Categories
memory

نەخۆشی ئەلزەهایمەر چییە؟Alzheimer’s Disease

نەخۆشی ئەلزەهایمەر چییە؟ Alzheimer’s Disease

نەخۆشی ئەلزەهایمەر جۆرێکی پێشکەوتووی نەخۆشی بیرچوونەوەیە (dementia). (dementia) زاراوەیەکی فراوانترە بۆ ئەو حاڵەتانەی کە کاریگەری نەرێنییان لەسەر بیرەوەری و بیرکردنەوە و ڕەفتار هەیە. گۆڕانکارییەکان لەمانەدا  لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەدا تێدەگلێن. نەخۆشی بیرچوونەوە دەتوانێت کۆمەڵێک هۆکاری هەبێت، وەک زەبربەرکەوتنی مێشک (brain injuries) یان نەخۆشی. هەندێک جار هۆکارەکەی نادیارە.

بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی ئەلزەهایمەر (Alzheimer’s Association)، نەخۆشی ئەلزەهایمەر لەسەدا ٦٠ بۆ ٨٠ی کەیسەکانی بیرچوونەوە لەخۆدەگرێت. زۆربەی ئەو کەسانەی کە نەخۆشییەکەیان هەیە دوای تەمەنی ٦٥ ساڵی دەستنیشانکردنیان بۆ دەکرێت، ئەگەر پێشتر دەستنیشانکرابێت، بەگشتی بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر “سەرهەڵدانی گەنجتر – younger onset” یان “سەرهەڵدانی زووتر – early onset” ناودەبرێت.

هیچ چارەسەرێکی تەواو بۆ نەخۆشی ئەلزەهایمەر نییە، بەڵام چارەسەر هەیە کە دەتوانێت پڕۆسەی پەرەسەندنی نەخۆشییەکە هێواشتر بکاتەوە.

ڕاستییەکان لەسەر نەخۆشی ئەلزەهایمەر

هەرچەندە زۆربەی خەڵک گوێیان لە نەخۆشی ئەلزەهایمەر بووە، بەڵام زانینی ڕاستییەکان (facts) یارمەتیدەرە. لێرەدا چەند وردەکارییەکی سەرەکی سەبارەت بەم حاڵەتە دەخەینەڕوو:

  • نەخۆشی ئەلزەهایمەر حاڵەتێکی درێژخایەن و بەردەوامە. نیشانەیەکی پیربوون نییە.
  • نەخۆشی ئەلزەهایمەر ((Alzheimer و نەخۆشی بیرچوونەوە (dementia) یەک شت نین. نەخۆشی ئەلزەهایمەر جۆرێکە لە نەخۆشی بیرچوونەوە.
  • نیشانەکانی وردە وردە دەردەکەون، کاریگەرییەکانی لەسەر مێشک خراپکەرن، واتە دەبێتە هۆی پوکانوەەی هێواش.
  • هەر کەسێک دەکرێت تووشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر بێت، بەڵام هەندێک کەس مەترسی زیاتریان لەسەرە. ئەمەش ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە سەرووی ٦٥ ساڵەوەیە و ئەوانەی پێشینەی خێزانیی (family history) ئەم حاڵەتەیان هەیە.
  • هیچ دەرئەنجامێکی چاوەڕوانکراو نییە بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی ئەلزەهایمەریان هەیە. هەندێک کەس ماوەیەکی زۆر دەژین و زیانێکی کەمی مەعریفییان (cognitive damage) دەبێت، لە کاتێکدا هەندێکی تر تووشی سەرهەڵدانی خێراتری نیشانەکان و پێشکەوتنی خێراتری نەخۆشییەکە دەبن.
  • تا ئێستا چارەسەری بنەبڕ بۆ نەخۆشی ئەلزەهایمەر نییە، بەڵام دەتوانرێت یارمەتی هێوشکردنەوەی گەشەسەندنی نەخۆشییەکە.
  • ئەزموونی هەر کەسێک لەگەڵ نەخۆشی ئەلزەهایمەر جیاوازە.

نیشانەکانی نەخۆشی ئەلزەهایمەر

هەموو کەسێک ناوبەناو دەکەوێتە سوڕێک یان وەرزێک لەبیرچوونەوە. بەڵام ئەو کەسانەی نەخۆشی ئەلزەهایمەریان هەیە هەندێک ڕەفتار و نیشانەی بەردەوام نیشاندەدەن کە بە تێپەڕبوونی کات خراپتر دەبن. ئەمانە دەتوانن بریتی بن لە:

  • لەدەستدانی بیرەوەری (memory loss) کە کاریگەری لەسەر چالاکییەکانی ڕۆژانە هەیە.
  • کێشە لە ئەرکە ئاشناکاندا، وەک بەکارهێنانی ئامێرێکی ناوماڵ.
  • گرفت لە توانای چارەسەرکردنی کێشەکان
  • کێشە لە قسەکردن یان نووسیندا
  • سەرلێشێواوی لەگەڵ چەمکی کات و شوێندا
  • کەمبوونەوەی بڕیاردان
  • کەمبوونەوەی پاکوخاوێنی
  • گۆڕانی میزاج و کەسایەتی
  • کشانەوە لە هاوڕێ و خێزان و کۆمەڵگا

ئەم نیشانانە هەمیشە بەو مانایە نییە کە کەسێک تووشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر بووە. گرنگە سەردانی پزیشک بکەیت بۆ دیاریکردنی هۆکارەکەی.

بەپێی قۆناغی نەخۆشییەکە نیشانەکانی دەگۆڕدرێن. لە قۆناغەکانی دواتردا، ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر بوون زۆرجار کێشەیەکی بەرچاویان هەیە لە قسەکردن، جووڵە، یان وەڵامدانەوەی ئەو شتانەی کە لە دەوروبەریان ڕوودەدەن.

دەستنیشانکردنی نەخۆشی ئەلزەهایمەر

تاکە ڕێگەی یەکلاکەرەوە بۆ دەستنیشانکردنی کەسێک کە تووشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر بووە، پشکنینی شانەکانی مێشکیەتی دوای مردن. ئەوەی پزیشک دەتوانێت بیکات، تاقیکردنەوە و پشکنینی دیکە بەکاربهێنێت بۆ هەڵسەنگاندنی توانا زەینییەکان (mental abilities) و دەستنیشانکردنی نەخۆشی بیرچوونەوە و ڕەتکردنەوەی حاڵەتەکانی دیکە.

پێدەچێت پزیشکەکە بە وەرگرتنی مێژووی پزیشکی دەستپێبکات (مەبەست لە مێژووی پزیشکی واتە لە ڕابردوودا بۆ ئەم حاڵەتە چ دەرمانێکی بەکارهێناوە و سەردانی چ پسپۆڕێکی تایبەت بەم حاڵەتەی کردووە: ئامادەکار). لەوانەیە پرسیار بکات دەربارەی:

  • نیشانەکان
  • مێژووی پزیشکی خێزان
  • بارودۆخە تەندروستییەکانی ئێستا یان ڕابردووی
  • دەرمانەکانی ئێستا یان ڕابردوو کە بەکاریهێناوە
  • ڕێجیم و خواردنەوەی کحول و خووەکانی تری شێوازی ژیان

لەوێشەوە، پێدەچێت پزیشکەکەت داوای چەندین پشکنین بکات بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا تۆ نەخۆشی ئەلزەهایمەرت هەیە یان نا

پشکنینی نەخۆشی ئەلزەهایمەر

هیچ پشکنینێکی یەکلاکەرەوە بۆ نەخۆشی ئەلزەهایمەر نییە. بەڵام پشکنینی دەروونی و جەستەیی و دەماری دەتوانێت یارمەتی پزیشکەکەت بدات بۆ ئەوەی بگاتە دەستنیشانکردنێک.

لەوانەیە پزیشکەکەت بە پشکنینی زەینی (mental test) دەستپێبکات. ئەمە دەتوانێت یارمەتیان بدات بۆ هەڵسەنگاندنی:

  • یادەوری ماوە کورت (short-term memory)
  • یادەوەری  درێژخایەن (long-term memory)
  • شوێن و کات

بۆ نموونە لەوانەیە لێت بپرسێت:

  • ئێستا لە ساڵی چەند دەژین؟ مانگی چەندە؟ چەندی مانگە؟ چەند شەممەیە؟
  • سەرۆکی وڵات کێیە؟
  • داوالێکردن  بۆ لەبەرکردن و  بیرهێنانەوەی لیستێک وشە

دواتر، پێدەچێت پشکنینی جەستەیی  ( (physical testئەنجام بدەن. بۆ نموونە لەوانەیە:

  • پشکنینی پەستانی خوێن
  • پێوانەی لێدانی دڵ
  • وەرگرتنی پلەی گەرمی
  • ، لە هەندێک حاڵەتدا  داوای پشکنینی میز یان خوێن

هەروەها لەوانەیە پزیشکەکەت پشکنینی دەمارییت (neurological test) بۆ ئەنجام بدات بۆ  بۆ ڕەتکردنەوی گرفتە ئەگەرییەکانی دیکە، وەک گرفتە پزیشکییە توندەکانی وەک هەوکردن یان جەڵتەی مێشک. لە کاتی ئەم تاقیکردنەوەدا، پشکنینی تۆ:

  • کاردانەوە و پەرچەکردارەکان
  • گرژی ماسولەکان
  • قسەکردن

لەوانەیە پزیشکەکەت داوای وێنەگرتنی مێشک (brain imaging) بدات. ئەم توێژینەوەیانە کە وێنەی مێشکت دروست دەکەن، دەتوانن بریتی بن لە:

  • وێنەگرتنی دەنگدانەوە موگناتیسیەکان (Magnetic resonance imaging (MRI)): دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دیاریکردنی نیشانە سەرەکییەکان، وەک هەوکردن، خوێنبەربوون و کێشە فیسیۆلۆژییەکان.
  • سکانی تۆمۆگرافی کۆمپیوتەریی (Computed tomography (CT)):  وێنەی تیشکی ئێکس دەگرن(X-ray images)، ئەمەش دەتوانێت هاوکاری پزیشک بکات بۆ گەڕان بەدوای تایبەتمەندییە نائاساییەکان لە مێشکتدا.

پشکنینەکانی تر کە پزیشکەکەت دەتوانێت ئەنجامی بدات بریتین لە پشکنینی خوێن بۆ پشکنینی ئەو جینانەی کە ڕەنگە ئاماژە بەوە بکەن کە مەترسی زیاترت هەیە بۆ تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر.

دەرمانی نەخۆشی ئەلزەهایمەر

هیچ دەستنیشانکردنێکی تەواو و ناسراو نییە بۆ نەخۆشی ئەلزەهایمەر. بەڵام پزیشکەکەت دەتوانێت دەرمان و چارەسەری تر پێشنیار بکات بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات لە کەمکردنەوەی نیشانەکان و دواخستنی پێشکەوتنی نەخۆشییەکە بۆ ماوەیەکی زۆرتر.

بۆ نەخۆشی ئەلزەهایمەر سەرەتایی تا مامناوەند، لەوانەیە پزیشکەکەت دەرمانی وەک donepezil (Aricept) یان rivastigmine (Exelon)ت بۆ بنووسێت. ئەم دەرمانانە دەتوانن یارمەتیدەر بن لە پاراستنی ئاستی بەرزی ئەسیتیلکۆلین لە مێشکتدا. ئەمەش دەتوانێت یارمەتی خانە دەمارییەکانی مێشکت بدات کە سیگناڵەکان باشتر بنێرن و وەریبگرن. لە بەرامبەردا ئەمە ڕەنگە هەندێک نیشانەی نەخۆشی ئەلزەهایمەر کەم بکاتەوە.

دەرمانێکی نوێتر بە ناوی aducanumab (Aduhelm) تەنها بۆ ئەو کەسانە پێشنیار دەکرێت کە تووشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر بوون. وا بیردەکرێتەوە کە ئەمە ئەو  پلاکە پرۆتینانە کەمدەکاتەوە کە لە مێشکدا کۆدەبنەوە لەگەڵ نەخۆشی ئەلزەهایمەر. بەڵام هەندێک دوودڵی هەیە سەبارەت بەوەی کە ئایا سوودە ئەگەرییەکانی دەرمانەکە لە مەترسییەکانی زیاترە یان نا.

بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی ئەلزەهایمەر لە قۆناغی مامناوەند تا پێشکەوتوو، پزیشکەکەت لەوانەیە donepezil (Aricept) یان memantine (Namenda)ت بۆ بنووسێت. Memantine دەتوانێت یارمەتی ڕێگریکردن لە کاریگەرییەکانی زیادەی گلوتامەیت بدات. گلوتامەیت (Glutamate) مادەیەکی کیمیایی مێشکە کە بە ڕێژەیەکی زۆر  لە کاتی نەخۆشی ئەلزەهایمەردا دەردرێت و زیان بە خانەکانی مێشک دەگەیەنێت.

هەروەها لەوانەیە پزیشکەکەت دەرمانی دژە خەمۆکی، دەرمانی دژە دڵەڕاوکێ، یان دژە نەنگییە دەروونییەکان پێشنیار بکات بۆ یارمەتیدانی چارەسەرکردنی نیشانەکانی پەیوەست بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر. ئەم نیشانانە بەپێی پێشکەوتنی نەخۆشییەکە دەگۆڕێت، و دەتوانن بریتی بن لە:

  • خەمۆکی
  • گرفتی خەوتن لە شەودا
  • شەڕانگێزی و ئاژاوەگێڕی
  • وەهم (hallucinations)

هەرچەندە پێویستی چاودێریکردنی کەسێکی تووشبوو بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر بە تێپەڕبوونی کات زیاد دەکات، بەڵام نیشانە وردەکانی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاواز دەبن.

چارەسەرەکانی تری نەخۆشی ئەلزەهایمەر

جگە لە دەرمان، گۆڕینی شێوازی ژیان (lifestyle) دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ ڕێکخستنی حاڵەتەکەت. بۆ نموونە، پزیشکەکەت لەوانەیە ستراتیژیەتێک دابڕێژێت بۆ یارمەتیدانی تۆ یان کەسە ئازیزەکەت:

  • ئاسانکردنەوی کارەکان
  • سنووردارکردنی سەرلێشێواوی (confusion)
  • پشوودانی ڕۆژانەی بەردەوام
  •  بەکارهێنانی تەکنیکەکانی پشوو وەرگرتن (relaxation)
  • دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام

لەگەڵ پزیشکەکەت، چارەسەرکاری دەروونیش دەتوانێت یارمەتیت بدات لە پاراستنی چۆنایەتی ژیانت لە هەموو قۆناغەکانی  گەشتی ئەلزەهایمەر. ئەو تیمە چارەسەرییەی کە بۆ نەخۆشی ئەلزەهایمەر لەوانەیە  یارمەتیدەر بن ، ئەمانە لەخۆدەگرێت:

  • چارەسەرکاری فیزیایی (physical therapist ) بۆ مانەوەی بەردەوام لە چالاکیدا
  • پسپۆڕی خۆراک بۆ دابنیکردنی خۆراکێکی هاوسەنگ و تەندروست
  • دەرمانساز، بۆ ڕێنماییکردن  و چاودێریکردنی بەکارهێنانی دەرمانەکان
  • توێژەری کۆمەڵایەتی (social worker) بۆ یارمەتیدان لە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی پشگیری و هاوکاری.
  • سەنتەری چاودێریکردنی پشوودا کە  بۆ دابینکردنی چاودێریکردنی کورتخایەن بۆ کەسێک کە تووشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر بووە کاتێک چاودێرەکانی دیکەیان بۆ ماوەیەکی کاتی بەردەست نین.

هەندێک لە توێژینەوەکان سەرچاوەی متمانەپێکراو پێشنیاریان کردووە کە ڤیتامین E دەتوانێت یارمەتی خاوکردنەوەی لەدەستدانی کارایی مێشک بدات لە نەخۆشی ئەلزەهایمەردا، بەتایبەتی کاتێک لەگەڵ دەرمانی وەک donepezil دەخورێت کە ئەیستایکۆلین لە مێشکدا زیاد دەکات. بەڵام هەندێک لە توێژینەوەکانی تر هیچ سوودێکیان نەدۆزیەوە لەکاتی خواردنی ڤیتامین E بۆ نەخۆشی ئەلزەهایمەر. بە کورتی بەڵگەی زیاتری پێویستە.

دڵنیابە پێش خواردنی ڤیتامین E یان هەر تەواوکەرێکی خۆراکی تر پرسیار لە پزیشکەکەت بکەیت. دەتوانێت کاریگەری دروستبکات  بکات لەگەڵ  هەندێک لەو دەرمانانەی کە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی ئەلزەهایمەر بەکاردەهێنرێن.

جگە لە گۆڕینی شێوازی ژیان، چەندین چارەسەری بەدیل و تەواوکەر هەیە کە دەتوانیت پرسیار لە پزیشکەکەت بکەیت.

بیرچوونەوە  (Dementia) بەرامبەر ئەلزەهایمەر (Alzheimer’s)

هەندێک جار زاراوەی نەخۆشی “بیرچوونەوە” و “ئەلزەهایمەر” لەجێی یەکتر یان وەک یەکتر بەکاردەهێنرێن. بەڵام ئەم دوو حاڵەتە وەک یەک نین. نەخۆشی ئەلزەهایمەر جۆرێکە لە نەخۆشی بیرچوونەوە.

نەخۆشی بیرچوونەوە زاراوەیەکی فراوانترە بۆ ئەو حاڵەتانەی کە نیشانەکانیان پەیوەندی بە لەدەستدانی بیرەوەرییەوە هەیە، وەک بیرچوونەوە (forgetfulness) و سەرلێشێواوی (confusion). نەخۆشی بیرچوونەوە حاڵەتی تایبەتتر لەخۆدەگرێت، وەک نەخۆشی ئەلزەهایمەر، نەخۆشی پارکینسۆن (Parkinson’s disease) ، بەرکەوتنی زەبراوی مێشک (traumatic brain injury) و هەندێکی تر، کە دەبنە هۆی ئەم نیشانانە.

هۆکار و نیشانەکان و چارەسەرەکان دەتوانن جیاواز بن بۆ ئەم حاڵەتانە.

هۆکارەکانی نەخۆشی ئەلزەهایمەر و فاکتەرە مەترسیدارەکان

پسپۆڕان یەک هۆکاری نەخۆشی ئەلزەهایمەریان دیاری نەکردووە، بەڵام هەندێک هۆکاری مەترسییان دەستنیشان کردووە، لەوانە:

  • تەمەن:  زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر دەبن تەمەنیان ٦٥ ساڵ یان زیاترە.
  • پێشینەی خێزان: ئەگەر ئەندامێکی نزیک لە خێزانەکەت حاڵەتەکەی هەبووبێت یان هەیبێت ، ئەگەری تووشبوون تۆ بە حاڵەتەکە زیاترە زیاترە.
  • جینات:  هەندێک جین پەیوەندییان بە نەخۆشی ئەلزەهایمەرەوە هەیە.

هەبوونی یەکێک یان زیاتر لەم هۆکارانەی مەترسی بەو مانایە نییە کە تووشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر دەبیت. تەنها ئاستی ئەگەری توشبوونت زیاتر دەکات.

هۆکارەکانی تری مەترسی ئەگەری بریتین لە مێژووی:

  • خەمۆکی
  • جگەرەکێشان
  • نەخۆشیەکانی دڵ و خوێنبەرەکان
  • پێشتر بەرکەوتنی زەبراوی مێشک (traumatic brain injury)

بۆ ئەوەی زیاتر بزانیت دەربارەی مەترسی کەسییەکانی خۆت بۆ تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر، لەگەڵ پزیشکێک یان چارەسەرکارێکی دەروونی قسە بکە.

ئەلزەهایمەر و بۆماوەیی

لە کاتێکدا هیچ هۆکارێکی دەستنیشانکراو بۆ نەخۆشی ئەلزەهایمەر نییە، بەڵام ڕەنگە جینات  ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت. یەکێک لە جینەکان بە تایبەتی جێگەی سەرنجی توێژەرانە. Apolipoprotein E (APOE) جینێکە کە پەیوەندی بە سەرهەڵدانی نیشانەکانی ئەلزەهایمەرەوە هەیە لە گەورەساڵانی بەتەمەندا.

پشکنینی خوێن دەتوانێت دیاری بکات کە ئایا وەشانێکی تایبەتی ئەم جینەت هەیە یان نا، ئەمەش مەترسی تووشبوونت بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر زیاد دەکات. لەبیرت بێت کە تەنانەت ئەگەر کەسێک ئەم جینەیەی هەبێت، مانای ئەوە نییە توشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر دەبێت، واتە دەشکرێت نەشی بێت و توشیش ببێت! هەربۆیە هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ ئەوەی بە دڵنیاییەوە بزانیت کە ئایا کەسێک تووشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر دەبێت یان نا.

هەروەها جینەکانی تر دەتوانن مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر زیاد بکەن. چەندین جینی دەگمەن پەیوەستن بە هەندێک نیشانەی دەستپێکردنی سەرەتایی ئەم نەخۆشییە.

قۆناغەکانی نەخۆشی ئەلزەهایمەر

نەخۆشی ئەلزەهایمەر نەخۆشییەکی پێشەوکتخوازە (progressive)، واتە نیشانەکانی وردە وردە بە تێپەڕبوونی کات زیاد دەبن. حەوت قۆناغی سەرەکی هەیە:

قۆناغەکانی 1-3: پێش بیرچوونەوە و تێکچوونی مەعریفی سووک

قۆناغی یەکەم: لەم قۆناغەدا هیچ نیشانەیەکی دەرناکەوێت. ئەگەر بە  پێشینەی خێزانیت تووشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر بوویت و هیچ نیشانەیەکت نییە

قۆناغی دووەم: سەرەتاییترین نیشانەکان دەردەکەون، وەک لەبیرچوونەوە (forgetfulness)

قۆناغی سێیەم: لاوازی جەستەیی و مەعریفی سووک دەردەکەون، وەک لاوازی بیرەوەری و تەرکیز. ڕەنگە فێربوونی کارامەیی نوێ قورستر بێت. ئەم گۆڕانکاریانە ڕەنگە تەنها لەلایەن کەسێکی زۆر نزیک لە کەسەکەوە هەست پێبکرێت.

قۆناغەکانی 4-7: نەخۆشی بیرچوونەوە (Dementia)

قۆناغی چوارەم: زۆرجار نەخۆشی ئەلزەهایمەر لەم قۆناغەدا دەستنیشان دەکرێت، بەڵام هێشتا بە سووک دادەنرێت. باو و ئاساییە کە هەست بە لەدەستدانی بیرەوەری بکەیت و کێشەی بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی ڕۆژانەت هەبێت.

قۆناغی پێنجەم: لە نیشانە مامناوەند تا توندەکانیدا پێویستت بە یارمەتی کەسانی نزیک یان چاودێران دەبێت. ئەمەش پێویستە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە پێداویستییەکانی ڕۆژانەت تا چەند بۆ دابین دەکرێن، وەک خواردنی ژەمەکان و بەڕێوەبردنی ناوماڵەکەت.

قۆناغی شەشەم: لەم قۆناغەدا کەسێک کە تووشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر بووە پێویستی بە یارمەتی دەبێت لە کارە سەرەتاییەکان، وەک خواردن و پۆشینی جل و بەرگ و ئاودەست.

قۆناغی حەوتەم: ئەمە توندترین و کۆتا قۆناغی نەخۆشی ئەلزەهایمەرە. بەزۆری تێكچوونی پێشکەوتوو لە قسەکردن و دەربڕینە ڕووخسارییەکاندا ڕوودەدات. پێدەچێت جووڵەکانیش سنووردار بێت. لەگەڵ پێشکەوتنی کەسێک لەم قۆناغانەدا، پێویستی بە هاوکاری و پشتیوانی زیاتر دەبێت لەلایەن چاودێرانییەوە.

لەگەڵ پزیشکەکەت باسی ستراتیژییەکان بکە کە یارمەتیت دەدەن لە بەڕێوەبردنی ئەم گۆڕانکاریانە. چاودێریکردنی گونجاو دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ پاراستنی ئاسوودەیی و چۆنایەتی ژیان بۆ ماوەیەکی زۆر. هەروەها گرنگە لەگەڵ ئازیزانت باسی پلانی دانیشتنە دەروونییەکانت بکەیت. ئەو کەسانەی کە نەخۆشی ئەلزەهایمەریان هەیە پێویستیان بە یارمەتی زیاتر دەبێت لە بڕیارە پزیشکییەکان لەگەڵ بەرەوپێشچوونی نەخۆشییەکە.

ئەو کەسانەی کە نەخۆشی ئەلزەهایمەریان هەیە بە شێوەیەکی گشتی بۆ ماوەی ٤ بۆ ٨ ساڵ دەژین دوای دەستنیشانکردن، هەرچەندە هەندێکیان تا ٢٠ ساڵ دەژین.

نەخۆشی ئەلزەهایمەر ی گەنجتر

نەخۆشی ئەلزەهایمەر بە شێوەیەکی گشتی تووشی کەسانی تەمەن ٦٥ ساڵ و سەرووتر دەبێت. بەڵام دەکرێت لە کەسانی تەمەنی ٣٠، ٤٠، یان ٥٠ ساڵیدا ڕووبدات. ئەمەش پێی دەوترێت نەخۆشی ئەلزەهایمەر کە لای کەسانی گەنجتر دەردەکەوێت، یان زوو دەستپێدەکات. ئەم جۆرە لە نەخۆشی ئەلزەهایمەر کەمتر لە سەدا ١٠ کاریگەری لەسەر هەیە لە هەموو ئەو کەسانەی کە ئەم حاڵەتەیان هەیە.

لەبەر ئەوەی پزیشکەکان هەمیشە بەدوای نیشانەکانی نەخۆشی ئەلزەهایمەردا ناگەڕێن لە کەسانی گەنجتردا، دەستنیشانکردنییان دەکرێت کاتێکی زۆرتر بخایەنێت. نیشانەکانی زوو دەستپێکردنی نەخۆشی ئەلزەهایمەر بەندە بە قۆناغی نەخۆشییەکە. نیشانە سەرەتاییەکان دەتوانن بریتیبن لە لەدەستدانی بیرەوەری  کەم و کێشە لە تەرکیزکردن یان تەواوکردنی ئەرکەکانی ڕۆژانە. دۆزینەوەی وشەی دروست دەکرێت قورس بێت  بۆ وەسفکردنی نیشانەکان.

هەندێک لە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە هەندێک گۆڕانکاری بینایی و  دیدەنی، دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ قۆناغی سەرەتایی نەخۆشی ئەلزەهایمەر بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لە ٥٠ ساڵ و سەرووتردایە.

ئەو کەسانەی کە مێژووی خێزانیان تووشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر لە کەسانی گەنجتر بوون، مەترسی زیاتریان لەسەرە بۆ تووشبوون بەم حاڵەتە. چەند جینێکی هەن کە پێکەوە دەبنە هۆی کۆمەڵێک کەیس لە هەندێک خێزاندا. ئەو کەسانەی کە پێشینەی خێزانییان نەخۆشی ئەلزەهایمەری تێدایە، پێویستە لەگەڵ پزیشکی تایبەت قسە بکەن.

ڕێگریکردن لە نەخۆشی ئەلزەهایمەر

هەروەک چۆن هیچ چارەسەرێکی تایبەت بۆ نەخۆشی ئەلزەهایمەر نییە، هەر ڕێوشوێنێکی خۆپاراستن بێ سود نییە بۆی. بۆ ئێستا خووەکانی شێوازی ژیانی تەندروست و بەرەوپێشبردنی تەندروستی باشترین ئامرازن کە هەمانە بۆ ڕێگریکردن لە پوکانەوەی مەعریفی (cognitive decline).

ئەم هەنگاوانەی خوارەوە ڕەنگە یارمەتیدەر بن:

  • هەوڵبدە واز لە جگەرەکێشان بهێنیت: ئەگەر جگەرە دەکێشیت، وازهێنان لە جگەرەکێشان سوودی بۆ تەندروستیت دەبێت چ ڕاستەوخۆ لە ئێستادا  و چ بە ناڕاستەوخۆ لە داهاتوودا.
  • وەرزشکردنی بەردەوام : چالاکی جەستەیی ئەگەری زۆرێک لە فاکتەرەکان کەمدەکاتەوە، وەک نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان  هەروەها نەخۆشی شەکرە.
  • مێشکت بە چالاکی بهێڵەوە: ڕاهێنانە زەینییەکان ئەنجام بدە.
  • خوادنی  باش و تەندروست بخۆ:  خۆراکێکی سروشتی بخۆ لەگەڵ سەوزە و میوەی زۆر.
  • پاراستنی ژیانێکی کۆمەڵایەتی چالاک: هاوڕێیەتی و کاری خۆبەخشی و ئەنجامدانی خولیاکان، زۆرە سوودی بۆ تەندروستیت بە گشتی هەیە.

دڵنیابە لە قسەکردن لەگەڵ پزیشکەکەت پێش ئەوەی هەر گۆڕانکارییەکی گەورە لە شێوازی ژیانتدا بکەیت.

گرنگیدان و چاودێریکردنی نەخۆشی ئەلزەهایمەر

لەگەڵ پێشکەوتنی نەخۆشی ئەلزەهایمەر، ئەرکەکانی ژیانی ڕۆژانەی نەخۆش پێویستی بە پشتیوانی زیاترە. ئەگەر کەسێکی ئازیزت هەیە کە تووشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر بووە، گرنگە خۆت شارەزا بکەیت دەربارەی ئەوەی کە چاوەڕوانی چی دەکەیت و ڕۆڵت چی بێت لە چاودێریکردنی داهاتووی کەسە ئازیزەکەتدا. چاودێری ڕۆڵێکە کە بە شێوەیەکی گشتی ئاسان نییە بەڵام کارێکی پیرۆزە. ئەگەر کەسێکی ئازیزت توشی ئەلزەهایمەربووە، لێرەدا چەند ڕێگایەک بۆ پلاندانان و ئامادەکاری بۆ چاودێریکردن دەخەینەڕوو:

  • زانیاری خۆت زیاتر بکە دەربارەی نەخۆشی ئەلزەهایمەر و قۆناغەکانی و نیشانەکانی. بە خوێندنەوەی ئەم بابەتە، تۆ لە ئێستاوە لەسەر ڕێگا ڕاستەکەیت.
  • پەیوەندییت هەبێت  لەگەڵ ئەندامانی دیکەی خێزانەکەت کە دەتوانن هەنگاو بنێن بۆ یارمەتیدانی و پشگیریکردن.
  • ئەگەر بکرێت دەتوانی کەسێکی تایبەت بگریت بۆ چاودێریکردنی کەسەکە.
  • لەبیرت بێت کە تۆش پێویستت بە پشتگیری دەبێت. دەستت بۆ ئەو کەسانە درێژ بکە کە لێیانەوە نزیکیت و کراوە بە بۆ وەرگرتنی یارمەتی.

وەک چاودێرێک، گرنگە ئاگاداری خۆت بیت و هەروەها نەخۆشەکەتان. چاودێریکردن ساتە سەختی زۆر هەیە، و فشاری بەرپرسیارێتییە بەردەوامەکان  لەسەرت دەتوانێت ببێتە هۆی بە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی تۆ. بۆیە دەبێت ئاگاداری لایەنی دەروونی و جەستەیی خۆشت بیت.

ئامارەکانی نەخۆشی ئەلزەهایمەر

نەخۆشی ئەلزەهایمەر لێکەوتێکی زۆری هەیە لە وڵاتی ئەمریکا.

  • بەپێی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان (CDC)، نەخۆشی ئەلزەهایمەر پێنجەم هۆکاری مردنە بۆ کەسانی تەمەن ٦٥ ساڵ و سەرووتر لە ئەمریکا.
  • تا ساڵی ٢٠٢١، مەزەندە دەکرێت کە ٦.٢ ملیۆن ئەمریکی کە تەمەنیان لە سەرووی ٦٥ ساڵەوەیە تووشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر بوون. تا ساڵی ٢٠٦٠ ئەو ژمارەیە دەتوانێت بگاتە ١٣.٨ ملیۆن کەس.
  • نەخۆشی ئەلزەهایمەر نەخۆشییەکە تێچووی زۆرە. بەپێی ئاماری CDC، نزیکەی 355 ملیار دۆلار خەرجکراوە بۆ تێچووی چاودێری نەخۆشی ئەلزەهایمەر و نەخۆشی بیرچوونەوە لە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢١.

کۆتایی

نەخۆشی ئەلزەهایمەر نەخۆشییەکی ئاڵۆزە و زانایان کار لەسەر کردنەوەی نهێنییەکانی دەکەن. شێوازی ژیانێکی تەندروست یارمەتیدەر بێت بۆ ڕێگریکردن لێی. ئەگەر مێژووی خێزانەکەت  نەخۆشی ئەلزەهایمەر هەبێت، گرنگە لەگەڵ پزیشکێک دەربارەی قسە بکەیت.

تا ئەو کاتەی نەخۆشی ئەلزەهایمەر دەستنیشان دەکرێت، ناتوانرێت پەرەسەندنی نەخۆشییەکە بوەستێنرێت. بەڵام چارەسەر دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دواخستنی نیشانەکان و باشترکردنی چۆنایەتی ژیانت.

ئەگەر پێت وایە ڕەنگە تۆ یان کەسێکی ئازیزت تووشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر بووە، لەگەڵ پزیشکی تایبەت قسە بکە. ئەوان دەتوانن یارمەتیت بدەن لە دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە و باسکردن لەوەی کە دەتوانیت دەبێت چاوەڕوانی چی بکەیت، ئەگەر ئارەزووی ئەوەت هەبێت، دەتوانن زانیاریت پێ بدەن سەبارەت بە بەشداریکردن لە دانیشتنە کلینیکیەکان.

سەرچاوەکان