Categories
Uncategorized

مێشکی دووەم چییە؟

مێشکی دووەم چییە؟

ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە لێشاوی زانیاری بووەتە شتێکی سەرلێشێوێنەر بۆمان کە ناتوانین کۆنتڕۆڵی بکەین بە پێچەوانەی سەدەکانی پێشوو کە بە گران پەرتووکێک دەستدەکەوت بۆ خوێندنەوە یان گەشتێکی دوور دەکرا بۆ بەدەستخستنی زانیارییەک. پەرتووکی مێشکی دووەم باس لە چارەسەری ئەو گرفتە دەکات ئەویش بە سوودوەرگرتن لە مێشکی دووەم

پڕۆگرامی چالاککردنەوەی مێشک و یادگە – نهێنی ڕاستەقینە بۆ گەیشتن بەو پەڕی سەرکەوتن لە ژیاند

لێرەدا گرنگترین خاڵ و پەیامەکانی ناو پەرتووکە باس دەکەین…..

  1. لە یەکێک لە مەقالە زانستییەکان باس لەوە دەکات ئێمە ڕۆژانە بەنزیکەیی بە هێندەی ١٧٤ ڕۆژنامە زانیاری و هەواڵ و ناونیشان دێتە زەینمانەوە، ئەمەش مانای وایە مێشکمان زۆر جەنجاڵە بەهۆی ئەو هەموو شتە  ناپێویستانەی کە مێشکمان سەرقاڵ و ماندوو دەکەن و لە ئامانجەکانمان دوورمان دەخەنەوە، هەربۆیە پێویستە ئێمە سوود لە شوێنێکی دیکە وەربگرین بۆ ڕێکخستن و تۆمارکردنی ئەو شتانەی کە لە ناو ئەو لێشاوی زانیاری و هەواڵ و بیرۆکانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا مێشکمان داگیر دەکەن – ئەو شوێنەش نوسەر بە مێشکی دووەم ناوی دەبات.
    1. لە ڕاستیدا ناکرێت بەو جۆرەی کە لە سەردەمانی پێشوو سوودمان لە یادەوەریمان وەرگرتووە ئێستاش بە هەمان جۆر سوودی لێوەربگرین چونکە لەم سەردەمەدا سەرقاڵی و زۆری هەواڵ و زانیارییەکان لە کۆنتڕۆڵ دەرچوون بۆیە هەبوونی مێشکی دووەم بەو واتایەی ڕێکخستن و تۆمارکردنی ئەو زانیارییانەی کە گرنگ و پیویستن بکرێتە شوێنێکی دیاریکراو و لەوێدا کۆبکرێنەوە و پاشان کاریان لەسەر بکرێت و جیبەجی بکرێن – ئەم پڕۆسەیەی هاوکاریت دەکات جەنجاڵی ناو مێشکت زۆر کەمتر بێتەوە و ترسی لەدەستدانی بابەتە گرنگەکانت نەبێت، جگە لەوەش دەبیتە هۆی کەمکردنەوەی فشاری دەروونی و زەینی.
    1. داڤد ئاڵین نوسەری کتێبی ( کارەکانت تەواو بکە) دەڵێت: مێشکت کۆگایەکە بۆ دروستکردنی بیرۆکەکان نەک بۆ پاشەکەوتکردنی زانیارییەکان – هەربۆیە مێشکی دووەم زۆر هاوکارمان دەبێت لەمەدا ئەویش بە چەندین شێوەی جیاواز وەک دەفتەری بیرۆکەکان، بەکارهێنانی ساڵنامە، دروستکردنی لیستی ڕۆژانە. گەر خاوەنی ئەم شتانە بوویت بە شێوەیەکی دروست، ئەوکات مێشکت سەرقاڵ نابێت بەوەی کە پێویستە چی بکەیت و کام کار لە پێش کامەوە بکەیت و هتد… بەڵکو مێشکت کار لەسەر بابەتە گرنگەکان دەکات
    1. بنچینەی چارەسەرکردنی ئەم گرفتە بە نوسینەوەیە. زۆرینەی کات کاتێک گوێ لە پۆدکاستێک یان کتێبێکی دەنگی دەگرین یاخود وتەیەکی جوان یان دەقێکی جوان دەخوێنینەوە، بیر لەوە ناکەینەوە لای خۆمان بینوسینەوە بەڵکو لە زەینماندا پێمان وایە کە لەبیرمان دەمێنێت و دواتر جێبەجێی دەکەین. بەڵام گەر لە زۆرینەی کاتەکان سەیری بکەین شتەکە بەو جۆرە نییە و تەنانەت زانیاریەکەشمان لەبیردەچێتەوە و جێبەجێشی ناکەین.
    1. بەپێی بەدواداچوونی نوسەر لەسەر کەسایەتییەکان، ئەوەی بۆ دەرکەوتووە کە کەسایەتییە بلیمەتەکان هەمیشە دەفتەرێکیان هەبووە کە هەرکات بیرۆکەیەک یاخود شتێکیان بە مێشکدا هاتووە ڕاستەوخۆ نوسیویانە – لە کۆتاییدا ئەو دەفتەرە وەک گەنجینەیەکی داهێنانکاری لێهاتووە و پڕبووە لە بیرۆکە و بابەتی گرنگ و سەرنجڕاکێش و دواتر توانیویانە کاری لەسەر بکەن.
    1. لێرەدا بابەتێک دێتە کایەوە کە ئایا ئێمە مێشکی دووەم بە شێوەی دیجیتاڵی دروستبکەین یاخود بە شێوەی بەرجەستەیی (فیزیکی )؟ لە ڕاستیدا ئەمە هەڵبژاردنێکی کەسییە، بەڵام لە سەردەمی ئەمرۆماندا، زۆرینەی کات ئێمە ناتوانین دەفتەرێکی بیرۆکەکانمان یاخود ساڵنامە و لیستی کارەکانمان بەدەستەوە بیت لە هەموو شوێنێک بۆ ئەوەی هەر کاتێک کارمان لەسەر شتێک کرد یاخود بیرۆکەیەکمان بۆهات، راستەوخۆ بینوسین. بۆیە بژاردەیەکی باشتر ئەوەیە کە سوود لە دەفتەر و ساڵنامە دیجیتاڵییەکانی ناو موبایل و کۆمپیوتەرەکانمان وەربگرین بۆ تۆمارکردن و ڕێکخستنی بیرۆکەکانمان و نوسینەوەیان. بەکارهێنانی مێشکی دووەمی دیجیتاڵی چەندین سوود لەخۆی دەگرێت، بۆ نمونە: هەمیشە لە هەموو شوێنێک لەگەڵتە بێ ئەوەی هیچ جێگەیەکت لێبگرێت، شێوازی نوسینەوەی خێراترە گەر هەوڵبدەیت خێرایی نوسینت زیاتر بکەیت، دەتوانیت بەردەوام گۆڕانکاری و زیادکردن و کەمکردنی زانیاری و شتە تۆمارکراوەکان بکەیت و جێگانیان بگۆریت، نوسینەکان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک دەبن و ڕێکدەخرێن بە ویستی خۆت، دووردەبن لە بڵاوبوون و ون بوون، هەروەها چەندین سوودی دیکە…..
    1. نوسەر لە ڕێکخستنی تێبینی و بیرۆکەکان لە دەفتەری تێبیینەکان باس لەوە دەکات کە یەکێک لە ڕێگا هەڵەکان خەڵکی بەکاریدەهێنێت بۆ ڕێکخستنی زانیارییەکان ئەویش پۆلێنکردنیانە بەپێی ناونیشانی بابەتەکان بۆ نمونە ( بەشی تێبینی پەرتووکە خوێندراوەکان – بەشی تێبینیەکانی ناو سیمینارەکان – بەشی کتێبە دەنگییەکان – بەشی پۆدکاستەکان – هتد…. ) لە ڕاستیدا ئەمە بەپێی بیروڕای نوسەر کارێکی باش نییە، چونکە گەر لە نوسینەوەی بیرۆکە و خاڵە گرنگەکان بەم جۆرە بەردەوام بیت، دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی بیرۆکە و زانیاریگەلێکی زۆر کە لەوانەیە دواتر نە حەوسەڵە و نە کاتی ئەوەت هەبێت کە ئەو هەموو شتانەی نوسیوتە دووبارە بیخوێنیتەوە. بۆیە نوسەری پێی وایە زانیاری و بیرۆکەکان بە جۆرێک پۆلێن بکرێن کە ئامانجەکەیان شێوازە کرداریەکەی تێبینیەکە بێت نەک ناونیشانەکانی بابەتەکان. بە ڕوونی بڵێین واتە تێبینیەکان بەو جۆرە پۆلێن بکە کە ئەو تێبینیەی دەینوسیت لە کوێدا کارت پێی دەبێتەوە یاخود لە کوێدا دەتوانیت ئەو بیرۆەکەیە جێبەجێ بکەیت. بۆ نموونە خەریکی نوسینی کتێبێکی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، لە کاتی خوێندنەوەی وتەیەکی جوان لە شوێنێک یاخود توێژینەوەیەکی سەرنجڕاکێش، لە بری ئەوەی بچیت وتەکە بکەیتە ( بەشی وتەکان ) لە دەفتەری تێبینیەکەت، وتەکە بکەرە ( بەشی پەرتووکەکەم) چونکە پێت وایە دەتوانیت ئەم وتەیە سوود لێ ببینی لە دواتردا بۆ دەوڵەمەندکردنی پەرتووکەکەت، بەهەمان شێوەش بۆ توێژینەوەکە. ( بە کورتی بابەتەکان پۆلێن بکە بەپێی سوود لێوەرگرتنیان لە شوێنی پێویست یاخود لەناو پڕۆژەکان نەک ناونیشانی بابەتەکان).
    1. لەوانەیە هەزاران تێبینی، وتە، توێژینەوە، بیرۆکە، هتد… لای خۆت تۆمارکردبێت، ئەمەش ببێتە هۆی ئەوەی کە توشی سەرلێشێواندن ببیت لە خوێندنەوە و سوود لێوەرگرتنیان، لێرەدا پڕۆسەی پاڵاوتن ڕۆڵێکی کارای هەیە. مەبەستمان لەمەش ئەوەیە کە دەتوانیت بەهۆی تایبەتمەندیەکانی ئەو بەرنامانەی بەردەست بابەتەکانت زیاتر پۆلێن بکەیت، یاخود دوای تەواو نوسینەوەی بابەتەکان، هەندێک کات ئەوەی کە زیادەیە بیانسڕیتەوە و ڕێکیان بخەیتەوە و یاخود زیاتر بابەتەکان کورتر بکەیتەوە.
    1. لەدوای نوسینی ئەو هەموو شتە پێت وایە چی زۆر گرنگە؟ سودلێوەرگرتن و جێبەجێکردنی ئەو شتانەی کە نوسیوتە. پیویستە هەمیشە بیرلەوە بکەیتەوە کە ئەو شتانەی بەردەوام ڕۆژانە دەیاننوسیت لە مێشکی دووەمتدا لە ژیانی ڕۆژانەت بیاکەیتە بواری جێبەجێکردنەوە لە کات و شوێنە پیویستەکاندا. نمونە دەتوانیت دوای خوێندنەوەی پەرتووکێک و ئەو بیرۆکانەی کە لە پەرتووکەکە وەرتگرتووە، دابنیشیت هەموویان بکەیتە پۆستێک لە هەژماری فەیسبووکەکەت و بڵاوی بکەیتەوە بۆ ئەوەی کەسانی دیکەش سوودمەند ببن. گەر سیمینارێکت هەیە، دەتوانیت بێیتەوە سەر دەفتەری مێشکی دووەم و بگەڕێی بەدوای ئەو شتانەی کە دەتوانیت لەو سیمینارەدا سوودی لێوەربگریت و کۆیان بکەیتەوە. ئەمە هەر خوودی خۆی پێداچوونەوەی زانیارییەکانە، هەم جێبەجێکردنیەتی، هەمیش بەخشینانە بە کەسانی دیکەی بەرامبەر.