەمیشە چاوەڕێی ئەوە دەکەن شتێکی خراپ لە پەیوەندییەکەیاندا ڕووبدات و بەدوای هەر هۆکارێکەوەن کە زیان بە پەیوەندییەکە بگەیەنێت بێ ئەوەی خۆیان هەستی پێبکەن.
  • لەوانەیە هاوبەشی ژیانیان تاوانبار بکەن یان تۆمەتباریان بکەن بەو شتانەی کە نەیانکردووە، هەڕەشەی جێهێشتنی پەیوەندییەکە بکەن، یان هاوبەشەکەیان تاقی بکەنەوە بۆ ئەوەی بزانن ئایا ئەمە غیرەیان لێدەکات یان نا. هەموو ئەم ستراتیژیانە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی هاوبەشەکەیان بیر لە کۆتاییهێنان بە پەیوەندییەکە بکاتەوە.

لە کۆتاییدا گرنگە ئەوە بزانین، مەرج نییە گەر کەسێک  بە یەکێک لە جۆرەکانی پەیوەندی بەستن پەیوەندییەکانی ببەستێت، هەموو تایبەتمەندییەکانی ئەو جۆرە پەیوەندی بەستنەی تێدا بێت، دەکرێ  تایبەتمەندی لەگەڵ جۆرەکانی دیکەش هەبێت…. بۆیە ناکرێ بە ئاسانی حوکم بەسەر کەسانی دیکەدا بدەین لەم بارەیەوە.