Categories
phsychology

تیۆری گەشەی مەعریفی پیاجێت

تیۆری گەشەی مەعریفی پیاجێت

Piaget’s Theory of Cognitive Development

تیۆری گەشەی مەعریفی لە نووسینی دەروونناسی سویسریی، جین پیاجێت (Jean Piaget)، باس لەوە دەکات کە زیرەکی منداڵان لەگەڵ گەشەکردنیان گۆڕانکاری بەسەردا دێت. گەشەکردنی مەعریفی لە منداڵاندا تەنها پەیوەندی بە بەدەستهێنانی زانیارییەوە نییە، منداڵان پێویستیان بە بنیاتنانی یان پەرەپێدانی مۆدێلێکی دەروونی  لە جیهانی دەوروبەریان هەیە. کارەکانی جین پیاجێت وەک بەردی بناغەی بواری دەروونناسی گەشەسەندن دادەنرێت. لەم بابەتەدا بەدواداچوون بۆ ئەو کاریگەرییانە دەکەین کە کارەکانی لەسەر گەشەسەندنی فیکری منداڵان لە پۆلەکاندا هەیەتی.

لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، پیاجێت لە پەیمانگای بینێت (  the Binet Institute) کار دەکات و ئەرکی سەرەکیی وەرگێڕانی ئەو پرسیارانەی بوو کە بە تاقیکردنەوەی زیرەکی ئینگلیزی نووسراون بۆ زمانی فەرەنسی. ئەو حەزی کرد بزانێت بۆچی منداڵان وەڵامی هەڵە دەدەنەوە بۆ ئەو پرسیارانەی کە پێویستیان بە بیرکردنەوەی لۆژیکی هەیە.

پیاجێت پێی وابوو ئەم وەڵامە هەڵانە جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان بیرکردنەوەی منداڵ و گەورەکاندا ئاشکرا دەکەن. پیاجێت کۆمەڵێک گریمانەی نوێی سەبارەت بە زیرەکی منداڵان پێشنیار کرد:

  • منداڵان جیاواز بیردەکەنەوە و جیهان بە جیاوازتر لە گەورەکان دەبینن.
  • منداڵان فێرخوازی ناچالاک  نین (passive learners)، ئەوان چالاکانە زانیارییەکانیان سەبارەت بە دەوروبەریان بونیاد دەنێن.
  • کاریگەرترین ڕێگە بۆ تێگەیشتن لە بیرکردنەوەکانی منداڵان بریتییە لە بیرکردنەوە لە ڕوانگەی منداڵانەوە.

پیاجێت نەیدەویست منداڵان پێوانە بکات کە چەندە بەباشی دەتوانن ڕێنووسی بکەن، بژمێرن یان کێشەکان چارەسەر بکەن بۆ پشکنینی ئاستی زیرەکییان (I.Q). زیاتر سەرسام بوو بۆ ئەوەی بزانێت چۆن چەمکە بنەڕەتییەکانی وەک خودی بیرۆکەی کات، ژمارە، دادپەروەری، چەندایەتی و هتد… سەریان هەڵداوە.

پیاجێت تێبینی (observation)  و چاوپێکەوتنی کلینیکی (clinical interview) منداڵانی گەورەتری بەکارهێنا کە توانیویانە گفتوگۆ ئەنجام بدەن و لە پرسیارەکان تێبگەن. هەروەها چاودێری کۆنترۆڵکراو (controlled observation) و چاودێری سروشتی (naturalistic observation) سێ منداڵەکەی خۆی بەکارهێنا، دواتر هێڵکارییەکانی گەشەی مەعریفی منداڵانی پەرەپێدا بۆ وەسفکردنی یاداشتنامەکەی.

تیۆری گەشەی مەعریفی پیاجێت لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە کە منداڵان بە چوار قۆناغی گەشەکردندا تێدەپەڕن، هەریەکەیان تایبەتمەندی و توانای تایبەتی خۆیان هەیە. قۆناغی یەکەم کە قۆناغی ھەست بزوێنی (sensorimotor stage) ، لە لەدایکبوونەوە تا نزیکەی تەمەنی دوو ساڵی ڕوودەدات، بە تێگەیشتنی منداڵ لە جیهان لە ڕێگەی ئەزموونە هەستەوەرییەکانەوە و کردارە جووڵاوەکانەوە تایبەتمەندە. قۆناغی دووەم، قۆناغی پێش  کارایی (preoperational stage) ، لە دەوروبەری تەمەنی دوو بۆ حەوت ساڵیدا ڕوودەدات، بە توانای منداڵ بۆ بەکارهێنانی هێماکان بۆ نوێنەرایەتیکردنی تەنەکان و ڕووداوەکان تایبەتمەندە. قۆناغی سێیەم، قۆناغی کارایی کۆنکرێتی (concrete operational stage)، لە دەوروبەری تەمەنی حەوت بۆ دوانزە ساڵیدا ڕوودەدات و بە توانای منداڵ بۆ بیرکردنەوەی لۆژیکی لەبارەی شت و ڕووداوە کۆنکرێتییەکانەوە ( مەبەست لە وشەی کۆنکرێتی، واتە ئەو چەمک و دەستەواژانەی کە زیاتر وێنانەکراو و ئەقڵانین) تایبەتمەندە. لە کۆتاییدا، قۆناغی چوارەم، قۆناغی کارایی فەرمی (formal operational stage) ، لە دەوروبەری دوانزە ساڵییەوە ڕوودەدات و بە توانای بیرکردنەوەی وێنانەکراو (abstract) و ئەقڵکاری گریمانەیی منداڵ تایبەتمەندە.

پڕۆگرامی چالاککردنەوەی مێشک و یادگە – نهێنی ڕاستەقینە بۆ گەیشتن بەو پەڕی سەرکەوتن لە ژیاند

جین پیاجێت کێ بوو؟

لە ساڵی ١٨٩٦ لە شاری نیوشاتێل لە سویسرا لەدایک بووە. دوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی چووە خوێندنی پزیشکی بەڵام زۆری نەخایاند ڕێڕەوی خۆی گۆڕی بۆ فەلسەفە و کۆمەڵناسی. لە جەنگی جیهانی یەکەمدا وەک پزیشکی سوپا کاری کردووە. کاتێک شەڕ کۆتایی هات، دەستی کرد بە خوێندنی یاسا و پاشان دووبارە گەڕایەوە بۆ فەلسەفە و کۆمەڵناسی. لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا یەکەم کتێبی خۆی بە ناوی “زانستی بۆماوەیی” بڵاوکردەوە کە ستایشی ڕەخنەگرانەی زۆری لێکرا. ئەمەش وای لێکرد ببێتە یەکێک لە دەروونناسە پێشەنگەکانی سەردەمی خۆی. کۆمەڵەی جین پیاجێت (Jean Piaget Society) بە ناوی ئەوەوە ناونراوە.

توێژینەوەکانی زیاتر لە بواری گەشەکردنی منداڵ، لۆژیک، بیرکاری، زمانەوانی، زانستە کۆمەڵایەتییەکان و پەروەردە بووە.

بەرهەمە سەرەکییەکانی بریتین لە “لۆژیک”، “ئەقڵ و بڕیاردان” و “بونیادگەرایی”. کارەکانی جین پیاجێت گرنگن چونکە تێڕوانینێکمان پێدەدەن سەبارەت بە پرۆسە مەعریفییەکان (cognitive processes) لە کاتی منداڵیدا. یارمەتی مامۆستایان دەدات بۆ ئەوەی بزانن چی پێویستە و کەی فێر بکرێت (منداڵ). لەم بەشەی خوارەوەدا هەندێک لە بیرۆکە سەرەکییەکانی پشت تیۆرییەکانی پیاجێت دەکۆڵینەوە.

پیاجێت کاریگەری لەسەر بواری دەروونناسی گەشەسەندن (developmental psychology) هەبوو، چونکە نیشانیدا کە فێربوون لە ڕێگەی قۆناغەکانەوە ڕوودەدات نەک تەنها بە یەکجار بەدەستبهێنرێت. هەر کەسێک بەدوای پیشەیەکدا بگەڕێت لە دەروونناسی منداڵاندا، بێ گومان ڕووبەڕووی کارە نایابەکانی جین پیاجێت دەبێتەوە. هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا کەوتوەتە بەر هەندێک ڕەخنە بەڵام گرنگی بەشداریکردنی لە دەروونناسی گەشەسەندندا نکۆڵی لێناکرێت.

  • یەکێک بووە لە یەکەم کەسەکان کە لێکۆڵینەوەی لە گەشەی منداڵان کردووە و ئەو تیۆریەی پەرەپێداوە کە منداڵ لە ڕێگەی قۆناغەکانەوە گەشە دەکەن.
  • هەروەها لێکۆڵینەوەی کردووە کە منداڵان چۆن فێر دەبن. بۆی دەرکەوتووە کە بە ئەنجامدانی کار و چالاکییەکان منداڵان فێر دەبن، نەک تەنها گوێگرتن یان خوێندنەوە.
  • هەروەها بۆی دەرکەوت کە منداڵان شێوازی فێربوونی تایبەت بە خۆیان هەیە و هەمیشە هەمان یاساکانی پێگەیشتووەکان پەیڕەو ناکەن.
  • هەروەها پێی وابوو کە پێویستە ڕێگە بە منداڵان بدرێت هەڵە بکەن و لەسەر هەڵەکردنیان نابێت سزا بدرێن.

قۆناغەکانی گەشەکردنی مەعریفی

بە گوێرەی جین پیاجێت، قۆناغەکانی گەشەکردن لە ڕێگەی کارلێکی نێوان توانا سروشتییەکان (natural capacities) و ڕووداوە ژینگەییەکانەوە (environmental happenings) ڕوودەدەن و منداڵان زنجیرەیەک قۆناغ ئەزموون دەکەن. زنجیرەیی ئەم قۆناغانە لە تەواوی کولتوورەکاندا وەک خۆی دەمێنێتەوە. هەر منداڵێک لە ژیاندا بە هەمان قۆناغەکانی گەشەکردنی مەعریفیدا تێدەپەڕێت بەڵام بە ڕێژەیەکی جیاواز. ئەمانەی خوارەوە قۆناغەکانی گەشەسەندنی فیکری پیاجێت ڕوون دەکەنەوە.

قۆناغی ھەست بزوێنی  – لە لەدایکبوونەوە تا ١٨-٢٤ مانگ

کۆرپەکان کردار و هەستەکانیان بەکاردەهێنن بۆ گەڕان و فێربوون لە ژینگەی دەوروبەریان.

لەم قۆناغەدا منداڵان پەرە بە هەمیشەیی شتەکان (object permanence) دەدەن، واتە تێدەگەن کە شتەکان بەردەوامن لە بوون تەنانەت کاتێک کە ناتوانن بیبینن. ئەمە بڕگەیەکی گرنگە لە گەشەکردنی مەعریفیدا چونکە بوار بە منداڵان دەدات دەست بکەن بە شێوەگرتنی جیهانی دەوروبەریان. لەگەڵ پێشکەوتنیان لەم قۆناغەدا، منداڵەکان بەردەوام دەبن لە بونیادنانی ئەم بناغەیەی مەعریفییە، لە کۆتاییدا پەرە بە توانا مەعریفییە ئاڵۆزترەکان دەدەن.

توانا مەعریفییە جۆراوجۆرەکان لەم قۆناغەدا گەشە دەکەن کە بە شێوەیەکی سەرەکی یاری نوێنەرایەتی (Representational play)، هەمیشەیی شتەکان (object permanence)، لاساییکردنەوەی دوورخراو (delayed imitation)  و خۆناسینەوە (self-recognition) لەخۆدەگردن ( ڕوونکردنەوەی ئەم چەمکانە لێرەدا بابەتەکە زۆر درێژتر دەکاتەوە).

لەم قۆناغەدا کۆرپەلە تەنها لە ئێستادا دەژی. هیچ شتێکیان نییە کە پەیوەندی بەم جیهانەوە هەبێت کە لە یادەوەرییاندا هەڵگیرابێت. لە تەمەنی ٨ مانگیدا کۆرپەلە لە هەمیشەیی شتە جیاوازەکان (different objects’ permanence) تێدەگات و کاتێک ئامادە نەبوون، بەدوایاندا دەگەڕێت.

لە کۆتایی ئەم قۆناغە، ئەرکی هێمایی گشتی (general symbolic function ) ی کۆرپەلە دەست دەکات بە دەرکەوتن و دەتوانن دوو شت بەکاربهێنن بۆ ئەوەی لە پێناو یەکتردا بوەستن. بۆ نموونە منداڵێک دەتوانێت میکانۆیەکی یاری بەکاربهێنێت وەک پەرداخێک و وا خۆی نیشان بدات کە ئاوی لێ دەخواتەوە. لەم سیناریۆیەدا منداڵ تێدەگات کە بلۆکەکە دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕەمزی لە جێگەی جامەکە بەکاربهێنێت، هەرچەندە هەمان شتیش نین. زمان کاتێک دەست دەکات بە دەرکەوتن، منداڵەکان تێدەگەن کە  دەتوانن وشە بەکاربهێنن بۆ دەبڕینی  هەست و تەنەکان. هەروەها منداڵ دەست دەکات بە هەڵگرتنی ئەو زانیاریانەی کە لەبارەی جیهانەوە دەیزانێت و ناوی لێدەنێت و بەبیر خۆی دەهێنێتەوە.

قۆناغی پێش کارایی (بیرکردنەوەی هێمادار) –  ٢ بۆ ٧ ساڵ

قۆناغی پێش کارایی قۆناغێکی چارەنووس سازە لە گەشەکردنی مەعریفی منداڵان. لەم قۆناغەدا بیرکردنەوەی منداڵان هێشتا لۆژیکیی نییە و لەگەڵ چەمکەکانی وەک هۆکار و کاریگەریدا (cause and effect) ململانێ دەکەن. هەروەها بەزەحمەت لە تێڕوانینی کەسانی دیکە تێدەگەن، هەر ئەمەشە وایکردووە بیرکردنەوەکانیان خۆسەنتەرانە بێت. سەرەڕای ئەوەش، بیرکردنەوەکانیان لەسەر بنەمای ئیلهام ( مەبەستمان لە ئیلهام ئەوەیە کە درککردنی بە شتەکان ڕاستەوخۆ بە تێگەیشتن و هەستەکانی خۆیەتی نەک بنەمایەکی ئەقڵی) دامەزراوە نەک لۆژیک، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵە لە بڕیاردانەکان. سەرەڕای ئەم سنورداریانەی، منداڵانی قۆناغی پێش کارایی هێشتا توانای گەشەکردن و فێربوونی باوەڕپێنەکراویان هەیە. بۆ دایک و باوک و پەروەردەکاران گرنگە کە پشتگیری و ڕێنماییان پێبدەن کە پێویستیانە بۆ گەشەکردن.

منداڵان توانای دونیابینی دەورووبەریان لە ناوخۆیاندا لە ڕێگەی وێنە و زمانەوە بەدەست دەهێنن. هەروەها بە شێوەیەکی هێمایی (symbolically) بیر لە شتەکان دەکەنەوە. توانای ئەوەیان هەیە شتێک، بۆ نموونە شتێک یان وشەیەک، بۆ شتێکی دیکە بەکاربهێنن کە جیاوازە لە ئەوەی خۆی ( هەروەک نمونەی میکانۆکە بۆ خواردنەوەی ئاو) بەڵام لە ئاستێکی باشتر لە قۆناغی پێشووتر.

منداڵ زیاتر بیر لەوە دەکاتەوە کە جیهان چۆن دەردەکەوێت نەک خودی خۆی چۆنە. لە قۆناغی پێش کاراییدا، منداڵان چارەسەرکردنی کێشەکان یان بیرکردنەوەی لۆژیکی ناکەن. هەروەها لەم تەمەنەدا گیانکیەتی (animism) نیشان دەدات، واتە وا دەزانن کە یاری و شتە نازیندووەکانی تر هەستیان هەیە و وەک مرۆڤێک دەژین.

منداڵانی ساوا لە تەمەنی ٢ ساڵیدا دەتوانن پرۆسەی بیرکردنەوەی خۆیان لە جیهانی فیزیکی جیابکەنەوە. بەڵام، هێشتا ناتوانن پەرە بە تواناکانی بیرکردنەوەی کرداری یان لۆژیکی قۆناغەکانی دواتر بدەن.

بیرکردنەوەکانیان هێشتا ئیگۆسەنتەرییە ( Egocentric: ئاماژەیە بۆ ڕوانگەیەکی مەعریفی یان بیرکردنەوەیەک کە تێیدا تاک بە پلەی یەکەم لە ڕوانگەی خۆیەوە جیهان دەبینێت و لێکدانەوەی بۆ دەکات.ڕەچاوی بیرکردنەوە و تێڕوانینی کەسانی دیکە ناکات) و ھەڵھێنان ( intuitive: ئاماژەیە بۆ توانای سروشتی کەسی بۆ تێگەیشتن یان هەستکردن بە شتەکان بە شێوەیەکی خێرایی و غەریزەیی، زۆرجار بەبێ پشتبەستن بە ئیستدلالێکی هۆشیارانە یان ڕوونکردنەوەیەکی ڕوون).

قۆناغی کۆنکرێتی کارکردن (بیرکردنەوەی لۆژیکی) – ٧ بۆ ١١ ساڵ

لەم قۆناغەدا منداڵان دەست دەکەن بە بیرکردنەوەی لۆژیکی سەبارەت بە ڕووداوەکان. دەست دەکەن بە تێگەیشتن لە چەمکی گفتوگۆکردن. ئەوان لەوە تێدەگەن، تەنانەت ئەگەر شتەکان لە ڕواڵەتدا بگۆڕدرێن بەڵام هەندێک تایبەتمەندی هێشتا وەک خۆیان دەمێننەوە. منداڵان لەم قۆناغەدا دەتوانن لە ڕووی دەروونییەوە شتەکان پێچەوانە بکەنەوە. دەست دەکەن بە بیرکردنەوە  و درککردن لە هەست و بیرکردنەوەی کەسانی تر، هەروەها کەمتر ئیگۆسەنتەر دەبن.

بە بڕوای پیاجێت، ئەم قۆناغە خاڵی وەرچەرخانێکی گەورەیە لە گەشەکردنی مەعریفی منداڵدا، چونکە خاڵی دەستپێکی بیرکردنەوەی لۆژیکی دیاری دەکات.

تایبەتمەندییەکی دیکەی سەرەکی ئەم قۆناغە بریتییە لە پەرەپێدانی ئیستدلالکردنی بەڵگەھێنانی (deductive reasoning). منداڵان لەم قۆناغەدا دەتوانن سوود لە لۆژیک وەربگرن بۆ گەیشتن بە  دەرەنجام و چارەسەرکردنی کێشەکان. ئەوان توانای ئەوەیان هەیە لەوە تێبگەن کە ئەگەر A یەکسان بێت بە B و B یەکسان بێت بە C، ئەوا A دەبێت یەکسان بێت بە C. ئەم جۆرە لە ئەقڵکاری، بواریان پێدەدات لە چەمک و بیرۆکە ئاڵۆزترەکان تێبگەن، ئەمەش بۆ سەرکەوتن لە ژیانی ئەکادیمی و کەسی خۆیاندا ڕێکدەخات.

منداڵان لەم قۆناغەدا ڕەنگە تووشی سەرلێشێواوی بن یان هەڵە بکەن کاتێک داوایان لێدەکرێت ئەقڵکاری بکەن سەبارەت بە کێشە گریمانەیی یان وێنانەکراوەکان (hypothetical or abstract problems). بەڵام بیرکردنەوەی لۆژیکی تەنها لەو کاتەدا بەکاردەهێنن کە منداڵان داوای ئەقڵکاری بکەن سەبارەت بە چارەسەری کێشەیەک یان بابەتێکی گریمانەیی

کێن ئەوانەی کەوا سود لەکۆرسی NLP دەبینن؟

هاوسەرە ئازیزەکان.

ڕاوێژکاران. 

ئەوانەی ئەیانەوێ ژیانێکی پڕ لە بەختەوەری بژین.

ئەیانەوێ کێشە لێیان بە دوربێت.

ئەیانەوێ کەسێکی دروست بۆ هاوبەشی ژیانی خۆیان هەڵبژێرن.

کەسێ بیەوێت خۆشحاڵی میوانی ماڵەکەی بێت.

.

قۆناغی فەرمی کارایی (درککردنی هێما) – تەمەنی ١٢ ساڵ و سەرووتر

لەم قۆناغەدا تاکەکان کارایی و ئەقڵکاری لەسەر شتەکان ئەنجام دەدەن و ئەقڵکاری لەسەر بیرۆکەکان ئەنجام دەدەن. لەم قۆناغەدا هەرزەکاران دەتوانن لە چەمکە وێنانەکراوەکان (abstract concepts)  تێبگەن.

لە قۆناغەدا، منداڵان دەست دەکەن بە پەرەپێدانی توانای بیرکردنەوەی وینانەکراو و بەکارهێنانی ئیستدلالکردنی هێمادار (symbolic reasoning). ئەمەش واتە دەتوانن لە دەرەوەی تەن و چەمکە ڕەق و فیزیکیەکان بیربکەنەوە و دەست بکەن بە تێگەیشتن لە بیرۆکەی ئاڵۆزتر و وێنانەکراوتر. دەتوانن کێشە گریمانەییەکان (hypothetical problems)  چارەسەر بکەن، هەروەها لێکچوون (Analogies: بریتین لە بەراوردکردن کە تیشک دەخەنە سەر لێکچوون یان پەیوەندی نێوان دوو شت یان بیرۆکەی جیاواز بۆ یارمەتیدانی تێگەیشتن یان ڕوونکردنەوەی ئەو دوو شتە) و چەمکە وێنانەکراوەکانی دیکە تێبگەن. ئەم قۆناغە بە شێوەیەکی گشتی لە نێوان تەمەنی ١١ بۆ ١٦ ساڵیدا ڕوودەدات، بەڵام دەتوانێت جیاواز بێت بەپێی گەشەی تاکەکەسی منداڵەکە.

هەرزەکاران توانای مامەڵەکردنیان لەگەڵ کێشە گریمانەییەکاندا هەیە بە چەندین دەرئەنجامی ئەگەری. ئەم قۆناغە ڕێگە بە سەرهەڵدانی ئیستدلالکردنی زانستی (scientific reasoning) دەدات، هەروەها داڕشتنی گریمانە و تیۆرییە وێنانەکراوەکان بەپێی پێویست و هەرکاتێک پێویست بێت.

تیۆری گەشەپێدانی مەعریفی پیاجێت هیچ بانگەشەیەکی سەبارەت بە هیچ تەمەنێکی دیاریکراو نەکردووە کە پەیوەندی بە هیچ کام لە قۆناغە تایبەتەکانەوە هەبێت، بەڵام وەسفەکەی ئاماژەیەکە بۆ ئەو تەمەنەی کە منداڵێکی ئاسایی دەگاتە قۆناغێکی دیاریکراو.

چەمکە سەرەکییەکانی پەیوەست بە تیۆری سکیمای پیاجێت

سکیما (Schemas)

ئاماژە بە هەردوو جوڵە جەستەیی و دەروونییەکان دەکات کە لە زانین و تێگەیشتندا بەشدارن. سکیما نوێنەرایەتی ئەو پۆلێنانەی زانین دەکەن کە یارمەتی مرۆڤەکان دەدەن بۆ تێگەیشتن و لێکدانەوە لە جیهان. دەتوانرێت سکیمایەکی ئێستا، ئاڵۆزتر بونیاد بنرێت. لە زۆر ڕووەوە ئەمە سروشتی فێربوون و فێرکردنە. لە زۆر ڕووەوە توانای ئێمە بۆ بنیاتنانی لەسەر سکیماکان لایەنێکی بنەڕەتی زیرەکییە. ئەمە دەتوانێت ئەو شوێنە بێت کە میتاکۆگنیشن ( Metacognition : ئاماژەیە بۆ توانای بیرکردنەوە و هەبوونی هۆشیاری تاک لە پرۆسەکانی بیرکردنەوەی خۆی) ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت. لەوانەیە منداڵێک سکیمایەکی هەبێت سەبارەت بە پشیلە. بۆ نموونە: ئەگەر تاکە ئەزموونی لەگەڵ پشیلە بچووکەکاندا بووبێت، لەوانەیە منداڵەکە باوەڕی بەوە هەبێت کە هەموو پشیلەکان بچووکن. ئەگەر ئەم منداڵە تووشی پشیلەیەکی گەورە ببێت، ئەوا ئەم زانیارییە نوێیەی وەرگرتووە، گۆڕانکاری لە سکیما کۆنەکەدا دەکرد بۆ ئەوەی ئەم زانیارییە نوێیە لەخۆبگرێت.

خۆگونجاندن (Adaptation)

خۆگونجاندن جۆرێکە لە سکیما کە ڕوونی دەکاتەوە کە مرۆڤەکان چۆن لە زانیاری نوێ تێدەگەن و فێری دەبن. بەپێی تیۆری پیاجێت، دوو ڕێگە هەیە کە گونجین دەتوانێت ڕووبدات.

  • خۆگونجیندن لە ڕێگەی (Assimilation)  – کاتێک زانیاری نوێ لە جیهانی دەرەوە وەرگیرا و دەخرێتە ناو سکیمایەکی پێشتر هەبوو. ئەم پرۆسەیە وا بیردەکرێتەوە کە کەسی یان بابەتی (subjective)  بێت، چونکە مرۆڤەکان مەیلیان هەیە دەستکاری زانیارییەکان یان ئەزموونەکانیان بکەن کە دەبێ لەگەڵ بیروباوەڕەکانی پێشوویاندا بگونجێت. لە نموونەی سکیماکەدا، بینینی پشیلە و ناونانی بە “پشیلە” نموونەی (Assimilation)  ی ئاژەڵێکە لە سکیمای پشیلەی منداڵەکەدا.
  • خۆگونجاندن لە ڕێگەی جێگیربوون (Accommodation)

جێگیربوون کاتێک ڕوودەدات کە کەسەکان زانیارییە نوێیەکان پرۆسێس دەکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ زانیارییە نوێیەکاندا بگونجێت. لە جێگیربووندا، مرۆڤەکان بیرۆکە یان سکیما هەبووەکانیان دەگۆڕن، بەهۆی ئەزموونێکی نوێ یان زانیاری نوێ. ئەم پرۆسانە ڕەنگە ببنە هۆی پەرەپێدانی سکیما نوێیەکان.

هاوسەنگی (Equilibration)

بە گوێرەی پیاجێت، هەر منداڵێک هەوڵدەدات هاوسەنگییەک لە نێوان (Assimilation) و (Accommodation) دروست بکات، ئەمەش تەنها بە جێبەجێکردنی میکانیزمێک کە پێی دەوترێت هاوسەنگکردن دەکرێت. لەگەڵ گەشەکردنی منداڵان لە هەر قۆناغێکی گەشەکردنی مەعریفیدا، دەبێت هاوسەنگییەک لە نێوان بەکارهێنانی زانیاری ڕابردوو (Assimilation) و گۆڕینی هەڵوێست بۆ بەدەستهێنانی زانیاری نوێ (Accommodation) ڕابگیرێت. هاوسەنگی یارمەتی دەدات و نیشان دەدات کە چۆن منداڵان دەبێت لە قۆناغێکی بیرکردنەوەوە بچنە قۆناغی داهاتوو.

کاریگەرییە پەروەردەییەکانی تیۆری گەشەپێدانی مەعریفی پیاجێت

هەرچەندە، توێژەرانی دواتر نیشانیان داوە کە چۆن تیۆری پیاجێت بۆ فێربوون و فێرکردن کارپێکراوە بەڵام پیاجێت (1952) بە ڕوونی تیۆرەکەی بە فێربوونەوە نابەستێتەوە.

پیاجێت زۆر کاریگەر بوو لە دروستکردنی پراکتیکەکانی وانەوتنەوە و سیاسەتی پەروەردەیی. بۆ نموونە, لە ساڵی ١٩٦٦ پێداچوونەوەی خوێندنی سەرەتایی لەلایەن حکومەتی بەریتانیا لەسەر بنەمای تیۆری پیاجێت بوو. ئەو چەمکەی کە منداڵان باشترین فێر دەبن لە ڕێگەی گەڕان و ئەنجامدانی چالاکانە,  وەک ناوەندی گۆڕینی مەنهەجی قوتابخانەی سەرەتایی سەیر دەکرا.

پیاجێت پێی وایە کە منداڵان نابێت فێری هەندێک چەمک بکرێن تا دەگەنە قۆناغی گەشەکردنی مەعریفی گونجاو. هەروەها، (Assimilation) و (Accommodation) تەنها پێویستی فێرخوازێکی چالاکە، چونکە کارامەییەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان تەنها لەڕێگەی دۆزینەوە کەسەکان فێردەبن نەک لە ڕێگەی فێرکردنەوە. فێربوون لە ناو پۆلەکاندا دەبێت خوێندکار سەنتەر (student-center) بێت و لە ڕێگەی گەڕان و دۆزینەوەی چالاکانەوە ئەنجام بدرێت. ڕۆڵی سەرەکی ڕاهێنەر یاخود ماموستا ئاسانکارییە بۆ فێربوون، نەک فێرکردنی ڕاستەوخۆ (واتە خۆی بابەتەکان فێری خوێندکارەکان بکات. لێرەوە مامۆستایان پێویستە دڵنیابن لەم لایەنە کرداریانە ڕەچاو بکەن  لە ناو پۆلدا:

  • زیاتر گرنگی بە پرۆسەی فێربوون بدە، نەک سەرنجت لەسەر تەواوکردنی بابەتەکە بێت.
  • فێربوونی چالاک بەکاربهێنە کە بریتییە لە بنیاتنانەوەی یان دۆزینەوەی “ڕاستییەکان” (دەتوانیت بۆ ئەم بابەتە سوود لە خولی فێربوونی چالاک ببینیت کە بە خۆشحاڵییەوە لە ئاوات ئەکادیمی بەردەستە)
  • سوود لە چالاکییە تاکەکەسی و هاوبەشەکان وەربگرە بۆ ئەوەی منداڵەکان لە یەکتر فێرببن.
  • ئەو دۆخانە بخوڵقێنن کە کێشەی بەسوود پێشکەش بکەن، و ناهاوسەنگی لە منداڵاندا پەرەپێبدەن ( بەو مانایەی کە  کاریان پێ بدرێت و لە بازنەی ئارامی خۆیان دەربچن، هەروەها بابەتەکە پێویستی چالاکی تاک هەبێت لە پڕۆسەکەدا).
  • ئاستی گەشەی منداڵەکان هەڵبسەنگێنە تا بتوانرێت ئەرکی گونجاویان پێبدرێت.

بۆ بینینی بابەتی زیاتر دەست لەسەر وینەکان داگرە