Categories
general

-personality disordersتێکچوونەکانی کەسایەتی

personality disorders-تێکچوونەکانی کەسایەتی

——————————————————–

تێکچوونەکانی کەسایەتی لە DSM-5 چین؟

تێکچوونی کەسایەتی ١٠ حاڵەتی دەروونی دەستنیشانکراو لەخۆدەگرێت کە لە پێنجەم و نوێترین وەرشانی نوسراوی دەستنیشانکردن و ئاماری تێکچوونە دەروونییەکان (DSM-5)دا ناسراون و باسکراون.

هەریەکەیان تێکچوونێکی دەروونی جیاوازە کە بە تایبەتمەندی کەسایەتی (personality traits)  پێناسە دەکرێت کە دەتوانێت ئەوەندە گرفت ساز بێت کە گرفت دروست بکات لە پەیوەندیکردن بە کەسانی دیکە بە شێوەیەکی تەندروست، و دەتوانێت ببێتە هۆی ناڕەحەتی یان تێکچوونی بەرچاو لە بوارە گرنگەکانی کارکردندا.

جۆرەکانی

DSM-5 تێکچوونەکانی کەسایەتی ڕێکدەخات بۆ سێ گروپ، یان پۆل، لەسەر بنەمای تایبەتمەندی و کۆنیشانە سەرەکییە هاوبەشەکان.

گروپی A

ئەم تێکچوونە کەسایەتییانە بە ڕەفتاری نامۆ یان جیاواز دەناسرێنەوە. ئەو کەسانەی کە تێکچوونی کەسایەتی گروپی A یان هەیە، زیاتر تووشی تێکچوونی گەورە دەبن لە پەیوەندییەکاندا چونکە ڕەنگە ڕەفتارەکانیان وەک سەیر، گوماناوی، نامۆ، یان جیاواز هەست پێبکرێت.

تێکچوونی کەسایەتی پۆلی A بریتین لە:

تێکچوونی کەسایەتی پارانۆید (Paranoid personality disorder)

لە نێوان 2.3% بۆ 4.4%ی گەورەکان لە ئەمریکا تووشی دەبن. نیشانەکانی بریتین لە بێ متمانەیی زۆر و ماوەدرێژ  بە کەسانی دیکە، گومانی فریودان یان بەکارهێنانی لەلایەن کەسانی ترەوە، لەوانەش هاوڕێ، خێزان و هاوبەشەکان.

تێکچوونی کەسایەتی سکیزۆید (Schizoid personality disorder)

کە بە دابڕانی کۆمەڵایەتی و بێبایەخی بەرامبەر بە کەسانی دیکە تایبەتمەندە. کەمێک زیاتر تووشی پیاوان دەبێت بە بەراورد بە ژنان. ئەو کەسانەی ئەم نەخۆشییەیان هەیە زۆرجار بە سارد و سڕی لە پەیوەندییەکان یان دوورەپەرێزی وەسف دەکرێن، بە دەگمەن پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ کەسانی دیکەدا هەیە.

تێکچوونی کەسایەتی سکیزۆتایپڵ (Schizotypal personality disorder)

 کە  بە تایبەتمەندی قسەکردن و ڕەفتار و دەرکەوتنی نامۆ و هەروەها بیروباوەڕی سەیر و و سەمەرەی پێکهێنانی پەیوەندییەکان دەناسرێنەوە.

گروپی B

تێکچوونی کەسایەتی پۆلی B بە ڕەفتاری دراماتیک یان نامۆ تایبەتمەندە. ئەو کەسانەی کە تێکچوونی کەسایەتییان هەیە لەم پۆلەدا، یان هەست بە هەستێکی زۆر چڕ و بەهێز دەکەن یان بەشداری ڕەفتارێکی زۆر هەڵچوونی، شانۆیی، بەد ڕەوشتی، یان یاسا شکێن دەکەن.

پڕۆگرامی چالاککردنەوەی مێشک و یادگە – نهێنی ڕاستەقینە بۆ گەیشتن بەو پەڕی سەرکەوتن لە ژیاند

تێکچوونی کەسایەتی پۆلی B بریتین لە:

تێکچوونی کەسایەتی دژە کۆمەڵ (Antisocial personality disorder )

بە پێچەوانەی زۆربەی تێکچوونەکانی تری کەسایەتی (زۆربەیان تا هەرزەکاری یان گەنجی پێگەیشتن دەرناکەون)، بەڵام ئەمە مەیلی دەرکەوتنی هەیە لە منداڵیدا. نیشانەکانی بریتین لە پشتگوێخستنی یاسا و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان (social norms)  و  نەبوونی هەستی پەشیمانی بۆ کەسانی دیکە لە کاتی ئەنجامدانی کارێکی خراپ بەرامبەریان.

تێکچوونی کەسایەتی سنووری (Borderline personality disorder )

 کە بە ناسەقامگیری لە پەیوەندییە نێوان کەسییەکان، هەستەکان، وێنەی خود (self-image) و ڕەفتارە هەڵەشەییەکان دەناسرێنەوە.

نەخۆشی کەسایەتی هیستریک (Histrionic personality disorder )

 کە تایبەتمەندی زیادەڕۆیی لە دەربڕینی هەستە سۆزدارییەکان و گەڕان بەدوای سەرنجڕاکێشانی کەسانی دیکەیدا هەیە کە زۆرجار دەبێتە هۆی ڕەفتاری نەگونجاوی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵکی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.

نەخۆشی کەسایەتی نێرجسی (Narcissistic personality disorder)

کە پەیوەندی بە خود سەنتەری (self-centeredness) و زیادەڕەوی لە وێنەی خود (self-image)  و نەبوونی هاوسۆزی بۆ ئەوانی دیکە  دەناسرێتەوە.

گروپی C

تێکچوونی کەسایەتی پۆلی C بە دڵەڕاوکێ تایبەتمەندە. ئەو کەسانەی کە تێکچوونی کەسایەتییان هەیە لەم پۆلەدا، زیاتر تووشی دڵەڕاوکێ یان ترسی بەربڵاو دەبن.

تێکچوونی کەسایەتی پۆلی C بریتین لە:

تێکچوونی کەسایەتی دوورەپەرێز  (Avoidant personality disorder)

شێوازێکە لە دوورەپەرێزی و خۆپاراستنی کۆمەڵایەتی کە بەهۆی ترس لە ناتەواوی و ڕەخنە لەلایەن کەسانی دیکەوە دەناسرێتەوە.

تێکچوونی کەسایەتی وابەستە (Dependent personality disorder)

 ئەم جۆرە کەسانە ترسیان لە تەنیابوونە  و زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوەی کارێک بکەن کە هەوڵبدەن کەسانی دیکە چاودێریان بکەن  و بیانپارێزن.

نەخۆشی کەسایەتی وەسواسی- ناچاری (Obsessive-compulsive personality disorder)

کە بە نیگەرانی و سەرقاڵبوونێکی زۆر  بە ڕێکوپێکی و کامڵبوون دەرکەوتن و کۆنترۆڵکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەسانی دیکە تایبەتمەندە. هەرچەندە  خاڵی هاوبەشیان هەیە، لەگەڵ تێکچوونی وەسوەسەیی-ناچاری (obsessive-compulsive disorder ) بەڵام هەمان شت نییە.

نیشانەکان

تێکچوونی کەسایەتی لە تەمەنی هەرزەکاری یان سەرەتای گەورەییدا دەردەکەوێت، بۆ چەندین ساڵ بەردەوام دەبێت و دەتوانێت ببێتە هۆی ناڕەحەتییەکی زۆر. دەتوانن بە ئەگەرێکی زۆرەوە ببنە هۆی ململانێیەکی (conflict) گەورە لەگەڵ کەسانی دیکە. هەروەها کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکان، بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان و ئامانجەکانی ژیان هەبێت. ئەو کەسانەی کە تووشی تێکچوونی کەسایەتی بوون زۆرجار نازانن کە کێشەیان هەیە و زۆرجار بۆ کەسانی دەوروبەریان  بە کەسانی بێزارکەر دەبینن.

هەندێک نیشانەی تێکچوونی کەسایەتی دەتوانن بکەونە دوو پۆلەوە: شوناسی کەسی (self-identity) و کارایی پەیوەندییەکان (interpersonal functioning).

کێشەکانی شوناسی کەسی (self-identity)  بریتین لە:

  • وێنەیەکی خودی ناجێگیر (Unstable self-image)
  • ناتەبایی لە نیوان  بەها و ئامانج و ڕواڵەتدا ( مەبەست لە دەرکەوتنیەتی)

کێشەکانی پەیوەندی ((Interpersonal problems بریتین لە:

  • بێهەست بوون بەرامبەر بە کەسانی تر (نەبوونی هاوسۆزی).
  • بە گران زانینی سنوورەکانی نێوان خۆیان و ئەوانی تر.
  • شێوازی پەیوەندیکردن ناتەبا، سەربەخۆ، زیاد سۆزداری، سووکایەتیپێکردن، یان نابەرپرسیار.

دەستنیشانکردن

بەپێی DMS-5، کەسێک دەبێت ئەم پێوەرانەی خوارەوە بەدی بهێنێت بۆ ئەوەی تووشی تێکچوونی کەسایەتی بێت:

  • شێوازە درێژخایەن و بەربڵاوەکانی ڕەفتاری، کاریگەرییان لەسەر کارایی کۆمەڵایەتی، کار و پیشە، قوتابخانە و پەیوەندییە نزیکەکان هەبووبێت.
  • ئەو نیشانانەی کە کاریگەرییان لەسەر دوو یان زیاتر لەم چوار بوارەی خوارەوە هەیە: بیرکردنەوە، هەست، پەیوەندییەکان، کۆنترۆڵکردنی هەڵچوونەکان.
  • سەرەتای شێوازەکانی ڕەفتار کە دەتوانرێت بگەڕێتەوە بۆ هەرزەکاری یان سەرەتای گەورەیی
  • شێوازی ڕەفتارەکان کە ناتوانرێت بە هیچ تێکچوونێکی دەروونی تر، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، یان حاڵەتێکی پزیشکی ڕوون بکرێتەوە.

دەستنیشانکردنی جیاواز

پێش ئەوەی پزیشکی کلینیکی بتوانێت تێکچوونی کەسایەتی دەستنیشان بکات، دەبێت دەستنیشانکردنی جیاواز بکات بۆ  تێکچوونەکانی تر یان  دڵنیا بێت حاڵەتە پزیشکییەکان کە لە دەستنیشانکردنی جیاوازی زۆر گرنگە بەڵام دەکرێت گران بێت چونکە تێکچوونی کەسایەتی بە شێوەیەکی باو لەگەڵ نەخۆشییە دەروونییەکانی تردا هاوکات ڕوودەدات کە وانەیە هۆکاری نیشانەکان بن. ئەو کەسەی کە کۆنیشانەکانی یەک نەخۆشی کەسایەتی هەبێت، زۆرجار دەکرێت کۆنیشانەکانی یەکێک یان چەند تێکچوونێكی کەسایەتی تریشی تێدا هەبێت.

توێژینەوەیەک کە لەلایەن پەیمانگای نیشتمانی تەندروستی دەروونییەوە (National Institute of Mental Health) پارەی بۆ دابینکراوە، دەریخستووە کە نزیکەی 85%ی ئەو کەسانەی کە تووشی تێکچوونی کەسایەتی سنووری (BPD) بوون، کۆنیشانەکانی دەستنیشانکردنی لانیکەم تێكچوونەکانی دیکەی کەسایەتی یان میزاجی (mood disorder) تیادا بەدی دەکەن.

هۆکارەکان

تێکچوونی کەسایەتی جیاکاری ناکات. نزیکەی 10%ی دانیشتوانی گشتی و تا نیوەی چارەخوازانی دەروونی لە شوێنە کلینیکییەکان تێکچوونی کەسایەتییان هەیە.

هەرچەندە تا ئێستا شارەزایان بە تەواوی لە هۆکارەکانی تێکچوونی کەسایەتی تێنەگەیشتوون، بەڵام پێیان وایە هەردوو هۆکاری بۆماوەیی و ژینگەیی ڕۆڵیان هەیە.

نزیکەی 50%ی تێکچوونەکانی کەسایەتی دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارە بۆماوەییەکان و مێژووی خێزان. ڕەنگە کاریگەرییە بۆماوەییەکان وابکات مرۆڤەکان هەڵگر بن  بۆ ئەم حاڵەتانە، لە کاتێکدا ئەزموونەکان و هۆکارە ژینگەییەکانی تر لەوانەیە وەک هۆکارێک لە گەشەکردنی تێکچوونی کەسایەتیدا کاربکەن.

هەروەها پەیوەندییەکی بەرچاو لە نێوان زەبری دەروونی منداڵی (childhood trauma) و هەروەها ئازاردانی زارەکیدا( verbal abuse: جۆرێکە لە ئازاردانی سۆزداری. کاتێکە کە کەسێک قسەکانی بەکاردەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر، زاڵبوون، گاڵتەکردن، دەستکاریکردن یان دابەزینی کەسێکی دیکە و کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونی ئەو کەسە دەبێت). توێژینەوەیەک دەریخستووە کە ئەو منداڵانەی کە تووشی ئازاردانی زارەکی(verbal abuse) دەبن، ئەگەری تووشبوونیان بە تێکچوونی کەسایەتی سنووری، نێرجسی، وەسواسی-ناچاری یان پارانۆید لە تەمەنی پێگەیشوییدا سێ هێندە زیاترە. هەروەها کاردانەوەی بەرز لە منداڵاندا، لەوانەش هەستیاری بە ڕووناکی، ژاوەژاو، پێکهاتە و وروژێنەرەکانی تر، پەیوەندی بە هەندێک تێکچوونی کەسایەتییەوە هەیە.

چارەسەر

بە بەراورد بە تێکچوونەکانی میزاجی      (mood disorders) وەک خەمۆکی کلینیکی (clinical depression : خەمۆکییەکی بەهێزە لە حاڵەتە سووک و کاتیەکانی خەمۆکییەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە خەمۆکییەکی توند و بەردەوام.) یان تێکچوونی دوو جەمسەری (bipolar disorder : نەخۆشییەکی دەروونییە کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری نائاسایی لە باری دەروونی و وزە و ئاستی چالاکیی و تەرکیزکردنی کەسێکدا) لە مێژوودا تاڕادەیەک کەم لێکۆڵینەوە هەبووە لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی کاریگەرانەی تێکچوونەکانی کەسایەتی. زۆرێک لە شارەزایان پێیان وایە کە چارەسەرکردنی تێکچوونی کەسایەتی قورسە، چونکە بە پێناسە، شێوازێکی درێژخایەنی کەسایەتییە. بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە چارەسەرە بەڵگەدارەکان هەن کە کاریگەرن بۆ تێکچوونی کەسایەتی.

بەگشتی ئامانجی چارەسەرکردنی تێکچوونی کەسایەتی ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:

  • کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێی کەسی (subjective distress) و نیشانەکانی وەک دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.
  • یارمەتیدانی مرۆڤەکان بۆ تێگەیشتن لەو لایەنەی کێشەکانیان کە لە ناو خودی خۆیاندایە.
  • گۆڕینی ڕەفتارە ناگونجاو و نەخوازراوەکانی کۆمەڵایەتی لەوانە بێباکی، گۆشەگیری کۆمەڵایەتی.
  • دەستکاریکردنی تایبەتمەندییە کێشەدارەکانی کەسایەتی وەک وابەستەیی، بێمتمانەیی، خۆبەزلزانین.

چارەسەری دەروونی – Psychotherapy

هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان (NAMI) چەندین جۆری چارەسەری دەروونی دەخاتە ڕوو کە ڕەنگە لە چارەسەرکردنی تێکچوونی کەسایەتیدا بەسوود بن:

چارەسەری ڕەفتاری دیالێکتیکی (DBT)

 فێری کارامەیی و ستراتیژییەکانی ڕووبەڕووبونەوە دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پاڵنەرانەی پەیوەستن بە زیانگەیاندن  بە خود ( self-harm ) و خۆکوشتن، ڕێکخستنی هەستەکان و باشترکردنی پەیوەندییەکان.

چارەسەری ڕەفتاری مەعریفی (CBT)

 کە ئامانجی ئەم جۆرە چارەسەر وەک لەلایەن NAMI ئاماژەی پێکراوە “ناسینەوەی بیرکردنەوە نەرێنییەکان و فێربوونی ستراتیژییەتی کاریگەری ڕووبەڕووبوونەوە”.

چارەسەری ئەقڵکاری دەروونی (MBT)

کە مرۆڤەکان فێری هەستکردن و بیرکردنەوە لە باری دەروونی خۆیان و کەسانی دیکە دەکات.

چارەسەری دەروونی داینامیکی (Psychodynamic therapy)

 کە جەختێکی زۆر لەسەر ئەقڵی نائاگا دەکاتەوە کە بیرکردنەوە، هەست و سۆز، پاڵنەری ئازاربەخش لەوێدا جێگیرکراون و بە ڕاستەوخۆ هەستیان پێ ناکرێت.

چارەسەری خێزانی (Family therapy )

کە لەم ماوەیەدا ئەندامانی خێزان فێردەبن کاردانەوە ناتەندروستەکان بەرامبەر یەکتر بگۆڕن و فێری توانای پەیوەندیکردنی کاریگەر دەبن.

دەرمان

دەرمان دەتوانێت بۆ چارەسەرکردنی خەمۆکی یان دڵەڕاوکێی پەیوەندیدار یان هاونەخۆشی بەسوود بێت. بەپێی نیشانەکانت، پزیشکی دەروونی لەوانەیە یەکێک یان زیاتر لەمانەی خوارەوەت بۆ بنووسێت:

  • دەرمانی دژە دڵەڕاوکێAnti-anxiety medication))
  • دژە خەمۆکی (Antidepressant)
  • دژە دەروونی (Antipsychotic)
  • جێگیرکەری باری دەروونی(Mood stabilizer)

ڕووبەڕووبوونەوە

فێربوونی چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تێکچوونی کەسایەتی کلیلی کارکردنە بە باشترین شێوە. جگە لە  هاوکاری پیشەیی وەک چارەسەرکار یان پزیشکی دەروونی، گرنگە هاوڕێیەک یان ئەندامێکی خێزان پاڵپشتت بکات  و بتوانێت یارمەتیت بدات کاتێک لەگەڵ هەستە بەهێزەکاندا کێشەت هەیە.

خۆت بناسە

تا زیاتر لەبارەی حاڵەتەکەتەوە بزانیت، باشتر توانای تێگەیشتن و ڕووبەڕووبوونەوەی نیشانەکانت دەبێت. هەروەها زانیاری سەبارەت بە بارودۆخەکەت دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ پاڵنەرێک بۆ مانەوەت لە خولی چارەسەرکردن لای چارەسەرکار یاخود دەروونپزیشک

ڕۆڵێکی کارا ببینە لە چارەسەرکردنەکەتدا

 کاتێک بۆ بیرکردنەوە لە ئامانجەکانی چارەسەرکردنت تەرخان بکە لە کاتی دانیشتنەکانی چارەسەرکردن و دوای دانیشتنەکانی چارەسەرکردن. تەنانەت ئەگەر هەست بە باشی نەکەیت، واز دانیشتنەکانت مەهێنە یان واز لە خواردنی دەرمانەکانت مەهێنە بەبێ ئەوەی قسە لەگەڵ چارەسەرکارەکە یان دەروونپزیشکەکە بکەیت.

ستراتیژییەکانی گرنگیدان بە خود (self-care)  پراکتیزە بکە

 وەرزشی بەردەوام و خشتەی بەردەوامی خواردن و خەوتن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕانی باری دەروونی و بەڕێوەبردنی دڵەڕاوکێ و فشار و خەمۆکی. هەروەها گرنگە خۆت بەدوور بگرێت لە ماددە هۆشگۆڕەکانی  وەک کهول، کە دەتوانێت نیشانەکان خراپتر بکات و کارلێک لەگەڵ دەرمانەکاندا بکات.

بۆ بینینی بابەتی زیاتر پەنجە لەسەر وێنەکە داگرە

سەرچاوەکان

  1. Merck Manual. Overview of Personality Disorders.
  2. American Psychiatric Association. Diagnostic and Statistical Manual of Mental Disorders. 5th ed. Washington D.C.: 2013.
  3. Grant BF, Chou SP, Goldstein RB, et al. Prevalence, correlates, disability, and comorbidity of DSM-IV borderline personality disorder: Results from the Wave 2 National Epidemiologic Survey on Alcohol and Related ConditionsJ Clin Psychiatry. 2008;69(4):533-545.
  4. Johnson JG, Cohen P, Smailes EM, Skodol AE, Brown J, Oldham JM. Childhood verbal abuse and risk for personality disorders during adolescence and early adulthoodCompr Psychiatry. 2001;42(1):16-23. doi:10.1053/comp.2001.19755
  5. American Psychological Association. What causes personality disorders?.
  6. National Alliance on Mental Illness. Psychotherapy.
  7. National Institute of Mental Health. “Bipolar Disorder.” National Institute of Mental Health (NIMH), 2020, www.nimh.nih.gov/health/topics/bipolar-disorder#:~:text=Bipolar%20disorder%20(formerly%20called%20mani
  8. Hall-Flavin, Daniel K. “Severe, Persistent Depression.” Mayo Clinic, Mayo Clinic, 2017, www.mayoclinic.org/diseases-conditions/depression/expert-answers/clinical-depression/faq-20057770.
  9. Gordon, Sherri. “How to Recognize Verbal Abuse and Bullying.” Verywell Mind, Verywellmind, 2 Nov. 2017, www.verywellmind.com/how-to-recognize-verbal-abuse-bullying-4154087.